فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

رێژەی تەمەنی ژن زۆرترە لە رێژەی تەمەنی پیاو

رێژەی تەمەنی ژن زۆرترە لە رێژەی تەمەنی پیاو

نازەنين عوسمان / نووسەر / فەڕەنسا

 

لە جیهاندا رێژەی تەمەنی ژن نزیکەی پێنج ساڵ لە رێژەی تەمەنی پیاو زیاترە، کە بەگشتی بۆ ژن 70 ساڵە و بۆ پیاو 65 ساڵ. ئەو رێژەیە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە، بەتایبەتی لە وڵاتانی پێشکەوتوو رێژەکە بەرزترە، بۆ نموونە؛ لە ئینگلتەرا بۆ پیاو 70 ساڵە و بۆ ژن 75 ساڵ، بەڵام لە وڵاتانی دواکەوتوو، ئەم رێژەیە کەمترە، ئەویش بەهۆی دواکەوتوویی و پشتگوێخستنی باری تەندروستیی کچ و ژنەوەیە، بۆ نموونە؛ لە سەدا شەستی تووشبووانی نەخۆشیی ئایدز، ژنن.

ئەم جیاوازییە و کاردانەوەی ئەو نەخۆشییانە، هەر لە تەمەنێکی زووەوە دەست پێ دەکەن. بەم هۆیەوە کاتێک بیمەی نەخۆشی (تەندروستی) وەردەگری پارەکانی بەپێی تەمەن لە نێوان ژن و پیاو جیاوازە، تا تەمەنی هەرزەکاری وەک یەک وان، لە تەمەنی هەرزەکاری تا 40 ساڵی، بۆ ژنان گرانترە و دوای ئەو تەمەنە بۆ پیاوان گرانتر دەبێت.

ئەم دیاردەیە تەنیا لە نێو مرۆڤدا نییە، بەڵکوو لە نێو ئاژەڵانیشدا ئەم دیاردەیە بە دی دەکرێت.

هەرچەندە لەدایکبوونی کوڕ زیاترە لە چاو کچ؛ 105 کوڕ بەرانبەر بە 100 کچ، بەڵام ژمارەی ژنی بەتەمەن زیاترە لە ژمارەی پیاوی بەتەمەن.

هۆکاری ئەم تەمەندێژییەی ژنان، بەرگرییە لە نەخۆشی و ناخۆشی و ئازار.

کاریگەری و جۆری ئەو نەخۆشییانەی تووشی ژن و پیاو دەبن، هەندێکیان جیاوازن و کاریگەریشیان لەسەر ژن و پیاو جیاوازە. لێرەدا باس لەو نەخۆشییانە نین کە بەهۆی جیاوازیی کۆئەندامی نێر و مێ هەیە، بۆ نموونە؛ شێرپەنجەی پرۆستات یان شێرپەنجەی رەحم و مەمک. هۆکاری ئەو جیاوازییانە، بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەگەڕێنرێنەوە بۆ جیاوازیی کۆمەڵایەتی ژیانی ژن و پیاو و جیاوازیی بایەلۆجییان.

جۆری ئەو نەخۆشییانەی تووشی پیاو دەبن و زیاتر دەبنە هۆی زووتر مردنیان؛ نەخۆشیی دڵ و دەمارەکانە، کە بەگشتی کۆڵسترۆڵی خراپیان بەرزترە وەک لە کۆڵسترۆڵی باش و چەوری و قەڵەوی لە دەروبەری ورگیان کۆ دەبێتەوە. پیاو زیاتر حەز بە گۆشت دەکات و زیاتر دەخوات. سەبارەت بە ژنان، چەوری لە دەوروبەری سمت و ران کۆ دەبێتەوە و کاریگەریی لەسەر جگەر و ئەنسۆلین کەمترە. تووشبوونی کۆئەندامی هەناسە بە نەخۆشی بەهۆی کێشانی جگەرەوە، لە نێو پیاواندا زیاترە. کێشەی جگەر و نەخۆشیی شەکرە لە نێو پیاودا بۆ زۆریی چەوریی ورگ و خواردنەوەی مادە کحولییەکان دەگەڕێتەوە، کە کار دەکاتە سەر ئەنسۆلین لەنێو پیاودا زیاترە.

بەهۆی ئەوەی ژن زیاتر دەژی، تەمەنێکی درێژتر لە پیاو بە نەخۆشی دەژی. ئەو نەخۆشییانەی ژن زیاتر تووشی دەبن، هەرچەندە کوژەر نین، بەڵام درێژخایەنن، بۆ نموونە؛ ژانی نیوەسەر (سێ ژن بەرانبەر بە یەک پیاو)، ئێسکەنەرمە و نەخۆشیی گورگەسوورە (نۆ ژن بەرانبەر بە یەک پیاو)، دڵتەنگی (دوو ژن بەرانبەر بە یەک پیاو)، میزەچرکە بەهۆی منداڵبوون و هەستی بۆ تووشبوونی بە هەوکردنی میزڵدان. پشت ئێشە، کێشی زیادە و نەخۆشیی جومگەکان (سێ ژن بەرانبەر بە یەک پیاو). بەهۆی شێوەی ژیانی ژن، کە جووڵەی کەمترە، بەڵام زیاتر بەپێوە دەوەستێت لە کاتی کارکردنی نێو ماڵ و قورسایی سکپڕی و لەپێکردنی پێڵاوی پاژنەبەرز و قورسایی کێش، بەتایبەتی لەسەر ران و سمت، هەرچی ماسوولکەی پیاو بەهێزترە و هاتوچۆ و جووڵەیان زیاترە. کێشەی رژێنی تایرۆد جا چ بە سستی یاخود بە زۆربوونی لە ژناندا زیاترە. کەمیی ڤیتامین دی رێژەکەی لە ژناندا زیاترە.

هەندێک لەو هۆکارانەی پەیوەندییان بە جیاوازیی هەڵکەوتەی نێر و مێوە هەیە لە رووی بایۆلۆجییەوە؛ نێر لە دوو کرۆمۆسۆمی جیاواز دروست بووە ( X و Y)، هەرچی مێیە لە دوو کرۆمۆسۆمی وەک یەک دروست دەبێت (XX). ئەو هاوشێوەیی کرۆمۆسۆمە، رێژەی بەرگری بەرز دەکاتەوە. هۆکارێکی تری بوونی کرۆمۆسۆمی مێینە، بەهۆی ئەوەوەیە دایک بەشێک لە بەرگرییەکەی دەداتە کۆرپەلەکەی، لەبەر ئەوە پێویستی بەوە هەیە بەرگریی زیاتر بێت، ئەمەيش وەک یاسایەکی سروشتی.

ژن لەژێر کاریگەریی هۆرمۆنی ئیسترۆجیندایە و پیاو لەژێر کاریگەریی هۆرمۆنی تێستێستیرۆندایە. وا دەرکەوتووە هۆرمۆنی ئیسترۆجین بەرگری زیاد دەکات و تێستێستیرۆن بەرگری کەم دەکاتەوە و خامۆشی دەکات. ئەمە روون بووەتەوە، بەڵام تاکوو ئێستا میکانیزمەکە بەباشی روون نەبووەتەوە. دەرکەوتووە نێری خەسێنراو تەمەنی درێژترە وەک نێرێکی ئاسایی.

زۆر جار ژن بە ناسکۆڵە لە قەڵەم دەدرێت، رەنگە لە هەندێک حاڵەتدا راست بێت، بەڵام دەرکەوتووە بەرگەی ژن بۆ ئازار زیاترە، هەروەک لە شێوەی ئازاری منداڵبوون، زاکیرەی (بیرگەی) ئازار لە ژندا کەمترە و زوو شتی بیری دەچێتەوە، هەرچی پیاوە ئەو جۆرە لە بیرگەیان بەهێزترە و درەنگ بیری دەچێتەوە.

رەنگە ژن و پیاو بە هەمان رێژە تووشی ئینفلۆنزا بن، بەڵام کاریگەرییە لاوەکییەکان جیاوازن و کاریگەریی زیاتری هەیە لەسەر پیاوان، هەر بۆیە زۆر جار بە پیاوان دەڵێن بێغیرەت کاتێک تووشی ئینفلۆنزا دەبن، کە لەڕاستیدا کاردانەوەیان جیاوازە. بە هەمان شێوە لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنايشدا ژمارەی مردوو لە نێو پیاواندا زیاتر بوو.