فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

میتۆلۆژیا 

میتۆلۆژیا 

 

د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکلهۆلم

میتۆلۆژی لە میتەوە هاتووە ، هەموو میتۆلۆژیایەکیش تێهەڵکێشی ئایین دەبێت ، لێ ئایین و میتۆلۆژی یەک شت نین ، چونکە ئایین باس لە شتە پڕاکتیکییەکانی ژیانی مرۆڤ و خوا دەکات ، بەڵام میتۆلۆژی- ئەفسانە و حیکایەتی خەیالین دەربارەی دیاردەکانی گەردوون ، ژیان و ئایینەکان / خواکان .
میتۆلۆژی شێوازێکی خەیالی مرۆڤە بۆ ڕوونکردنەوەی جیهان و پرسە گرنگەکانی ژیان . میتۆلۆژی شێوەیەکە لە شێوەکانی ئاخاوتنی فۆلکلۆری ، تایبەتمەندییەکی کۆمەڵگای کۆن و دواکەوتووە . حیکایەت و ئەفسانەکانیش لە ڕێگای خەیالەوە ، لێ خەیالێکی ئێستێتیکای داڕێژراو دەردەبڕدرێت . لەگەڵ دەرکەوتن و بەرەوپێشەوەچوونی ڕاستی و کۆمەڵگا، میتۆلۆژی ڕوو لە کزی و لاوازی دەکات . دیدی فرەلایەنی گەلانیش لە میتۆلۆژیادا بەرجەستە دەبێت – لە ناو حیکایەت و ئەفسانەکانیشدا ، دیدو بۆچوونی ئەخلاقی ، هەستی جوانی مرۆڤ بۆ گەردوون و واقیع دەردەکەون، کەواتە میتۆلۆژیا، دیدێکی خەیالی – ئێستێتیکی بەئاگا و بێ ئاگایانەی مرۆڤە بۆ سروشت، کۆمەڵگا و خۆی . ئەو دیدەش بە شێوازی هونەریی جۆراو جۆر خۆیان دەنوێنن و
لە قۆناغە سەرەتاییەکانی مێژوودا دەردەکەون ، دیمەنە خەیالییەکانی ئەویش ڕەگو ڕیشەی واقیعی هەن ، وەک خواکان ، پاڵەوانە ئەفساناوییەکان ، لە هەمانکاتیشدا، هەوڵدانێکیشە بۆ شڕۆڤەکردنی دیاردە سروشتییەکان و کۆمەڵایەتییەکان . لە ڕاستی دا ، ئەگەر میتۆلۆژی و ئایینیش نەبوایە ، بێ شک، فەلسەفە و زانستیش دەرنەدەکەوتن ، چونکە پڕۆسەی هزریی مرۆڤ تەواوکاری یەکترن و یەکتر دەوڵەمەند دەکەن ، سەرسامی و پێداویستەکانی مرۆڤیش دەبن بە هۆکار .
لە مێژووی دەرکەوتن و پەرەسەندنی هەر گەلێکیشدا ، کەم تا زۆر ، ئەو گەلە خاوەن گەنجینەی دەوڵەمەندی میتۆلۆژی خۆیەتی ، هەر بۆیە ، پێویستە ئەو گەنجینەیە بە چاکی بپارێزرێت ، بۆ ئەوەی لە هزر و ژیانی ڕابردووی خۆیان بگەن . لە ڕاستی دا ، ئامانجی سەرەکی مرۆڤ و ئەفسانەکانیش باڵادەستییە بەسەر سروشت و هێزەکانی ، بێ شک ، ئەوەش لە ڕێگای خەیالەوە ، لێ خەیالێکی ئێستێتیکی داڕێژراوی هونەرییانە ، کە مرۆڤ لە گوێگرتن و خوێندنەوەیان دا چێژی گەورە وەردەگرێت ، مێژووی دەرکەوتنی یەکەم میتۆلۆژیش ، بۆ کۆنی دەرکەوتنی مێژووی یەکەم گروپی مرۆڤ دەگەڕێتەوە ، لێ ئیلیادە و ئۆدێسای هومێرۆس بە یەکێک لە میتۆلۆژییە کۆنەکانی یۆنان و جیهان دەناسرێت و مانایەکی مێژوویی خۆیشی هەیە .