فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

رەخنە وەک چەمکێکی رۆشنگەری پێویستی بە پاشخانێکی هزری و ئەخلاقیە

رەخنە وەک چەمکێکی رۆشنگەری

پێویستی بە پاشخانێکی هزری و ئەخلاقیە

دیمەن عەبدوڵلا/ نووسەر و لێکۆڵەری ئەدەبی / سلێمانی

 

 

وشەی رەخنە، بەزمانی یۆنانی بەواتای ئەزموون یان تاقیکردن دێت. لەبەر ئەوە رەخنە بۆخۆی جۆرێکە لەوەستایی و دیالێکتیکی عەقڵی. لە جیهانی مۆدێرندا رەخنەی رەخنە پەیدابووە، کەچی هێشتا ئێمە لە رەخنەی کەسی، نەچووینە رەخنەی تێکست یان بەرهەمەکان. راستە رۆلان بارت پێش لە زیاتر پەنجا ساڵ باسی مردنی نووسەر دەکات و دەڵێت، دەبێت ئێمە مامەڵە لەگەڵ تێکست نەک نووسەر بکەین، بەڵام بەداخەوە هێشتا ئێمە لە ئاستی رقی و کیندا دەژین. هەروەک کانت زیاتر لە پێش دوو سەد ساڵ دەڵێت، ڕەخنە دروشمی سەردەمی ئێمەیە، لەبەرئەوە چەندین پەرتووکەکانی خۆی بە چەمکی رەخنە ناو دەهێنێت. لێرەوە دەتوانین بڵێین هێشتا هۆشیاری مرۆڤی کورد، نەگەيشتووە ئاستی دوو قۆناغ: ((یەکەم، قۆناغی عەقڵێ رەخنەگر/ قۆناغی دانانی چەمک و دووەم، قۆناغی تیۆری رەخنەیی/ قۆناغی دانانی کۆنسێپتی.)) ( بن تومي، ٢٠١٧، ١٩٤)

لێرەوە دەتوانین سوود لە پەندێکی کوردی وەرگرین، کە دەڵێت: ((بەرد دەگیرێتە داری بەرهەمدار)) کەوایە لەو ڕوانگەوە دەبینین، ڕەخنە لە کەسێکی بەرز و هەبوون دەگیرێت، کە دەستت پێی ناگات. هەر چۆنێک بێت دەیانەوێت بەردی تێبگرن و ئازاری  یەکتری بدەین، بەڵام لە بەرزیدا نایەتە خوارەوە. لە ڕەخنەی دووری دایالۆگ ئەخلاقیدا مرۆڤ بریندار دەکرێت بە مەبەستی هێرشکردنە سەر کەسەکە لە ڕوانگەی جەسەدی و دەروونی. دەیانەوێت بيڕوخێنن و بە مەبەستی شکاندن، کە لێرەدا جۆرێک لە ڕق و کینە دێتە ئاراوە. لە ڕاستیدا زۆر ڕەخنەیەکی نالۆژیکیيە، چونکە پردی خۆشەویستی لە نێوان تاکەکاندا ناهێڵێت. هەر وەک چۆن جارێک لە غاندیان پرسی، ڕقت لە کەس دەبێتەوە؟ لە وەڵامدا وتی: (نەخێر لەبەر ئەوەی ئەوەندە کەسی خۆشەویستم هەیە، کاتم بەشی ئەوان ناکات، ئیتر چۆن کاتم هەبێت بۆ ڕق لێبوونەوەی خەڵکی تر). هەر لەو ڕوانگەیەوە تێدەگەین بەفیڕۆدانی کات لە ڕق و کینەدا هیچ بەرهەم ناهێنێت، بەڵام بەخشینی سۆز و خۆشەویستی پێکەوە ژیان دەهێنێتە ئاراوە. ئەمەيش وادەکات یەکتر قبوڵ بکەین و مەدەنیيەت و عەقڵانیيەت دروست بێت. دیارە هەبوونی ئەمانەيش، ڕەخنەیەکی تەندروست دێنێتە ئاراوە، بە جۆرێک کە هۆشیاری کۆمەڵگا ئاڕاستە دەکات.

بۆیە پێویستە بزانین، ڕەخنە چۆن و لە چی دەگرین؟ ئەگەر ڕەخنە نەیتوانی ئەفراندن و داهێنان بکات، ڕەخنەیەکی نا تەندروست و نا ئەخلاقییە. بۆیە ئەگەر سەیر بکەین، (عەقڵی بچووک دایالۆگ لەسەر کەسەکان و عەقڵی مام ناوەند دایالۆگ لەسەر شتەکان و عەقڵی گەورە دایالۆگ لەسەر پرنسیپ و پڕۆژەکان دەکات). هەر بۆیە قورسە ئەم جۆرە عەقڵی دۆگماتیزم زوو بکرێتەوە، بۆ ئەوەی تەکنەلۆژیا بخەینە خزمەتی تاک و نیشتیمان، کە ئەمەيش دەرگای ڕەخنە و دایالۆگ قبووڵ ناکات. ئێمە ناتوانین بەبێی پاشخانی هزری و میتۆدی بیرکردنەوە، ڕەخنەی بابەتیانە بنووسین. لەبەرئەوە، زیاتر فۆکسی ڕەخنەی ئێمە لەسەر خودی کارەکتەرە، نەک لەسەر تێکست و بابەت. ئەم عەقڵەيش، لە کولتووری ڕەش و سپی ڕەنگی دایەوە لە سەر فۆڕم و ڕەخنەی ئێمە، کە جۆرێکە لە پلارە.

ڕاستە سۆکرات پێش زیاتر لە دوو هەزار ساڵ دەڵێت: ((ژیانی بێ ڕەخنە، شایستەی ژیان نییە)) (بییر هادو، 2019، ٣٣). واتا ئەگەر ڕەخنە لە خزمەتی تاکدا نەبیت، نە توانێت ئاراستە کراو بێت ژیان نە گۆڕێت ئەوە ڕەخنە نییە، بەڵکو دایالۆگێکی سڕ و بێ بەرهەمە، کە بەداخەوە تا ئێستا ڕەخنە لای ئێمە پەیدا نەبووە بە واتای ڕەخنە تەنها لە هەوڵی تێکشکاندن و چاڵ هەڵکەندنین بۆ یەکتری. یان بە واتایەکی تر، بەردەوام لە هەوڵی لەکەدارکردنی ئەوی دیکەین، بە تایبەت ڕەگەزی مێ. کاتێک دەبینن دێتە پێشەوە، یەکجار هێرشەکان توندتر دەبن بۆ سەریان و دەیانەوێت کپیان بکەن. راستە هەر لە زووەوە ئەمە کراوە بە عەقڵێکی کۆن، بەڵام عەقڵ کەمەکان بەردەوامی پێدەدەن. لە کاتێکدا ژن یان مێ، زۆر لەوە بە هێزترە. بۆیە پێویستە لە ڕەخنەی کەسی بچینە دەرەوە و بەرەو ڕەخنەی تێکست و بابەت بڕۆین. بۆ ئەوەی، کۆمەڵگا ئاراستە بکەین و دووربین لە ناوزڕاندنی یەکتری، چونکە ئەمە بەرامبەر نە تۆ نە من هیچی لێ بەرهەم ناهێنین، و ئێمە دێين قسە لەسەر یەکتر دەکەین، بەڵام ئامادەنین قسە لەگەڵ یەکتر بکەین، کەواتە ئێمە وەک کۆمەڵگای کوردی نە گەیشتوینەتە ئاستی دایالۆگ و مەدەنیيەت، عەقڵانیيەت و یەکتر قبوڵ کردن، وەک ئەنجامیش ڕەخنەیەکی نا ئەخلاقی بەرهەم دێت.

راستە ئەمڕۆ ئێمە لەسەردەمی پێشکەوتنی گلۆباڵ دەژین، کە بە “ئەدەبی ئەلکترۆنی” بەناو دەکرێت، بەڵام هێشتا لە ناو ئێمەدا “زمانی رەخنە”، دروست نەبووە، ئینجا چۆن پرۆسەی رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن دروست دەبێت؟ هەروەها ئێمە لە ژێر چەتری عەقڵێک دەژین، کە هێشتا فێری پرۆسەی “دیمۆکراتی نووسین” نەبووە. دیارە ئەم جۆرە عەقڵە، ناتوانێت یان نایەوێت جیاوازی لە نێوان رەخنەی کەسی یان تێکست بکات.

هزرمەند و زانای جیهانی، خاوەن پرۆژەن، وەک سپینۆرا بەشێکی گەورە لە تەمەنی خۆیی تەرخان کرد بۆ پرۆژەیەک بە ناوی (ئێتیک ــ رەوشت/ 1677). هەروەها کانتیش دەساڵ لە تەمەنی خۆی تەرخان کرد بۆ پرۆژەی (رەخنەی عەقڵی پاک1/ 1781) ، کە پێی دەڵێن (دەساڵی بێدەنگی). لایی ئێمەيش و بەتایبەتی بەشێک لە رۆشنبیران، تازە دێن، عەقڵی تۆڵەسەندن و کین لە ناو کۆمەڵگادا بڵاودەکەنەوە!

راستە ڤۆلتیر دەڵێت: (( ئەگەر من و تۆ وەک و یەک بیر بکەینەوە کەواتە ئێمە یەکێکمان زیادەين))، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئێمە لە جیاوازییەکاندا یەکتر قبوڵ بکەین نەک لە بیرە و هزرە یەکسانیيەکانماندا. لەکۆتاییدا منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی فەیلەسۆفی فرەنسی ڤۆلتێر، کە دەڵێت: ((لەوانەیە من لەگەڵ بۆچۆنەکانت نەبم، بەڵام من ئامادەم خۆم بکەمە قوربان، بۆ ئەوەی تۆ بتوانی بەئارامی بۆچۆن و بڕوای خۆت دەڕببڕی٠)) ( صالح ،٢٠٠٢، online) ئەمەيش دەبێتە هۆی هێنانە بۆچۆنی جیاوازيیەکان و ئازادی تەواوی تاکەکان.

راستە تا ئێستا ئێمە نەمانتوانیوە لە ئاستی پاشکۆ بچینە ئاستی ئەقڵی سەربەخۆ و رەخنەگر. راستە سامانی زانستی، سەرمایی هزری و هەستی رەخنەييە. لە مێژە گاتاکانی زەردەشت دەڵێت: هزرێکی باش، گوتنێکی باش و کردەیەکی باش. مارکس دەڵێت: ((رەخنەی چەک، جێگای چەکێ رەخنە ناگرێت)) ( القادري ،  ٢٠٢٠، ٢٣) هزری نوێ خۆی لەخۆیدا رەخنەیە، رەخنەيش ئامرازێکی بوژاندنەوەی عەقڵە. راستە ((مەعریفە هێزە، بەڵام مەعریفەيش پێش ناکەویت، ئەگەر لە سایەی میتۆدی رەخنە نەبێت)) ( راغب، ٢٠١٣،  ٢٢)

لە کۆتاییدا، تا ئێمە بیر لە ئازادی نەکەینەوە، ناتوانین بیر لە چەمکی رەخنەيش بکەین، چونکە سەدەی (رۆشنگەری و چەمکی رەخنە)، پێکەوە لە ئەوروپا سەریهەڵدا. دەتوانین لێرەوە بڵێین، کەی ئێمە توانیمان رەخنە بکەینە دروشمی سەردەمی خۆمان، ئەو کات هەنگاو بەرەو کۆمەڵگایەکی ئازاد و مەدەنی دەنێین.

 

 

سەرچاوەکان

 

هاشم صالح ـــ مسیرة التنویر الفرنسي من تورغو الی فولتیر ـــ من الموقع: الحوار المتمدن ـــ www.rezgar.com، الجمعة 18 اکتوبر 2002. )

 

 

الیامین بن تومي ـــ تشریح العواضل البنیویة و التاریخیة للعقل النقدي العربي/ دراسة في الأنساق الثقافیة العربیة الکلیة و الجزئیة ــ مٶسسة مٶمنون بلا حدود للدراسات و الأبحاث، ط1، المملکة المغربیة ـــ الرباط، 2017 ص194.

 

 

 

بییر هادو ـــ الفلسفة طریقة حیاة/ التدریبات الروحیة من سقراط الی فوکو ـــ ترجمة: د. عادل مصطفی، منشورات رٶیة للنشر و التوزیع، ط1، بیروت ـــ لبنان، 2019 ص33.

 

علي القادري ـــ تفکیک الاشترکیة العربیة ـــ ترجمة: فکتور سحاب، مرکز دراسات الوحدة العربیة، ط1، بیروت ــ لبنان، 2020 ص23.

 

نبیل راغب ـــ علم النقد السیاسی ـــ منشورات المکتبة الاکادیمیة، ط1، القاهرة ـــ جمهوریة مصر العربیة، 2014 ص22.