فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شــێواندنی ماڵە باجێنە هیچی کەمتر نیە لە شــێواندنی ماڵێکی ئاســایی!

شــێواندنی ماڵە باجێنە هیچی کەمتر نیە لە شــێواندنی ماڵێکی ئاســایی!

 

دەریــــا قــادر خـۆشناو/ نووسەر/ نەرویج

 

لەبری هەر بابەتێکی ئاسایی ڕەوتی ژیان، کە دنیای جەنجاڵ پێوەی سەرقاڵە، پێنووسی من سەرقاڵی نەخشاندنی ڕەنگی مەینەتیەکانی کچانی منداڵ و ژنانە لەسەر پەڕەی مێژوو، هەر لەم سۆنگەیەوە پێویست بوو بۆ ئەم بابەتە نائاساییە بنووسم کە ویژدانی هەژاندووم، و هەندێ لەم کۆمەڵەپرسیارانەی لە زهنمدا وەک گێژاوێک خوول ئەدەن ئاڕاستە بکەم وەک:
– لەکوێن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ؟
لەکوێن ڕێکخراوەکانی منداڵان، و منداڵپارێزان؟ کێن و کوان ئەوانەی داكۆكیكار بوون لە مافی منداڵان و مافی ژنان؟
کێ هاوڕایە لەگەڵ کوشــتنی منداڵ بە زیندوویی بەپێ ی یاسای دەستدرێژیکردن؟
ئایــا ئەمانە ڕەچاوی لێکەوتەکانی ئەم تاوانە ناکەن؟
لەکام دەەوڵەت کەعەقڵ تیایدا باڵادەستە، بەکام یاســـا، بەکام پێوەر ڕێگەپێدراوە دەستدرێژی بکرێتە سەر جەستەی، عەقڵی، ژیانی، بیرکردنەوەی، و جیهانە بێتاوان و تایبەتەکەی منداڵ؟
کاتێک ئەڵێین یاســـا سەروەرە، ئەی چۆن ئەبێت بە یاسا مافەکانی منداڵ زەوت بکرێ، و ژیانی مناڵی لێ بسەندرێت؟
کێ لە دایک و باوکان لەمناڵەکەی خۆی بێزارە و لەتەمەنی ٩ ساڵیەوە دەرگای دەرەوەی ماڵەکەی بۆ واڵائەکات،؟
کێ ئەتوانێ بەدەستەکانی خۆی بەرگی ڕەشی بەدبەختی بکاتە بەر جگەرگۆشە بێتاوانەکەی و بیخاتە ناو ئەم دۆزەخەوە؟
کێ ڕێگە ئەدات کە مناڵەکەی باجی هەڵەیەک بدات کە لێی بێئاگایە، و بژاردەیەکە بێ ویست و بڕیاری خۆی بەسەریا ئەسەپێندرێت، بێ ئەوەی منداڵەکە هەست بە لایەنە جیاوازە مەترسیدارەکانی بکات؟

کە ئەڵێم “مەترسی” مەبەستم پرۆسەی هاوسەرگیری نیە لەتەمەنی ئاسایی و یاساییدا، بەڵکو هاوسەرگیرییەکی نائاسایی و نایاساییە کە تەواوی ژیانی ئەم مناڵە بـێـتـاوانە ژێراوژوور ئەکات.
ئەگەر مرۆڤ ڕاستگۆ بێت، ویژدان لەناخیا زیندووبێت، چۆن لەوە تـێـناگات و نازانێت کە مناڵ لەتەمەنی ٩ ساڵیدا هێشتا لە گەشە و نەش و نماکردنی دۆخی مناڵی خۆیدایە، نە عەقڵی کامڵە و نە جەستەی پێگەیشووە.
لایەنێکی تری مەترسیدای ئەم بابەتە ئەوەیە کە لە جیهانی زانســتدا ســەلمێندراوە ئەوکچانەی کە تەمەنیان لەژێر هەژدە ساڵیدایە، کاتێک ئەبن بەدایک لەبەر پێنەگەیشـتنی ئۆرگانەکانیان و بەرگەنـەگرتنی سەختیەکانی پرۆسەی دووگیانی، ئەگەری مردنیان یەکجار زۆرە، ئەگەر نەشمرێت سەدان کێشەی جەستەیی و دەروونی بۆ دروست ئەبێت کە هەتا کۆتایی ژیانی پێوەی ئەناڵێـنێت.
بەڵام لەکۆمەڵگەیەکی داخراودا ژن کـوا ئەتوانێت باسی کێشە هەستیار و دژوارەکانی خۆی بکات، کێ ئەزانێت کە چەندەها ژن بەدەرد و ئازارەوە گیانیان سپاردووە وکەس گوێ ی لە دەنگیان نەبووە!
مناڵێک کەتەمەنی تەنیا نۆ بەهـار، ساڵێک زیاتر و ساڵێک کەمتری تێپەڕنەکردووە، توانای هەڵگرتنی هیچ بەرپرسیاریەتیەکی نیە، و نابێت زاتر لەتواناکانی خۆی چاوەڕوانی لێبکرێت.
پێویســتە لەوە تێبگەن کە “کچێکی تەمەن نۆ ساڵان تەنیا مناڵێکە و بەس”، زۆر گرنگە لەباوەشی ئارامی و ژینگەیەکی پڕ ئاسایش و لەژێر سایەی پارێزگاریکردنی دایک و باوکیدا بێت.
مناڵێک لەم تەمەنە ئەگەر زوڵمیشی لێبکرێت نازانێت سکاڵا بکات، و نازانێت داواکارییەکانی چین و ناتوانێت ئەوەی لەناخیدایە بەیانی بکات، ئەوە تەنیا دایکە کە بتوانێت لە ڕازی منداڵەکەی تێبگات بێ ئەوەی منداڵەکە وشەیەک بدرکێنێت، ئیتر چۆن ئەکرێ بەرپرسیارییەتی ماڵ و مێرد و منداڵی بخرێتە سەرشان!
ئەو خۆی منداڵە و لەجیهانی سادە و فانتازیای خۆیدا ئەژیێت. خۆشەویستـترین کەل و پەلە بەهادارەکانی بووکە شووشە، جۆلانە،مت و موروو، هاوڕێ، یارییەکانی ناو مۆبایل، دەفتەری نیگارکێشان و قەڵەم ڕەنگەکانیەتی.

منداڵ ناتوانێت منداڵ پەروەردە بکات!

لەڕاســتیدا شۆکهێنەرە کە بیر لەوە ئەکەمەوە لەکاتێکا ئەو کچە مناڵە هێشتا نازانێت چۆن جل بکاتە بەر بووکەشووشەکەی، من تێناگەم چۆن هەتتا ئەگەر بەخەیاڵیش بێت ئەتوانن وا بیربکەنەوە کە ئەم مناڵە بەم جەستە ناکامڵە ببێت بەدایک، و بەم عەقڵە ناکامڵە بەرپرسیارێتی ژیانی مناڵێکی تر بخرێتە ئەستۆی، خەونی مناڵی لێ بسەندرێتەوە، بخرێتە ناو زەبرو زەنگی پرۆسەیەک کە چوار هێندەی زەمەن و تەمەنی خۆی پێویستە تاکو بتوانێت لێ ی تێبگات و بزانێت چی بەسەر هێنراوە و چۆن خراوەتە ئەم چاڵە!
کاتێکیش ئەزانێت ڕووداوەکە چۆن بووە، بیرئەکاتەوە و لەڕابردووی خۆی ڕائەمێنێ، تێئەگات کە ئیتر کات درەنگە، دەرفەتەکانی بڕیاردانی لەدەستداوە، هیچ ڕێگای گەڕانەوەی نیە، ئەوسا خۆی ئەبینـێت وەک کەسـێکی دەروون ڕووخاو، و بێ دەسەڵات. لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا دوو هەڵبژاردە ئەبینێت، یا لەبناغەوە هەموو شتێ هەڵئەوەشـێنـێتەوە، و دەستبەرداری هەموو شتێک ئەبێت، یا بەناچاری وەک ئەوەی هەیە ئەمێنێتەوە. هۆکاری مانەوەکەی ئەکرێت ترس و سەرکوتکردن، و بوونی منداڵ، یا هەر هۆکارێکی تربێت. ئەم دۆخە و بڕیار لێسەندنەوەیە ئەیکات بە کەسێکی لاواز و ناوەڕۆک پەرتەوازەزە، بۆیە نایەوێ تێبگات وەک ئەوەی هەیە، بەناچاری چاو ئەپۆشێت لەئاست لەڕاستییەکان، بەمەش دروستبوونی مرۆڤێکە بەڕووکار زیندوو، بەڵام لەناخەوە بەتەواوی مردوو!

کـوا یاســـا؟ کــوا دادپـەروەری؟

سەرەتا بەکورتی ئاماژە ئەدەم بە ماددەکانی یاسای هەموارکراوی باری کەسی ژمارە ١٨٨ ی ساڵی ١٩٥٩!
ئەم یاسایە باس لەو لایەنانەی ژیانی کۆمەڵایەتی دەکات کە پەیوەندیدارە بە کەسایەتی مرۆڤ، وەک: داخوازی، هاوسەرگیری، فرەژنی، مارەیی، بژێوی ژن، بژێوی منداڵ، جیابونەوە، عدەی ژن، رەچەڵەک، شیرپێدان، الحضانة- سەرپەرشتی، وەسیەت، الوصی-میراث.

هەموارکردنی یاسای کەســی ژمارە ١٨٨ ی ساڵی ١٩٥٩ یەکسانە بە تیرۆرکردنی داهاتووی منداڵ، و زەوتکردنی مافەکانی ژن، چونکە کەسایەتی و بەھای ژن و کچەکانمان بەتەواوی لەدەست ئەدەین!

لەژێر ناوی یاســا دەستدرێژیکردن بۆ سەر منداڵانی ژێر هەژدە ساڵ بەناوی مارەبڕین و پڕۆسەی هاوسەرگیری، ڕێگە پێدان و بەیاساییکردنی کرداری پێـدۆفیـلـییە، واتا منداڵبازی. ئەمەش بەهەموو پێوەرێک لە یاسای مرۆڤایەتی و یاساکانی جیهاندا قبووڵکراو، و ڕێگەپێدراونیە، بۆیە نەک هەر پێویستە بە قســە ڕەتبکرێتەوە، ئەبێت بە کرداریش دژی بوەستن و بەیاسای تایبەت قەدەغە بکرێت.
سەرباری ئەم هەموو نەهامەتیانەی لەم بەناو وڵاتە کە لەدەرەوە و ناوخۆ هەیە، لەبری چاکســازی لە کێشەکان، گەشەپێدان بە زانیاری و زانســت، هەروەها دەرکردنی یاسایەک کە خزمەت بە هاوڵاتیانی بکات، و دابینکردنی شوێنی زیاتر و ژیانێکی ئارام بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشــت، و گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ تاک و کۆمەڵگە، پەرلەمانی عێڕاق سەرقاڵی هەموار و گۆڕانکاریکردنن لە یاسای باری کەسێتی لەبارەی مارەکردنی منداڵ لە ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ!
ئەمەش ئاماژەیە بۆ شێواوی دەروون و کەسایەتی، و داڕووخانی سیفەتی مرۆیی ئەم کەسانەی کە پەنجە بۆ ئەم تاوانە ئەبەن، و پەنا بردنە بۆ هەرەسـپێـهێنانی سـایكۆلۆژیای خـه‌ڵك و تـوندوتیـژی جه‌سته‌یی و فیكریی بەرامبەریان.
بڕیاردان لە سەر چارەنووسی منداڵ لەلایەن بنەماڵەکەی، و بەپێ ی ئەم یاســایە بەهەموو پێوەرێک پێشێلکردنی مافەکانە و لادان لە سروشتی مرۆڤایەتی، و تێکدانی بنەماکانی مافی مرۆڤە بەتایبەت مافی منداڵ، و ژنان.

چەند هاوکێـشــەیەکی لاسـەنگ، هیچیان ناچنە عەقڵەوە:

لەکاتێـکا بابەتی هاوڕەگەزبازی بەیاســا و شـەرع یاســاغـە، ســزای لەسەرە، کەچـی بەئاشــکرا بانگەشەی چالاککردنی یاســای پـێـدۆفیلی، منداڵبازی ئەکەن، کە زۆر مەترسیدارتر و کارەساتبارترە، لەکاتێکا کە لە یاساکانی وڵاتانی دونیا قەدەغە کراوە.

٢. ئەوانەی خاوەنی داتاشینی ئەم یاسایە پڕشەرمەزارییەن، بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانە، و ژن تەنها وەک کاڵایەک ئەبینن. هەربۆیە ژن ئەگەر تەمەنی ٧٠ ساڵیش بێت، لای ئەوان هەر کەم عەقڵ و لاواز سەیر ئەکرێت!
کەواتە لەدیدی ئەوانەوە ئەگەر ژنێکی تێرتەمەن کەم عەقڵ بێت، چـــۆن ڕێگە ئەدەن مناڵێک، کچێکی کەم تەمەن مارەبکەن، و وەک کەسێکی عاقڵ و کامڵ حیسابی لەسەربکەن، لەکاتێکا نەک هەر عەقڵ بەڵکو جەستەشی پـێـنــەگەیشتووە، و ناتوانێت وەک گەورەیەک و کەسێکی وشیار ڕەفتار بکات، بەڵام لای ئەوان ئامادەیە بۆ هاوسەرگریی!

٣. گریمان کوڕێک لەتەمەنی نۆ ساڵیدا هاوسەرگیری ئەکات، ئەوان بەهەموو توانایان دژی دەوەستنەوە و چونکە لەوبڕوایەدان کە کوڕەکە هێشتا منداڵە، و توانای هەڵگرتنی بەرپرسیاریێتی و بەڕێوەبردنی ماڵ و ژن و منداڵی نیە، هاوکات دڵنیان لەوەی کە کوڕەکە لەڕووی جەستەیی و فەسـلەجییەوە ئامادە نیە، بەڵام بەپێچەوانەوە بۆ کچی تەمەن ٩ ساڵان ئاساییە، و ڕێگە پێدراوە، هەروەها بە گوێرەی پەیڕەویکردنی ئەم یاسایە، ئەوانەی هاوسەرگیری لەگەڵ کچی تەمەن نۆ ساڵ دەکەن، بێگومان کوڕی نۆ ساڵ و هاوتەمەنی خۆی نیە، بەڵکو نێرێکە زۆر بەتەمەن ترە لە کچەکە، و تەمەنی لە ١٨ ساڵ بەسەرەوەیە، بۆ نموونە: ٢٥٨ ٣٥، ٤٥، ٥٠ و٦٠ ساڵانە!
بۆ ئەم مەبەســتە ڕووی داوا ئەکەینە ئەوکەسانەی بڕوای تەواویان بە ئازادی مافی مرۆڤ و پاراستنی مافی منداڵان هەیە، هەروەها کەسانی ڕۆشنبیر، پارێزەر، و نووسەر، و خاوەن قەڵەمە دیارەکان، میدیاکاران، هونەرمەندان، چالاکوانان پێویستە هەڵوێستیان هەبێت، هاوکات زۆر گرنگە کەرتی تەندروستی بەتایبەت دکتۆرەکان ڕوونکردنەوە بدەن لەبارەی مەترسی و لێکەوتەکان، هەموو بەیەک دەنگ بەهەموو شێوەیەک دژ بەم تووندوتیژیکردنە بوەستنەوە و نەهێڵن ئەوە بەرامبەر بە مناڵان بکرێت، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجامەکەی لە پەرلەمان یەکلایی ئەکرێتەوە، لەکەمترین هەوڵەکان بۆ کارپێنەکردن، و ڕاگرتنی ئەم یاسایە ئەوەیە کە دایک و باوکان لەلایەن خۆیانەوە دەستپێشخەر بن و نکۆڵی لێ بکەن.

با هەموو یەک دەنگ بین لە ئیدانەکردن، پەسەندنــەکردن، و جێ بەجێ نەکردنی پرۆژەیاسای هەموارکردنەوەی باری کەسێتیی و بۆ رێگەدان بە مارەکردنی کچانی نۆ ساڵان لە پیاوێک کە تەمەنی هەرچەندێک بێت، چونکە ئەگەر ڕێـگە لەو پرۆژەیە نەگیرێ، ئەوا جگە لەهەموو لایەنە نەرێنیەکانی تر، کاریگەری و تێڕوانین لە بیرو باوەڕی کورد و هەرێمی کوردستان لەپاڵ عێڕاقی داڕماو دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، و داهاتووی کۆمەڵگە و کچەکانمان ئەخرێتە مەترسییەوە، لەبەرئەوەی ئەم یاسایە هاوشێوەی شێرپەنجەیە، یا پەتایەکی ترسناکی گوازراوە، یا وەک ئاگرێکە پڕوشکەکانی کوردستانیش ئەگرێتەوە هەرچەند ناڕاستەوخۆش بێت، جگە لە تاوانکاریی سەدان ساڵیش کۆمەڵگە نەخۆش ئەکات و بەرەودوواوەی ئەبات.

هاوســەرگیری منداڵان!

ئەگەر بێت و زۆر بەکورتی ئاماژە بە یاسای بواری کەســێتی لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بکەم لەبارەی دیاریکردنی تەمەنی هاوسەرگیری، ئەوا تەمەنی هەژدە ساڵ دانراوە وەک تەمەنی یاسایی، ئەویش نەک تەنیا بۆ هاوسەرگیری بەڵکو زۆر لە بوارەکانی تری ژیانکردن دەگرێتەوە، ئەویش بەهۆکاری ناتوانستی جەستە و ناکامڵی عەقڵ و بیرکردنەوە، هەروەها ڕەفتارکردن و کەمی تواناکان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکان و بڕیاردانی دروست لەسەریان.

وڵاتی عێڕاق کە خاوەنی خۆی نیە، لەژێردەستی فەرمانڕەوایی وڵاتانی دراوسێدا بەڕێوەئەچێت، و لەبنەڕەتەوە شێواوە، یەكێك لەو وڵاتانەیە كە هەر سێ فاكتەری كلتور، پەروەردە‌و یاسا هۆكارن بۆ زیاتر تەشەنەسەندنی توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵان و ژنان، ئەم یاسایەش مەترسیەکی جددییە بۆ سەر ژیانی هەموو ئەو ژنانە هەیە کە لە ناو چوارچێوەی عێراقدا نیشتەجێن،

هەر بۆیە شەرعیەت نەدان بەم یاسایەی کە ئێستا لە پەرلەمانی عێڕاقدا مشت و مڕی لەسەرە، ڕێگە نەدانە بەهەموو جۆرەكانی توندوتیژی و ڕازی بوون پێ ی هاوبەشی کردنە لە تاوانی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان.

مرۆڤی خاوەن هەڵوێســت و ویژدان ناتوانێت بێلایەن و بێدەنگ بێت.

لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانەی دێنە پێش، پرســیاری زۆر دێتە ئاراوە، کە زۆربەیان تا ئێستا بێ وەڵام ماوەنەتەوە!
ئێمە سەدان ساڵە باجی سەربەخۆیی بوونمان ئەدەین، تائەمڕۆش هاوشانی حکومەتێکی خۆسەپێنەر، و لێک هەڵوەشاو، کۆمەڵگەیەکی پڕ شەڕ و ئاشوب و لێکترازاوین، بەڵام ناکرێت بێدەنگ بین بۆ رەوایی دان بە توندوتیژی بە بیانووی یاســا!
نابێت ڕێگە بدەین نیشتیمانمان، سایکۆلۆژیمان، تەباییمان، ئاسایشمان، ڕۆشنگەریمان، هونەرمان، وێژەمان، مێژوو، کلتورمان وێرانتر بکەن!

هەموو باش ئەزانین چەندین ساڵ و سەدەیە بەدەستی ئەوانەوە کۆمەڵگەیەکی تاسەرئێسقان بریندارین و هەڵگری هەزارەها برینی مێژووین، ئیتر ڕەوانیە بە کاریگەرییەکانی یاسای نایاسایی برینەکانمان قووڵتر بکەن و نەوەی داهاتوومان سەرلێشێواو بکەن.
کاتی هاتووە بڵێین تکــایە؛
بــهێڵن شارستانیەتمان، و مرۆڤایەتیتان بمێنێت.
بـهێڵن مناڵەکانمان لەنێو دۆخی مناڵی خۆیان بژین.
مــــەهێڵین ئاستی نزمی هۆشیاری و تێگەیشتنی بڕیادەرانی ئەم یاسا نالەبارە باڵادەست بێت.
مـــەهێڵن قورسترین بارستایی و سەختترین بەرپرسیاریەتی و زەبرو زەنگی فیسیۆلۆجی و دەروونی لەژێر ناوی پڕۆسەیەکی ناکامی هاوسەرگیری بخرێتە سەرشانیان.
جەخت کردن لە بەرەنگاربوونەوە و ڕێگرتن لە جێ بەجێکردنی یاسای دژە منداڵ، دژە ژن‌، و دژە مرۆیی، پەرەدانە بە رۆشنگەری كۆمەڵایەتی، ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵگە، کە ڕۆڵێکی کاریگەرە لە نەهێشتنی توندوتیژی دژی منداڵان و ژنان.
لە بارودۆخی جێ بەجێ بوونی ئەم پڕۆژەیە، ڕوونە کە مرۆڤایەتی ئەکەوێتە ژێر هەڕەشە، بۆیە پێوێستە هەموو مرۆڤێک لەئاست ئەم تاوانەدا هەست بە بەرپرسیارییەتی بکات.

لەکۆتاییدا ئەڵێم؛ کوردستانیانی مرۆڤدۆست لەهەر کوێیەکی دنیا هەن، لە عێڕاق بن، لە ناوەوە یا لەدەرەوەی کوردستان بن، بەهەرجۆرێک بێت با هەڵوێست بنوێنین و دەنگی ناڕەزایی بەرزبکەینەوە، بۆ پاراســتنی منداڵەکانمان، و بوونی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و ئاسوودە.