فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئامانج لە ژیان، ژیان خۆیەتی

ئامانج لە ژیان، ژیان خۆیەتی

ڕێڤان جاف/ نووسەر / هۆڵەندا

لەنێو لەپی ئەم گەردوونەدا، خولیای پەراوێزخستن و لەبیربردنی هەموو ئەو خەمە نەبڕاوانەم کە لە پڕ و بێ ئاگادارکردنەوەی پێش وەخت و بێ تەدارەک خۆیان بە ژیانی ڕۆژانەدا دەکەن، خوازیاری یەکخستنەوەی هەموو ئەو ناهاوسەنگیی و ناڕێکیانەی هاوکێشەکانم، تامەزرۆی بنبڕکردن و ونکردنی ئاڵۆزی و بەیەکداچوونی نێوان ڕایەڵە پچڕاو و لوولدراوەکانم، پەرۆشی لەبەینبردن و لابردنی هەموو لەمپەڕە خواروخێچەکانی ژینگەی ژیانم، لە نێویاندا بۆ ئەو ژیانە دەگەڕێم کە لە بنەڕەتدا بەجۆرێکی تر ڕێچکەی هەنگاوەکانم بگرتایە.

ژیانێک تێیدا، هەموو ئەو بەختەوەرییانە ڕیزدەکەم کە گەوهەری بوون پێکدێنن

ژیانێک تێیدا، ئەو هاڕمۆنیانە شکۆمەند دەکەم کە عەوداڵ و تەقەللای هونەری ژیانن

ژیانێک تێیدا، ئەو هاوارە نەبیستراوانە ئازاد دەکەم کە دەروون پڕ کەیل و لەنگ دەکەن

ژیانێک تێیدا، ئەو هەستە نامۆ و تەنیاییانە کاڵدەکەمەوە کە پەلکێشی نائومێدیەکی سەیرم دەکەن

ژیانێک تێیدا، ئەو پەیامە ڕۆحیانە ئەچڕم کە کانگای زیندووبوونەوە و ئارامی دڵ و ڕۆحن

ژیانێک تێیدا، ئەو داهێنانە دەکەم کە پڕ لە کارلێکی عیشق و بایەخن

ژیانێک تێیدا، ئەو نیگارانە دەکێشم کە خاوبوونەوەی ئازار و لێدانی سایکۆلۆجین

ژیانێک تێیدا، ئەو کەسانە ئەدوێنم کە بە کامڵی ئاکارەوە کەسایەتیەکی جێگیر و نەگۆڕن

ژیانێک تێیدا، ئەو خەیاڵە نادیارانە تەی دەکەم کە نەشئە و خۆشەویستی پەرش ئەکەن

ژیانێک تێیدا، ئەو کوچە و کەلەبەرانە دزە دەکەم کە فێنکاییان ئۆخژنم پێ ئەبەخشن

ژیانێک تێیدا، ئەو تیشکە وێڵانە پەلکێش دەکەم کە شەوق و شەیدای ئازادین

ژیانێک تێیدا، ئەو هەنسکانە لە گۆڕ دەنێم کە چاوگی قوڵپیی گریانن

هەموو ژیانێک سەدان ژیانی لە دەستچووی لەناودایە، سەدان کەلێنی پەنهان و شاراوەی بە ئاراستەی دوورکەوتنەوە و ونبوونی تێدایە، سەدان تاقیکردنەوەی ناکام و بێ موراد، سەدان گرێ و گۆڵی ئاڵۆز و لێکئاڵاو، سەدان ڕێگای ناڕێک و خواروخێچ، سەدان بەرزونزمی بەرگەنەگیراو و ناهەموار، چەندەها چیرۆکی جۆراوجۆری پەراوێزخراو و تەواونەکراوییان تێدایە، سەدان خەون و وڕێنەی زڕ و بێ بەر و سەدان سەرچڵیی و سەرکەشییان تێدایە، دەیان هەوڵ و دەرفەتی لەبار وگونجاویشییان تێدایە کە مرۆڤ خۆی لە دەست خۆی دەدات، سەدان داری خوار و نەزۆکیان تیایە کە بە نەزانی خۆمان ئاومان داون و بە بێ ئارامیی و بێ سرەوتن لە ناویاندا دێین و دەچین.

ژیانی هەموو مرۆڤێک ڕەنگە زیاتر لە درزێکی نەبینراو و حەشاردراوی تێدابێت، درزێکی قووڵ کە چەند بگەڕێیت ئاسان بۆی نادۆزرێتەوە، لەو درزەوە دەشێت باهۆز و ڕەشەبایەک هەڵبکات عەرشی مانەوە بکاتە کەلاوە، لەو درزەوە دەشێت هەموو ئازار و دەردەسەرییەک بێتە ژوورێ، دەشێت هەموو ئافاتێک بێتە میوانی، لەو درزەوە دەشێت ژەهری دوودڵی و نیگەرانیيەک بۆ ناوەوە دزە بکات کەوا لە مرۆڤ دەکات ببێتە خاوەنی ساتەوەختێک لە ژیاندا کە ساتی گومانی گەورەیە، ساتێکە هەست دەکەیت هەموو ژیانت بە هەڵەدا ڕۆشتووە و چیتر ڕێگای گەڕانەوەيشت لە پێشدا نیيە، ئەو درزانە وەک چلکەوچەوێڵ لە قاچەکان ئاڵاون و ناوەوەت پڕ دەکەن لە تونێلی ترسناکی نائومێدی، لە ترۆپکی سەخت و عاسی کە ڕەنگە مرۆڤ بە ئیفلیجی زەین، دەستەوەسان و پەرتەوازانە لە بەردەمیاندا بوەستێت.

دەمەوێت بەسەر هەموو چیرۆکی ژیاندا، بەسەر هەموو قۆناغ و ڕۆژ و ساتە گرنگەکانی تەمەندا بچمەوە (ئەو ژیانەی دەکرا یان دەبوو تیا ژیابام، ژیانە ونبووەکەی خۆم، ژیانە لەدەستچووەکەی خۆم)، دەمەوێت دوور لە ترس و ئیفلیجی، دوور لە پەرتیی و لاوازی، قووڵ قووڵ، ورد ورد، هێدی هێدی لە هەڵوەدای خۆدۆزینەوەدا هەل و دەرفەتێکی لەبار و نوێ بۆ بەخۆداچوونەوە و خۆڕێکخستنەوە بسازێنم و بڕەخسێنم، دەمەوێت بە چاوێکی کراوە و دڵێکی فراوانەوە دامێنی گومان و نێگەرانی گشت پێشهات و ڕووداوەکان بەردەم، ڕێگای دەربازبوونێک چاو لێدەکەم بۆ ڕەواندنەوەی تەمی هەموو ئەو گوشارانەی گەمارۆییان داوم، بۆئەوەی هێواش هێواش کردنەوەی دەرگایەکی گەورە و مەتین زامن بکەم، هەموو ئەو نیگارە قەڵب و تەڵخ و تاڵ و ترسناکانە ئەسڕمەوە، هەموو ئەو ڕێگا جەهەنەمیانە تێک ئەشکێنمەوە، تا نەگەم بە چارەی قووڵترین و سەختترین و ڕەشترین خاڵی نائومێدی وبێ چارەیی هەموو ئەو زوڵمەت و بێدەنگیيە وەحشەتناک و زاڵانەی ژیانیان خنکاندووە ناوەستم، تا دەستم نەگاتە پلەی ئارامیی و خۆشنوودی وازناهێنم.

دەمەوێت پرسیار بە هەموو لایەکدا بڵاوبکەمەوە و بپرسم، ئایا ئەم ژیانەی تا ئەمڕۆ هێناومانە، چەندی ژیانی خۆمانە؟ چەندیشی ژیانێکە ئەوانیتر سەپاندوویانە بەسەرمانا؟ ڕەنگە هەر یەکێکمان لە چیرۆکێکدا بژی چیرۆکی خۆی نەبێت، کەواتە ئەوەی دەژی ئێمەین یاخود چیرۆکەکانمانە؟

بۆئەوەی ژیان و زیندەگی تەنها ویستگەیەکی پیس و پۆخڵ یا بەردەبازێک نەبێت تا زووتر فریای مەرگ بکەوین

بۆئەوەی بە بەرکەماڵبوونی شادی و شکۆمەندی مانەوە ئاوێزانی ئاسوودەیی و بەشداری ژیان بکەین

بۆئەوەی ژیانێکی پیرۆز مەیسەر بکەین وەک پیرۆزترین دیاری بیبینین

بۆئەوەی لە هاڕمۆنیدا بین لەگەڵ بووندا، ئەو هاڕمۆنیيەی لە دایکبوونێکی نوێ دەبەخشێت و دەبێتە ڕێکخەرێک لە ڕێکخستنی ئەو فەوزایانەی ژیانیان هەڵتەکاندووە

بۆئەوەی لەنێو هەڵای تووڕەیی و بارە ناهەموار و بێزراوەکانی ئەم فەزایەدا بارستاییە قورسەکانی ژیان لەسەر ئەستۆمان کەڵەکە نەکەینەوە، پێویستمان بە کۆششی مەعریفی و ڕۆشنبوونەوە هەیە، بە وریایی و بێداری یە بە خودی خۆمان، ئەم وریاییە بەجۆرێک قاڵمان دەکاتەوە و دەتوانێت بڕوا و متمانە و ڕوانینمان مسۆگەر بکات، شەبەنگی ئەو ئاگایی یە دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لە بوونێکی دروست و بەرجەستەکردن و ئەزموونکردنی ژیانێکی ئاگامەندانە.