فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

نۆستالۆژی، هەڵپەساردنی سیاسی بوون یا پیتاندنی ناسیاسی بێ شوێنـ/کاتی؟

 نۆستالۆژی، هەڵپەساردنی سیاسی بوون یا پیتاندنی ناسیاسی بێ شوێنـ/کاتی؟

(سووکە ئاوڕێک لە نۆستالۆژی، بە بیانووی چاپی کتێبی “نۆستالۆژیای داگیرکراوان” لە نووسینی مەسعوود بابایی)

عەبدولقادر نيازی/ نووسەر و ڕەخنەگر/ مەهاباد

 

باوەڕ بە گرینگایەتی نۆستالۆژی باوەڕێکی لە بنەڕەتەوە ئانتۆلۆژیک و هیستۆریکاڵە. کە باس لە بوون ناسی و هیستۆری دەکرێ دە سۆبێکت دا، بە واتای حازر کردن و مردەوەژی کردنەوەی کردەی غایب واتە مێژوو یا هیستۆرییە کە خۆی دە خۆی دا، هاوشوێنـ/کات کردنی ناهاوشوێنـ/کاتەکانە. بە گوێرەی ئەوەی کە نۆستالۆژی، دە پەراوێزخستنی “بوون” ـە بە شێوەی کاتی، کەوایە خودی بوون چەمکێکی ناڕەسەن و ڕووخەکە. هەر ئەو خەسڵەتەی بوون، دەربارەی نۆستالۆژیش دا دروستە. چونکە خودی نۆستالۆژیش فرچک گرتوو لە بوونێکی ئەو کاتییە وەک دۆخێک کە سۆبێکت تێیدا ژیاوە و ڕەنگە زۆریش ئێگزیستانس نەبووبێ. تێز و دژەتێز دەو جموجۆڵە نەک کاتمەند کە هیستۆریکاڵەدا، دەلالەت بە جەوهەر بوون و نا/جەوهەر بوون دەکا و توخم و ماکی هەر دووی ئەو ئیجابییەت و نا/ئیجابییەتە خودی بوونە. کاتێک ماکی بوونی ئەو کات(نۆستالۆژی)، دژەوستاوی بوونی ئێستایی(دازاین) دەبێ، کەواتە بوون، هەڵوێستی ڕەنگە نەک دژی خۆی کە هاوتەریب(موازی) لە گەڵ خۆی گرتووە. چونکە لایەنی تێپەربووی بوون(نۆستالۆژی)، لایەنی ئێستایی بوون هەڵدەپەسێرێ. هەر دوو فۆڕمی بوون واتا نۆستالۆژی وەک بوونێکی ڕەت کراو و سۆبێکتی حازر و بەردەست وەک بوونی ڕەت دراو، دە ئۆبێکت و بەرناسی بوون دا هاوبەشن. گەیشتن بەو پێوەندییەی نێوان ئەو دوو بوونە جیاوازە. دە دۆخی نۆستالۆژیک دا بوون دوور خراوەی لۆگۆسە و دە دۆخی دازاینیک دا، بوون بارمتەی مەعریفە. لای هێگل هەم بوون و هەم نۆستالۆژی وەک بوونێکی تێپەڕیو، دیاردە و فێنۆمێنن و لای کانت ئەوەی دیاردەیە نەک بوون بە هەر دوو مانا، بەڵکوو ئەو مێکانیزمانەن کە سەر بە بوون هەڵ دەدەن(نۆمێن). جا بە هەر شێوەیەک که ئەو “بوون” ـانە خۆ دەربخەن. ئاگامەندی سۆبێکت لەو بەینەدا، پتر هەستەکی و نا/ڕێئالیتەیە چونکە هەڵگری ئیگۆیەکی دەڵەمەیە و هێشتا لە دۆخی پێش زمانی خۆی جودا نەبۆتەوە. پشت ڕاست کەرەوەی ئەو بۆچوونە وتەکەی باڕباڕا کاسێنە کە دەڵێ : نۆستالۆژی بەر لەوەی پێوەندی بە نیشتمان و جۆغڕافیا و شوێنـ/کاتەوە بێ، بەرپەرچ دانەوەیەکی زمانییە. چونکە سۆبێکت یا بناس(سووژە)، لە بەینی دوو شێوە بوون دا گیری خواردووە و لە ڕەسەنایەتی خۆی دابڕاوە. ڕەسەنایەتی نەک وەک بوون دە تاریخ و هیستۆری دا بەڵکوو وەک تێپەڕین لە دۆخێک بۆ دۆخێکی تر و خوڵقاندنی کاتمەندی. پشت بەستن بە لاکان و هاوشێوەکردنی نەست و زمانیش، دیالکتیکی نێوان ئەو دوو ستایلە لە بوون(نۆستالۆژی وەک بوونێکی ڕەت کراو و دۆخی ئێستای سۆبێکت وەک بوونێکی نەک بەرپەرچدراو بەڵکوو هەڵپەسێراو)، ڕەت دەکاتەوە. دە گەشبینانەترین حاڵەتدا ئەگەر دژ بە لاکانیش لەنگەرگیری بکەین ئەوە تووشی دیالکتیکێک دەبین کە کوچکەی سێهەمی نوقستانە. چونکە سەنتێزی لێ نابێتەوە. کەوابێ بە گوێرەی لاکان، سۆبێکت(سووژە) لێرەدا پتر لەوەی دەرهاویشتەی نەست بێ، نیشتاوی(رسوب)، ڕابردوویە. بۆیە سۆبێکت، بەرناسێکە کە دەلالەت بە مەنفییەت دەکا. ئەوە یانی سۆبێکتی نۆستالۆژیک، بۆتە مەزادی بوون. بەو واتایە کە ئەوە بوونێتی نۆستالۆژی و نا/بوونێتی ئێستایین کە بەرپرسایەتی سۆبێکت دەکەن نەک سۆبێکت ئی ئەوان. بەو پێیە هەر چەشنە خۆ تێوەگلاندێکی زمان، تەنیا هەست دەورووژێنێ بەڵام نەست ناجووڵێنێ و ئەوەيش بە واتای ئەوەیە کە سۆبێکت نەک هۆکاری بەدیهێنانی دۆخ کە بەرهۆی پێشاوبڕکێی کات و گڕمۆڵەبوونی سۆبێکتە. بە واتایەکی تر ئەوە بە واتای نەبوونی زمانە وەک پێکهاتە. چەشنێک لە زاڵبوونی کردەی واقیع بە سەر کردەی نمادین و سەمبۆلیکدا. بەو مەرجەی پێملی ئەو وتەیەی هایدگەر بین کە دەڵێ: نۆستالۆژی داوێنگری ئەو مرۆڤانەیە کە هیچ کات خاوەن نیشتمان نین، ئەوا دەبێ تەواوی مرۆڤایەتی بە بێ نیشتمان بزانین. نیشتمان نەک لەنگەرگرتنی بوونناسانە لە سەر خاک و وڵات بۆ بوون و بوونێتی بەڵکوو وەک لەوێ بوون(دازاین) وەک دەکارهێنانی دۆخێکی سیاسی لە ڕەهەندی زەین و زمان. بەو پێیە نۆستالۆژی شێوەیەکە لە کۆتامەندی بوونێتی و دەسپێکی هەڵپەسێران لە بەینی دوو هیچ دا. هیچ نە بەواتای عەدم و نەبوونێتی بەڵکوو بە واتای سەلبییەت و لێ ئەستێنداروێتی بوون ناسانە. بە واتای هەڵپەساردنی ئێستا و پیتاندنی ڕابردوو و ئەختەکردنی دازاین لە لایەن سۆبێکتەوە. نۆستالۆژی نەک بە واتای مێکانیزمی گەڕانەوە بۆ دۆخێکی تایبەت کە بە واتای دانەبڕان لە دێتێرمینیزمێکی ئابجێکشێن و ناپرساژۆکراو کە تێکدەری ساحەتی نمادین و سەمبۆلیکە. نۆستالۆژی دە گەشبینانەترین حاڵەتدا بە واتای نا/سیاسی کردنی سۆبێکتە…

 

ـــــــــــــــــــــــــ سەرچاوەکان 1 :

نۆستالۆژیای داگیرکراوان/مەسعوود بابایی/کۆڵن، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان ــ تیشک/2724 2 : لۆجیکی هیگڵ/دوکتۆر محەممەد کەماڵ/مەهاباد، بڵاوگەی مانگ/2722 3 : نوستالوژی: چە زمانی برای همیشە در وطن خود هستیم؟/باربارا کاسن/ترجمە بهنود فرازمند/تهران، نشر ایهام 1402 4 : تناهی استعلایی: پژوهشی دربارە هستی شناسی بنیادین هایدگر/احمد رجبی/ نشر هرمس/تهران 1398