فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

( سروەی بەیان )و گەشتی گەڕان بە دوای ( خود و خۆدۆزینەوە  ) 

( سروەی بەیان )و گەشتی گەڕان بە دوای ( خود و خۆدۆزینەوە  ) 

د. ئازاد  ئەمین باخەوان/ نووسەر/ کەرکووک

 

گەر ڕۆیشتم

وەک چۆن رووبارێ مل دەنێ

منیش دەڕۆم

ڕۆیشتنێک، هەرگیز ئاوڕ نادەمەوە،

گەر ڕۆیشتم

وەک چۆن مردن

ڕوح دەردێنێ لەجەستەوە

منیش دەڕۆم

بە کۆڵێ ژانی نەفرەتی

ئەم خەمەوە،

گەر ڕۆیشتم

لەم بوونە بێ پەروایەدا

دەڕۆم، دەڕۆم

لە خۆمی ونبوو دەگەڕێم

تا نەیدۆزمەوە و خۆم نەبم

نایەمەوە و نایەمەوە.

…………………

هۆنراوەی (گەر ڕۆیشتم) ی شاعیری ناسراو( سروە عوسمان – سروەی بەیان ) یەکێکە لەو دەقانەی کە هەڵگری کۆمەڵێک واتا و پرسیار و تێڕامانە … هەروەها دەقێکە توانیویەتی کاریگەری خۆی و پرسیارەکانی لە ناخی خوێنەردا جێبهێڵێت … کە ئەمیش یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی دەقی سەرکەوتوو …

لە قووڵایی ناخی ئەم دەقەدا کۆمەڵێک پرسیاری فەلسەفی و هەستی خەمباری و نامۆبوونی بوونگەرایی ( الغربة الوجودية ) بەرجەستە کراوە ، کە مرۆڤ لە ژیاندا ئەزموونی دەکات. ئەم دەقە تایبەتە بە دەربڕینی هەستی ( هەڵهاتن و گەڕان بەدوای خود )دا ، کە دەروازە و پەنجەرەیەکە بۆ جیهانی ناوەوەی شاعیر … چونکە پرسیارە بوونگەراییەکان لە ناخی شاعیردا تێکەڵ بە نائومێدی و هەستکردن بە لەدەستدان دەبێت … بۆیە شاعیر لە ڕێگەی بەکارهێنانی زمانی شیعریی ئەبستراکتەوە ( نابەرجەستەوە ) ئەزموونێکی هەمەلایەنەی مرۆڤایەتی دەردەبڕێت، کە پەیوەندی بە ململانێەکی قووڵی ناوخۆیی نێوان ئارەزووی هەڵهاتن و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ( خۆد ) دا هەست پێدەکرێت .

ئەم دەقە لەڕووی ناوەڕۆکەوە ، هەر لە سەرەتاوە بە دەربڕینێکی ئاشکرا شاعیر بڕیاری ڕۆیشتن دەدات …!

وەک چۆن رووبارێ مل دەنێ

منیش دەڕۆم

ئەم دەستەواژەیە لە ناو خۆیدا لێکچواندنێکی  بەهێزی هەڵگرتووە، چونکە ڕۆیشتنی خۆی بە  ڕووبارێک دەچوێنێت کە ناوەستێت و ئاوڕ لە دواوە ناداتەوە…!  ئەمەش بڕیارێکی کۆتاییە و گەڕانەوەی بۆ نییە ، وەک هێزێکی سروشتی کە ڕووبارە ئاوڕدانەوە و گەڕانەوەی نییە … ئەم ڕۆشتنە تەنها ڕۆیشتنێکی جەستەیی نییە، بەڵکو ڕۆیشتنێکی ( ڕۆحی و دەروونیشە ) هەر وەک شاعیر دەڵێت :

ڕۆیشتنێک، هەرگیز ئاوڕ نادەمەوە،

گەر ڕۆیشتم

وەک چۆن مردن

ڕوح دەردێنێ لەجەستەوە

منیش دەڕۆم

 

لێرەدا بیرۆکەی ڕۆشتن وەک کردەوەیەکی یەکلاکەرەوە و کۆتایی تەماشا دەکرێت، وەک چۆن مردن هۆکاری دەرهێنانی ڕوحە لە جەستەوە ، ڕۆیشتنەکەی شاعیریش هەمان شتە گەڕانەوەی بۆ نییە …!!!

ئەم دەقە لە ناوەڕۆکەکەیدا ئاماژەیەکی فەلسەفی پەیوەست بە  ( بوون و خود ) ەوە هەڵدەگرێت. شاعیر هەستێکی نامۆبوون  « لەم بوونە بێ پەروایەدا » دەردەبڕێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەستێکی قووڵی گۆشەگیری و نەبوونی سەربەخۆیی و ئینتیما . ئەو ( بێ پەرواییەی )شاعیر ئاماژەی پێدەکات، ڕەنگدانەوەی حاڵەتێکی نامۆبوونی بوونگەراییە، کە مرۆڤ هەست دەکات بوونی خۆی هیچ مانایەکی نییە و هیچ بەهایەکی لەم دونیایەدا نییە… ئەم تێڕوانینە تاریکە و ڕەش بینییەی شاعیر ئارەزووی زیاتر دەکات بۆ گەڕان بەدوای ( خودی  ونبوو )دا  ، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو ململانێیە ناوخۆییەی کە شاعیر لە نێوان خودی خۆی و ئەوەی ئاواتەخوازێتی ئەزموونی دەکات…

 

گەر ڕۆیشتم

لەم بوونە بێ پەروایەدا

دەڕۆم، دەڕۆم

لە خۆمی ونبوو دەگەڕێم

ئەم دەقە شیعرییە ململانێیەکی ناوەکی لە نێوان ئەو ئازارە نەفرەتییەی کە شاعیر پێوەی دەناڵێنێت و ئارەزووی ڕزگاربوونیش لەم ئازارە نیشان دەدات .. !!

منیش دەڕۆم

بە کۆڵێ ژانی نەفرەتی

ئەم خەمەوە،

بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە لەلایەن شاعیرەوە، ڕەنگدانەوەی هەستە قووڵەکانێتی ،  کە خەمێکی سادە تێدەپەڕێنن بۆ ئازار و ژانێکی گەورەتری بەرگە نەگیراو … بەڵام سەرەڕای ئەم ئازار و ژانە ، خواستێکی بەهێز هەیە بۆ ڕزگاربوون و گەڕان بەدوای ( خود )ی ونبوودا…

دەڕۆم، دەڕۆم

لە خۆمی ونبوو دەگەڕێم

کەواتە ئەم گەشتە ناوەکییە گەڕانە بەدوای ( خود ) ئەمیش ڕەنگدانەوەی گەشتێکی  بوونگەرایی قووڵە ، بەو پێیەی شاعیر هەوڵدەدات خودی ڕاستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە . ڕۆشتن لەم دەقەدا تەنیا دوورکەوتنەوە نییە لە شوێنێک یان کۆمەڵە کەسێک ، بەڵکو هێمای گەڕانە بەدوای( خود )و ڕزگاربوون و شکاندنی کۆتوبەندی  دەروونییە … بۆیە شاعیر دەڵێت:

تا نەیدۆزمەوە و خۆم نەبم

نایەمەوە و نایەمەوە.

 

ئەم دەربڕینە گوزارشتە لە بڕیارێکی کۆتایی بۆ ڕزگاربوون لە ڕابردوو ، ئینجا گەڕان بەدوای ژیانێکی نوێ یان مانایەکی نوێتر بۆ (  بوون ) … ! هەروەها دەتوانیین بڵێین ( ڕۆیشتن ) لێرەدا لە کردەی جەستەیی تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی ببێتە پرۆسەیەکی دەروونی و ڕۆحی کە ئامانج لێی دۆزینەوەی ( خودی ڕاستەقینە ) و ڕزگاربوونە لەو کۆت و بەندانەی کە دەیبەستنەوە… جێی ئاماژەیە کۆتایی شیعرەکە، جەختکردنەوەیە  لەسەر نەگەڕانەوە، گوزارشت لە قەناعەتی شاعیر دەکات کە جێهێشتن تاکە چارەسەرە بۆ خۆ دۆزینەوە …! ئەم قەناعەتە هەرچەندە کارەساتبارە، بەڵام ڕەنگدانەوەی جۆرێکە لە هیوای ڕزگاربوون ، کە ( ڕۆیشتن )دەبێتە ئامرازێک بۆ ڕزگاربوون و دۆزینەوەی خودی ڕاستەقینە … !!!

 

بەکورتی دەتوانم بڵێم ئەم دەقە هەستی دڵتەنگی و نامۆبوون و گەڕانە بە دوای(  خود )دا و بەرجەستە کردنێتی … ! شاعیر لە ڕێگەی کەڵک وەرگرتن لە هێما  و زمانی شیعریی ، ئەزموونێکی مرۆیی گشتگیر لە ململانێی ناوەوە و خواستی ڕزگاربوون لە کۆت و بەندەکانی بوونێکی ( بێ پەروا ) دەخاتەڕوو … ئەم دەقە  ڕەنگدانەوەی گەشتێکی ناوەکییە بەرەو ( خۆدۆزینەوە ) و گەیشتن بە ڕزگار بوون ، کە ئەمیش دەربڕینی بیرۆکەی فەلسەفی و بوونگەراییە کە سنووری کات و شوێن تێدەپەڕێنن…!!!

 

تێبینی /

– ئەم هۆنراوەیە و وێنەکان لە فێسبوکی تایبەتی شاعیرەوە وەرگیراوە .

– بیۆگرافیای سروەی بەیان ٭

سروە عوسمان مستەفا ـ نازناوی ( سروەی بەیان ) ە بە ڕەچەڵەک لەدایک و باوکەوە کۆییە، ساڵی ۱۹٦٦ لەشارە بێنازەکەی کەرکوک لە دایک بووە .. تەواوی قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لەکەرکووک تەواو کردووە دواتر پەیمانگای تەکنیکی هەر لەکەرکوک تەواوکردووە، لە ساڵی ١٩٨٦ ــ ١٩٨٧ وەکو مامۆستا لەئامادەیی کشتوکاڵی ئاسکی کەڵەک دەستبەکاربووە . یەکەم دەقی شیعری لە ١٩٨٥ نووسیوە بەناوی (هیچ)، وە . وە لەسەرەتای نەوەتەکان بەدیاریکراوی لە ۱۹۹۳ چیرۆکی ( اسطورة مملكة السید ) ی زوهدي الداودي لە زمانی عەرەبیەوە وەرگێڕاوە بۆ کوردی . کۆمەڵێک بەرهەمی  چاپکراوی هەیە و کۆمەڵێک بەرهەمی دیکەی ئامادەیە بۆ چاپ و تائێستاش بەردەوامە لە نوسین …

– ئەم زانیارییانە لە بەڕێزیانەوە وەرگیراوە .