دارا غائیب
حەمەسەعید حەسەن/ نووسەر و ڕەخنەگر/ هەولێر
تازه‌کی بۆ کوردستان گه‌ڕابوومه‌وه، براده‌رێک که (دارا)ی ناوه و نازناوی (غائیب)ی بۆ خۆی هه‌ڵبژاردووه و وه‌ک شاعیر ناسراوه، هه‌ر که یه‌کدیمان ده‌بینی، ده‌یگوت: سه‌روه‌ختی غه‌ریبایه‌تی، تۆ زۆر خزمه‌تی منت کردووه، بۆیه له دڵه‌وه پێم خۆشه داوه‌تێکت بکه‌م، تکایه دڵم مه‌شکێنه!
چونکه پێ ده‌چوو به ڕاستی بێت، ئاخر زوو زوو هه‌مان داخوازیی تازه ده‌کرده‌وه، ڕێک که‌وتین و ئێواره‌یه‌ک له یانه‌یه‌ک که ئه‌و ده‌ستنیشانی کردبوو، کۆ بووینه‌وه. من هه‌ر خۆم چووم، وه‌لێ ئه‌و که هات دوو هاوڕێی له‌گه‌ڵ خۆی هێنابوو. که هاته سه‌ر داواکردنی خواردنه‌وه، هێنده دڵفراوانانه داوای ویسکی و بیره‌ی ده‌کرد، ده‌تگوت میراتگری (کۆڵبنکیان)ه، ئه‌وی له سه‌دا پێنجی داهاتی نه‌وتی عێراقی ده‌که‌وت، بۆ مه‌زه‌یش گوتی: هه‌ر چی هه‌یه، بیانهێنه! بۆ جگه‌ره‌یش داوای (مارڵبۆرۆ)ی ئۆرجیناڵی کرد که گرانبه‌هاترین جگه‌ره‌یه له کوردستاندا هه‌بێت. بۆ خواردنیش ناو‌به‌ناو گۆشتی برژاوی بانگ ده‌کرد و له دواییشدا ته‌شریبێکی ده‌بڵیان بۆ هێنا. که هه‌ستی کرد، من که‌م ده‌خۆمه‌وه، ئه‌و گوتی: خورادنه‌وه وا نییه، پێویسته وه‌ک من، سه‌ره‌تا به بیره‌یه‌ک ڕێ بۆ ویسکییه‌که ته‌خت بکه‌یت و که له ویسکی خواردنه‌وه‌یش بوویته‌وه، به بیره‌یه‌کی دیکه، هه‌ناوت ساف و فێنک بکه‌یته‌وه.
گوێم له ڕازی ئه‌ستێره‌یه
گوێم له چرپه‌ی په‌نجه‌ره‌یه
گوێ له ناڵه‌ی دڵی شاخ و
هاواری دره‌خت ڕاده‌گرم
که په‌پووله‌یه هه‌ڵده‌فڕێ
منیش وه‌کوو ئه‌و باڵ ده‌گرم
به‌ده‌م خواردنه‌وه‌وه تاوه نا تاوێ یه‌کێک له شیعره‌کانی خۆی بۆ ده‌خوێندینه‌وه، شیعره‌کانی دوو جۆر بوون، کورت و درێژ، کورته‌کانی له‌به‌ر بوو، درێژه‌کان له به‌رکیدا بوون. کاره‌سات ئه‌وه نه‌بوو که شیعری بۆ ده‌خوێندینه‌وه، ئه‌وه‌بوو دوای خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر شیعرێک، داوای له من ده‌کرد، بیر و بۆچوونی خۆمی له‌سه‌ر بڵێم. ده‌یزانی له بواری هه‌ڵسه‌نگاندنی شیعری کۆن و نوێ‌دا کارم کردووه، بۆیه هه‌ر که ده‌مم سووتا و گوتـم: فڵان شیعریان جوانبوو، وه‌ک له‌مێژبێت چاوه‌ڕێی ئه‌و قسه‌یه‌ی کردبێت، یه‌کسه‌ر گوتی: ئێ ده باشه، ئه‌وه ئه‌رز و ئه‌وه گه‌ز، فه‌رموو ئه‌وه شیعره‌که له‌سه‌ری بنووسه!
ئه‌گه‌ر ده‌تزانی، حاڵی من چۆنه
قه‌ت نه‌تده‌کردم، لۆمه و سه‌رکۆنه
وه‌زعم ئه‌وه‌نده، په‌رێشانه و شڕ
دوور نییه دڵم، بوه‌ستێ له پڕ
ڕه‌نگه ئێستا تۆی خوێنه‌ر له دڵی خۆتدا بڵێیت: جا ئه‌وه داوه‌ت بوو یان کۆڕی شیعری؟ ڕاسته داوه‌ت نه‌بوو وه‌لێ ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه نا، که کۆشیعرێکی چاپنه‌کراوی خۆی بۆ خوێندینه‌وه، له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌شه‌وه، کاتێک که پسووڵه‌ی حیسابی دانیشتنه‌که هات، خۆی گێل کرد و منیش چونکه له بواری خۆگێلکردندا ده‌ست و پێ سپیم، خۆم خوراند.
دوو مانگ یان زیاتر به‌سه‌ر ئه‌و (داوه‌ت)ه‌دا تێپه‌ڕیبوو، براده‌رێکی دێرین و ئازیزی گه‌رمیانیم که سه‌رنووسه‌ری گۆڤارێکی ئه‌ده‌بییه، ئێواره‌یه‌ک زه‌نگی لێ دا و گوتی: حه‌ز ده‌که‌م ئه‌مشه‌و پێکه‌وه بین، هه‌ردووکمان داوه‌تی کاک (دارا غائیب)ی شاعیرین.
له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و گوته نه‌سته‌قه‌دا که ده‌ڵێت: (ئه‌گه‌ر جارێک فریویان دایت، خودا بیانگرێت، ئه‌گه‌ر بۆ جاری دووه‌میش هه‌ر فریویان دایت، خودا بتگرێت،) به براده‌ره گه‌رمیانییه‌که‌مم گوت: دارا غائیب فه‌رامۆش بکه! ئاخر ئه‌زموونێکی تاڵم له‌گه‌ڵیدا هه‌یه، خۆم دێـم بۆ لات، له جێیه‌ک دووقۆڵی داده‌نیشین و داوه‌تی منیش ده‌بیت. ئه‌و گوتی: تازه گفتم پێ داوه و ناکرێت پاشگه‌ز ببمه‌وه.
وه‌ک جاره‌که‌ی پێشوو، به بیره‌یه‌ک ڕێی بۆ ویسکی خۆش کرد، به که‌یفی خۆی جگه‌ره‌ی مارڵبۆرۆی ئۆرجیناڵ، مه‌زه و خواردنی بانگ کرد، تا تاقه‌تی چوو، شیعری خوێنده‌وه، به بیره‌یه‌کی دیکه کۆتایی به دانیشتنه‌که هێنا. کاتێک حیسابنامه‌که هات، ئه‌و دیسان خۆی گێل کرد و منیش دیسان خۆم خوراند.
هه‌فته‌یه‌ک دواتر له چێشتخانه‌یه‌ک نانم ده‌خوارد، له‌ناکاو دارا غائیب په‌یدابوو، سڵاوی کرد و منیش به گه‌رمی به‌خێرم هێنا. هێشتا ئه‌و سه‌رگه‌رمی خواردن بوو، من به ده‌ستهه‌ڵبڕینێک ماڵئاواییم لێ کرد. که پاره‌ی خواردنه‌که‌ی خۆمم دا، بۆ ئه‌وه‌ی وا تێبگات، پاره‌ی ئه‌ویشم داوه، به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌که‌وه سه‌یرێکیم کرد، ئه‌ویش به ڕوویه‌کی گه‌شه‌وه سه‌ری بۆ له‌قاندم.
ئێستایش نازانم له‌سۆنگه‌ی چییه‌وه ناوی (دارا) بوو، ئاخر وه‌ک (ده‌وڵه‌مه‌ند) هه‌ڵسوکه‌وتی نه‌ده‌کرد، وه‌لێ نازناوی (غائیب) پڕ به پێستی بوو، چونکه سه‌روه‌ختی هاتنی حیسابنامه، هه‌میشه (بزر) بوو.
*
(*) بە برای خۆشەویستیم د. محەممەد عەلی پێشکەشە.