فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کورد و وەهمى نەتەوەیی

کورد و وەهمى نەتەوەیی

هەموو نەتەوەکانى  ناوچەکە دەکەین بە کورد، کەچى ناشزانین خۆمان کێین.

دڵشاد کاوانى/ نووسەر و ڕەخنەگر / سلێمانی

کورد لەوەتەى هەیە پەرشوبڵاوە و ژێردەستەبووە، لە بنەچە لە کۆمەڵێک تیرە و هۆزى بێ شارستانییەت پێکهاتووە. هەر بۆیشە کاتێک دەیەوێت ڕیشەى خۆى بدۆزێتەوە، پەنا دەباتەبەر  ئەو مێژووەی کە فارسەکان نووسیویانەتەوە و خاوەندارییەتى دەکەن. وەک زەردەشت و  ماد و کاوە، ئەمەيش گرفتە زانستییەکەیە، نە خۆى بەفارس دەزانێت و نە فارسیش بە خۆى دەزانێت. هیچ سەرچاوەى باوەڕپێکراوى مێژوویی بەدەستەوە نییە، بوونى خۆى بسەلمێنێت.

کۆنترین سەرچاوەى مێژوویشى کەخۆى نووسیبێتەوە، پێنج سەد ساڵێک تێپەڕناکات ئەویش شەڕەفنامەى شەڕەفخانى بەدلیسیی.

بەڵام کۆنترینى مێژوويش کە ڕێک باسى کورد وەک فرە هۆز یان نەتەوە بکات، ئەویش زەینەفۆن و «ئاسترابون».

بەوپێیەيش بێت تەنانەت ناوى کوردیش لە زمانى ئێرمەنییەوە وەرگیراوە.

واتا هەموو تەمەنى نەتەوەى کورد کە لە مێژوو ناسرابێتەوە دووهەزار پێنسەد ساڵە. لەگەڵ ئەوەيشدا چەندین شارستانییەت و قەڵەمڕەوى جیا جیا وەک گووتى، لوورى، لوولووبیەکان هیتى، فیقنیی..تاد، بەدرێژایى مێژوو  لە ناوچکەکە هەبوون.  وەلێ ماناى ئەوە نییە کە کورد بن، بەڵکوو دەشێت کورد لەوانبێت. وەک ئەو بەزمەى کە دەڵێن کورد سوومەرییە.  هێشتا ڕێى تێ دەچێت. بەڵام بڵێین سوومەرى کوردن، زۆر بێ مانایە، هەر کەسێک ئەم قسەیە بکات.

«ئاسترابون»ی یۆنانی کە باسی «ئاتروپات – ماد» کان دەکات، قسە لە وڵاتەکەیانەوە دەکات و  دەڵێت: «باکوورى وڵاتەکەیان وڵاتێکی کوێستانە و هەندێ قەومی کوێستانی تێدایە، وەکوو «کادۆسی، ئەمردەکان، تاپوورەکان و کورتەکان». مەبەست بەم «کورت» انە «کاردخۆی»یە.

 

ئەو بەزمەى کە دەڵێن کورد سوومەرییە.  هێشتا ڕێى تێ دەچێت. بەڵام بڵێین سوومەرى کوردن، زۆر بێ مانایە

 

دیسان یۆنانییەکان ئەودەم بە دانیشتووی وڵاتی «بۆتان» و «دوورگەی ئیبن وعومەر» یان دەگوت: «کردوخۆی»، گۆیا وشەی «خۆی» بەلای ئەرمەنییەکانەوە بۆ «جەمع» بوو وشەکە بەتەنیا «کردو»ە. بەپێی قسەی «مینۆرسکی» لە ئینسکلوپیدیای ئیسلامدا مێژوونووسەکانی یۆنانی ئەم ناوەیان لە کابرایەکی یۆنانی بیستووە. لەو وەختەدا کە «تیگران»ی دووهەم پادشای ئەرمەنستان لە سەدەی یەکەمی پێش زاینیدا وڵاتی «کردوخۆی» گرت و پادشاکەی کوشت و لە ١١٥ی پاش زاین ئەمیرێک لە «کردوئین» ڕاست بووەوە. ئەوەندە هەیە سەرکەوتنی ئەرمەنییەکان لەم ناوچەیەدا شتێکی وا نەبووە کە کار بکاتە سەر نەتەوەکەیان.

کەواتە بەم پێە بێت، تەنانەت ناوەکەيشمان لەسەر زمانى ئێرمەنى هاتووە.

هەروەها کاتێک «زەینەفۆن» قوتابى «سوقرات»ی یۆنانی لە گەڕانەوەی دە هەزار کەسەکەی لە ٤٠١ی پێش زاین دەڵێت: بە وڵاتی «کردوک»ەکاندا تێپەڕین، گۆیا ئەم ناوەی لە ئەرمەنییەک بیستووە و «ک» لە ئەرمەنیدا بۆ «جەمع»ە و لە شوێن «خ» دانیشتووە، کە «ک» کە لابەین «کردو» دەمێنێتەوە.

مێژوونووسەکانی عەرەب، وشەی کورد لە «بقردی» یا «بقردا» وە دەزانن. یان دەڵێن: کوردی کوڕی مردی کوڕی سەعسەعەی کوڕی هەوازن»، یاخود «کوردی کوڕی عومەری کوڕی مزیقیاء»، یائەوەتە «کوڕی عامری کوڕی ماءالسماء». «طبری» و «یاقووتی» و «ابن اثیر» وا دەڵێن. مەسعوودیش هەندێ جار دەڵێت کورد لە نەتەوەی کوردی کوڕی ئەسفەندیاری کوڕی مەنووچهری پێشدادییە». هەندێکیش دەڵێن: کورد لە «گورد»ە، و گورد بە مانای پاڵەوانە.

 

ئەمە تەنیا بۆچوون و ڕاڤەیەکە لەزارى شیکەرەوەیە، نە مەرجەع و بنەماى مێژووییى نییە

 

ئیتر هەر کەسێ بە جۆرێ قسەی لە وشەی «کورد»ەوە کردووە.

بۆ بەڵگەى قسەکانم بڕوانە بۆچوونێکى بیرمەندى گەورەى کورد، مەسعود محەممەد لە کۆبەرهەمى نامەکانیدا لە 26\12\1994 بۆ حەکیم کاکە وەیسى ناردووە، لەبارەى شیعرێکى هەورامییەوە، سەبارەت بە زمانى کوردیش دەنووسێت:  لەبارەى قەباڵەکانى هەورامانەوە و ئەو بڕە شیعرەى تێچنى نامەى تازەت کردبوو بیروڕاى جودا و لێک دوور هەن. ئەو قەباڵانە بە ئاسانى ناکرێنە ماڵى کورد. زمانى پێى نووسراوە خراوەتە بەر نیگاى گەورەترین کۆنەخوێن و نامەکانى جیهانەوە.. کوردیش لەدەمى ئەشکانییەکان فەرمانڕەوابووون نە دەسەڵاتى لە دەستدا بووە نە هیچى لێ بە جێ ماوە لە نووسیین و کەلەپوورى وەک نەقشى زەق و ئارایشتى دەورى جام و قاپ و ڕەنگین و نازانم چى. پیى ناوێ بڵێم لە خۆوە دیارە نووسینى سەربەخۆى نەبووە هەر نەيشی بوو هەتا سەردەمە تازەکانى خۆناسینى ئەویش بە پیتى عەرەبى یان لاتینى.

ئەوەى نامەکەى مەسعود محەممەد بخوێنێتەوە لە حەقیقەتى باسەکە تێ دەگات. ئیدى عەوجە نییە، هەر بڵێین ئەم وشەیە ئاوابووە و خوار بۆتەوە و شکستە بووە و زێدە و کەم بووە. ئەمە تەنیا بۆچوون و ڕاڤەیەکە لەزارى شیکەرەوەیە، نە مەرجەع و بنەماى مێژووییى نییە. بۆ نموونە: لە یەکێک لەسەرچاوەکان وشەى سوومەر، لە شوومەر، هاتووە. کەواتە دروستە بڵێین واوەکەى پەرێوە و بۆتە شەمەڕ، هۆزى شەمەڕ سوومەریین.

 

سەرچاوە

  • کۆبەرهەمى مەسعود محەممەد، نامەکان. چاپى یەکەم ساڵى 2023.