ڕێكار ئەحمەد:
بە (6) ساڵ زمانی ستانداردی كوردی دروست دەبێت
تاریق كارێزی/ نووسەر/ كەركووك
ڕێكار ئەحمەد لە دەڤەری هەولێر (گوێڕ – 1962) لە دایك بووە، تێكۆشەرێكی دێرینی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستانی باشوورە. بەدەم شاڵاوی میلیشیای حەرەس قەومی لە 1963دا، خانەوادەكەیان لە زێدی خۆی هەڵدەكەندرێت و لە هەولێر دەگیرسێنەوە. قۆناغەكانی بەرایی خوێندنی لە هەولێر تەواو كردوون، بەكالۆریۆسی لە ئەندازەی كارەبا لە زانكۆی سەڵاحەدین بەدەست هێناوە. لە ساڵی 1977دا بووە بە پێشمەرگەی بزووتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان و دواتر پێشمەرگەی پارتی گەلی دیموكراتی كوردستان. لە پاش ڕاپەڕینە مەزنەكەی باشووری كوردستان لە 1991دا بە نیشتیمان شاد دەبێتەوە. لە ساڵی 1993دا لەگەڵ دەستەیەك تێكۆشەری دی، حیزبی ڕزگاریی كوردستانیان دامەزراند و تا ئێستا درێژە بە خەباتی سیاسی و نەتەوەیی خۆی دەدات.
لە ساڵی 1977دا یەكەمین چیرۆكی نووسیوە، لە نێوانی 1980 تا 1989 چەند نامیلكەیەكی شیعر و كورتە چیرۆكی لە كاتی خەباتی چیادا بڵاو كردەوە، لە نووسین و بڵاو كردنەوە بەردەوامە، تا ئێستا 24 كتێبی چاپ كردووە، 10 بەرهەمیشی بۆ چاپ ئامادەن. جگە لەوەی لە گۆڤار و ڕۆژنامەدا هەمەجۆر بابەتی ڕامیاری و زمان و وێژەی بڵاو كردووەتەوە، كتێبەكانی لە كوردستان و سوێد چاپ و بڵاو بوونەتەوە.
ڕۆژی 9/خەرمانان/2724ی كوردی (بەرانبەر بە 31/تەمووز/2024ز) مامۆستا ڕێكار ئەحمەد لە كتێبخانەی كارێز لە شاری كەركووك بابەتێكی تایبەت بە زمان و زمانەوانی و مێژووی زمانی كوردی، بە ناوی (ڕەهەندی گوشارەكان و بەردەوامیی زمانی كوردی)، بە ئامادە بوونی (51) نووسەر و ڕۆشنبیری شارەكە، پێشكەش كرد.
لەو كۆڕەدا مامۆستا ڕێكار زۆر بە وردی خوێندنەوەیەكی بۆ مێژووی دوور و درێژی زمانی كوردی كرد، تێیدا قۆناغ بە قۆناغ گەشە كردن و گۆڕانكاری لە زمانی كوردی و ڕیشەی ئەو زمانانەی بوون بە سەرچاوەی زمانی ئێستای كوردیی شرۆڤە كرد. پاڵپشت بە سەرچاوەكانی تایبەت بە زمانانی دێرینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وڵاتانی ڕۆژاوا، مامۆستا ڕێكار شرۆڤەیەكی زۆر ورد و بابەتیانە و زانستیانەی بۆ مێژووی گەشە كردنی زمانی كوردی پێشكەش كرد، لە بارەی پەیوەندیی ئەو زمانە بە زمانانی دێرینی ڕۆژهەڵاتی نزیك و زمانی ئەو تیرە و نەژادانەی بە درێژایی پێنج تا شەش هەزار ساڵی ڕابردوو لە كوردستاندا پەیدا بوون، ڕوون كردنەوەی وردی خستە ڕوو.
توێژەر لە بارەی زمانی پەهلەوی و پەیوەندیی ئەم زمانە بە هەردوو زمانی كوردی و فارسییەوە گوتی “زمانی پەهلەوی زمانی فەرمیی ئیمپراتۆریەتی ساسان بوو، بەڵام لە زمانانی فارسی و فارسیی دەری جودا بوو. دەكرێ بڵێین زمانی پەهلەوی هەر ڕاستەوخۆ زمانانی كوردی و لوڕی و بەلووچی دەگرێتەوە. زۆربەی مێژوونووسانیش جەخت لەوە دەكەنەوە، كە هەر سێ نەتەوەكەيش یەك ڕیشەی هاوبەشیان هەیە.” یاقووتی حەمەوی دەڵێت “بەلووچ ناوی تیرەیەكی كوردە، لە سەرزەمینێكدا لە نێوانی پارس و كرماندا دەژین.” نووسەری ئێرانی عەبدوڵڵا ناسر دەڵێت “زمانی بەلووچی و كوردی زۆر لە یەكتر دەچن، بەلووچەكان لە زمانی كوردی تێدەگەن.”
هەر پەیوەست بە ڕابردووی زمانی كوردی، توێژەر پێی وایە “بە هەڵێنجان لە دان پێدانانی مێژوونووسان و زمانناسان، دەگەینە ئەو باوەڕەی كە دەستەواژەی پەهلەویی ئەشكانی زمانی خەڵكی خۆراسان، مازندەران، تەورێز، ناوچەكانی باكووری ڕۆژهەڵات و باكووری كوردستانی گرتووەتەوە، لە هەمان كاتدا پەهلەویی ساسانی زمانی خەڵكی باشووری ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستانی گرتووەتەوە، واتە زاری كرمانجیی سەروو درێژ كراوەی پەهلەویی ئەشكانییە، زاری كرمانجیی خوارووش درێژ كراوەی پەهلەویی ساسانییە، ئیدی زۆر ئەرخەیان دەتوانین بڵێین زمانی كوردی درێژ كراوەی زمانی پەهلەویی (ساسانی و ئەشكانی)یە. هەر بۆیەيش لە لایەكەوە نزیكایەتیی لەگەڵ زمانی گێلەكی، مازنی، تاڵشی و تاتی هەیە، لە لایەكی دیكەيشەوە وێكچوون و نزیكایەتیی لەگەڵ بەلووچی و لوڕیدا هەیە. ئەگەر تەمەنی دەوڵەتی ساسان درێژتر بووایە، ئێستا زمانی پەهلەوی بە زمانی هاوبەشی ئەو نەتەوانە دەمایەوە.”
سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان زمانی كوردی و زمانی ئاڤێستا یان زمانی ماد، وەك ڕێكار ئەحمەد فەرمووی “ژمارەیەكی زۆر لە دیرۆكناس و زمانناسان، لە وێنەی (دارمەستەتەر) زمانناسی ناسراوی فەرەنسی جەخت دەكەنەوە، كە زمانی كوردی هەر زمانی مادە (زمانی میدی)یە، بەڵام لە هەندێك بواردا گەشەی كردووە. هەر ئەو زمانناسانەيش جەختیان كردووەتەوە كە زمانی ئاڤێستايش هەر زمانی مادەكان (زمانی میدی)یە. ئەو بۆچوونەيش بەو ڕاستەڕێیەمان دەگەیەنێت، كە داری زمانی پەهلەوی هەر درەختی زمانی مادە و بە شێوەیەكی جوانتر چرۆ و باڵای كردووە و پێگەیشتووە.”
ئومێد شەرەفەدینی دەڵێت “لایەنی كەم تا ساڵی 250ی كۆچی (سەدەی نۆیەم و دەیەمی زایین) تەواوی عیراقی ئێستا و خوزستان هەر بە زمانی پەهلەوی قسەیان دەكرد و زیاتر مەیلیان بە لای پەهلەوی بوو تا عەرەبی و فارسیی دەری. مەیلداریی خەڵكی عیراقی ئێستا و خوزستان بۆ زمانی پەهلەوی، ناسنامەی كوردی و لوڕی پیشان دەدات، چونكە دانیشتووانی عێراق و خوزستان كورد و لوڕ بوون.”
بە گوتەی مامۆستای توێژەر ڕێكار ئەحمەد، هەندێك لە مێژوونووسان ئەو ڕاستییە ئاشكرا دەكەن، لە سەرەتای هاتنی ئیسلام زمانی پەهلەویی ساسانی وەك زمانی كافران ناسێندرا، بۆیە كتێب و دەستنووسی ئەوانەی لە كتێبخانەكاندا بەو زمانە هەبوون، سووتێندران، دواتر ئەو بەرهەمانەی تاك و تەرا ما بوونەوە، لە زمانی پەهلەوییەوە بۆ زمانی عەرەبی وەرگێڕدران و فەوتێندران. وەك توێژەر ڕوونی دەكاتەوە، “لە سەرەتای دەسەڵاتی ئەمەویدا دەمارگیری و نەژادپەرستیی عەرەب لە لووتكەدا بوو، تەنانەت موسڵمانی ناعەرەب بۆی نەبوو لەگەڵ عەرەبدا لە یەك ڕیز لە نوێژدا بوەستن، لەم بارەیەوە دەگوترێت كە ئەمەوی دنەی نەژاد پەرستییان دەدا و مرۆڤی ناعەرەبیان بە قێزەوەن و بێزراو دادەنا، بۆیە ڕێ نەدەدرا زمانی پەهلەویی ساسانی بنووسرێت.” ئەگەرچی تا سەردەمی خەلیفە عەبدولمەلیك بن مەروان زمانی نووسین و دیوانەكانی دەوڵەت هەر پەهلەویی ساسانی بوو، چونكە عەرەب زمانی نووسین و زاراوەی دەوڵەتداریی نەبوو. وەك مامۆستا ڕێكار ڕوونی دەكاتەوە، ئەمەوی “ڕێوڕەسمانی دێرینی كوردیان قەدەغە و حەرام كرد، ئەوەتا تا ئێستايش هەندێك مەلای كورد لە خۆڕا جەژنی نەورۆز بە حەرام دادەنێن و دژایەتیی دەكەن.”
كوردی سەیوانی زمانان
بە گەڕانەوە بۆ مێژووی زمانی كوردی، كە ڕیشەیەكی زۆر دێرین، دێرینتر لە هەموو زمانانی دیكەی هەیە، ڕێكار ئەحمەد دەفەرمووێت “زمانی باپیرانمان بە تایبەتی لە میدیاوە تا ئێستا، نەك هەر دەوڵەمەند و لێهاتوو بووە، بەڵكوو ئەو كانیاوە سازگارەيش بووە كە ئەوانی دی، بێ پەروا ئاویان لێ خواردووەتەوە و تینوویەتیی خۆیان پێ شكاندووە، ئێستايش زمانی باپیرانمان مینای سەیوانێك باوەشی خۆی كردووەتەوە و زمانی هەندێك نەتەوە لە بن سێبەری خۆیدا فێنك دەكاتەوە.”
توێژەر لە پەیوەند بە زمانی كوردی و فارسی دەڵێت “پارسەكان پێشینەی دوور و درێژیان لەگەڵ باپیرانی كورددا هەیە، كاتێك لە نێو دەوڵەتی میدیادا جێوار و نیشتەجێ كران، زمانی مادیان سەرپشك كرد و پشتیان لە زمانی دێرینی خۆیان كرد، بەڵام لە ئاكامی ئەو تێكەڵاو بوونەيش، هەندێك كاریگەرییان لەسەر زمانی باپیرانمان دروست كرد، … بەو هۆیەوە هەر لە ڕێی زمانەوە خۆیان بە برابەش ناساند، بەڵام لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی ساسانەوە، بە تایبەتیش لە سەردەمی عەباسیدا، ئەوان بۆ گەشە پێدانی زمانەكەیان، ڕێی خۆیان جیا كردەوە و شێوازی جۆراجۆریان تاقی كردەوە و هەوڵی قاچاندنەوە و وەرگرتنی وشەی ئەوانی دیكەیان دا، سەرەنجام نزمە دیوارێكیان لە نێوانی كورد و فارسدا دروست كرد. بەو هۆیەوە من باسی وشەی هاوبەشی نێوان كورد و فارس ناكەم، چونكە ئەوان ڕۆژێك لە ڕۆژان برابەش بوون، بەڵام ئێستا هەگبەی زمانی خۆیان لە وشەگەلی بیانی داگرتووە و بە ئاسانیش لێی دەرباز نابن.”
ئەگەرچی كورد و كولتوور و زمانەكەی لە لایەن نەتەوەگەلی دوور و نزیكەوە ڕووبەڕووی هێرش و شاڵاو بوونەتەوە، بەڵام وەك توێژەر ڕوونی دەكاتەوە “وێڕای هەموو ئەو كارەسات و مەرگەساتانەی بەسەر كوردستاندا هاتوون، كەچی زمانی كوردی چیا ئاسا بەرگریی لە خۆی كردووە و نەتەوەی كوردی بە زیندوویی هێشتووەتەوە.” مامۆستای توێژەر ڕێكار ئەحمەد ڕەخنە لەو خەڵكانەيش دەگرێت كە لە ڕووی نەزانی و ناشارەزاییەوە تیر و تانە لە پێگەی زمانی كوردی دەگرن، لە وەڵامی تیر و توانجی ئەو نەزان و نەشارەزایانەدا ڕوونی دەكاتەوە و دەڵێت “ئێستا هەندێك گوزیلكە پەیدا بوون، بانگەشەی هەژاری و نەداریی زمانی كوردی دەكەن، توانج و پەلار لە پەیڤە دێرینەكان دەگرن، ئەوانە نەك هەر لە ڕاستییەكانی مێژوو بێ ئاگان و بوێریی ئەوەيشیان نییە بۆی بگەڕێنەوە، بەڵكوو كۆڵەوارن و سەریشیان لە بنەچەزانی دەرناچێت، بەو هۆیەوە هەزاران وشەی كوردی هەرەتەی دیوانی ئەوانی دی دەكەن و بە لێشاویش وشەی ئینگلیزی پەلكێشی نێو زمانی كوردی دەكەن.”
بەرپەرچ دانەوەی نەیارانی زمانی كوردی بە ئەركی هەموو لایەك دەزانێت، بۆیە توێژەر دەڵێت “ئەركی هەموو كوردستانییەكی دڵسۆزە كە خاوەندارێتی لە زمانەكەی خۆی بكات و بەرسنگ لەو هێرشە ناڕەوایە بگرێت.”
درەختی زمانی كوردی
پەیوەند بە ڕیشەی زمانی كوردی، توێژەر وێنەی درەختی زمانی كوردیی كێشاوە، ئەو لای وایە “زمانی كوردی باڵای خۆی لەسەر ڕەگ و ڕیشەی هەموو ئەو زمانانە هەڵچنیووە كە پێشتر باپیرانمان لەم نیشتیمانەدا ژیاون و پێی دواون، گومانی تێدا نییە تەمەنی ئەم درەختە بۆ زیاتر لە (10) هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، سەرچاوەی لە دێرینترین زمانی مرۆڤایەتییەوە گرتووە، زمانی ئاڤێستا (میدی) كۆكی درەختە مەزنەكەیە، چونكە تۆماری هەیە.”
بە گوێرەی بۆچوونی توێژەر، ڕیشەی زمانی كوردی لە كۆمەڵێك زمانی دێرینەوە سەرچاوەی گرتووە، وەك زمانانی (سۆمێری “سۆمەری”، كاسی، گۆتی، هۆری، هیتی، لۆلۆیی، سێمری “كێمری”، سكایی، مانایی)، ئەمانە زمانی باپیرانی كوردن، كە هەر هەموویان لە نێو گوڵشەنی زمانی میدی (ئاڤێستا)دا گەڵاڵە بوون و خەمڵین، زمانی میدیش لە سەردەمی دەورانی ساسانیدا دەبێتە زمانی پەهلەوی، ئیدی ڕاستەوخۆ زمانی كوردیی ئێستا لە پەهلەوییەوە دەڕسكێت و دابەش دەبێتە سەر هەردوو زاری سەرەكیی گۆران و بێهدینی، گۆران كۆمەڵێك لك و زار و بنزاری لێ دەبێتەوە، دیارترینیان (لەكی، هۆرامی، لوڕی، زازاكی، كەڵهوڕی)، هەرچی بێهدینییە ئەویش ئەم لك و زار و بنزارانەی لێ دەبێتەوە (بادینی، سۆرانی، بۆتانی). هەڵبەت زمانناسانی دیكە شێوە دابەش كردنی دیكە بۆ زار و بنزارەكانی زمانی ئێستای كوردی دەخەنە ڕوو، دیارترینیان ئەمەیە:
كرمانجیی باكوور (بۆتانی، بادینی، شەمزینانی، هەكاری، بایەزیدی، ڕۆژاوایی).
كرمانجیی ناوەند (موكریانی، ئەردەڵانی، سلێمانی، گەرمیانی، سۆرانی).
كرمانجیی باشوور (كەڵهوڕی، لەكی، فەیلی، لوڕی، بەختیاری، مامسانی).
گۆران (هەورامی، باجەڵانی، زازاكی، شەبەكی، زەنگنە).
توێژەر دوای ساڵانێكی زۆر لە گەڕان بە نێو زانستی زمان (زمانناسی) و زمانانی جیهاندا، بەو ئاكامە گەیشتووە كە “بە هۆی ئەوەی زمانی ئێستای كوردی، لەسەر ڕەگی زمانی باپیرانمان، واتە لەسەر ڕەگی زمانە دێرینەكان باڵای كردووە، ئیدی دوای ئیمپراتۆریەتی ساسان تا دەگاتە ئێستا، وێڕای ئەوەی (زمانی كوردی) فەرمی نەبووە و گوشاری زۆری لەسەر بووە، لە هەندێك قۆناغدا قەدەغەيش كراوە و ئەوانەی پێی دواون سزا دراون، بەڵام توانیوویەتی ناسنامەی نەتەوەی كورد بپارێزێت و بە زیندوویی بمێنێتەوە.”
لە وڵامی پرسیاری میوانانی كۆڕەكەيش، ڕێكار ئەحمەد گوتی “زمانی یەكگرتوو یان ستانداردی كوردی بە شەش ساڵ دروست دەبێت.” ئەو ڕوونی كردەوە “هەلومەرجی دروست بوونی زمانی ستانداردی كوردی ئامادەیە، تەكنیك و تەكنۆلۆژیای سەردەمیش هاوكارە، كارەكە پەیوەستە بە دانانی پرۆگرامی پەروەردە و بڕیاری سیاسییەوە.”
شیاوی باسە، زمانی كوردی لە پەیوەندییەكی ئۆرگانیدا بووە لەگەڵ زمانانی سامی، توێژەر ڕێكار ئەحمەد پێی وایە، زمانی كلدانی وەك یەكێك لە زمانانی دێرینی سامی، پەیوەندییەكی بەتین و هەمەلایەنی لەگەڵ زمانی كوردیدا هەیە. شتێك كە توێژەر بۆ یەكەمین جارە دەیخاتە ڕوو، ئەوەیە كە فینیكی (فینیقی) دەباتەوە سەر نەژادی كورد، ئەو پاڵپشت بە ئەلفبێی زمانی فینیكی وای بۆ دەچێت كە فینیكی لە بنەچەدا تیرەیەكن لە باپیرانی كورد، بەرەو كەناری لای ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی كۆچیان كردووە. ئەو ڕوونی كردەوە، “لە زمانی فینیكیدا پیتی (گ، ڤ، ژ، چ) هەن، ئەم پیتانە لە زمانانی سامیدا نین، بۆیە پاڵپشت بەمە و بە چەند بەڵگەیەكی دی، فینیكی دەگەڕێنەوە سەر نەژادی كورد و نەتەوەكانی زاگرۆس.”