فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

نزارقەبانی و ڕەنگی سپی………………

نزارقەبانی و ڕەنگی سپی………………

  د. مستەفا زەنگنە/ نووسەر / هەولێر

 

 

دیارە لەڕووی زانستییەوە، بەپێی بیردۆزی ڕەنگەکان کەنیوتن سەلماندوویەتی، ئەوا سپی ڕەنگ نییە، چونکە لە ئەنجامی پەرچدانەوەی هەموو تیشکەکانی خۆرەوە، ڕووبەری ئەو تەنە سپی دەبینرێت.بەڵام لەزماندا وشەی بۆدانراوە و، بەڕەنگ هەژمار کراوە و لەلای نیگارکێشەکان، بەمناڵدانی ڕەنگەکان هەژمارکراوە، کەواتە زانستی فیزیک و پیشەسازیی ڕەنگەکان، لەدوو گۆشە نیگای جیاوە سەیری سپی دەکەن لەڕووی کۆمەڵایەتیيەوە ڕەنگی سپی، بەهێمای پاکی و بێگەردی و ڕووناکی هەژمار دەکرێت، بەڵام هەر ئەمە نیيە بەڵکوو، واتای سپی بەپێی شوێن دەگۆڕێت، بەپێی بابەت و سەردەمیش، گۆڕانی بەخۆیەوە دیوە، واتاکانی سپی، هەیە ئەرێنییە، هەيشە نەرێنییە.بەڵام لەهەموو حاڵەتەکاندا سپی ڕەنگی دڵکرانەوە و ڕۆشنای و پاکییە، بەڵام کاتێک دێینە سەر بەکارهێنانی واتا و کاریگەریی سپی لە لای نزار قەبانی، ئەوا شتێکی کە دەبینین، دیارە نزار هەر لە منداڵییەوە نەخۆشیی دڵی هەبووە، لەکۆتایی هەشتاکاندا، تەندروستیی تێک دەچێت و دەیبەنە نەخۆشخانە و لەژووری چارەسەری چڕدا دەیخەنە ژێر ئامێری چارەسەرەوە، پزیشکەکان ناهێڵن، تەنها بەلقیسی ژنیشی بێتە ژوورەکەی و سەری لێبدات، دیارە خۆشەویستیی نزار بۆ بەلقیس، داستانێکە بۆخۆی، ئا لەم چرکە ساتە ناخۆشەی نێوان مەرگ و ژیاندا، نزار شیعرێک دەنووسێت ،کەباسی ڕەنگی سپی دەکات، دیارە ئەم شیعرە. کازم ساهر کردوویەتییە گۆرانی و ڕۆحی بەبەر شیعرەکەدا کردووە، لەم شیعرەدا، نزار ئەوە دەردەبڕێت کەڕەنگی سپی چەندە ئازاری ئەدات؟ ژوورەکە سپییە، پەردە و چەرچەف و قەرەوێڵەکە سپین، جلەکەی بەری سپییە، بەرداغ سوراحیی ئاوەەکەی سپیین، پەرستار و پزیشکەکان سەدرییە و دەمامک و دەسکێش و شەپقەکانیان سپین، ئامێرەکان سپین، ئیدی ڕەنگی سپی زۆر ئازاری دەدات و بە بەشێک لەهۆکاری مەرگیان هەژمار دەکات. بۆیە داوا لە بەلقیسی ژنی دەکات، گەر هات بۆلای، با جلی ڕەنگاو ڕەنگ و پڵپڵە و موورووی زەرد و سوور لەبەر بکات، بابێت و شوێن ماچێکی سوور لەسەر لێوی بەجێ بێڵێت.

لەم شیعرەی نزاردا، بۆمان دەردەکەوێ، کەئەوە مرۆڤە، واتا بەڕەنگەکان دەبەخشێت و لە بنەڕەتدا ،ڕەنگەکان خۆیان بێ واتان. ئەوە حاڵەتی شیعری و دەروونییە، چۆن سەیری ڕەنگێک دەکات، لە شوێنی دیاری کراویشدا چۆن و چ حیسابێ بۆ ئەو ڕەنگە دەکات؟ لێرەدا ڕەنگ لەلای نزار و لەم باری تەندروستی و دەروون و دوور لە خۆشەویستەکەیدا، لەلای ئەو ڕەنگی سپی، ڕەنگێکی نەرێنی و ئازار بەخشە، لەکاتێکدا، بەکارهێنانی ڕەنگی سپی لە نەخۆشخانەکاندا، پێچەوانەی بۆ چوونەکەی نزار قەبانییە و، ڕەمزی مەلایکە و فریادڕەسی و پاکییە.