فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێئۆلۆژی ئەشکەوت، دیاردەناسی نەست و بووژانەوەی کردەی واقیع دە ڕۆمانی ئەشکەوتی گەوەردا لە نووسینی بەفرین شەڕەفکەندی

تێئۆلۆژی ئەشکەوت، دیاردەناسی نەست و بووژانەوەی کردەی واقیع دە ڕۆمانی ئەشکەوتی گەوەردا لە نووسینی بەفرین شەڕەفکەندی

عەبدولقادر نیازی/ شاعیر و ڕەخنەگر / مەھاباد
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ئەزموونی ڕۆمان، بریتییە لە تێڕامان دە عەقڵ و گرێدانی لە کۆمەڵگا. ئەویش لە ڕێگەی خەیاڵ و ڕەهەندەکانی نووسین و هەڵبەت دۆخگەلی ناکۆک و هەستیار. یەک لەو ڕەهەندە بەرهەست و دیالکتیکییانەی ڕۆمان خۆی پێ ڕەگاچین دەکا، لێک سواندن و لێک خشاندنی ئەدەب و کۆمەڵگایە وەک دوو جەستە. بۆیە ئەوەندەی ڕۆمانی ڕێئاڵ خۆی وەک ژانڕێکی دێفۆڕمە دێنێتە ئاراوە ئەوەندەش ڕووبەڕوو بوونەوەی عەقڵی ئەدەبی وەک کەرەستەی خوڵقاندنی ڕۆمان و ڕەوایەت و گێڕانەوە پێویستی بە داڕشتی حەقێقەتە. ئەو جۆرەی حەقێقەتی ڕوودان نەک ڕووداو بەو جۆرەی ئەلێن بەدیۆ دەڵێ، وەک تێرمێکی تەواو مێتافیزیکی بە نێو ڕۆمانی ئەشکەوتی گەوەردا شۆڕ دەبێتەوە، دەتوانێ دەوری داوە دەزوویەک بگێڕێ بۆ دۆزینەوەی ئەو مەنفا مەعریفییەی خۆی یەکێ لە سێ کوچکەکانی دیالکتیکی نێو بەستێنێکی فەرهەنگی و کەلتوورییە کە تا کۆتایی ڕۆمانەکە نەک وەک نویسار بەڵکوو وەک نیشاندەری بەستێن و شوێن کاتێکی مەعریفی/بوونناسانە، وەک توخمێکی پۆزەتیڤ و ئیجابی ناهێنێتە ئاراوە. دە ڕاستیدا بەستێن و بواری کەلتووری دە ڕۆمانی ئەشکەوتی گەوەردا، زۆر بە سانایی ملکەچی ئاتۆریتەی هەندێ هێزی دەرەکی و ناوەکی بووە کە سەرچەشن و ئاڕکی تایپی هەمووی هەر دەگەڕێتەوە سەر ئەو ژووئیسانسەی(دەردەچێژ) کە خۆی دە خۆی دا سێمپتۆم و نیشانە دەردێکی کۆمەڵایەتییە. پێمل بوونی بەستێن و شوێن کاتی کەلتووری نێو ڕۆمانی ئەشکەوتی گەوەر، دە ماهییەتی خۆیدا ئامادەی ئاسایی کردن و بە ستاتیک و جوانی ناسی کردنی دەرد و تڕاژێدییە. ئۆبێکتی دەرد وەک تێرمێکی کۆمەڵناسانە خۆی دە دوو توێی ماچی سەر ڕێی کانی و شاردنەوەی ئەوین لە جەماوەر و بە شوودانی زووتری کچ بۆ دوورە پەرێزی لە ژن بە ژنەی بە ناچار و گرێو کردنی برا لە سەر بەخشینی خوشک و کوشتنەوەی کاوڕە نێر و ڕازی کردنی باوکی بووک لە لایەن دایکی بووک و ڕژانی چا بە سەر کۆشی خوازیاردا و بیرۆکەی سەقەت کردنی سۆبێکتی پیاو بە بیانووی سووتان و نەزۆک بوونی و …لێوڕێژبوونی پانتای ئەو کۆمەڵگایە نیشان دەدا لە کردەی فالۆسیک و پاتریمۆنیک و نێرسالار نەک پیاوسالار کە ئەگەر بنچینەی عەشیرەیی خوازییان نەبێ بێ هیچ شک و شوبهەیەک خاوەنی دەلالەتەکانی عەشیرەگەرایی و خێڵەکی خوازین. بەو پێیە، ڕێئاڵ بوونی ئەشکەوتی گەوەر نەک دە گێڕانەوەی سات بە سات و دەقیق و بێ ئەولاولای ڕووداوە ڕۆژمەڕڕەکانی نێو ئەو بەستێنە کە ڕێک دە دەرخستن و بەرجەستەکردنەوەی ئەو زەینییەتانە دایە کە وەک ماتریالی ژیانی ڕۆژانەی وردە کۆمەڵگایەک، بڕیار بۆ تاک و کۆ دەدەن. ئەنداموارکردنی وەها زەینییەتگەلێک و شەبەنگی ئەو ئەنداموارەییە دە ژیانی ڕۆژانەی وەها وردە کۆمەڵگایەک دا، وەبیر جەستەی بێ ئەندامی ژیل دێلووز و ژیژەکمان دێنێتەوە کە لە بنەڕەت ڕا دەوری کەرەستەیەکی مکانیکی نەک ئۆڕگانیکی دەگێڕێ کە توانای وێکهێنانی خۆی نییە و لەبری ئەوەش وەک ماشێنی مەیل خۆی وانوێنی دەکاتەوە. ئەویش مەیل نەک وەک پڕەنسیپێکی ئاسایی بەڵکوو وەک کۆناتووسی ئێسپینۆزایی کە ڕەسەنایەتی خۆی دە مسۆگەرکردنی خۆی دا بە هەر قیمەتێک دەبینێ. ئەگەر وەک تۆماس هابز لە خەیاڵ و مرۆڤ دە ڕۆمانی ئەشکەوتی گەوەر دا بڕوانین ئەوە بۆشمان دەردەکەوێ کە ئەوەندەی خەیاڵ گرێدراوی شوێن/کاتە ئەوەندەش کۆمەڵگا گرێدراوی حوکمگەلێکی عەقڵانییە کە ڕەنگە عەقڵانییەتێکی پۆزەتیڤیش نەبێ بەڵام هێزێکە کە بڕست بۆ نووسین و دەرخستن تەرخان دەکا. سێ جەمسەری دوور لە ژیار و مرۆڤایەتی لە ڕۆمانی ئەشکەوتی گەوەر دا کە ڕیشەی هەرسێکیان دە تڕۆما و دیالێکتیکی وێرانکەر دایە ئەو تێزە بەناوبانگەی هابز پشت ڕاست دەکاتەوە کە دەڵێ: مرۆڤ گورگی مرۆڤە. فڕێ درانی ئیبڕاهیم لە سەر ڕێ، ئاشکراکردنی ئەوەیکە ئیبڕاهیم لەو دایک و بابە نییە لە لایەن خالیدە سوور و هەروەها چاوپیسی ئیبڕاهیم لە حاند گەوەر ئەو سێ کوچکەیەن کە هەرسێکیان نەک لە ڕووی عەقڵانییەتێکی ئەویندارانە و مرۆڤدۆستانە کە ڕێک لە تڕۆمایەکی سێکسۆلۆژیکی ئەختەکراو و فالووس تەوەر دا خۆیان دەدۆزنەوە. بۆیە ئەگەر بە ڕوانگەی هێگلی لە ئەشکەوتی گەوەر بڕوانین دەردەکەوێ کە دیالکتیک دەو ڕۆمانەدا نە بە پێی فەرایەند و سوڕگەیەکی ئایدەتیک کە خۆی لە کۆتا دۆخی پڕۆسەیەک دا دەدۆزێتەوە کە خۆی سەیروورەتی خسڵەتێکە لە ساحەتی واقیع کە تا کۆتایی ڕۆمان و ڕووداوەکە هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە و تێکدەری ساحەتی نمادینیشە. ئەو ساحەتە واقعەی کە ڕەوایەتی ئەشکەوتی خەو خۆش دەگێڕێتەوە و شکڵی دەدا و دەشیکاتە ئەشکەوتی گەوەر، بوونی پێرسۆنای خالیدەسوورە کە هەم دۆخێکی تڕۆماتیک بە ئیبڕاهیم دەبەخشێ هەم سادیسمی تڕۆماتیک وەگەڕ دەخاتەوە. چەشنێک کە کوژرانی حوسێن و تەنانەت گۆڕانی نێوی ئەشکەوتەکەش هەر خالیدە سوور دیاری دەکا. خالیدە سوور نەک وەک پێرسۆنا بە تەنیا بەڵکوو وەک وێژمانێک کە هەمیشە دە دۆخێکی ئابجێکشێن و ئالوودە باو دا بە ئاسایی ژیاوە و بە ئاساییش زەبری خۆی وەشاندووە. تووڕەیی ئەمری واقیع لێرەدا هەرچی کە بێ نە کۆمەڵگا بەڵکوو ئەوین و خۆشەویستی دەیداتەوە. تێکچنینی هێگلی دە ڕەوایەتێکی وەک ئەشکەوتی گەوەردا کە ڕاوی بە گشتی لە کردەی واقع(خالیدەسوور) کەڵک وەردەگرێ، خۆی دە خۆی دا، نەک ناسیاوێکی سۆبژەکتیوی ئیبڕاهیم کە نواندنەوەی پێرسۆنای خالیدەسوورە دە فۆڕماڵێکی سادیستیک و تۆتۆلۆژیک و ئەم ئەویدی کراو بۆ ئافراندنی پێرسۆنایەکی هاوشێوە. هەڵڕشتنی قینی لە مێژینەی خالیدەسوور و درکاندنی ئەوەیکە ئیبڕاهیم لە تۆوی ئەو ماڵە نییە نەک بۆ تۆڵەستاندنەوە لە ڕەحمان کە هێنانە ئارای ئیبڕاهیمە وەک پێرسۆنایەکی سادیستیکی وەک خۆی. لە ڕوانگەی فڕۆیدەوە ئەو مێکانیزمە بە مێکانیزمی بەرگری گەڕانەوە(مکانیزم دفاعی بازگشت) نێودێرکراوە کە سووژەی سادیستیک بۆ هاوشێوەکردنی خۆی لە گەڵ سووژەیەکی تر کە پوتانسییەلی تۆتۆلۆژیکی هەیە، بە کاری دێنێ. لە ڕاستیدا مێکانیزمی گەڕانەوە سەرچاوە لە دۆخێکی ئاماڵ مێرمنداڵیدا دەگرێ کە سووژە خۆی پێشتر بە فۆڕم و ستایلێکی تر ئەزموونی کردووە بەڵام دە نێوان ساڵی و تەمەنی مام ناوەندی دا خۆی بە دەرکراو و دوورخراوە لە بەستێنی کۆمەڵگا و گوتاری باو دەبینێ. بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو حورمانە و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە، سۆبێکتی سادیستیک خۆی بە پێملی هیچ چەشنە لۆگۆس تەوەرییەک نازانێ و هاوکات بە کردەی دیهاوێژی و سەرهاوێژی، سۆبێکتی خۆی نۆژەن دەکاتەوە. سەرنج دان بە ڕۆمانەکە دەری دەخا کە کەسایەتی ئیبڕاهیم ڕێک لەو شوێنەڕا ئاڵ و گۆڕی بە سەر دادێ کە خالیدەسوور لە بن دیواردا و لە ڕۆژی شاییدا بە گۆی ئیبڕاهیمی دا چرپاند کە لە توخم و ماکی ماڵی ڕەحمان نییە. دە ڕاستی دا هەر وەک پێشتریش ئاماژەی پێکرا ئەوە ئەمر و کردەی واقعە کە ڕۆمانی ئەشکەوتی گەوەر دەگێڕێتەوە نەک ڕاوی. بۆیە ئەگەر بە شێوازی دیالکتیکی هێگلی لە سێ کوچکەی گێڕانەوە بڕواندرێ، تەنیا بە بوونی سۆبێکتێکی وەک خالیدە سوورە کە لایەنی دەرهەست و نێگەتیڤ و تەنانەت پۆزەتیڤی گێڕانەوەش خۆ بە دەستەوە دەدا. بۆیە دیالکتیک لە ئەشکەوتی گەوەردا نە بە دەرئەنجامێکی لۆژیکی دەگا نە حەول دانێکیشە بۆ کەشفی حەقێقەت(دیتنەوەی دایک و باوکی حەقیقی ئیبڕاهیم) ئەو جۆرەی خالیدە سوور کردی. بەڵکوو دیالکتیکی گێڕانەوە دە ئەشکەوتی گەوەردا، بەر وە پتر لەوەی مێتۆدێکی ئانالێتیک بێ بۆ کەشفی حەقێقەت، کەرەستەیەکە دە دەستی ئەمر یا کردەی واقیعدا بۆ نەک تێکدانی واقعییەتی کۆنکرێتی کۆمەڵگایەک بەڵکوو بۆ دەرخستنی ئەو واقعانەی کە بە شێوەی تڕۆما دەور و پشتییان تەنیوە. ئاسایی نیشاندانی کوژرانی حوسێن و درێژەدان بە ڕەوتی ژیانی ئاسایی و گۆڕینی نێوی ئەشکەوت لە خەوخۆشەوە بۆ گەوەر بێ ئەوەی حەولی چارەسەرکردنێکی ڕەچەڵەکناسانە بۆ دەرخستنی هۆکارەکانی ئەو ڕووداوە دیاری بکرێ یانی تڕاژدی. یانی بە فەرمی ناسینی ڕووداو و کارەسات وەک بەشێک لە پڕۆسەی ژیان بێ ئەوەی چارەسەر بکرێ. یانی ڕازی بوون بە کوشتنی بە ڕواڵەتی کردەی واقیع. ئەوە یانی مێکانیزمی سەرکوت کردن و ڕاونانەوەی ئەمر و کردەی واقیع بەرەو ناخودئاگای گشتی. یانی بە ئەمری واقیع کردنی ئاڕکی تایپ. یانی پاکردنەوەی ڕواڵەتی پڕابلێمەکە. ئەوە یانی دۆخی تڕاژیک هاوکات لە گەڵ خەمبار بوون دەتوانێ زۆریش پاڕۆدیک و تەنانەت ئایڕۆنیک و کۆمیکیش بێ. تڕاژدی دە ئەشکەوتی گەوەردا نەک کوژرانی حوسێن کە بە جوانیناسی کردنێکی ئێپیدمیک و سەرسەرەکییە. تڕاژدی دە ئەشکەوتی گەوەر دا لە لایەکەوە یانی گشتاندن و قەبڵاندنی کارەسات دە فۆڕماڵی سۆبێکتی گشتی و ئەختەکراودا و لە لایەکیش ئێلینە و ئیزۆلە و فریز بوونی گوتارێکی مازۆخیست و ئازارخواز دە خۆی دا. چونکە ساحەی تێکدەری واقیع کە خۆی وەک کردەی واقیعی خالید نیشان دەدا، لە دژی تێگەیشتنی دیالێکتیک هاتۆتە گەڕ. گۆڕینی بێ بەهاکان لەو وێژمانەدا یانی سڕینەوەی حەقێقەت و داماڵینی لە سۆبێکت بوون. حەقێقەت دە ڕۆمانی ئەشکەوتی گەوەردا بە شێوەیەکی پەتی داماڵراوە چەشنێ کە تەنانەت وەک ئۆبژە یا ئۆبێکتیش سەیری ناکرێ.
سێ کوچکەی خالید و ئیبڕاهیم و گەوەر، دە ڕۆمانی ئەشکەوتی گەوەردا نەک پێداگری بۆ فامکردنی کۆمەڵگا کە بە پێچەوانە دەرخستنی لۆژیکی ئەو کۆمەڵگایەیە کە بە هۆی هزرینی خێڵەکی خەریکی بەرهەمهێنانی تڕۆمای نادیار و ئەنگاوتەیە. هەر ئەو تڕۆمایەش دە ناو ئەشکەوت دا قوربانی خۆی وەردەگرێ. کۆرپەیەکی شیرەخۆرە بە نێوی حوسێن کە ئەگەر نەکرابا بە بارمتەی ئەمر یا کردەی واقیع ڕەنگە بە شێوەیەکی تر ڕۆڵی کردەی نمادینی گێڕابا. هەر بەو هۆیەشەوە ڕووداوی سەرەکی دە ئەشکەوتی گەوەردا نەک ڕووبەڕووبوونەوەی دوو پێرسۆنای گەوەر و ئیبڕاهیم کە ڕووبەڕووبوونەوەی گوتارێکی نەزۆکە لە گەڵ سروشت وەک دێتێرمینیزم وەک ساحەتێکی دە پێشدا ئامادەکراو. بە بلەزۆڵ ناوزەدکرانی ئیبڕاهیم بەر لە دەرکەوتنی ڕەوایەت، لە لایەن نووسەرەوە خۆی مۆرکی ئەو گوتارە نەزۆک و دەپێش دا ئامادەکراوەیە کە هەر منداڵێکی لە سەر ڕێیان دۆزراوە بە زۆڵ ناوزەد بکرێ. ئەوە یانی داماڵینی سۆبێکت لە حەقێقەت و بەتاڵ کردنی لە سۆبێکت و سووژەگی. یانی بە ئەمری واقع کردنی حەقیقەتی بۆش و بەتاڵ و پەتی و داماڵراو. سۆبێکتی ئیبڕاهیم نەک بە فڕێدان لە سەر ڕێ بەڵکوو بە بەتاڵ کران و وەپاش گوێ خستنی حەقێقەت لە نمادین بوون ڕاپسکا و بوو بە داماڵخاسکراوییەکی ماڕکسیستی. لە خۆ نامۆبوونێکی چینایەتی. لەو ڕوانگەوە ئیبڕاهیم نەک زۆڵ کە لە بنەڕەتەوە بوو بە بارمتەی زۆڵێتی. فیگۆڕی زۆڵێتی ئی ئیبڕاهیم نەبوو ئی ئەو دایک و باوکە بوو کە ئیبڕاهیمیان خستە ناو ئەو گوتارە. لەو سووچەوە ئیبڕاهیم خۆی قوربانی دۆخ و شوێن/کاتێکی ئاوارتەیە. سۆبێکتی ئیبڕاهیم بە ئاوەڵناوی زۆڵ وەک گوتارێکی ناشیرن و جێکەوتوو، کە لە لایەک ناخواستە و بە نائەنقەست بە سەر گوتار دا دەکەوێ و لە لایەک بارمتەی ساحەتی واقعە و لە لایەکیش خەریکی نهادینە کردنی بە دانستەی ئەو گوتارەیە دە نەست و ناخودئاگای خۆی دا، بێ گومان خاوەن کردار و ژیان و ژین کاتێکی تەنیا بایۆلۆژیکییە و بەس. ئەویش لە کاتێ دا کە سۆبێکتی قیناوی خالیدە سوور بە نیازە بە تەیار کردنی ئیبڕاهیم، شوناسێکی تری بۆ مسۆگەر کا. شوناسێک کە وەک خۆی قیناوییە بەڵام خۆی دە نفرەتی ئەویندا نیشان دەدا. شوناسێکی قیناوی بەڵام عاشقی گەوەری خوشکی ئەویش دە ئەشکەوت دا. ئەشکەوت یانی نەست. یانی ئەوەیکە لەو ڕۆژەوە خالید ئەو حەقێقەتەی لای ئیبڕاهیم بە دەڵەمە ئاشکرا کرد و هێشتییەوە، نەستی ئیبڕاهیمیش وەک ئەشکەوت، تاریکی و قین و لانیکەم نا ڕوونی دە خۆی دا شاردەوە. دە ڕاستیدا خالید حەقێقەتی لای ئیبڕاهیم نەدرکاند بەڵکوو واقعی نیشان دا و حەقێقەتی لێ شاردەوە. چونکە خودی خالیدیش وەک ئەمری واقیع، ناسیاوییەکی لە سەر دایک و بابی ئیبڕاهیم نەبوو. حەقێقەت لای خالید ئەگەر ئیدئۆلۆژیک بوو لای ئیبڕاهیم تەواو بکوژ بوو. ئیدئۆلۆژی لێرەدا لەو دەسکەوتە ماڕکسیستییە دوور دەبێتەوە و دەبێتە گوتار. گوتارێکی ماڵوێرانکەر. ئەشکەوت بە ڕوانینێکی نیشانەناسانەوە دەکرێ لە دوو لایەن ڕا وەک نەست و ناخودئاگا خۆی نیشان دا. دە ڕاستی دا ئەشکەوتی خەوخۆش نەک شوێنێکی فیزیکی بۆ حەسانەوە و خۆحەشاردان لە ترسی تاریکی و سەرما و سۆڵ بەڵکوو وەک نمادی ناخودئاگای تاریکی ئیبڕاهیمە کە لەبری ئیبڕاهیم، کوشتن و خوێنی هێنایە قسە. ئەگەر تۆسقاڵێک ئیدەئالیزمی لە خەوخۆش وەژوور کەوین تەنیا بە سەر خەوی خۆشی حوسێندا دەکەوین کە کوژرانی بوو بە هۆی ئەوەیکە دە داهاتوودا نابێتە سۆبێکتی ئەو کۆمەڵگایە. جاری وا هەیە مەزندەی کوژران لە مان بە هێزترە. لە مانی مۆنفەعیل و پاسیو و بەرهۆکار. بۆیە کردەی نمادین لێرەدا حوسێنە کە بوو بە قوربانی ناخودئاگای تڕۆماتیکی ئیبڕاهیم. بە ڕۆچوونێکی نیشانە/مەعنا شناسانەوە حوسێن هەمان تکە خوێن بوو کە شەوی بووکێنی دایکی دە گەرماوگەرمی عیشق و عیشقبازی و دەستبازیدا ڕژایە خوار و فەتحی کچی لێ کەوتەوە. زاوا بوو بە زاوا کچ بوو بە ژن و هاوکات لە گەڵ ئەو سەرکەوتنە شیرینە تکە خوێنێکیش ڕژا. حوسێن وەک کردەی نمادین لە بنەڕەت ڕا تەکلیفی ڕوون بوو. دەبوایە سوور هەڵگەرێ دە خوێندا ڕێک ئەو کاتەی چێژ و ژیان خەریکن ببنە گوتار. حوسێن بەرهەم هێنانەوەی خوێن و ئیبڕاهیم خەریکی بەرهەمهێنانەوە یا بازتولیدی چینایەتییەکی تایبەتە لە ڕوانگەی پاش ماڕکسیستییەوە. چونکە گوتار بەو شێوەیە بەشی حوسێنی دیاری کردبوو. گوتاری زاڵ وەک ئیدئۆلۆژی حوسێنی بەو شێوەیە بانگهێشت کرد و تیپۆلۆژی چینی ژێر دەستی لێ کەوتەوە کە هەمیشه پێشمەرگ و پێشمەرجی نەک چینی باڵادەست کە گوتاری باوە. ئەشکەوت یانی ناخودئاگایەکی زۆڵ. زۆڵێتی دەو ڕەوایەتەدا نەک لکاو بە ئیبڕاهیم که ڕێک دەوری ئینزمامێک دەگێڕێ بۆ ئەو گوتارە شاردراوە بەڵام هەبوویە. ڕاندۆمانی ئیگۆ و نەست و ئەشکەوت وەک نمادی ناخودئاگا لێرەدا بە شیاوترین شێوە خۆی دەردەخا. کوشتنی حوسێن وەک بەرتیلدانێک بە ئەمری واقیع و کوژرانی ئیبڕاهیم وەک دەوامی ئەمری واقیع ئەویش لە کاتێکدا خالیدە سوور وەک ماکی ئەمری واقیع هەروا دەو گوتارەدا دەژی، تێکچنراوەکانی ئەو وردە کۆمەڵگایە دەباتە ژێر پرسیار. خالیدە سوور لەو کاتەوە ڕۆڵی نمادین و ڕادیکاڵ و مێتافۆڕیکی ئەو گوتارە دەگێڕێ کە ناخودئاگای ئیبڕاهیمی بزاوت و حوسێنی کوشت. بکوژی حوسێن نەک ئیبڕاهیم که سۆبێکتی ئەختەکراوی خالیدە سوورە. خالیدە سوور نەبوونی ئۆبێکتی ئەویندارانەی خۆی بەرەو نەبوونی ئەویندارانەی گەوەر ڕاگوێست. ئەویش بە کوشتنی حوسێن کە ڕێک بەرهەمی ئەو عیشقە بوو کە خالیدە سوور لە سەر کانی ئاوایی نە تەنیا پێی نەگەیشت کە گوژمەشی بۆ دا. لاکان دەڵێ: ئەوین یانی بەخشینی شتێک کە نیمانە. ژیژەک دەڵێ: ئەوین یانی بەخشینی شتێک کە نیمانە بە کەسێک کە نایهەوێ. خالیدە سوور عیشقی نەبوو و کەژاڵیش نەیدەویست. لێرەدایە فڕۆید و کردەی سێکسی و هاوکات لاکان دێنە گۆ. خالیدە سوور عیشقی دە کردەی سێکسی دا دەدیت کەوابێ نەیبوو. لەو ڕوانگەیەوە ئەوەی مانۆڕی عیشق لێدا خاوەنی ژێستێکی بۆش و بەتاڵە. خالیدە سوور ژێستی بەتاڵی لاکانییە. فڕۆید دەڵێ: کامل نەبوونی کەسایەتی ڕەگاژۆی دە کامڵ نەبوونی کردەی سێکسی دایە. لاکان دەڵێ: کردەی سێکسی بوونی نییە چونکە ئیگۆ بوونی نییە. کەوابێ عیشق یانی بەخشینی شتێکی کە نییە بە کەسێک کە نایهەوێ. سوراغی سۆبێکتی دەڵەمە و خاو و ئەختەکراوی خالید لە فڕۆید و لاکان و ژیژەک ئەگەر بگرین دەگەین بە ژوئیسانس. واتە ژانێکی چێژبەخش. خالیدەسوور ژانێکی چێژبەخشە. مێتافۆڕە لەو لایەنەوە کە ئەو کۆمەڵگایە هێشتا ئیزنی ژیانی پێ دەدا بە شێوەیەکی ئاسایی و فانتزیشە چونکە سەر و گوێلاکی مەیلە بە هان دان بۆ کوشتن و تۆڵە و قین… بەڵام ئەشکەوت وەک نمادی ناخودئاگا دە ڕۆمانی ئەشکەوتی گەوەردا جۆرێکی تریش خۆ نیشان دەدا. دێکۆپاژەکانی نووسەر و پڕۆسەی گێڕانەوە بۆ ناسینی ئەشکەوت، تۆتۆلۆژی و ئەم ئەویدی کردنی کارەسات و ناخودئاگایە و هاوکات وەک بە کارەسات نیشاندانی خودی ناخودئاگاشە… ئەو مەیلەی نووسەری هان داوە ڕازی ئەشکەوتی گەوەر کەشف کا دە ڕاستیدا کەشفی خودی کەسایەتی نووسەرە بۆ فێربوونی شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی سووژە لە گەڵ ناخودئاگا بە ترسەوە. هایدگەر بەو ترسە ئێگزیستانسەی دە ئەشکەوتی گەوەردا بە سەر نووسەردا زاڵ بووە دەڵێ : پروا. پەروا یا بڕیارێکی هەڵپەسێراو بۆ خۆبواردن و نەبواردن لە کارەسات. کارەسات دە ئەشکەوتی گەوەردا بۆ نووسەر نەک گێڕانەوەی ڕەوایەت کە خۆ لە قەرەدانی ڕەوایەتەدە. ئێگزیستانسی نووسەر لێرەدا هەمان ئەپۆخە کردن و هەڵپەساردنی کڕۆنۆلۆژیکی مەعریفەناسانەی ڕووداو و کارەساته. دە ڕاستیدا خودی نووسەر وەک دەنێو ڕۆماندا بەشێک لە ژیانی خۆی باس کردووە لە بنەڕەت ڕا پێشاوبڕکەی لە ناخودئاگا داوەتەوە. ئەو بە شێوەیەکی دیاریکراو، شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی گەوەریش دەزانێ لە گەڵ ئەمری واقیع و ئاگاداری لە دەست دانی حوسێنیشە وەک نرخی کارەسات و سۆبێکت و ناخودئاگا. کەشفی ئەشکەوتی گەوەر لە لایەن نووسەر وەک مەیل بۆ کەشفی ناخودئاگا کە لەو ڕۆمانەدا کەشفی ئەمر واقعە و هەر بە ئەمری واقعیش دەمێنێتەوە. ئەمر نمادین کە لێرەدا کوشتنی ئیبڕاهیمە دەلالەتە لە بۆشاییەکی فەرهەنگی/مەعریفی کە تەنانەت ناخودئاگا تێیدا خۆی دەوری ئەمری واقیع دەگێڕێ. چونکە کوشتن یانی بە بۆنبەست گەیشتنی ئەمری نمادین. یانی مانەوەی ئەمری واقیع هەر وەک خۆی و وەک تێکدەری واقعییەت نەک داڕماندنی حەقیقەت. بەڵام گرێو کردنی موحەمەد لە گەڵ خەڵک لە سەر خوشکی… ئەوە وێڕای ئەوەیکە ترسە لە ئەمری واقیع هاوکات مێکانیزمی دیفاعی نکۆڵیشە بۆ مەشڕووع کردنی ترسێکی جێکەوتوو و گشتی. ناردنی عاشق بۆ ئەشکەوت و خۆبواردنی خەڵک لەو کارە یانی ترسی ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ ناخودئاگا. ئەوە دە زاتی خۆی دا گرێوێکی ساکار نییە کە ئەگەریش گرێو بێ، دۆڕاندنی نمادین و سەمبۆلیکی نۆمۆسە وەک ژن. ئاسایی کردن و شاردنەوەی ترسی ئیگۆیە لە ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ حەقیقەت(ناخودئاگا). هاوکات بە چینایەتی کردنی سووژەشە. چونکە سووژەی کچ یا خوشک لێرەدا لە لایەن نێرەوە بڕیاری بۆ دەدرێ و خۆی دە غیاب دا دەژی. غیاب نەک وەک نەبوون بەڵکوو وەک بوونێکی بەرهۆکار و بەتاڵ کراو لە سۆبێکت و سووژەگی. کە خۆی دە خۆی دا عوڕفی کردن و مەترسی سڕینەوەیە لە ئەختەگی و ئیلکێتڕا و هاوکات پەرەپێدانی سوننەتی پاتریمۆنیک و پیاوسالار و فالوس مێحوەر و خێڵەکیشە. بەو واتایە کە هەر کەس غیرەتی چوونی ئەشکەوتی هەبێ دەتوانێ خوشکم داگیر کا. خوشک نەک وەک خوشک وەک وڵات وەک نیشتمانێکی نۆمۆسیک. لێرە دا وێڕای ئەوەیکە فەقرێکی عەجیب بەڵام نانامۆی فەرهەنگی دێتە پێش و هیچکەس ناوێرێ ئەو کارە بکا هاوکات ئەوە مێتافۆڕێکە لە ڕازی بوون بە وەزعی مەوجوود. بەخشینی خوشک دەبەرامبەر چوونە ناو ئەشکەوت دا دە ڕاستیدا بەردێکی زەلامە کە سووژەی فالۆسیک و پاتریمۆنیک خۆی ناوێرێ بیهاوێ. بەو جۆرە و لە ڕێی ترسی کۆمەڵگا کەمایسییەکانی خۆشی دەشارێتەوە هاوکات مەشڕووعییەتی پیس دەدا بە خۆی و بازنومایی گوتاری پاتریمۆنیکی خۆشی دەکا ئەویش لە ڕێگەی ئەمری جنسییەوە نەک عەشق وەک فانتزی و مەیل… خۆ بواردنی خەڵک لە چوون بۆ ناو ئەشکەوتی خەوخۆش بەو شەوە تەم و مژاوییە ڕازی نەبوونی خەڵکە بە چوونە ناو ناخودئاگای وێرانی خۆیان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە و هاوکات بێ مەیل بوونیشیانە بە تێکدانی ئەمری واقیع.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوەکان

رئالیسم و ضد رئالیسم در ادبیات/سیروس پرهام/نشر اگاە

رخداد، سوژە و حقیقت در اندیشە سیاسی الن بدیو/ پوریا پرندوش/نشر تیسا

جستاری در سیاست فاجعە بار/ علی معظمی/نشر کرگدن

متولد برج بابل( مقدمەای بر روانکاوی کودکان)/ شهریار وقفی پور/نشر نیماژ

درنگیدن با امر منفی(کانت، هگل و نقد ایدئولوژی)/ اسلاوی ژیژک/ترجمە علی حسن زادە/نشر نی

نظریە پردازان معاصر علوم اجتماعی/انتونی الیوت و لری ری/ترجمە هدی مظفری/انتشارات میردشتی

یادداشتهایی در بارە کافکا/تئودور ادورنو/ ترجمە سعید رضوانی/نشر اگاە/

نظریەی رمان/جورج لوکاچ/ترجمە حسن مرتضوی/نشر اشیان

اتوپیا در رمانتیسم سیاە/میلاد روشنی پایان/نشر ققنوس

دیالکتیک رهایی(هگل فروید و فانون/استفان برد پولان/ترجمە پرویز شریفی/نشر گام نو

تاملی در باب انسان و دیگر حیوانات(سگ های پوشالی)/جان گری/ترجمە سامان مراد خانی/نشر دوات

نقد ایدئولوژی/کمال خسروی/ نشر اختران

پنج درس دربارە تئوری روانکاوی ژاک لاکان/خان دیوید نازیو/نشر روشنگاە

ریموند چندلر در جستجوی کلیت/ فردریک جیمسون/نشر نیلوفر

برساخت اجتماعی جنسیت/عباس محمدی اصل/نشر گل اذین.