فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە نێوان کۆیلایەتی و ئازادی دا 

لە نێوان کۆیلایەتی و ئازادی دا 

 

د. نەجمەدین کەریم/ ،مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم

لە مێژووی مرۆڤایەتی دا ، ململانێی نێوان کۆیلایەتی و ئازادی ، نادادپەروەری و دادپەروەری ، باڵادەستی و ژێردەستی فاکتەرێکی گرنگ و بزوێنەری کۆمەڵگا بووە ، لە هەر قۆناغێکی پەرەسەندنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیشدا ، ئەو ململانێ و دیاردەیە ، کەم تا زۆر ، بە شێوازێک لە شێوازەکان هەبووە و هەر دەمێنێت ، چونکە لە ژیان دا ، شتێک نییە ، کە پێی بگوترێت – ئازادی ڕەها ، ئازادیش بە مانا فەلسەفی و سیاسییەکەی ڕێژەییە و ڕەنگدانەوەی فرەلایەنی کۆمەڵگایە .
هۆکاری بنەڕەتی کۆیلایەتی و نەبوونی ئازادیش ، لە ڕاستی دا : نزمی ئاستی هۆشیاری تاک و کۆمەڵگایە، دووەم – دەستگرتنە بە ژیان و بەرژەوەندییەکانە ، هەر بۆیە ، لای کەسانێک ، کۆیلایەتی دەبێتە بەشێک لە کولتووری ئەو و لەگەڵیا ڕادێت ، بە پێچەوانەشەوە، فاکتەری ئازادی تاک و کۆمەڵگاش، بەندە بە هۆشیاری و سیستەمی سیاسی جڤاک . جۆرەکانی کۆیلایەتیش زۆرن ، بە شێوەیەکی گشتی دیاردەی کۆیلایەتی ڕازیبوونە بە بندەستی و دەستگرتن بە ژیانەوەیە ، لێ هەتا هێز و باڵادەستی بمێنن ، دیاردەی بندەستی و کۆیلایەتیش هەر دەمێنێت ، چونکە لە واقیع دا ، هەندێک لە هەندەکەی تر بەهێزترن ، بۆ گۆڕین و لابردنی ئەو واقیعەش، دوو ڕێگا هەن : یەکەمیان ئاڕاستەی سوبێکتیڤیزمی و سوپەرمانیەت ، دووەم : ئاڕاستەی واقیع بینی و بابەتیانە ، بە واتایەکی تر ، ڕازیبوون بە ئازادییە ڕێژەییەکە ، نەک ڕەهاکە . هەوڵدان بۆ پێڕەوکردنی هزر و سیستەمێکی دیمۆکراسی و خۆشگوزەرانی، ڕەنگە باشترین ئەڵتەرناتیڤ بێت ، لێ دەبێت ئەوەش بزانین ، کە بەرەی دژ بەو ئاڕاستەیە ، لە دونیای هاوچەرخدا _ باڵادەست و بەهێزە ، ژمارەی گورگە بۆرەکان زۆرتر و بەهێزترن ، بۆیە بە ئاسانی مەڕەکان دەخورێن !
بەر لە مێژوو ، گەورە فەیلەسوفی یۆنانی ئەرستۆ دەڵێت :” میانڕەوی باشترین ڕێگایە ” ، بۆیە هاوسەنگی و میانڕەوی لە هزر ، سیاسەت و کرداردا ، ڕەنگە باشترین ئەلتەرناتیڤی ئەم ژیانە بێت ، چونکە یوتۆپیا دوورخستنەوەو کوشتنی مرۆڤە ، مرۆڤیش لە واقیع دا دەژیت ، نەک لە ئەندێشە و یوتۆپیا .
بۆ مرۆڤی کۆمەڵگای گەلێکی بندەست ، بێ شک، ئازادی نەتەوەیی و کیان دەبێتە ململانێی سەرەکی ، ئازادی تاک و کۆمەڵگاش دەبێتە ململانێی لاوەکی ، ڕێگای چارەسەرکردنی ململانێ و کێشەکانیش دەکرێت ئاشتیانە یا توندووتیژی بێت ، لێ ڕێگای ئاشتی و چاکسازی چاکترینە ، ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگایەکی دیمۆکراسی بینابکەین ، بۆ ئەوەی ئازادی و خۆشگوزەرانی تاک و کۆمەڵگا پڕاکتیزە بکرێت و پشت بە کۆنتراکتێکی جڤاکی دیمۆکراسیانە ببەستین ، کۆنتڕاتێک ، کە لە بەرژەوەندی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دابێت ، نەک بیر لە لابردنی زوڵمێک و هێنانی زوڵمێکی تر بکەینەوە ، پێویستە بەرلەوەش ، بیر لە ئازادی نەتەوە و نیشتمان بکرێتەوە ، چونکە شتەکانی تر لە فەزادا پڕاکتیزە و کۆنکرێت نابن ، ئەوەتا گەلانی پێشکەوتوو بەم قۆناغە دا تێپەڕبوون ، پاشان بیریان لە مۆدێڕنیتێت ، دیمۆکراسی و خۆشگوزەرانی، یا باڵادەستی کردۆتەوە ، چونکە لۆژیکی دیالەکتیکی کۆمەڵگا وەهامان پێدەڵێت ، دەنا بەردەوام ئاسنی سارد دەکوتینەوە .