فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بڕوانامە لە فەلسەفە و دەقە فەلسەفییە وەرگێڕاوەکان شارەزا لە فەلسەفە دروستدەکەن، نەک فەیلەسوف

بڕوانامە لە فەلسەفە و دەقە فەلسەفییە وەرگێڕاوەکان شارەزا لە فەلسەفە دروستدەکەن، نەک فەیلەسوف

ئازاد حەمە/ نووسەر / سلێمانی

بەشی پێنجەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟

 

 

کێ بە فەیلەسوف دانانرێت؟

 

کێ بە فەیلەسوف دانانرێت؟ بە پرسیارێکیتر وەڵامدەدەینەوە، کە بەم جۆرەیە: کێ فەیلەسوفە؟ ئەم پرسیارە هەردەم پرسیارێک بووە و لە سەردەمە جیاوازەکانی بوونی فەلسەفەدا کراوە. فەیلەسوف سەرقاڵی ڕاڤەی جیهانە. جیهان لەوێ ئەو گەردوونەیە ئێمەی ڕاگرتووە. هەر خودی گەردوونناسیش، لە دەمی دەرکەوتنی خودی فەلسەفەوە، شانبەشانی بوونناسی بوارە سەرەکییەکانی فەلسەفە بوونە.

هەر پرسیاری کێ فەیلەسوف نییە؟ دەمانخاتە بەردەم بابەتی جیاکردنەوەی فەلسەفە لە ئایین. باشە ئەوانەی لە بواری ئایینناسی، یەزدانناسی(تێۆلۆجی/ لاهوتناسی) کاردەکەن هەمان ئەو شێوازە کارکردنەیان هەیە، کە فەیلەسوفەکان دەیکەن؟ بێگومان نەخێر.  لێرەدا دەکرێت باسی فەیلەسوفی ئێرانی مەلا سەدرا بکرێت. هاوکات ئەو پرسیارەی لای سەرەوە ئەوانەيش دەخاتەژێر پرسیارەوە، کە بەناوی سۆفیزمەوە خۆیان لە فەلسەفە نزیکدەکەنەوە. لێرەدا دەکرێت باس لە ئەزموونی بیرکردنەوەی تر بکرێت کە دەچێتە خانەی سۆفیزمی رۆژهەڵاتيیەوە، عیرفانییەکان.

لە پەیوەندی بەوەی لای سەرەوە باسکرا، ئەوەيش دەڵێین: ئێمە وەک مرۆڤ ناکرێت هەموو بە فەیلەسوف بژمێردرێن. ڕەنگە زۆربەمان تێگەیشتنی فەلسەفییمان هەبێت بەس ناشێت هەموو فەیلەسوف بین. هاوکات بۆ زۆرێکیش لە ئێمە ئەوە بووەتە بابەتی پرسیار، کە فەیلەسوف کێ نییە؟ ئەو کەسە بە فەیلەسوف دانانرێت، کە کۆڵێنەوە لە شت ناکات، کە فەلسەفەکردنیشی نەکردووە بە کاری بنەڕەتی خۆی.

 

بەمجۆرە ئەو کەسەی دۆستی بیرکردنەوە نییە ئەو کەسەیە گەشە بە سەرچڵییە فەلسەفییەكان نادات

 

فەیلەسوف وا حاڵییە لە فەلسەفە، کە وەستانی خۆی هەیە سەبارەت بە هەموو شتێک و هەروەها بوونیشی یەک جار نییە، بەڵکوو بوونێکی بەردەوامی هەیە. بوونی بە بوونی مرۆڤەوە گرێدراوە. کەچی کەسی نافەیلەسوف فەلسەفەی لا کاتییە، لا ناکاریگەر و ناچالاکە. چونکە ئەو کەسەی فەیلەسوف نییە ناکارێت چارەسەرکردنی کێشەی ڕەفتاریی بە فەلسەفەوە گرێبدات. ئەمەيش لەبەرئەوەی، لەوە حاڵی نییە کە فەلسەفە بەم ئەرکە هەڵدەستێت.

کەسێکی غەیرە فەیلەسوف ئەو کەسەيشە، کە دۆستی بیرکردنەوە نییە. هاوکات لەو شوێنەی فەلسەفە کاردەکات عەقڵ ئیشی خۆی دەکات. ئەو کەسەی فەیلەسوف نییە لە دووریی عەقڵ حاڵی نییە، بۆیە مانای فەلسەفەيش بە هەند وەرناگرێت. ئەمەيش وادەکات کەسی نافەیلەسوف لە پەیوەندیدا نەبێت بە بیرکردنەوەوە. بەمجۆرە ئەو کەسەی دۆستی بیرکردنەوە نییە ئەو کەسەیە گەشە بە سەرچڵییە فەلسەفییەكان نادات و فەلسەفەيش دەكات بە جێگایەک بۆ دروستكردنی زۆرانبازیی هزریی، لەوەيش حاڵی نییە ئەم کەسە، کە فەلسەفە جێگایەکە بۆ دروستكردنی چركەی ڕووبەڕووبوونەوە بە مەبەستی یەكلاكردنەوەی ڕاستیی و گەیشتن بە وتنی  نەوتراو و یاساغ. ئەڵبەتە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیشە سەرچڵیی لە بیر و بۆچوونە فەلسەفییەكاندا دەسازێنێت و دواتر ئەو سەرچڵییانە هێز بە بەر ڕووبەڕووبوونەوە فەلسەفییەكان دەكەن.

پوختە، فەلسەفە کاریگەرە. کێ کاریگەری دەکات؟ ئەو کەسەی فەلسەفەدەکات؛ لەسەر شێوازی ئەم کەسە وەستاوە چۆن فەلسەفە دەکات. کە دەگوترێتيش فڵان فەیلەسوفە ئەوە بەرزترین پلەی ڕووناکبیرییە دراوەتەپاڵ کەسەکە. فەیلەسوف تاک و تەرایە. لێرەیە و لێرەيش نییە. لەوێیە و لەوێيش نییە.

 

دەقە فەلسەفییە وەرگێڕاوەکان ناتوانن فەیلەسوف بەرهەمبهێنن

 

دەقە فەلسەفییە وەرگێڕاوەکان ناتوانن فەیلەسوف دروست بکەن، بەڵام توانای دروستکردنی گفتوگۆ، تێگەیشتنی فەلسەفییان هەیە. گومانی ناوێت، وەرگێرانی میراتە فەلسەفییەکان دەمان بەن بەرەو مێژووی فەلسەفە، ئەو مێژووەی بەتەواوەتی ئاشنانیین پێی، بەس ئەمە بەو مانایە نییە پرۆسەی خوێندنەوەی هزری فەلسەفیی ئەویتر فەیلەسوف دروستکەرە. بەمجۆرە، وەرگێڕانی کارە فەلسەفییە گەورەکان نامان کاتە فەیلەسوف، لێ دەمانگەینێتە سەرچاوەکانی فەلسەفە و مێژووەکەیشیمان بۆ واڵادەکات.

وەرگێڕانی دەقە فەلسەفییەکان، رۆژئاواییەکان بن یان رۆژهەڵاتییەکان(عەرەبی، فارسی، و….)، مانادارن بۆ دەوڵەمەندکردنی بیر و تێگەیشتنی فەلسەفییمان، بەڵام پێویستیشە بزانین کێن ئەوانەی وەرگێڕان بۆ میراتە فەلسەفییە گەورەکان دەکەن بۆ زمانی کوردی؟ لە چ زمانێکەوە ئەوە دەکەن؟ ئەوانەی ئەو وەرگێڕانانە دەکەن بۆ زمانی کوردی ئەو زمانانە بە باشی دەزانن؟ ئەو زمانەی لێوەی وەریدەگێڕن ئەو زمانەیە، کە دەقەکەی پێینووسراوە یان لە دووەم و سێهەم زمانەوە وەرگێڕانەکان دەکرێت؟ لەوانەيش گرنگتر چەند وەرگێڕ بە فەلسەفە و بەو هزر و هزرەڤانەوە ئاشنایە، کە وەرگێڕانی بۆدەکات.

وەرگێڕی دەقە فەلسەفییە مەزنەکان(ئەفلاتون، دێکارت، سپینوزا، کانت، هێگڵ، هۆسرڵ، ڤێتگنشتێین، و….) داوای ئەوەيش لە وەرگێڕ دەکات شارەزانی لێکسیکۆنی فەلسەفیی ئەو بیرمەندە بێت کاری وەرگێڕان بۆ کارەکانی دەکات. ئەمە لەکاتێکدا لە زۆرێک لە کولتوورەکان، لە زمانەکان، هەر وەرگێڕێک پسپۆڕ و شارەزایە لە وەرگێڕانی یەک دوو بیرمەند، نەک وەرگێڕانی هەرچی دەستکەوت.

 

بڕوانامە لە فەلسەفە، فەیلەسوف بوون دروست ناکات

 

خوێندنی فەلسەفە نامانکاتە فەیلەسوف، بەڵکوو دەمانکاتە توێژەری فەلسەفیی، پسپۆڕ و شارەزا لە فەلسەفە. بۆ زۆرێک ئەوە پرسیارە، کە بۆ بە خوێندنی پزیشکی دەبینە پزیشک یان بە خوێندنی یاسا دەبینە پارێزەر ئەی بۆ بە خوێندنی فەلسەفە نابینە فەیلەسوف؟ گشت ئەوانەيش باسکرا پاش وەرگرتنی بەکالۆریۆسێک دەبنە پزیشک و پارێزەر و ئەندازیار ئەی بۆ کەسێک، کە فەلسەفەی خوێندووە نابێتە فەیلەسوف؟ هەریەک لەوانەی باسکرا دواتر پیشەیێکیان هەیە، کە پێیدەوترێت پارێزەری، پزیشکی، ئەندازیاری، ئەی ئەو کەسەی فەلسەفەی خوێندووە؟ پیشەیەک بۆ پسپۆڕ لە فەلسەفە داتاشراوە؟ تایتڵێکی ئەوتۆ هەیە، کە دەرچووی بەشی فەلسەفەی پێبناسرێت؟

 

ئەمەيش رقی ئەوانەی هەڵگرت، کە ئەو بەشەیان خوێندووە و واشیکرد دواتر وردە وردە کەسانی تر ڕوو لەو بەشە نەکەن

 

ئێمە لە هەرێم دوو بەش (سەڵاحەدین، ڕاپەڕین)و نیو (سلێمانی) فەلسەفەمان هەیە، کە مخابن وا لە هەڵوەرينن، ئەمەيش لەبەر خراپ، زۆر خراپ، مامەڵەکردن لەگەڵیاندا. مامەڵەکە هێندەی ناوەکییە(پەیوەندی بە هەیکەلی بەشەکانەوەیە) دەرەکیی نییە (لە دەرەوەی کارگێڕی بەشەکانەوە نییە). ئەم بەشانە لەبەر گرفتی مێتۆدیی و بگرە هزریش نەیانتوانی هزرێکی فەلسەفیی خۆیان بەرهەم بهێنن؛ وتنەوەی فەلسەفەيشیان (تاک و تەرا نەبێت) خستە بەردەست کەسانی ناخۆشەویست و ناپسپۆر لە فەلسەفە، ناشارەزا لە مێژووی هزر و هاوکات ناقوڵ لە مێژووی هزری فەلسەفییش.

تەنانەت ئەوەيش نەکرا، کە خوێندکارەکانی بەشی فەلسەفە لە داهاتووی خۆیان حاڵی بکرێن، هیوایەکیان بدرێتێ، دەبن بە چی و چ کارێک لە بازاڕی کار چاوەڕێیان دەکات. تەنانەت هیچ بۆئەوەيش نەکرا، کە ئەم خوێندکارانە پاش تەواوکردنی بەشی فەلسەفە هیچ ناونیشانێکی پیشەییان بۆدانەتاشراوە. ئەمەيش رقی ئەوانەی هەڵگرت، کە ئەو بەشەیان خوێندووە و واشیکرد دواتر وردە وردە کەسانی تر ڕوو لەو بەشە نەکەن. ئەمەيش بە زیانی بەشی فەلسەفە کەوتەوە و بەئاسانیش بەشی فەلسەفە و هەڵگرانی بڕوانامە لە فەلسەفە لەو زیانە دەربازیان نابێت.

وەکیتر ئەوەيش پێویستە بوترێت، کە وشکبوونی هەندێک بەش لە زانستە مرۆییەکان یان سروشتییەکان لە ئێستادا لە زانکۆکانی جیهان، نەک هەر لە زانکۆکانی کوردستان، دیاردەیەکی ترسناکە و بەرهەمی خراپ دابەش بوونی کار و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و گەشەی خێرای تەکنەلۆژیان زانیاریی و هاتنی تەوژمی زیرەکی دەستکردە. بەڵام فەلسەفە لەو جۆرە بەشانەیە، کە گرنگیی خۆی هەیە بۆ گشت بەشە زانستییەکان، بۆیە پاراستنی ئەم بەشە ئەرکێکی مرۆیی و زانستیی خوێندنی باڵایە لە گشت وڵات و کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخدا.

بۆ زۆرێک لە نێوەندی ئەکادێمیی و دەرەوەی ئەم نێوەندە تا ئێستايش ئەوە پرسیارە، دەرچووی فەلسەفە لە زانکۆ دەتوانیت کێ بێت؟ دەتوانێت لە گشت کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیی و پەروەردەییەکان حاڵی بێت و چارەسەری بۆیان هەبێت؟ پاش زانکۆ ئەم دەرچووە کتێب بەدەستەوە دەگرێت؟ دەخوێنێتەوە؟ ئەمانە بەشێکن لەو پرسیارانەی زوو زوو ڕووبەڕوومان دەبنەوە، کاتێک گفتوگۆی بەشی فەلسەفە (بەشەکانی تری زانستە مرۆییەکان) و دەرچوانی ئەو بەشە دەکەین.

جگەلەوەی باسکرا، پێویستە سەرنج بخرێتە سەر ئەوەيش، کە نووسەرە فەلسەفییەکانمان دوو جۆرن گەر نەڵیین سێشن. جۆرێکیان لە بەکالۆریۆسی فەلسەفەوە دەستیان پێکردووە تا پرۆفیسۆری. بەشێکی تری ئەوانەن لە بواری تردا پسپۆڕن، لێ دڵیان بۆ فەلسەفە لێدەدات و دەزانن کە ئەوەی ئەوان ڕاڤەی دەکەن لە بواری پسپۆڕی خۆیان بێ فەلسەفە هزراندنی تیدا ناکرێت؛ جا ئەوە دەکرێت ئەوانەبن، کە پسپۆرن لە زانستە مرۆییە (کۆمەڵایەتییە سیاسییە زمانەوانییە ئەدەبییە هونەرییە پەروەردەییە)کان تادەگاتە زانستە سروشتییەکان. هەيشە لە هیچ پسپۆر نییە و زۆریش قسە لەسەر فەلسەفە دەکات. ئەمەیان هەروەک ئەوانیتر مافی خۆیانە سەرقاڵی فەلسەفە بن و خودی فەلسەفەيش، دیارە کە بەشێکی مرۆییە و بەرهەمی گشت مرۆڤایەتییە. هەيشە بەنیوەچڵی فەلسەفەی خوێندووە و کەچی بەردەوام بانگەشەی فەیلەسوف بوونی خۆی دەکات. جاری وايشە ئەوانەی بڕوانامەیان لە فەلسەفەدا نییە زۆرتر دەنووسن و قسەدەکەن لەچاو ئەوانەی بڕوانامەی باڵایان لە بواری فەلسەفەدا هەیە.

تاکوتەرایەکیش دەناسم لە سەرەتای دوو هەزارەکانەوە لە هەندەرانەوە گەڕاونەتەوە و بە نەختە خوێندنێک لە فەلسەفە (ماستەر)رۆژانە لێرە و لەوێ بە دکتۆر ناوزەد دەکرێن، کە دکتۆریش نیین، کەچی لەوبارەوە، وا بۆ بیست ساڵ دەچێت، بێدەنگن و هەرگیز نەیان وتووە: من دکتۆرام نییە. ئەمانە هەر ئەوانەيشن، کە فەلسەفەیان ناشرین کردووە، ئەو وێنەیەیان لەسەر فەلسەفە نەخشاندووە، کە فەلسەفە چەنەبازییە. هەر ئەمانەيش فەلسەفە بۆ مەبەستی سیاسیی و کۆمەڵایەتی گڵاویی خۆیان لەم شار و ئەو شار بەکاردەبەن.

 

ئەو وێنەیەیان لەسەر فەلسەفە نەخشاندووە، کە فەلسەفە چەنەبازییە. هەر ئەمانەيش فەلسەفە بۆ مەبەستی سیاسیی و کۆمەڵایەتی گڵاویی خۆیان لەم شار و ئەو شار بەکاردەبەن

 

کێشەکەی ئێمە ،لە ئێستادا، سەبارەت بە فەلسەفە بەجۆرێکە تەنانەت دکتۆر بوونییش لە فەلسەفە چارەسەری ناکات و هاوکاریش نابێت لە دۆزینەوەی وەڵامێکی لۆژیکی بۆ ئەو پرسیارە سەرسەختەی نووسینەکەمان پێخستووەتە سەرپشت: ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ لەبەرئەوەی لە دیدگای ئەم نووسینەوە ئەوەی مەبەستە بەڕوونی و بێگرێ و گۆڵە ڕوناکی بخرێتەسەر چۆنیيەتی بەرهەمهێنانی هزر و ڕەوتە فەلسەفییەکانە، نەک بوون و نەبوونی بڕوانامە و یان کەسەکان چ جۆرە خوێندکارێکی فەلسەفیین.

سەرئەنجام ئەوەيش دەڵێین، کە بەدڵنیاییەوە کەسانێکمان هەیە فەلسەفە دەنووسن، بەشێک لەمانە پلەی زانستیی، نەک هەر زانکۆیی بگرە پلەی زانستیی فەلسەفیشیان هەیە، بەڵام ئەو نووسینە فەلسەفییانە جارێ پێمان ناڵێن ئەمانە بیریارن.

 

گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارا بووایە

گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارا بووایە ئێستای هزریمان، لە ڕووی ڕووناکبیریی و ئەکادێمیی و ئەدەبییەوە ئاوا دەستکورت و داماو نەدەبوو. ئەو دۆزەی هزری ئێمە لە ئێستادا تیایەتی ئەوەمان پێدەڵێت، کە فەلسەفە لە ژیانی هزرییماندا کارا نییە. بەڵێ، گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارا بووايە ئەوەی دەداینێ، کە تامەزرۆیین و هەوێنی ڕوناکبیریشمانی پێکدەهێنا. چونکە فەلسەفە ئەو توخمە، یان ئەو بەشە لە هزری تیایە، کە ڕووناکبیریی دروست دەکات؛ کە ئەوەيش زانینە و لەوە بڵندتریش داناییە. چيیەتیی فەلسەفە ئەو داناییەیە، کە هەمووان گەرەکمانە و  شتمان تێدا ده‌بزوێنێت و وایشمان لێدەکات، کە کارلێک لەگەڵ دەورووبەرمان دروستبکەین و دووربینانە بڕوانینە ئەوەی وەری دەگرین، فێری دەبین و لەو سەریشەوە ڕاچڵەکان و سەمەرەیی لە دنیابینیی و تێگەیشتنماندا دەهێنێتەکایەوە.

گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارا بووایە لە پێگەی فەلسەفە حاڵی دەبووین.  لەوە حاڵی دەبووین، کە خودی پێگەی فەلسەفە واتە پێگەی بیرکردنەوە. نەکرا زوو، لە سەدەکانی رابردووماندا، لەوە حالی بین، کە فەلسەفە بەو ناواخنەی خۆی شتێكی لە خۆیدا شاردووەتەوە؛ شتێک، کە هەموو دەخوازین بزانین چییە. لێرەوە دەپرسین؛ ئەو شتە چییە، کە فەلسەفە لە ناخی خۆیدا شاردوویەتیيەوە؟ فەلسەفە، کە شتێکە و شتەکەیش وتنە، دەربرینە لە ڕێگای دروستکردنی دێڕەوە. کۆڵەکەی ئەم شتەیش زمانە؛ چۆنێتیی بەکاربردنی زمانیش واتا بۆ چیەتییەکە دادەڕێژێت، هاوکات کۆڵینکاریی چيیەتیی فەلسەفە دەمانگەیەنێتە شوێنێک، کە ماڵی ڕاستەقینەی فەلسەفەیە. لەوێ، لە ماڵی ڕاستەقینەی فەلسەفەدا، لەوە حاڵی دەبین، کە فەلسەفە چ کرۆک و ناواخنێکی هەیە. ئەم کرۆک و ناواخنە، کە هەڵگری ئاماژەن، دەروازەیشن بۆ تێگەیشتن لە ئەرک و کاریگەرییەکانی فەلسەفە. بەڵام کوا ئێمە بەو جۆرە لە فەلسەفە حاڵی بووین؟ کوا بەو شێوەیە مامەڵەمان لەتەک فەلسەفەدا کردووە؟

گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارا بووایە ئەوکات لەوە تێدەگەیشتین، کە گوزارشت کردنەکانی فەلسەفە پەی بردنن بەو شتەی، کە فەلسەفە لە ناخی خۆیدا پەنهانی داوە. پەنهان دراوەکان خەفەکراوەکانیشن؛ ئەوانەیشن، کە هێشتا نەبوون بە دەربڕین؛ گۆنەکراون و دێڕیان نەسازاندووە. ئەو دەمەی شاراوەکانی هەناوی فەلسەفە ڕێچکەی خۆیان بۆ گۆکردن دەدۆزنەوە، پانتاییەک دروست دەکەن، کە هەر ئەوەیش دەکەن بە قەڵەمڕەوی خۆیان و لەوێ کۆڵەکە بۆ تێگەیشتنەکانمان دادەنێن.

لە دەرئەنجامی ئەوەی وترا دەڵێین، بۆ ئێمە زۆر پێویست و گرنگ بوو، کە فەلسەفە لە دونیای هزرییماندا کارا بووایە. کارابوونەکە نەخشەی هزریمانی دەگۆڕی و ئێستای هزرییشمان ئێستایەکی تر دەبوو.

 

ئێمە و ڕەچەڵەکی فەلسەفە

 

ئێمە لەکوێی ڕەچەڵەکی فەلسەفە داین؟ بۆیەيش ئەم پرسیارە دەکەین، لەبەرئەوەی کاتێک لە ڕەچەڵەکی فەلسەفە دەکۆڵینەوە ئەم کۆڵینەوەیە دەمانباتەوە بۆ لای مێژووی فەلسەفە و ئەوەيش دەمانباتەوە بۆ یۆنانی كۆن. لەڕێگای ئەو پرسیارەوە شوێنی هاتنی فەلسەفەمان بۆ شی دەبێتەوە.

بۆ هەموان پرسیاری ڕەچەڵەکی فەلسەفە لە كوێوە دێت؟ پرسیارێكە لە شێوەی گەڕان بەدوای بنەچە، شوێن و كاتی لەدایكبوونی فەلسەفە، چونكە بۆ زۆربەمان هەمیشە ئەوە پرسیار بووە، کە فەلسەفە بۆ دەركەوت؟ لە كوێ دەركەوت؟ واتە زێدی یەكەمی فەلسەفە كوێ بووە؟ چۆن فەلسەفە توانیی لەوێوە دەربكەوێت، یان بۆ لە شوێنێك دەركەوت، نەك لە چەند شوێنێك؟

 

شارستانی یۆنانی کۆن دەركەوتنی فەلسەفە هەڵاوگۆڕان بووە لە بیری ئەفسانەییەوە بۆ بیری ئاوەزیی

 

زۆربەی بیریاران، یۆنان بە منداڵدانی فەلسەفە دەزانن و ئەو ژینگە ئاوەزییەيش، كە لەوێ هەبووە، كاریگەریی لەسەر دەركەوتنی فەلسەفە دیووە. ئەڵبەتە جگە لە بارودۆخی سیاسیی و ئابووریی ئەو دەمەی یۆنان چەند فاكتەرێكی تر گرنگییان لە نەشونمای بیری فەلسەفیی لەوێدا هەبووە، لەوانە: دەركەوتنی دراو، دەركەوتنی نوسین و كۆتاییهاتنی گوتنی زارەكیی، بیری لۆگۆسLogos، كە جێی میتۆس Mythos ی گرتووەتەوە، دەركەوتنی ماتماتیك، دەركەوتنی شار/ پولیسPolis، واتە دەركەوتنی بازرگانیی و كردەی سیاسیی.

“‘شاری میلیتMilet، یان میلتۆس، یش شاری لەدایكبوونی فەلسەفەی ڕۆژئاواییە و یەكەم شاری فەیلەسوفی یۆنانیی، تاڵێس Thales ـە””، ئەی بۆ ئێمە کوێ منداڵدانی فەلسەفەیە؟ چ شار و ناوچەیەک؟ تاڵێسەکەی ئێمە کێیە؟ ئەم لایەنە بۆ ئێمە بە ئاسانی دیاری ناکرێت و مێژووی، هیچ نەبێت، دە سەدەی پێش زایینمان لێ داوا دەکات.

هاوكات ئەو گۆڕانەی لە سەدەی شەشەمی پێش زایندا، لەڕووی سیاسیی و ئابوورییەوە دێتەسەر كۆمەڵگەی یۆنانیی، كاریگەریی زۆر لەسەر شوێنی تاك لە كۆمەڵگە و ئازادیی ئەم تاكە و دەركەوتنی چەمكی دێموكراسیی دادەنێت. ئەمەیش بەهۆی بەرین بوونی یۆنان، داگیركردنی هەندێك ناوچەی دەورووبەر لەلایەن یۆنانییەکانەوە، بازرگانی كردنی یۆنانییەکان لەڕێگای دەریاوە، چوونە دەرەوەی یۆنانییەكان بۆ دەرەوەی قەڕالستانی خۆیان و ئاشنابوونیان بە كولتووری نەتەوەكانی تر.

ئەمانەی لای سەرەوە باسکرا لەسەرێکی ترەوە وایانكرد، دراو/نەخت دەربكەوێت و جێگای ئاڵوگۆڕی شمەك بە شمەك بگرێتەوە. ئەم لایەنە كاریگەریی لەسەر ژینگەی سیاسیی شار بەجێهێشت و هۆكار بوو بۆ دروست بوونی دەسەڵاتی سیاسیی و دەركەوتنی چین و توێژی كۆمەڵایەتیی (خانەدان/نەجیبزادە، خاوەن پیشە، پاسەوان، بازرگان و ..هتد). لێرەوە فەلسەفە دەردەكەوێت و ئاوەز شوێنی ئەفسانە دەگرێتەوە. بەپێی ئەوە بێت، کە باسکرا، ئێمە، کە بەشێکین لە شارستانی فارسی و مێزۆپۆتامیا روون نییە لە مێژووی هزرییماندا کەی ئەفسانە شوێنی لێژ بووە و ئاوەز جێگای گرتووەتەوە.

پێمانوایە، ئەو لایەنەی لای سەرەوە باسکرا، زێدە گرنگە لە باسی کۆڵینەوە لە مێژووی ئێمە و ڕەچەڵەکی فەلسەفە. بۆ شارستانی یۆنانی کۆن دەركەوتنی فەلسەفە هەڵاوگۆڕان بووە لە بیری ئەفسانەییەوە بۆ بیری ئاوەزیی. مێژووکردان پێیان وایە ئەم شێوە دەركەوتنەی فەلسەفە لە یۆنانی كۆن، دیاردەیەكی سەرنجڕاكێشی ڕۆژئاواییە؛ واتە لە دەرەوەی ڕۆژئاوا دەركەوتنەی فەلسەفە بەو شێوازە یۆنانییە نەبووە، کە ئەمە ئێمەيش دەگرێتەوە. سەرباری ئەوە، دەركەوتنی فەلسەفە لە یۆنان مۆركێكی ئاینیی بەسەرەوە نەبووە، وەك ئەوەی لە دەرەوەی شارستانیی ڕۆژئاوا (چین، میسر، وڵاتی فارس و هیندستان) ئەو مۆركەی بەسەرەوە بووە. ئەم لایەنە ئێمەيش دەگرێتەوە؛ ئێمە، کە سەربە دەڤەری شارستانی فارسی و مێزۆپۆتامیی بووینە.  کەواتە پرسیاری فەلسەفە هەبوون پێویستە بۆ ئێمە گرنگی خۆی هەبێت. ئەم گرنگییەيش لە پەیوەندی دایە بە دیرۆکی ڕەچەڵەکی فەلسەفەوە. ئەو دیرۆکە ئەوەمان فێر دەکات، کە ئەوەمان لا پرسیاربێت ئایا فەلسەفە لەناو ئێمە پاشخانی هەیە؟ ئەم پاشخانە بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ پێش ئیسلام؟ دوای ئیسلام؟ پێش یان پاش زایین؟

 

بنەمای هزری فەلسەفیی ئێمە چ جۆرە بنەمایەکی هەیە؟

 

بۆئەوەی دادوەرییەکی لۆژیکییانە لەسەر هەبوونی فەلسەفەیەکی کوردی بکەین پێویستمان بەوەیە دان بەوەدا بنێین، کە بوونی فەلسەفە پەیوەستە بە بوونی سیستەمێکی هزرییەوە. ئەمەيش داوای ئەو هزرەڤانانەمان لێدەکات، کە ئەم سیستەمە هزرییەیان دامەزراندووە. جا کوا لەناو ئێمە ئەو سیستەمە هزرییە و کوايش هزرەڤانەکانی؟ لە جیهانی عەرەبی کەسانێکی وەک ئیبن سینا یان فارابی ئەمەیان کردووە، لە رۆژئاوايش کەسانی وەک کانت، دێکارت. بۆیە فەلسەفە هەبوون واتە بوونی سیستەمێکی هزریی، ئەمەيش واتە بوونی ئەو کەسانەی هزرێکی سێستەماتیکی یەکانگیر و هەماهەنگییان هەیە. کە ئەمەيش هەبوو، یان بوونی فەلسەفە لەم چوارچێوەیەدا بێت، ئەو کات بزاڤ و شەپۆلی فەلسەفیش بوونی دەبێت.

سەرباری ئەوە، با ئەوەيشمان لەبەرچاوبێت، کە لە سەردەمی ئێستادا، لەگەڵ هاتنی تەکنەلۆژیای زانیاری و لەم دوایەيش زیرەکی دەستکرد، کارێ وای کردووە دروست بوونی فەیلەسوف لەسەر شێوازی ئەفلاتون و هێگڵ و سپینوزا و دێکارت خۆی لە ئەستەمی ببینێتەوە. لە ئێستادا، ئەوەندەی خۆمان لەبەردەم بوونی بیرمەند و ڕووناکبیریی گەورەدا دەبینینەوە هێندە خۆمان لەبەردەم فەیلەسوفی مەزندا (ئەریستۆ، رۆسۆ، ڤۆلتێر) نابینینەوە.

ماویەتی……………