فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شار بیرناکاتەوە: هیچکات هێندەی ئێستا شار پێویستی بە بیرکردنەوە نەبووە

شار بیرناکاتەوە: هیچکات هێندەی ئێستا شار پێویستی بە بیرکردنەوە نەبووە

ئازاد حەمە/ سلێمانی

 

شار، کە بیرکردنەوەی تیانەما گاڵتە بە نیشتیمان دەکات

شار بیرکردنەوەی تیانەماوە بۆیە گاڵتە بە نیشتیمان دەکات. لە شاری بێ بیرکردنەوەدا، شاری تۆراو لە تێڕامان و تەنراو بە پەرتی و بەدبەختی دڵۆپێک خۆشەویستی بۆ نیشتیمان تیابەدیناکرێت. نووکی خامە لە شاری وادا سەری لێتێکچووە. بنمیچی ئەم جۆرە شارانە بێ هیوایی ڕایگرتوە؛ ئەمەی دەیڵێین ڕەشبینی نییە، دەرئەنجامی تەنهایی شارە.

شار، کە بە مێژووی خۆی نامۆ بوو، کە هەڵەی مێژوویی زۆری دەرهەق بەخۆی کرد، بێگومان دواتر زۆرینەی شار زوو زوو کولەمەرگانە ژیاندەکەن. لە شاردا مێژوو وەک بەدبەختی لێیدەڕوانرێت، بۆیە لە هیچ سوچێکی شارەوە بیری مێژوویی جێگای تێڕامان نییە.

شار لەبەرئەوەی، دەمێکە شرۆڤەی مێژوویی خۆی ناکات، گەیشتووەتە چڵەپۆپەی باوەڕبەخۆنەبوون و بێگانەپەرستی، ڕاهاتووە لەسەر قەیران، لەگەڵ قەیران هاوسۆزە. ئەم شارە قەیراناوییە، قەیرانی ڕۆشنبیرانیشی، لەبەر ئەو ڕقەی هەیەتی لە مێژووی خۆی، هەرگیز نانووسێتەوە. بۆیە ئەوی رۆژانە لە شاردا دەنوسرێت خودێکی ڕۆشنگەری دروستنەکردوە. وەکیتر، شار دەمێکە لەگەڵ ڕۆشنگەریی پەیوەندی قرتاندووە.

 

 

شار؛ شاری ئێستای ئێمە، نایەڵێت لە فەلسەفە، کە بیرکردنەوەیە، وەک دەرمان لێیڕوانین

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠

شاری بێ بیرکردنەوە بیمارە

شار بیمارە. بیماریی شار دەرمانی تری پێویستە. کاتێک شار بیمار دەبێت و دەرمانسازی یان بیمارناسی، هیچیپێناکرێت پێویستمان بە بیرکردنەوەیە لە خودی دەرمان، کە بۆ هیچیپێناکرێت؟

شار؛ شاری ئێستای ئێمە، نایەڵێت لە فەلسەفە، کە بیرکردنەوەیە، وەک دەرمان لێیڕوانین. فەلسەفە دەمێکە دەرمانە؛ چەندین سەدەیە. لێ فەلسەفە، ئەم دەرمانە، لە دەرمانخانەکانی شاردا دەستناکەوێت. شاری ئێمە لەو جۆرە دەرمانخانانەی نییە، کە وەک دەرمان لە فەلسەفە بڕوانێت.

دەرمانخانەکانی شار بەدەست سەرمایەدارە سیاسییەکانەوەن، ئەمانە ناخوازن فەلسەفە دەرمانبێت و فەیلەسوف دەرمانخانە بباتەڕێوە. هەر کە سەرمایەدارە سیاسییەکان لە فەلسەفەیان ڕوانی وەک دەرمان سەرمایەکانیان دەخەنە بەرمەترسییەوە. دەرمانخانە، کە بەدەست پارەدارەوەبێت، نەک پسپۆر لە نەخۆشیناسی و دەرمانساز شار ناتەندروستدەبێت. سەرمایەداری سیاسیی، کە ڕوو لە وەبەرهینان لە بواری دەرمانسازی دەکات پێش هەموو شتێک خەو بە بیماری و پەکەوتەیی ئێمەوە دەبینێت.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠

فەلسەفە دیاردەیەکی شارییە

فەلسەفە، کە شای بیرکردنەوەیە، دیاردەیەکی شارییە. ئەوەتا کۆمارەکەی ئەفلاتون پێماندەڵێت فەلسەفە واتە شار؛ شاری بێ فەلسەفە شارێکە گشت دژەکان(بێ دادی، گەندەڵی، نەزانین،  …) تێیدا بەسەر فەلسەفەدا زاڵدەبن.

شار ئەو شوێنەیە، کە فەلسەفە لەخۆدەگرێت. شار و فەلسەفە دەستلەملانن. شار پێویستی بە فەلسەفەیە و فەلسەفەش شار دەکاتە گۆڕەپانێک بۆ هێنانەکایەوەی ململانێی بەرهەمداری هزریی و گفتوگۆی نادوبارە و پێویست.

فەلسەفە دیاردەیەکی شاریی مرۆییە. لەو شوێنەی شار هەیە، پێویستە فەلسەفەش هەبێت. فەلسەفە کە دێتە شارەوە گومان، تێڕامان و ڕەخنە دەستپێدەکات. وەکیتر، فەلسەفەیەک لە شاردا گەشەیکرد و هەقی بەسەر دەسەڵاتی سیاسیی و ئاینییەوە نەبوو فەلسەفە نییە. فەلسەفە کاتێک وەک فەلسەفە تەماشادەکرێت، کە بە چەنوچونە ڕۆژانەیەکانەوە سەرقاڵمانبکات و لە کێشەکانمان بدوێت.

کاتێک فەلسەفە دەبێتە دیاردەیەکی شاریی دەبێت لەوە بەئاگابین، کە شار پڕە لە دیاردە داماو و نەگبەتەکان. ئەمە داوامان لێدەکات پرسیاری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی دروستکەین.

 

شار کە بێ ئاگا بوو لە سەرچاوەی بیری یۆنانی و رۆمانی واتە ئەم شارە بیرمەندی نییە

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠

شاری بێ فەلسەفە شاری بێ بیریارە

شاری بێ فەلسەفە شاری بێ بیریارە. شار چ شارێکە حەز لە چارەی فەلسەفە نەکات، کتێبی فەلسەفیی تیاییدا هەرزانترین کتێب بێت، شانۆکان، تابلۆکان، فیلمەکان، وانەکانی هۆڵەکانی زانکۆ، گفتوگۆی نێوان هاوڕێیان دوور دووربێت لە فەلسەفە؟؟ ئەوەی لەم بارەوە وەک وەڵام دەشێت بوترێت، ئەوەیە، کە دۆخی نالەباری فەلسەفە لە شارەکانی ئێمەدا بەرهەمی ئێستا نییە، ئەم دۆخە دیرۆکی هەیە.

شار کە بێ ئاگا بوو لە سەرچاوەی بیری یۆنانی و رۆمانی واتە ئەم شارە بیرمەندی نییە. شار کاتێک دەکارێت بڵیت بیرمەندم هەیە، کە ئەوانەی پێیان دەوترێت بیرمەند لەلایەک ئاشنابن بە سەرچاوەی بیری یۆنانی و ڕۆمانی و لەلایەکی تر خوێنەرێکی باشی مێژووی هزر و ئایینەکان بن. شاریش کە بیرمەندی نەبوو کاولگایە، باشترین شوێنە بۆ گەشەی نادادی و بێ وەفایی.

شاری بێ بیریار، شاری بێ بیرکردنەوەیە، شاری وا دین و دەوڵەتی لێکجیانەکردووەتەوە و ترسیشی لە جیاوازیی هەیە. لە شاری لەم شێوەیە ڕێنێسانس ناخوڵقێت، گەشە پەرت و پەرشوبڵاوە و ڕەوتی هزری جیاوازیش بوونی نییە؛ شتەکان هەموو هاوشێوەن؛ هاوشێوەیی بکوژی جیاوازییەکانە.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠

ناکرێت فەلسەفە نەبێت و فەیلەسوف هەبێت

ناکرێت فەلسەفە نەبێت و فەیلەسوف هەبێت. شاری بێ فەلسەفە شاری بێ فەیلەسوفە. باشە پێوەرە شارستانییەکان سەبارەت بە نەبوونی فەیلەسوف لە شار دا چیمان پێدەڵێن؟ ئەوەمان پێدەڵێن، کە ئەوە چ شارێکە بانگەشەی بوونی فەیلەسوفهەبوون دەکات و فەلسەفەی نییە! شارە بێ فەیلەسوفەکان ڕاڤەکارییان تیا بەرهەمنایەت. ماقوڵ نییە فەیلەسوف نەبێت و باشترین شیکاریش هەبێت. ناکرێت هزری فەلسەفیی نەبێت و توێژینەوەی فەلسەفیی هەبێت. شار و فەیلەسوف پێکەوە هەن. مەگەر هەر زوو پیرەمێردەکەی یۆنان(ئەفلاتون) نەیووت: فەیلەسوف دەبێت شار بباتەڕێوە. کوا شار قسەی فەلسەفیی بەهەند وەردەگرێت. لە شاردا، کە وتنی فەلسەفیی لە قەیراندا بوو، ئەوا لەو شارە کۆی وتن لەژێرپرسیارە.

گەر لە شاردا فەلسەفە هەبێت جێگا فەراهەمدەبێت بۆ ناجۆر و جیاوازەکان، بۆ ئەوانەی لە ئێمە ناچن و ئێمەش، کە لە ئەوان ناچین. شار گەر شاری کۆکردنەوەی جیاوازەکان نەبێت شار نییە؛ مەرجەکانی شاربوونی تیانییە. هەر ئەو شارەی دان بە جیاوازییەکان ناهێنێت نە فەلسەفەی هەیە و نە فەیلەسوف.

 

بۆ ئەوەی شاریش بخرێتە ژێرپرسیارەوە پێویستە فەلسەفە لە شاردا بوونی هەبێت. ئەمەش نایەتەدی تا ئازادی چەتری فەلسەفە نەبێت

٠٠٠٠٠٠٠٠

شاری فەلسەفەدار ئازادی ڕەسەنی تیایە، نەک کۆپی

شار و ئازادی وەک شار و فەلسەفە دەستلەملانە. کە فەلسەفە لە شاردا هەبوو ئازادی هەیە؛ ئازادی ڕاستەقینە، نەک ئازادی گەندەڵکراو. ئازادی و فەلسەفە پێکەوە مانا بە بوونی شار دەدەن. شار بە ئازادییەوە جوانە. فەلسەفە دەتوانێت لە ئامدەبوونی شاردا گفتوگۆی ئازادی بکات.

ئازادی زێدەرۆیتیاکراو ئازادی نییە و فەلسەفە لێیبەگومانە. بۆئەوەی شاریش بخرێتەژێرپرسیارەوە پێویستە فەلسەفە لە شاردا بوونی هەبێت. ئەمەش نایەتەدی تا ئازادی چەتری فەلسەفە نەبێت. ئەمەش لەبەرئەوەی ئازادی پارێزەری فەلسەفەیە و خودی فەلسەفەش لە گەرووی ئازاددا چرۆدەردەکات.

 

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠

فەلسەفە کە شاری جێهێشت شار پڕدەبێت لە کێشە

فەلسەفە کە شاری جێهێشت شار پڕدەبێت لە کێشە. هەنووکە شار لێوانلێوە لە کێشە. شاریش کە وابوو پێویستی بە فەلسەفەیە. وەکیتر، شار و ئێمەی کورد هیچکات هێندەی ئێستا پێویستمان بە فەلسەفە نەبووە. شار پڕە لە زٶڵە سیاسی، زۆڵە نووسەر، زۆڵە پەروەردەیی، تەکفیریی، مناڵەکانی نیولیبرالیزم، دڵخوازەکانی سۆسیال میدیا، زۆڵەژورنالیست، سیاسی چەنەباز و داوێنپیس و سەرمایەداری بێ ئاگا لە واتای سەرمایە و مافەکانی کرێکار.

شار موحتاجی فەلسەفەیە. کێشەکانی شار، شار ناچاردەکات کاری بە فەلسەفە بێت. شار، کە بێ کێشە بوو فەلسەفەی ناوێت. لەو شوێنەی فەلسەفە هەیە، کێشەیەک بوونی هەیە. فەلسەفە هەیە تا کێشە دەستنیشانبکات؛ بەدوای چارەسەر و وەڵام بۆ کێشەکان بگەڕێت.

 

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠

بیرکردنەوەی شاری ئێستای ئێمە فەلسەفیی نییە

ئەو نەختە بیرکردنەوەیەی لە شاردا هەیە فەلسەفیی نییە. فەلسەفیی بوایە بیرکردنەوەی بەدوا دەهات، پرسیار دروستدەبوو و تێڕامان لێرە و لەوێ گڤەی دەهات. بەرپرسیارێتی بیرکردنەوەش دروستنابێت شار بێ فەلسەفە بێت.

مێژووی گەشەسەندنی بیری فەلسەفی لە شارەوە دەستپێدەکات. ئەو مێژووەش لە دەرەوەی بیرکردنەوە نییە. بیرکردنەوە و شار یەکتر بەرەو پێشەوەدەبەن. بیرکردنەوە شار دەگۆڕێت. شار بێ بیرکردنەوە جێگیرە، وەستاوە.

شار شوێنی چالاکییە مرۆییەکانە. ئەوە شارە، کە دواجار کردە داهێنانییەکان دەخاتەڕوو. داهێنان لە شاردا وێنەیەکیتر لەسەر شار دروستدەکات؛ بیرکردنەوە بەرەو ئاستێکیتر دەبات. خودی سەرهەڵدانی بیرکردنەوەی فەلسەفییش بەشیکە لەم پرۆسەیەیە لە شاردا.

 

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠

شار و داهێنان

ئازاربەخش و پێکەنیناویشە شار پشت لە فەلسەفە بکات. سەیرە، شار پێیوابێت بێ فەلسەفە میدیا، شانۆ، موزیک، سیاسەت و داد تیایا سەروەردەبێت و بێ فەلسەفە زانکۆ، پەروەردە و نێوەندەکانی توێژینەوە کارەکانیان بەڕێوەدەچێت.

بیری فەلسەفیی ڕاستەقینە کۆی بیرە داهێنییەکانی شارە. شار مۆڵگەی داهێنانە، بنکەی چەنوچونە ڕەخنەییەکانە. لە شاردا سینەما، شێوەکاری، بالێت، شانۆ، ئۆپێرا گەشەدەکات. ئەم بوارە داهێنانییانە توانای بیرکردنەوە لە شاردا بەرەو ئاستێکیتر دەبات.

کە لە شاربوونی خۆی تێڕامانینەکرد، ئەو شارە جێگای متمانە نییە. شار پێویستە دڵسۆزی خۆی بێت

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠

کاتێک شار بیرکردنەوەی فەلسەفیی بچوکدەکاتەوە

شاری سیاسیی و ئاینیی (لاهوتیی) بیرکردنەوەی فەلسەفیی بچوکدەکاتەوە. شاری ئێمە بەئاشکرا والە پرسیاری فەلسەفیی، بیرکردنەوە دەکات بچوکبکرێتەوە بۆ پرسیاری ناسنامەیی سیاسیی یان نەتەوەیی یان ئایینیەکان. ئەو بیرکردنەوەیەی بەو پرسیارانەوە سەرقاڵدەبێت لۆکاڵی و سادە دەبێت. بۆیشە شار بێ بیرمەندە. بیریار لەناو ئەو جۆرە ژینگەیە دروستنابێت، کە بە پرسیارە بچووکەکانەوە سەرقاڵە.

بەرژەوەندی شاری ئێستای ئێمە ئەوەیە، کە شار نزیکبێتەوە لە شەڕە قسەی سیاسیی و ئایینیی تەکفیریی و سەلەفیی. شاری ناساغ لەزەت لەوە وەردەگرێت، کە شار لە دۆزی خۆی بیرنەکاتەوە. شارێیک، کە دۆزی خۆی نەخستەژێرپرسیارەوە؛ کە لە شاربوونی خۆی تێڕامانینەکرد، ئەو شارە جێگای متمانە نییە. شار پێویستە دڵسۆزی خۆی بێت. شارێک بەرامبەر بە دیرۆکی خۆی بەوەفا نەبوو؛ کاری لەسەر دۆخی شاربوونی خۆی نەکرد، هی ئەوە نییە هیوای لەسەر هەڵچنرێت.  شاری لەم شێوەیە بەربەستە لەبەردەم بیرکردنەوەی فەلسەفیی.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠

شاری دوای ڕاپەڕین

شاری دوای ڕاپەڕین بیردەکاتە؟ بەڵێ بیردەکاتەوە، لێ لە چی؟ ئەوەی شاری دوای ڕاپەڕین بیریلێکردوەتەوە بە چی گەیاندین؟ بە زۆربوونی حیزب، بە زۆڵەژۆرنالیست، بە سیتی دروسکردن، بە کۆمپانیای حیزبی، بە زۆربوونی کۆمیتە و  بە سەرەڕۆیی سیاسیی گەیاندین.

شاری دوای ڕاپەڕین بێ هیوایکردنین لە دروستبوونی وتارێکی ڕوناکبیریی فەلسەفەدار. نوسینەزبڵ زیادیکرد، چاپخانە و کتێبفرۆشی زۆر و زۆر بوون، ئەڵبەتە بێ ئەوەی فەلسەفە خاڵی هاوبەشی نێوان زانکۆ و چاپخانەکان بێت. لە دوای ڕاپەڕینەوە هەڵەنەبین  نزیک  ملیۆنێک سیمپۆزیۆم، هۆرکشۆپ، مێزگرد، کۆنفرانس، پانێل و گفتوگۆ سازکراوە بێ ئەوەی فەلسەفە لەناویان بخولێتەوە، بێ ئەوەی فەلسەفە زمانی هۆنینەوە و داڕشتنی کار و سێمینارەکان پێکبهێنێت.

گشت گفتوگۆکانی ئەو سیمپۆزیۆم، هۆرکشۆپ، مێزگرد، کۆنفرانس، پانێلانە چییان بەرهەمهێنا؟ دۆزی پەروەردە، تەندروستی، بڵاوبوونەوەی ناساغی و بیماریی کوشندە، ژینگە، مناڵ، باری پیر و خانەنشینی خستە ژێپرسیارەوە؟ ئەوەی بەرباسخست بۆ سیاسیی هەم سیاسییە هەم سەرمایەگوزار و بگرە ڕوناکبیریشە؟ بۆ ژن دەکرێتە فیگەر و دەشکرێتە کاڵا؟ ئەوەی گرنگی پێنادرێت پیرە. لاوانیش دۆخیان لە پیرەکان باشترنییە؟

 

قەدەغەکردن لە شاردا کاتێک دەستپێدەکات، کە فەلسەفە کۆچیکردبێت. لەبەرئەوەی فەلسەفە لەسەر بوون و بوونەوەر قسەدەکات

 

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠

شاری ئێمە شوێنێک نییە بۆ ڕەتکردنەوەی گریمانەکان و وەڵامە ئامادەکراوەکان

 

شار گریمانە و وەڵامی ئامادەکراو بەرهەمدێنێت؛ ئەمەش لەبەر بێ هزرییە شار پرسیاری نوێ ناکات و پرسیاریش خولیای دۆزینەوەی وەڵام نییە. کاتێک شار شوێنێک نەبوو بۆ ڕەتکردنەوەی گریمانەکان و وەڵامە ئامادەکراوەکان ئەوکات بەڵگەمەندی و بیانووهێنانەوە بێ بەها دەبێت. لۆژیك، کە هونەر و زانستی بەكارهێنانی ئاوەزە ،بڕیارێکی ژیرانەشە لەسەر چی هەڵەیە و چیش ڕاستە، لە شارەکانی ئێمەدا نالۆژیک حاکمە و پێویستیش بۆ بەڵگەهێناوە یان دژەبەڵگە بوونی نییە.

قەدەغەکردن لە شاردا کاتێک دەستپێدەکات، کە فەلسەفە کۆچیکردبێت. لەبەرئەوەی فەلسەفە لەسەر بوون و بوونەوەر قسەدەکات، کار لەسەر شیکاریی و گومان دەکات. شار، کە نەیتوانی گومان بەخێوبکات خۆی لەسەر پاساوی بێ بناغە و بەڵگەی دور لە ڕاستی ڕادێنێت. ئەمەش پرسیاری بۆش و وەڵامی ژەنگاوی بەدوای خۆیدا دێنێت.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠

کە لە شاردا بیرکردنەوە نەما شیعر، شانۆ، هونەری خراپ باودەبێت

 

چەند دیاردەیەکی کوشندەیە، کاتێک لە شاردا بیرکردنەوە نامێنێت و شیعر، شانۆ، هونەری خراپ  دێنەکایەوە. ئەمە ناکرێت وەک کێشەیەکی لاوەکی شار ببینرێت. ئەو بوارانە کردەیەکن لە بیرکردنەوە، گەر ئەوە وەزعیەتی شار بێت، کە پێشتر باسکرا، لەسەرەخۆ شیعر، شانۆ، هونەر لە ئاستێکی نادرەوشاوەدا دەبن.

تیشک خستنەسەر دۆخی بیرکردنەوە لە شار بێ ئاوڕدانەوە لە ئاستی شیعر، شانۆ، هونەر تێنەگەیشتن لە ئاسۆی شار دروستدەکات. مخابن، کاتگەلێک هەبووە ئەم شارەی ئێستامان ئەدەب تیایا لە ترۆپک دا بووە، نووقمی ناو ژینگەیەکی کولتوری بووە. کەچی ئێستا شار ڕقی لە بەرهەمەکانی خۆیەتی.

کۆشکی ئەدەبیی ئێستامان لە شار هی لەمەوبەرە. بەرلەوەی ئەم ئێستایە بێت بە سەلیقەوە ئەم کۆشکە دروستکراوە. خۆ پێشتریشمان پڕبووە لە ناخۆشگوزەرانی، نەهامەتیی و ژیانێکی سەرسەختانە، بەڵام ئەو دەمە هێشتا بیرکردنەوە مابوو؛شار ئەو کات پڕ بوو لە بیرکردنەوە.

سەرئەنجام، زیادەڕۆییە ساتەوەختی ئێستامان لا پێبەرهەمدار بێت. تاکە شتێک شار پێوەی سەرقاڵە دیاردەی سێکسیزم و پارەگەراییە. گەر شیعر، شانۆ، هونەری ئێستامان بەگژ ئەم دوو دیاردەیەدا نەچێتەوە مشەخۆردەبێت لەسەری بیرکردنەوەی پێشوومان.

 

ئەوانەی ناهێڵن شار بیربکاتەوە. شار،کە جوان نەبوو، کە دژە جوانیبوو ئەوکات بیرکردنەوەی پەروەردەیی و بیریی ژینگەپارێزیی بێبەهادەبن

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠

 

شار و شارەوانی پەیوەندیان زۆر خراپە

شار حەوسەڵەی بیرکردنەوەی نەماوە و شارەوانیش بێ بیرکردنەوە هەنگاو دەنێت. هاوکات شار و شارەوانی لای ئێمە پەیوەندیان زۆر خراپە. شار بە قسەی شارەوانی ناکات و لە مێژووی شاربوونی خۆیشی تێناگات. شار بێ گوێدانە خۆی گەشەدەکات، شارەوانیش مامەڵەی بێگانە لەتەک شاردا دەکات.  شار لە شارەوانی یاخییە، چونکە شارەوانی شار بۆ مەبەستی سیاسیی و بازرگانیی خۆی بەکاردەبات.

شار و شارەوانی دژی جوانیین؛ دژی ژینگە و ڕێکخستنن. کەش و هەوای سیاسیی شاریش لەوبارەوە هاوکارە. شار، کە لە جوانی خۆی حاڵینەبوو، کە بایەخپێدەرنەبوو بە سروشت و ئاو و هەوای خۆی، گومانیناوێت ناتوانێت خۆی خۆشبوێت. خۆشەویستی شارەوانی بۆ شار بە لافیتە و گوزارەی نەتەوەیی کاتیی پینەناکرێت؛ شارەوانی دەبێت لە تەلار تێبگات، لەوە حاڵیبێت تەلارسازی قاچێکی لەناو جوانناسییە.

دیاردەکانی شار دوژمنی بیرکردنەوەی جوان و باشن. کێ بوون ئەوانەی شاریان بەم دەردەبرد؟ ئەوانەی ناهێڵن شار بیربکاتەوە. شار،کە جوان نەبوو، کە دژە جوانیبوو ئەوکات بیرکردنەوەی پەروەردەیی و بیریی ژینگەپارێزیی بێبەهادەبن. شار بەمجۆرە بێت، نە لێبووردە دەبێت و نەش لە مانای دراوسێی و هاورێیەتی تێدەگات. شاری ئێستامان بووەتە، کراوەتە، موڵکی پۆلێک سیاسیی و بازرگانیی لادێی ناشاریی، کە ڕقیان لە شارە؛ لە واتای شاربوون و جوانکاریی شار تێناگەن. ئەم پۆلە لەوە حاڵی نیین، کە شار شوێنی سینەما، بالێت، شانۆ و ئۆپێرایە.

سەرئەنجام، شارەوانی، بۆ مەبەستی سیاسیی خۆی، گوشاردەخاتەسەر شار. ئەمەش پێگەی شار لاواز دەکات و پەراوێزکارییش لە شاردا دەگەیێنێتە ترۆپک؛ مخابن شاریش لەوبارەیەوە پرسیارناکات. شار تائێستا لەوە تێنەگیشتووە لەسەر بنەمای تۆڵەسەندنەوە گەشەناکات. شارەوانی سەرقاڵی شتی ژێر بەژێرە؛ ئەم دیاردەیە فرە زیادیکردوە، شاریش لە گۆڕانکارییە خێراکان، کە شاریان قۆزتووەتەوە، تێڕامانناکات.

 

سەرنج: بەشی شەشەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟