فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئەرکی گەیاندن ئەوەیە وەرگر بگۆڕێت نەك وەرگر بیگۆڕێت

ئەرکی گەیاندن ئەوەیە وەرگر بگۆڕێت نەك وەرگر بیگۆڕێت

ئەرشەد تەحسین

 

 

‎   ‎لەگەڵ گەشەی كۆمەڵگەدا، رووخسارەكانی گەشەسەندنی مرۆڤایەتیش بەدەركەوتن، هەوڵی راگەیاندن و بڵاوكردنەوەی رووداو، هەواڵ، بیروبۆچوونەكان، گەیاندنی لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی تر و لەشوێنێكەوە بۆ شوێنێكیتر، بوو بەپێویستییەكی سەردەم. 
تەكنۆلۆژیای نوێ یەكێكە لە رووخسارەكانی گەشەسەندنی مرۆڤایەتی، ئەمەيش بووە هۆكارێك راگەیاندنی بەرهەمهێنا و پاش قۆناغە جیاوازەكانی بەم جۆرەی ئێستا گەیشت، ئەم راگەیاندنەی ئێستا هەیە خۆی لەخۆیدا زادەی ئەو گۆڕانكاریی و پێشكەوتنانەیە كە مرۆڤایەتی و بەتایبەت تەكنۆلۆژیا بەخۆیەوە بینیوە، نابێ ئەوەيشمان لەبیر بچێت، خودی راگەیاندن پشكی شێری بەردەكەوێت لەدروست بوونی ئەم پێشكەوتنانەدا. 
ئەگەر چاوێك بەڕابردووی مرۆڤایەتی و رۆڵ و كاریگەریی راگەیاندن لە ژیانی مرۆڤدا بخشێنین، دەبینین راگەیاندن هۆكارێكی گرنگ و فاكتەرێكی پڕ بەهایە، لە گۆڕانكارییە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی كۆمەڵگەكان، لێرەيشەوەیە وەرچەرخانە گەورەكان دێنە بوون و راگەیاندن وەك كایەیەكی خاوەن هەژموون دێتە مەیدانەوە، زۆركات وەك دەسەڵاتێكی بەهێز لێی دەڕوانرێت و بەناوی دەسەڵاتی چوارەم ناوزەند دەكرێت.
 لەم رۆژگارەی ئەمڕۆدا، كە سەردەمی سۆشیال میدیا و تۆڕەكۆمەڵایەتیيەكانە، رۆڵی میدیا فۆڕمێكی جیاوازی وەرگرتووە، وەرگری كلاسیك نەماوە و میدیا بووە بە میدیایەكی كارلێكی دووئاڕاستە، لەلایەكی ترەوە ئابووری میدیا و ریكلام لەگەشەسەندندان، میدیا بووە بە پیشەسازی، بەرهەمی میدیایی وەك كاڵا و شمەك مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، ئەمەيش میدیا ناچار دەكات بەدوای بەرهەم و ناوەڕۆكی باشدا بگەڕێت تا زۆرترین وەرگر لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە، چونكە هەروەك چۆن ئامانجی پیشەسازی بەدەستهێنانی كڕیار و قازانجە، بەهەمان شێوەيش ئامانجی میدیا بەدەستهێنانی وەرگر و رای زۆرینە و دروستكردنی زۆرترین كاریگەرییە، لەم كاتەيشدا دەبێت بەرهەمە میدیاییەكان مەرجی بەكاڵابوونیان تێدابێت، چونكە هەروەك چۆن كڕیار بەرهەمی خراپ ناكڕێت، ئاوايش بەرهەمی خراپ و بێ كەڵك كاریگەری لەسەر وەرگر بەجێناهێڵێت، باشترین راگەیاندنیش ئەوەیە وەرگر بگۆڕێت نەك وەرگر لێی بێزار بێت و بیگۆڕێت.
 سەبارەت بەمیدیای كوردستان، هەروەك بەشێكی زۆری میدیای وڵاتانی ناوچەكە، لەبەرئەوەی میدیا، میدیایەكی ئاڕاستەكراوە و ئاڕاستەی سیاسی بەسەریدا زاڵە، بووەتە میدیایەكی سیاسی، ئەویش بەهۆی ئەو بارودۆخە سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووریی و ژیارییەی وڵاتی گرتبووەوە، زۆربەی تاكی سیاسی، یان مەیلدار بۆ سیاسەتی بەرهەم هێناوە، میدیايش لەژێر رۆشنایی تیۆری بایەخبەندی) agenda setting ) ئەوەی خۆی بۆی گرنگە و جێی بایەخە، پەخشی دەكات. 
وەرگریش هەیە بەدوای ئەو میدیایەدا دەگەڕێت كە ویستەكانی تێر بكات، وا دەكات وەرگر زۆرترین میدیا بگۆڕێت تا ئامانجەكەی بەدیدەهێنێت، هەروەك چۆن بینەرێك كۆنترۆڵی تەلەفزیۆنەكەی بەدەستەوەیە و بەناو كەناڵەكاندا دەگەڕێت، تەنانەت زۆر كات پەنا بۆ كەناڵی دەرەكی دەبات، هەروەك لەبواری هونەریی و وەرزشیدا ئەمە بەرچاو دەكەوێت، چونكە پێی وایە كەناڵ یان میدیای ناوخۆیی نەیتوانیوە ویستەكانی دابین بكات، لەهەمانكاتیشدا میدیای ناوخۆیی ناچار بووە بۆ راكێشانی زۆرترین وەرگر هەمیشە گرنگی بەهەواڵ و سیاسەت بدات چونكە وەرگرێكی جێبایەخ بەهەواڵ و سیاسەتمان هەیە. كەواتە، بۆ ئەوەی میدیا ببێتە میدیایەكی جێ بایەخی وەرگر، دەبێت بەرهەمەكانی وەك كاڵایەك بەنرخ بكات و بتوانێت لەڕێی هەمەچەشنەیی ناوەڕۆك و پەیامی میدیاییەوە، وەرگرەكانی تێربكات تا وەرگر ناچار نەبێت پەنا بۆ كەناڵ و میدیای تر ببات، بێگومان ئەو میدیایەيش سەركەووتوە و جێی متمانەیە كە وەرگرەكانی متمانەی پێ بكەن لەراستی و دروستی و بێ لایەنی، هەروەك بتوانێت رای زۆرینە لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان دروست بكات و ببێتە مایەی كاریگەری، ئەوەيشمان لە بیر نەچێت هەموو دەزگایەكی میدیایی خاوەن سیاسەت و ستراتیژیەتی تایبەت بەخۆیەتی، كە ناچارە پێوەی پابەند بێت .