فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئەو یادەوەریانەی وەك  گرفە و نێڵی ئاگرو بروسکە ژانن لە (خاپەرۆکی یادەوەریەکان)

 

ئەو یادەوەریانەی وەك  گرفە و نێڵی ئاگرو بروسکە ژانن لە (خاپەرۆکی یادەوەریەکان)

 

خوێندنەوە  :  سەلما تۆما کاکۆ/ نووسەر/ ئەلمانیا

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ناوی کتێب  : خاپەرۆکی یادەوەرییەکان
نووسین      : حازم عەلی کوتك
بابەت         :  یاداشت و یادەوەری
چاپخانە     :  چوارچرا ،،ساڵی  ٢٠٢٣

ئەگەر کتێبی ٥٧  ساڵ خولانەوە  لەژێر وەهمی شۆڕشی نووسەری خامە بوێر (حازم کوتک) م پێشتر نەخوێندباوە هەرگیز ناوی خاپەرۆکم بەشایان نەدەزانی بۆ ئەو یاداشت و یادەوەریانەی کە هەر یەکێکیان داستانێکە و  چەق و کروکی ڕووداوەکانی چەندین ساڵەی تەمەنی ژیانی گوند و شۆڕش و خەباتی شاخن و مخابنە خاپەرۆك بن .
ئەم کتێبە (٣٥٤) لاپەڕەیە و (٣٣٧)  لاپەڕەی بە (٨٩) بەسەرهات و یادەوەری و بابەتی جیاجیا نەخشێنراوە بە جۆرێك ئەگەر خوێنەر دەست بە خوێندنەوەیان بکات دەستبەرداریان نابێت تا تەواو دەبن، ئەوانەی تریشی بۆ ئەلبوومی ئەو وێنانە تەرخان کراوە کە بە تێڕامان وردبوونەوە لێیان هەریەکەیان چیڕۆکێكی لەخۆگرتووە.
نێوەڕۆك
ــــــــــــــ
نێوەڕۆکی ئەو کتێبە  ئەو یاداشت و
یادەوەرییە بەجێماوانەن، کە لەکتێبی(٥٧ ) ساڵ خولانەوە لەژێر وەهمی شۆڕشدا ، پەرێز پاکژ یاداشت نەکراون و وەك خاپەرۆك جێماون، کە خوێندنەوەی هەندێکیان :
ــ مچوڕکی ئازار بەلەشدادێنن و ساتەکانیان  دەکەونە بەر نەفرەتی خوێنەر و ڕۆژگار.
ــ هەندێکیان خەندە دەخەنە سەر لێوان و سادە و ساویلکەیی مرۆڤەکان بەرز دەنرخێنن .
ــ هەندێکیشیان هێندە سەرنجڕاکێشن گەورەیی ئەو مرۆڤانە دەردەخەن، کە وەك مرواری گرانبەها و کەم وێنەن و بە   باوەڕ و یەقینێکی تەواو  پیرۆزی یڕێبازەکەیان بە کردەوە دەسەلمێنن وەك لە بەسەرهاتی (ئەو پیاوەی ببووە باوکمان لا ٢٢٥)  دا هاتووە .

زمانی نووسین
ــــــــــــــــــــــــ
زمانی پەخشان بەسەر ئەدەبیاتی نووسین لەو کتێبەدا زۆر و زاڵە، هۆکارەکەشی وەك نووسەر خۆی ئاماژەی پێکردووە هەوڵدانە بۆ ترازان و لادان لەسەر سککەی نووسینی زەمەنی شاخ و پەڕگری ئایدۆلۆژی و حیزبایەتی و سیاسەت و گرتنەبەر ڕێچکەی نووسینی بابەتی ئەدەبی و پەخشانئامێزە و زیاتر خۆی لەو بوارەدا دەبینێتەوە بە جۆرێك خوێنەر لە هەڵدانەوەی هەر لاپەڕەیەك هەست بەو توانا و لێهاتووییەی نووسەر دەکات، کە دەوڵەمەندیەکی زۆری وشەی کەم بیستراوی ڕەسەن و تایبەت بە دەڤەرەکەی پێوە دیارە و مەبەست لە نووسینەوەیان ڕزگار کردنیانە لە فەوتان و لەناوچوون، چونکە بەهۆی فەرامۆش کردنیان  لەلێواری مەرگن، بێ ئەوەی مەبەستی زاڵکردنی زاراوەی ناوچەیەك بێت بەسەر ناوچەکانی تردا و نووسیویەتی زۆر لەو وشەو دەستەواژانە پەراگەندە و  ئاوگەڵە بوونە، یان لەلایەن وشە و دەستەواژەی بیانییەوە جێگایان پێ لەق کراوە خەریکە پێخوست دەکرێن بۆیە دەبێ هەموومان چاوە و ڕۆخەی فەرهەنگی کوردی  بدەینەوە.

ئەوەی مایەی سەرنجە
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لەهەڵدانەوەی هەر لاپەڕەیەك نووسەر دەستەواژەیەك یا زیاتری نووسیوە کە وەك خوێنەرێك سەرنجیان ڕاکێشام و دڵسۆزیەکی ڕادەبەدەری ئەو خامە بەرزەم  تیایاندا بەدیکرد، لەوانە :
ـــ بریا ئەو وانە و ئەزموونەی لەڕەوتی
ژیانم هەڵموێزنیووە ، کراسێك بوایە ،
لەبەر خۆمم دادەکەند و لەبەر
منداڵەکانم و هاوتەمەنەکانیانم دەکرد.
ـــ بریا ژیان وەك یاری گۆڵێن دوو گێم
بوایە ،بۆ ئەوەی لە یەکەمیان ئەزموون
کۆکەیتەوە و لەدووەمیان بەرچاوت
ڕوون بێت تا بەکامی دڵ بژی .
ـــ کاتی ئەوە هاتووە ئێمەی کوردیش لە
خەوی غەفڵەت بە ئاگا بێینەوە و  بۆ
ئەوەی چیتر نەدۆرێیین و مینبەرەکان
بۆ خزمەتی گەلەکەمان بەکاربێنین .
مەبەستی نووسەر
ــــــــــــــــــــــــــــ
١ـ مەبەستی نووسەر لە گێڕانەوەی
بەسەر هات و یادەوەریەکانی گوندەکان
ئەوەیە کە دەیەوێت ژیانی شیرینی گوندی بەوێنەی شیلەی هەنگوین و  گەزۆ لای خوێنەر شیرین بکات و یادەوەریەکانی هێندە لا پیرۆزن کە  دەیەوێت لەسەر باڵی پەرییان  پارێزگارییان لێ بکات.
٢ــ ئامانجی لە نووسینەوەی هەڵە و
پەڵەکان  چارەسەرو دووبارە
نەبوونەوەیان و تڕۆکردنی مێژوویەکە
کە لەسەر درۆ و ناپاکی بنیات نراوە نەك
تێوەردانی چیلکە لەو مێژووە
شەرمەزارە .
هەر بۆیەش نووسویەتی خۆزگەم  دەخواست وەك لاوکی ( مازی چنێ)ی    (برایم حەسەن بامەڕنی) توورەگەی یادەوەریە کانم بنی کون بوایە و یادە  تاڵەکان وەك مازیەکان یەك یەك و دوو دوو و سێ سێ لێی کەوتبوونایە خوارێ .
بێگومان ئەمەش جگە لەوەی کە لێکچواندنێکی یەکجار جوانە ناڕەحەتی و ژان و ئازاری یادەوەریەکان دەردەخات.
تێبینی
ـــــــــــ
١ـ نووسەر چەند لاپەڕەیەکی لە کتێبەکە تەرخانکردووە بۆ ڕەخنەو گللـەیی لە دەسەڵات و ڕاشکاوانە نادادی و کەم و کوڕیەکانی نووسیوەتەوە بە مەبەستی هەنگاونان بۆ چارەسەرێکی باشتر لەپێناو ژیانێکی خۆشتر و شایان بەتاکی کورد و کەس و کاری شەهیدان کە لە کاتی سەیرکردنیاندا شەرمی بەزیندوو مانەوەی بەرۆکی ویژدانی دەگرێ و دەیەوێت هاواری چیتر بە شیشی کۆنکریت نەکردنی  پەراسووی شەهیدان بۆ باڵەخانەکان بەگوێی هەموواندا بچرپێنێ،  کە ئەگەری هەیە ئەو گللـەییانە بکەونە بەر ڕەخنەی ڕەخنەگران و وەك بیرەوەری ئەژمار نەکرێن  .
٢ـ نووسەر( ١٢٢)  خاڵی جوانی لەچەند
لاپەڕەیەك نووسیوەتەوە بە مەبەستی
ئامۆژگاری و بەرچاو ڕوونی و سوود لێ
وەرگرتن  کە هەندێکیان وەرگیراون وهەندێکیشان لە نووسینی خودی  نووسەرن جوانترینیان بەلامەوە :
ــ ئەگەر هیچ نادادی و زوڵمێك لەناخەوە ڕوحی ئازار نەدایت،گومان لە مرۆڤبوونت بکە.
ــ ئازادی شایانی ئەو ژنەیە، ئازادی خۆی لە کۆیلەکردنی بەرامبەرەکەیدا نابینێت.
ــ  ئاماژەم بە هیچ یاداشت و بیرەوەریەك نەکرد لەو خوێندنەوەیە هەتا نەکەونە بەر چاوی غەدر چونکە هەر هەموویان شایانی خوێندنەوەن و بۆ خوێنەریان جێدێڵم چێژو سوود و وانە لە خوێندنەوەیان وەرگرێ  چونکە بەدڵنیاییەوە زۆرن ئەوانەی خۆیان لە ڕووداوەکان دەبیننەوە،  دەستخۆشی لە نووسەری خامە بوێر دەکەم کە بەو خاپەرۆکە هەموو خاپەرۆکەکانی لاخۆشەویست کردم و بە بەرهەمە نایابەکانی کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەندتر دەکات.