فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کاک خەبات و ڕەخنە لە گۆرانیی بێوەژن

کاک خەبات و ڕەخنە لە گۆرانیی بێوەژن

 

ڕەسوڵ سوڵتانی/ شاعیر/ کەنەدا

ئەگەرچی لەبەر شەکەتیی خۆم فریا نەکەوتووم سپاسێکی ئەو خۆشەویستانە بکەم وا پیرۆزبایی چاپبوونی دوازدە ڕۆمانەکەی یونسییان لێ کردووم، پێشم حەیف بوو ئەم باسە بە کرچوکاڵی لە کۆمێنتێکی سادەدا بۆ کاک خەبات ڕەسووڵی ی هاوڕێم دانێم.
کچ و ژن، لە کۆنی کۆنەوە هەوێنی شیعر و گۆرانیی کوردین. گۆرانیبێژ و شاعیر هەڵبەت مەلای باشووری کوردستانیش باسی ژنیان لێ قەدەغە بکەی، دەبێ دووکانەکەیان دابخەن. هەڵبەت بەو جیاوازییەوە شاعیر و شایەر پێی هەڵدەڵێن و مەلا ئیسلامییەکان سووکایەتیی پێ دەکەن.
کچ و ژن، لە کۆنی کۆنەوە هەوێنی شیعر و گۆرانیی کوردین
با بێینەوە سەر باسەکە. سەرانسەری ئەدەبیاتی زارەکی و نووسراوی کوردی پڕە لە پێداهەڵگوتن بە ئافرەت. هێندێ جاریش گلەیی لێ کراوە و بە بێوەفا و پەیمانشکێن ناودێر کراوە.
ئەگەر دەمزانی دۆستگرتن وایە
هەرگیز نەمدەگرت، با هەر نەبایە
….
پێشی هەڵدەڵێ:
وەکوو بازوبەند بتکەمە باڵم
هێشتا لێم دووری، هاوار بەماڵم
لەو نێوەدا بێوەژن لە کچ و ژن جیا کراوەتەوە، چونکە لە کۆمەڵی کوردەواریدا بێوەژن ماڵی لە شووشەیە و بە زیپکەبەردێک خرمەی دێ.
گۆرانیبێژی کورد هەمیشە وەکوو شاعیرەکان هێندێ جار کە بێوەژنێکی جوان نیونیگایەکی نازی تێ دەگرێ، ئەوە پێی هەڵدەڵێ و دەڵێ:
هەر بێوەژنێک شاڵ کرمانی بێ
هەزار گەورەکچ بەقوربانی بێ
من دەڵێم: دایکەکەی دایکم بەقوربانی بێ
ئەدەب ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگە و زۆرجاریش ڕەنگدانەوەی باری دەروونیی بێژەرەکەیە
بەڵام کە بێوەژنی نازدار ڕووی ناداتێ ئەویش دەکەوێتە گلەوگازندە:
ئەی لە بێوەژن چەندە بەنازە
کۆنە دەفرۆشێ، بە نرخی تازە
فۆلکلۆری کوردی پڕە لە پێداهەڵگوتن و گلەییکردن لە بێوەژنان…
بێوەژنە چەند بەنازە
دێنێ هەزار کیژی تازە
….
کفنەکەم ببڕن جێی دەستم سوور بێ؟؟؟؟
گۆڕم لە گۆڕی بێوەژن دوور بێ
….
جا ئەوە لە ئەدەبیاتی فارسییشدا وایە. حافزی شیرازی جارێک مەعشووقەکەی دەباتە کەشکەڵانی ئاسمان و دەڵێ:
نازنین من کە مه ئاینەدار روی اوست
تاج خورشید بلندش زیر نعل مرکب است
قەدیم کە بووک دادەبەزی، یەکێک لە پێشییەوە دەڕۆیشت و ئاوێنەیەکی بەپشتی خۆی جۆرێک هەڵدەگرت بووک خۆی تێدا ببینێ. بەوە گوتراوە ئاوێنەدار/ئاوێنەهەڵگر.
جا حافز دەڵێ:
مانگ ئاوێنەی بۆ نازەنینەکەی من هەڵگرتووە و تاجی سەری خۆرەتاو ناڵی ئەسپەکەیەتی.
دەی هەر ئەو حافزە لە شیعرێکی دیکەدا دەڵێ:
هرچە هست از قامت ناساز بی اندام ماست
ورنە تەشریف تو بر بالای کس کوتاه نیست
واتە: لە نەگبەتیی منە وا لووتبەرزی و هەر جوابی من نادەیەوە، دەنا خۆ تۆ وامەکەت بۆ کەس نییە.
یان دەڵێ:
تکیە بر عهد تو و باد صبا نتوان کرد
بۆچی وای پێ دەڵێ؟
چونکە
دست در گردن آن زلف دوتا نتوان کرد
بەهەرحاڵ ئەوە سووکایەتی نییە. ڕاز و نیازی دڵە. کە وەدی دێ، لێی دەبێتە فریشتە و کە ڕووی ناداتێ لێی دەبێتە دێو و درنج.
ئەدەب ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگە و زۆرجاریش ڕەنگدانەوەی باری دەروونیی بێژەرەکەیە.
خلەدەرزی لە شەوی نیوەشەوێدا لە زمانی ژنێک ئاشقەوە دەڵێ
دایکی خۆم ڕۆژێ هەزاران جار دەکەم بە قوربانی ئەوێ گەورەژنێ کە شەوی دە نیوەشەوان بێشکە و ساوا بەسەر گولێکی دەگولەمێرداندا بەجێ دەهێڵن.
بۆ وا دەڵێ:
دەڵێ ئافرەتێکی بە نابەدڵ بەشوو درابێ و مافی تەڵاقیشی نەبێ، مافی ئەوەی هەیە شەوێ مێرد و منداڵەکەی لەخەوێ بکا و بچێتە ژوانی کۆنەیار.
ئەم باسە لێکۆڵینەوەی قووڵ و بەربڵاو هەڵدەگرێ و من دەسکورتم تێیدا.
ئیتر
سڵاو لە هەرچی بێوەژنی دنیایە. خۆشمان دەوێن.
…..
دایکم بە بێوەژنی پێی گەیاندووم. خاکی بەرپێی دەبم.