ناسیۆنالیزم
د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم
———
ئاشکرایە ، کە هزر و هێزی ناسیۆنالیزمی لە قۆناغی پێش و پاش شۆڕشی فەرەنسی دا دەرکەوت . هەر لە سەرەتاوە هزر و ڕەوتی ناسیۆنالیزمی ئەوڕوپی و پاشانیش هی گەلانی بندەست و کۆڵۆنی بەرەو دوو ئاڕاستەی دژبەیەک چووەپێشەوە، یەکەمیان ڕادیکاڵی و دووەمیان دیمۆکراسی و لیبڕاڵی ، ئەم دوو ئاڕاستە دژبەیەکەش لە سەدەی نۆزدەی ئەوروپا و لە سەدەی بیستەمی گەلانی تازەپێگەیشتوو دا بەهێزتر بوون ، فیختەی ئەڵمانی و مازینی ئیتالیش بوون بە دوو هزرمەندی ئەو بوارە ، پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەری سۆسیالیستیش لێنین و ماوتسی تۆنگ بوون . بزاڤی ناسیۆنالیزمی ڕزگاریخوازی کوردیش لە ژێر کاریگەریی ئەو دوو ئاڕاستە دژبەیەکەدا بە دوور نەبوو ، لێ پتر کەوتە ژێر فشاری ئاراستە سۆسیالیستییەکەوە هەتا کەوتنی دیواری بەرلین . هەر لەناو ئەو ململانێیە هزریانەشدا ، شێوازی حوکمڕانی دیکتاتۆری و تۆتالیتاری دەرکەوت ، لە کۆمەڵگا پێشکەوتوەکانیشدا ، دیمۆکراسی و لیبڕالیزم .
لە قۆناغی یەکەمی بزاڤی ناسیۆنالیزمی کوردی دا ، ئاراستە کلاسیکەکە دەچووە پێشەوە، لێ پاشان ئاڕاستەی دووەم باڵادەست بوو ، هۆکارگەلێکیش لەپشت ئەوە دان . ئەمرۆی بزاڤی ناسیۆنالیزمی کوردی ، کە زۆرجار بە چەمکی کوردایەتی پێناسەدەکرێت پێویستە خۆی لە تەمومژاوی رەوتی مۆدێڕنیتێتێکی دیکتاتۆری و تۆتالیتاری دووربخاتەوە ، بەلکو بەرەو ئاراستەی کیان و مۆدێڕنیتێت و دیمۆکراسی هەنگاو هەڵگرێت ، لەوەها پرۆسەیەکیشدا ، جێگای هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان دەبێتەوە ، چونکە کیان و مۆدێڕنیتێت لە بەرژەوەندی زۆرینە دایە .
لە ئەوڕوپا دا هەر زوو ئاراستەی رادیکالی تێکشکا و ئاراستەی لیبڕاڵی و کۆنزەرڤاتیزم هاتەپێشەوە ، بسمارک و کاڤۆریش سەرقافلەی ئەم ئاراستەیە بوون ، بە هەمان شێوە لە ناو کورد دا ، نەهری ، شێخ مەحمود، قازی و بارزانی سەرقافڵەی کاروانەکە بوون ، لێ لەبەرامبەر ئەوان دا ، چەندین هێز و کەسایەتی ماویستی و سۆڤیەتی دەرکەوتن ، کاریگەریی ئەوەش هەتا ئەمڕۆکە هەر بەسەر بزاڤەکە سیاسییەکەوە ماوە و لەگەڵ هەر دوو رەوتی کۆنزەرڤاتیزم و لیبڕاڵی لە ململانێ دان ، لەنێوان ئەوانیشدا ، ئیسلامی سەلەفی و سیاسیش هەن . لە دەستپێکی سەدەی بیستەمی ئەوڕوپاشدا ، دیاردەی ئیمپریالیزم و کۆڵۆلۆنیالیزم دەرکەوت ، ئەمڕۆکەش دیاردەی گلۆبالیزم .
کریزەی دیمۆکراسی و سەرمایەداریش بوو بە دەرکەوتنی هەردوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی ، لەناو ئەو کریزەیەشدا ، سۆڤیەت و بلۆکی سۆسیالیستی دەرکەوت . کەوتنی دیواری بەرلین و بلۆکی سۆسیالیستی بوو بە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە مێژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتی دا ، کە نازانرێت چارەنووسەکەی چۆن ، چۆنی دەکەوێتەوە ، کورد و بزاڤەکەشی لەو ناوەندەدا پێویستی بە وەرچەرخانێکی مێژوویی نوێ هەیە ، بۆ گەیشتن بە کیان و مۆدێڕنیتێت و کۆمەڵگایەکی دیمۆکراسی و خۆشگوزەرانی ، لێ مخابن ، بزاڤی سیاسی کوردی زۆر لە دواوەی سەردەم و گۆرانکارییە هەرێمی و جیهانییەکان دایە ، بەشێکیش بۆ رەوشی کولتووری کۆمەڵگای کوردەواری و بەشەکەی تری بۆ رەوشی خنکاوی جیۆپۆلیتیکی کوردستان دەگەڕێتەوە ، زۆرینەی هێزە سیاسییەکانیش نازانن بەرەو کام ئاڕاستە رێدەکەن ، هەر بۆیە بەردەوام لە گێژاو و ململانێیەکی نا شەرعی و تەندروست دان ، پێویستە ئەم دیاردە چەوتانە ڕاستبکرێنەوە بۆ ئەوەش پێویستمان بە هزر و کرداری نوێی سەردەمیانە هەیە ، لەوەش قووڕستر لەوە دایە ، کە داگیرکارانیش لەم گێژاوە قووڵە دان / گێژاوی ململانێی نێوان کۆن و نوێ ، نێوان تۆتالیتاری و دیمۆکراسی ، لەولاشەوە، زلهێزە هەرێمی و جیهانییەکان لە ململانێی بەردەوام دان ، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و باڵادەستی خۆیان ، کوردیش کەوتۆتە ژێر پۆستاڵی ڕەقی هەردووکیانەوە !!