فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕێبازی ئەنترۆپۆلۆژیا لە فەلسەفەی یۆنانی دا 

ڕێبازی ئەنترۆپۆلۆژیا

لە فەلسەفەی یۆنانی دا 

د .نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم

 

ئاشکرایە ، کە لە دەوروبەری سەدەی پێنجەمی پێش زاییندا ، رێبازێکی نوێ لە هزری فەلسەفەدا دەرکەوت ، لە یۆنانی کۆن دا بە ڕێبازی ئەنترۆپۆلۆژی ناسراوە . لە ناو ئەو رێبازە نوێیەدا ، مەراقی لێکۆڵینەوە لە کێشەکانی فەلسەفی سروشت و کۆسمۆلۆژیا کەمتر دەبێتەوە ، لە بری ئەودا ، پێداویست و بابەتی سەرەکی تر دێنەپێشەوە ، کە ئەویش بەر لە هەموو شتێک، بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە مرۆڤ .
لە دەرەنجامی دەرکەوتنی وەها ڕێبازێکیشدا ، دونیای ماکرۆ ملکەچی دونیای میکرۆ دەبێت ، بێ شک ، لە پێشەوەی هەمووشیان ، کێشەی گنۆسیۆلۆژیا ، ئێتیک ، دیالەکتیک ، رەوانبێژی و سیاسەت . لە ڕاستی دا ، ئەنترۆپۆلۆژیای قۆناغی کلاسیکی کۆمەڵگای کۆن ، هزری فەلسەفی بە چەندین کێشەی نوێوە دەوڵەمەندتر دەکات .
دەرکەوتنی ڕێبازی ئەنترۆپۆلۆژیا ، ڕەنگدانەوەی قۆناغێکی نوێی پەرەسەندنی فەلسەفەی کۆنە ، بە تایبەتی کاتێ ، کە هۆشیاری مرۆڤ دەوڵەمەندتر دەبێت ، دەوڵەمەندتر بە زانیاری و زانینی دونیای دەرەوە و گەڕانەوە بۆ تێگەیشتن لە جەوهەری خۆی – مرۆڤ ، هەربۆیە لە وەها قۆناغێکی نوێی پەرەسەندن دا ، شتێکی پێویست و سروشتییە ، ئیتر باس لە مرۆڤ / زات بکرێت .
لە ڕێبازی ئەنترۆپۆلۆژیا دا زۆر بە ڕوونی و ئاشکرا باس لە مانای ڕێلەتیڤیزم دا دەکرێت و لەگەڵ ئەویشدا – سوبێکتیڤیزم . سوبێکتیڤیزم لەو سەردەمەدا ، مانایەکی لەبەرچاوی لە ژیانی سیاسەت و چاڵاکی فەلسەفی دا هەبوو ، هەر بە هەمان شێوەش لە بواری ئێتیک و گنۆسیۆلۆژی دا .
لەو سەردەمە مێژووییە دا ، هزری فەلسەفی توانی ئەوە بدۆزێتەوە ، کە گەورەترین شت لەوە دایە ، کە کاتێ کار و چاڵاکییە جۆراو جۆرەکان بخرێنە خزمەت مرۆڤ و کۆمەڵگا وە ، لەناو کارەکانیشدا ، مرۆڤ هەست بەوە بکات ، کە لە ماڵی خۆیەتی .
گنۆسیۆلۆژیا و ئێتیک بوون بە دوو لایەنی گرنگی فەلسەفەی کۆن ، کە بە شێوەیەکی بەردەوام تایبەت بوون بە مرۆڤەوە . لە سەردەمێکدا، کە بنەما کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ئەوساکەی کۆمەڵگای کۆن لە گۆڕان و گەشانەوە دابوون ، هەربۆیە ، ئەو دوو بوارەی سەرەوە ، هێندەی باس لە سوبێکتیڤیزم دەکەن ، ئەوەندە باس لە ئۆبێکتیڤیزم ناکەن ، بەڵام ئەو باسکردنەش وەنەبێت بە شێوەیەکی سادە و دوور لە زانینی واقیعەوە بێت ، بەڵکو وەک توخمێکی گرنگی ژیانی ڕۆحی ئەو سەردەمەی تاک هاتەپێشەوە . زانین و زانیارییەکانیش لەو سەردەمەدا ، بە پێی دابونەریت و بەهاکانی مرۆڤەوە هەڵدەسەنگێندران و وەک فاکتەرێکی ماناداری بوونی مرۆڤیش وەردەگیران ، هەر بۆیە ، هۆشیاری زاتی و چەمکی مرۆڤ بە گشتی ، وەک پێوەری هەموو شتێک دەزاندرا .
هەموو ئەو شتانەی سەرەوەش ، بەو مانایە نایەت ، کە لایەنگرانی ئەو ڕێبازە ، بە شێوەیەکی تێر و تەسەل لە بوار و کێشەکانی گنۆسیۆلۆژیا، ئێتیک، دیالەکتیک و ڕەوانببێژییان دەکۆڵییەوە ، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ناتەواوی و کەموکورییەکانیش زۆرن ، بەڵام یەکێک لەو ئاکامە حەتمییەی ئەو ڕەوتە تیۆرییە لەوەدایە ، کە هزر و زانیارییە فەلسەفییەکان بە شێوەیەکی زۆر فراوان بڵاوبوونەوە و گەیشتە دەستی زۆر لە لایەنەکانی ئەوساکەی کۆمەڵگای کۆن ، چونکە فەلسەفە بوو بە بنەمایەکی تیۆریی بۆ سیاسەت و گشت لایەنەکانی تری چاڵاکی کۆمەڵایەتی .
لە ئەنترۆپۆلۆژیای فەلسەفەی کۆن دا ، دوو ڕێبازی سەرەکی سەریانهەڵدا : سۆفیستەکان و سۆکراتییەکان . سۆفیستەکان ڕێبازێکی ماناداری هزری فەلسەفی کلاسیکی هزرمەندە کۆنەکان بوو ، چونکە لەگەڵ گەشانەوەی دیمۆکراسی کۆیلایەتی دا ، پێداویستێکی فراوانی پەروەردەی سیاسی و فەلسەفی هاتەپێشەوە . لە هەمەلایەنیی کار و چاڵاکی پڕاکتیکی – تیۆریی سۆفیستەکان دا ، زانین وەک ئامرازێکی کاریگەری ژیانی کۆمەڵگا بەکاردەهێندرا و تاکەکەسیش پێداویستی زیاتری بەو ئامرازە هەبوو بۆ تێگەیشتن لە بوارە ڕۆحییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، بەر لە هەمووشیان- هونەری ڕەوانبێژی .
دەتوانین وەها بڵێین ، کە سۆفیستەکان بزاڤێکی ڕۆشنگەریی بوون لە دونیای کۆنی یۆنان دا ، چونکە خاڵی چاڵاکی ئەوان بریتی بووە لە بڵاوکردنەوەی مەعریفەت ، نوێنەرانی سۆفیستەکانیش ئەو هزرمەندانە بوون ، کە بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لە چاڵاکی خۆیان دا هەڵساون بە بڵاوکردنەوەی زانین و زانیاری لە کۆمەڵگا دا . ئەوان / سۆفیستەکان شێوازێکی نوێی سەردەمەکە بوون ، هەم فەیلەسوف و هەم مامۆستا بوون ، دەیانویست بە شێوەیەکی کاریگەر ڕۆڵی پەروەردەیی لە ژیانی کۆمەڵایەتی دا بنوێنن ، هەر بۆیە ، لای سۆفیستەکان، چاڵاکی پەروەردە و خوێندن تەنیا لە سنووری خێزان دا نابینن ، بەڵکو ئەوان ئەو پڕۆسەیان بە خەسڵەتێکی جڤاکیش دەزانی .
گومان لەوە دانییە ، کە سۆفیستەکانی یۆنانی کۆن ، لە دایکبووی قۆناغێکی پێویستن لە مێژووی هزری فەلسەفەی کۆن دا ، هەر لەوان دا هەست بە نیشانەکانی پڕۆسەی ڕۆحی دەکرێت – پڕۆسەیەکی قووڵی بیرکردنەوەی کۆنکرێتیانەی پرنسیپە تیۆرییە گشتییەکان ، ئەوانەی بە شێوەیەکی گشتی بە پڕاکتیکی کۆمەڵایەتییەوە دەبەستێترێتەوە . هەر بۆیە ، بەستنەوەی پێداویستە تیۆرییەکان بە ژیانی پڕاکتیکی کۆمەڵایەتییەوە ، بە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سۆفیستەکان دەزاندرێت ، ئەو زانینانەی ، کە لە هزری فەلسەفییەوە سەرچاوە دەگرن و لە هەمانکاتیشدا، بۆخۆیان دەبن بە پردێک بۆ پەڕینەوە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر ، لە بری ناتورالیزم ، ئەنترۆپۆلۆژیا دێتەپێشەوە و سەرەتای هزری هومانیزمی یۆنانی کۆنیش سەرهەڵدەدات .
ڕێبازی سۆفیستەکان ، لە ناوەڕۆک دا هەمەلایەن و دەوڵەمەندی فەلسەفە و زانستە . لە دیدو بۆچوونی ئۆنتۆلۆژیشدا ، ئەوان هەڵگری فەلسەفەی گەوهەری مرۆڤن ، کە ئەوەش لە چەندین تێڕوانینی جۆراو جۆردا پێکدێت . هەندێ لە سۆفیستەکان خۆیان بە لایەنگری دیالەکتیکی عەفەوی هیرۆکلیت و هەندەکەی تر ، بە پێچەوانەوە . هەر لەگەڵ سۆفیستەکان دا ، ڕێلەتیڤیزم و ئەنتی ڕێلەتیڤیزم سەرهەڵدەدات . لە بواری گنۆسیۆلۆژیشدا ، سۆفیستەکان هەوڵی دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان ئۆبێکت و سوبێکت دەدەن ، لە بواری لۆژیکیشدا ، ئەوان زۆر یەکلایەنانە لە شت و دیاردەکان دەگەن و فۆرمەکانی زانینی لۆژیکی بەکاردەهێنن ، بە تایبەتی لە بواری ڕەوانبێژی دا .
لەلای سۆفیستە کۆنەکان زۆر بواری جۆراو جۆر هاتەپێشەوە ، لێ یەکێک لەبوارە ناسراوەکانی ئەوان دا خۆی لە ڕەوانبێژی دا دەبینێتەوە ، چونکە ڕەوانبێژی ئامڕازێک بوو لە چاڵاکی ڕۆژانەی سۆفیستەکان دا . ئەو ئامرازەش بۆ سەرنجڕاکێشان و قەناعەتپێکردنی گوێگران بوو ، هەر بۆیە ، دەبوو باش و جوان شتەکان بە خەڵک بگەینن ، لە هەمانکاتیشدا، دەبوو ئامادەی وەرگرتن و وەرامدانەوەی هەموو جۆرە پرسیارێک بن و لە ململانێیە تێز و ئەنتی تێزەکان بگەن . هەر لە پاڵ ئەو چاڵاکییەی ئەوان دا ، کۆمەڵێک کێشەی جۆراوجۆری گراماتیکی دەرکەوتن ، سەرباری تێڕوانین و لێووردبوونەوە لە کێشەکانی کۆمەلگا دا ، وەک لایەنی سیاسی ، حوکمڕانی ، ئێتیک و … هتد.
تایبەتمەندییە گشتییەکانی سۆفیستەکانی یۆنانی کۆن بە شێوەیەکی گەش و کۆنکرێت ، خۆیان لە ناوەڕۆکی ڕێبازی یەکێک لە ناسراوترین نوێنەرانی ئەو ڕێبازەدا دەبینێتەوە ، کە ئەویش – پڕۆتاگۆرە / ٤٨٠-٤١٠ پ.ز. ، ئەویش لەژێر کاریگەریی پرنسیپی مەتریالیزمی هیرۆکلیت دایە . ، ڕێلەتیڤیزم لای ئەو سەرهەڵدەدات و یەکلایەنی شڕۆڤەکردنی ڕێلەتیڤیزمیش لە بواری گنۆسیۆلۆژی دا بەرەو ئاکامێکی ناتەواو دەچێت ، ئەمەیان لە لایێکەوە ، لە لاکەی ترەوە ، ڕێلەتیڤیزم بە شێوەیەکی لۆژیکانە بەستراوە بە داواکارییە سەرەکییەکانی سێنسوالیزم ، کە دەبێتە هەڵگری دید و خەسڵەتێکی بواری تیۆری زانین ، بەڵام سێنسوالیزمی ڕێلەتیڤیزمی هزری فەلسەفی بەرەو ڕۆحی سوبێکتیڤیزمی پەلکێشکرد ، هەر بۆیە دوا حوکمدانەکەی پرۆتاگۆر ، کە دەڵێت :” نرۆڤ پێوەری هەموو شتێکە ” ، ڕۆڵی ئۆبێکتیڤانە لە پڕۆسەی زانین دا بە هەند وەرناگرێت ، بە شێوەیەکی لۆژیکانەش ئەمە بەرەو ئەو دەرەنجامە دەڕوات ، کە فۆرمێک ، یاخود لایەنەکانی تری فۆرمی زانین لە ناوەڕۆکی بابەتیانەی خۆی دا دووردەخاتەوە ، لە هەمانکاتیشدا، پرنسیپی سۆفیستەکان توانای ڕاستی ، یا ڕەهای ڕاستی ڕەتدەکاتەوە .
بە دوور لە ڕێبازی پرۆتاگۆر ، مرۆڤ هەندێ ناتەواوی لە توخمەکانی فەلسەفەی سروشتی کۆن دا دەستنیشاندەکات ، وەک ڕەپێشکردنی فاکتەری سوبێکت لە پڕۆسەی زانین دا ، لێ پرنسیپی سۆفیستەکان دەربارەی مرۆڤ وەک پێوەر ، نۆرمێک سینتێزی داواکارییە سەرەکییەکانی هومانیزمە لە دونیای کۆن دا ، دیدێکی تایبەتیشە ، کە مرۆڤ بە گرنگترین شت دەزانێت لە هزری فەلسەفی دا .
ڕێبازی دووەمی پرشنگداری ئەنترۆپۆلۆژیاش ، خۆی لە ڕێبازی گەورە فەیلەسوفی یۆنانی دا دەبینێتەوە – سۆکرات / ٤٦٩- ٣٩٩ پ.ز .، گەشترین و تایبەترین لایەنە لە ڕێبازی ئەنترۆپۆلۆژیای فەلسەفی کۆن دا . تایبەتمەندییەکانی ئەو ڕێبازەش لەو سەردەمەدا ، بەر لە هەموو شتێک، بریتییە لە دامەزراندنی پرنسیپەکانی دیالەکتیک و ئیدیالیزمی ئێتیکی ، کە پاشان دەبێت بە بەردی بناخەی قۆناغی هەر سێ فەیلەسوفە مەزنەکە . یەکەمین خالی دەرچوونی فەلسەفەی سۆکرات لەمەوە دەستپێدەکات ، کاتێ کە دەڵێت : ” من دەزانم ، کە هیچ نازانم ” . ئا بەم پێیە ، فەیلەسوف باس لە ڕێژەیی زانین و حیکمەتی هۆشیاری مرۆڤ دەکات ، لە هەمانکاتیشدا، هزرمەندی کۆن چەمکی گومان وەک پرنسیپێکی تیۆریی لە چاڵاکی زانین دا بەرزدەکاتەوە و دان بە سنووری مێژوویی زانین دادەنێت و داوای ئەقلێکی کراوەی ڕەخنەگرانەمان لە گشت بوارەکانی ژیان و فەلسەفە دا لێدەکات . دووەمین خاڵی ڕەوشی فەلسەفەی سۆکرات ، خۆی لە فەلسەفەی مەکسیم / زۆرترین ، کاتێ کە دەڵێت :” خۆت بناسە ” ! هۆشیاری زاتی لای فەیلەسوف مانای دۆزینەوەی فرە لایەنەکانی ژیانە ، چونکە هۆشیاری لای ئەو دەبێتە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە نۆرم و رەفتارەکانی چاڵاکی مرۆڤ و ژیانی ئەخلاقی ، کە ئەمانەش دەبن بە پرنسیی گشتی مرۆڤ دەربارەی – هاڕمۆنیا/ چاکی و دادپەروەریی .
—–‐—-
ت : سەرچاوەکان لای