فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

   ئەفراندنی زمان و بانگەشەی ئەفراندن

 

                           ئەفراندنی زمان و بانگەشەی ئەفراندن

فەرەیدوون سامان/ شاعیر و نووسەر/ هەولێر

هیچ دەقێکی ئەدەبی بێ ئەفراندنی زمان نابێت، واتە ناکرێت تۆ بە خۆت بڵێی من شاعیرێکی داهێنەرم، ڕۆمانووسێکی گەورەم، بەڵام نەزانیت بە پاراوی و بێ گرێوگۆڵ و بە دروستی زمان بەکاربهێنیت، نەزانیت ڕستەسازی و وشەسازی بکەیت، تەنانەت نەزانیت خاڵبەندی و ڕێنووسیش بەکاربهێنیت.

چونکە شیعر وەک هەر دەقێکی ئەدەبی داهێنراو له ‌ڕێگای زمانی باڵای خۆیه‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن زمانێكی باڵاتر و به‌ ئاوازتره‌ به‌ به‌راورد به ‌زمانی ئاسایی، خۆی نماییش دەکات، هه‌ر به‌و شێوەیە‌ش بایەخی دەقی شیعر له‌وه‌دایه‌ بەدەر لە ئاراستەی ئایدۆلۆژی و ناوچەگەرێتی لۆکاڵی تێڕوانینی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ده‌قی به‌ستووی دیدگایەكان فراوانتر ده‌كات و ده‌یكاته‌ مه‌یدانی خه‌یاڵ و داڕشتنێكی نوێتر. هه‌رچه‌ند‌ هونەر‌ی شیعریش باڵا بێت، به‌رهه‌مه‌كه‌ نه‌مر و به‌رزتر ده‌بێت، خۆ ئه‌گه‌ر به ‌پێوانه‌ی ئه‌م پێناسه‌یه‌ بێت، شیعرییه‌تی ده‌قێکی سیاسی یان نیشتمانی ناگاته‌ شیعرییه‌تی ده‌قێکی ڕۆمانسی یان ئیرۆتیکی. چونكه‌ شیعری ڕۆمانسی، جوانكاریی بایەخی یه‌كه‌میه‌تی و شیعر‌ی سیاسی و نیشتمانیش ڕوو له‌ زۆرینه‌ی خەڵک‌ ده‌كات. بەڵام شیعری هونەری بۆ خوێنەری نوخبەیە، خوێنەرێک کە گەرەکە بە دیدێکی ڕەخنەیی و ئیستاتیکی ئەو دەقە شیعرییە بخوێنێتەوە.

ئێمە کام ڕێباز یان میتۆدی ڕەخنەیی هەڵبژێرین بۆ قسەکردن لەسەر ئاستەکانی شیعری ئەمڕۆی کوردید

بەڵام ئایا ڕەخنەی شیعری لە ئاستی شیعری ئەمڕۆی کوردیدایە؟

 

ئەمە پرسیاری نووسەرێکی ڕۆژنامەنووسی ئەدەبییە، هەڵبەت بایەخی ئەم پرسیارە لەوەدایە کە تەرکیزی خستۆتە سەر یەک ژانری ئەدەبی- ئەویش شیعرە، کە یەک ڕەهەندی هەیە و ڕووبەڕووی ژانری شیعر بە گشتی بۆتەوە، تەنانەت پرسیارەکەش کۆمەڵێک ڕەهەندی گشتی جیاواز لە هەناوی خۆیدا هەڵدەگڕێت، واتە ئێمە کام ڕێباز یان میتۆدی ڕەخنەیی هەڵبژێرین بۆ قسەکردن لەسەر ئاستەکانی شیعری ئەمڕۆی کوردیدا؟

 

ڕەخنەی شیعریی )بە میتۆدە ئەکادیمییەکەی) شوێنێکی گرنگ لە نێو ڕۆشنبیریی و شارستانییەتی گەلان پێکدەهێنێت. و  هەر نەتەوەیەک بە پێی بارودۆخی گەشەکردنی ژیاریی و مێژوویی و ڕۆشنبیری خۆی بایەخی پێداوە و پێگەی لە نێو ئەدەبەکەیدا چەسپاندووە.

ڕەخنەی شیعریی لە ئەدەبی کوردیدا مێژوویەکی دووری نییە، بەڵام وەک سەرچاوەکان ئاماژەی بۆ دەکەن، سەرەتای  هەفتایەکانی سەدەی بیست دەروازەیەکی نوێ و گرنگ بوو لە دەرکەوتنی ڕەخنەی شیعری کوردی و چەکەرەکردنی، ساڵانی حەفتا و هەشتایەکان قۆناغێکی گرنگ بوو لە مێژووی شیعری کوریدا. لەم ڕوانگەیەوە شاعیرانی کورد لە ئەزموونی شیعری خۆیاندا ڕۆڵێکی کارایان هەبووە لە ئەفراندن و نووسینی شیعردا.

بەر لە هەموو شتێک پێویستە بزانین کە چەمکی ڕەخنە یان ڕەخنەیی، چەمکێکی فرەڕەهەندە، دەکرێت لە ڕوانگەی فەلسەفی، کۆمەڵناسیی، دەروونناسیی، ئەدەبیی…هتد لێی بکۆڵرێتەوە.

لە ڕوانگەی ئەدەبییەوە ئەو بەرامبەری و ناکۆکی و دژیەکییانە دەگرێتەوە کە لە نێوان کارەکتەر و ڕووداوەکانی دەقێکی شیعریدا بەرجەستە دەبن.

 

شیعر بە گشتی بەر لەوەی لەسەر بنەمایەکی هزری و مەعریفی و فەلسەفی بونیات بنرێت، لە ڕاستیدا ئەوا کۆڵەگە بنەڕەتییەکەی نووسینی پەیوەستە بە ئەفراندنی زمان

بەڕای من بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکە، من ڕەهەندی شیکاری دەروونیی هەڵدەبژێرم کە لە ڕوانگەی میتۆدی رەخنەییەوە لێیکۆڵیوەتەوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە یەکێک لەو ڕەهەندانەی لە دەرەوەی دەقی شیعرییەوە رۆڵی لە بونیادنانی دەقدا هەیە، بریتییە لە ڕەهەندی شیکاریی دەروونی. دەشێ لە ڕوانگەی رەخنەی دەروونییەوە وەک ڕەگەز و لایەنی توێژینەوە بایەخی پێبدرێت. چونکە شیعر بە گشتی بەر لەوەی لەسەر بنەمایەکی هزری و مەعریفی و فەلسەفی بونیات بنرێت، لە ڕاستیدا ئەوا کۆڵەگە بنەڕەتییەکەی نووسینی پەیوەستە بە ئەفراندنی زمان دواتر بەو خەیاڵ و کۆهەست وکۆنەستانەی شاعیر، کە لە ڕەوشێکی تایبەتی دەروونیدا، لە دەقێکی شیعریدا بەرجەستەدەبن و دەریدەبڕن و پێیدەڵێن دەقی شیعر، بێگومان دواتر شاعیری بە ئەزموون هونەرمەندانە لە قاڵبێکی هونەری باڵادا دایدەڕێژیتەوە.

دەگەڕێمەوە سەر چه‌مكی ڕه‌خنه‌ی ده‌روونشیكاری یان ڕه‌خنه‌ی شیكاریی ده‌روونی، کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا بە کاریگەری قوتابخانەی دەروونشیکاری سەریهەڵداوە، هەر لەو قوتابخانە دەروونناسییەشدا وەرگیراوە، کە دواتر بە قوتابخانەی دەروونشیکاریی ناسرا. زاراوەکەش لە سێ بەش پێکهاتووە، بریتیین لە(ڕەخنە+دەروون+شیکاری). ئەگەر هەر لە واتای زاراوەکەوە تێبینی بکەین، واتە ئەو ڕەخنەیەی بایەخ بە شیکاریی دەروونی یان شیکردنەوەی ڕەهەندی دەروونی لە دەقی شیعریدا دەدات. میتۆدێکە لەسەر بنەمای بایەخدان بە ڕەهەندی دەروونی و ئەو لایەنانەی پێوەندییان بە دەروونی شاعیرەوە هەیە و هەروەها ئەو لێکەوت و دەرکەوتانەی لە لایەنی دەروونییەوە درووست دەبن و ڕەنگدانەوەیەکی ئاشکرایان بە سەر داهێنانی دەقی شیعریدا هەیە، دامەزراوە. بەتایبەتیش لێکەوت و دەرکەوتەکانی لایەنی دەروونی دەقنووس لە دەقەکانیدا، کە هەمیشە ئەم لایەنە رۆڵێکی بەرچاوی لە ئەفراندنی شیعردا هەیە، ئەم میتۆدە ڕەخنەییە شیکردنەوە و ڕاڤەکانی لەسەر بنەمای یەکێک لە تیۆر و چەمک و وتەزایەکانی قوتابخانەی دەروونناسیدا ئەنجام دەدات. بۆیە دەشێ بڵێین ڕەخنەی دەروونشیکاری بریتییە: لەو میتۆدە ڕەخنەییەی کە قوتابخانەی دەروونشیکاری سەر بە دەروونناسیی بناخەی درووستبوونەکەیەتی و له‌ توێژینه‌وه‌ و ڕاڤه‌كردن و شیكردنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ند و لایه‌نی ده‌روونی له‌ دەقدا پشت به چەمک و زاراوە و کەرەستە و وتەزا و بنەما و میکانیزم و تەکنیک و هەنگاوە پراکتیزەییەکانی تیۆرە جیاوازەکانی‌ قوتابخانه‌ی ده‌روونشیكاری ده‌به‌ستێت.

 

دەق ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌روونی دەقنووسه‌ و ده‌روونی شاعیر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌ نێو دەقه شیعرییە‌كه‌دا ده‌بێت

 

قسەکردن لە پەیوەندی نێوان ڕەخنەو بە دەقی شیعرییەوە یان توێژینه‌وه‌ و شیكردنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ندی ده‌روونی له‌ دەقی شیعریدا، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ كه‌ دەق ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌روونی نووسەره‌كه‌یه‌تی و ڕه‌هه‌ندی ده‌روونی به‌ هه‌موو دۆخه‌ جیاوازه‌كانییه‌وه‌ ئاماده‌یی له‌ نێو دەقدا ده‌بێت، له‌ پڕۆسه‌ی ڕاڤه‌كردن و توێژینه‌وه‌شدا پشت به‌ چه‌مك و زاراوه‌ و میكانیزم و تیۆر و هه‌نگاوه‌ پڕاكتیكییه‌كانی ئاراسته‌ جیاوازه‌كانی نێو ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ ده‌به‌ستێت.

ڕه‌خنه‌ی ده‌روونشیكاری له ‌میانەی پڕۆسه‌ ره‌خنه‌ییه‌كه‌یدا هه‌م بایەخ به‌ شاعیرەکە ده‌دات، هه‌میش به‌ (دەق)، و هه‌وڵی توێژینه‌وه‌ له‌م دوو لایه‌نه‌ ده‌دات به‌ پشتبه‌ستن به‌و چه‌مک و زاراوه‌ و میكانیزمه‌ شیكه‌ره‌وه‌ییانه‌ی کە زانایانی ده‌روونشیكاری دایانهێناوه‌. بایه‌خ به‌ دەقنووس ده‌دات، له‌به‌رئه‌وه‌ی دەقنووس خاوه‌ن كه‌سێتییه‌كی ده‌روونی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و ئه‌و ده‌زگا ده‌روونییه‌ی كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌ری كۆمه‌ڵێك هه‌ژموونی جیاوازه‌وه،‌ كه‌ خۆی له‌ ئاگایی و نائاگایی و من و منی باڵا و ئه‌و و نائاگایی و گرێی نزمی و … هتد هه‌یه‌. ئه‌مانه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌یان به‌سه‌ر ره‌فتار و گوفتار و داهێنان و چالاكییه‌ جیاوازه‌كانی مرۆڤه‌وه‌ هه‌یه‌. بۆیه‌ ئه‌مانه‌ ڕۆڵی ڕاسته‌وخۆ له‌ ئاراسته‌كردنی هه‌موو چالاكییه‌ مرۆڤایه‌تییه‌كان ده‌بینن. كه‌ یه‌كێك له‌مانه‌ش ئەفراندنی ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌، كه‌ له‌ ڕوانگه‌ی ڕه‌خنه‌ی ده‌روونشیكارییه‌وه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ژموونه‌ جیاوازانه‌یه‌. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ بایه‌خ به‌ دەقیش ده‌دات، له‌به‌رئه‌وه‌ی دەق ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌روونی دەقنووسه‌ و ده‌روونی شاعیر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌ نێو دەقه شیعرییە‌كه‌دا ده‌بێت و به ‌شێوه‌ی ڕه‌مز ئاماژه‌ به‌ دۆخە‌ ده‌روونییه‌ جیاوازه‌كان ده‌كات. به‌مه‌ش دەق ده‌بێته‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند و بایەخی ده‌روونشیكاری كه‌ له‌میانییه‌وه‌ هه‌نگاوه‌ شیكه‌ره‌وه‌ییه‌كانی تێدا ئه‌نجام ده‌دات.

ڕەخنە لە ئەدەبیاتی کوردی وەک چەمکی  شرۆڤەکاری کە دەقێکی شیعری شرۆڤە دەکات لەسەر بنەمای میتۆدێکی ڕەخنەیی توێکاریی، زۆرینەی ئەو دەقانەی بە ناوی شیعرەوە دەنووسرێن و بڵاودەکرێنەوە ڕەگەزی هونەری یان بەشێک لە ڕەگەزە هونەرییەکانی نووسینی شیعرییان تێدا نییە. چونکە شیعر چوارچێوەیەکی هونەری بەرجەستە و زاڵە بەسەر دەقە شیعرییەکاندا، ئەگەرچی لە هەندێ دەقدا تەنها ڕووداو یان بابەت، دێڕە شیعرەکان و مەنەلۆگەکان بەسەر کارەکتەرەکاندا زاڵن.

هەر بۆیەش من هەڵە ناکەم ئەگەر بڵێم ڕەخنەی شیعری کوردی هێشتا وەک ژانرێکی بەهێزی ئەدەبی کوردی بوونی نییە

 

هێشتا خوێنەرانی بێ ئاگای ئێمە لەژێر باندۆر و هێژموونی سۆسیالمیدادا بڕیار لە ئەفراندن و گەورەیی شاعیرێک دەدەن بێ ئەوەی باگراوەندی کەلتووری و فەرهەنگی ئەو شاعیرە بزانن و بیۆگرافیای شاعیرە دزی لێکراوەکە بناسن کە کاکی شاعیری ساختە لە ڕێگای وەرگێڕانی دەقێکی شیعری لە زمانێکی بیانییەوە مشەخۆرانە ئیشی لەسەر ئەو دەقە شیعرییە دزراوە کردووە.

هەر بۆیەش من هەڵە ناکەم ئەگەر بڵێم ڕەخنەی شیعری کوردی هێشتا وەک ژانرێکی بەهێزی ئەدەبی کوردی بوونی نییە و ناتوانێت بۆ دەرخستنی کێشە و ئاریشەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی کۆمەڵگای کوردی کار بکات. چونکە لە بنەڕەتدا کۆمەڵگای ئێمە کۆمەڵگایەکی داخراوەو بڕوای بە ڕەخنەو دیالۆگ نییە، بە شێوازێکی هونەری نەیتوانیوە خود هۆشیاری خۆی لەنێو دەقە ئەدەبییەکانیدا ڕەنگبداتەوە.