فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

 بانگەڵای تیترواسک

 بانگەڵای تیترواسک

گۆران ساڵح/ نووسەر/ کەرکووک

 

یەکێکە لە ڕۆمانەکانی نوسەری میسری  بەناوبانگ تەها حوسێن.  ئەم ڕۆمانە  باس لە خێزانێک دەکات کە لە لادێیەکی  میسری دەژین و  پێکهاتوون لە دایکێک و دوو کچەکەی؛ هەنادی و ئامنە. لەناو ئەم ڕۆمانە؛ پاش ئەوەی دایکەکە بەهۆی ناپاکی مێردەکەیەوە  وێڕای ئەوەی کە دەکووژرێت ، ناچاریش  دەکرێن ماڵ و حاڵی خۆیان لە گەڵ دووکچەکەی جێبێڵن لە لادێیەکەی خۆیان،  بۆیە؛ دەرئەنجام  ئەم  خێزانە ئاوارە دەبن، ژیانێکی نوێ دوور لە لادێکەیان  دەست پێدەکەن. دیارە لەوێ  هەنادی کچە گەورەکەیان ڕووبەڕووی گرفتی گەورە دەبێتەوە کاتێک وەک  خزمەتکارێک بۆ ئەندازیارێکی لادێیی کار دەکات و دەبێتە قوربانی پەیوەندییەکی نایاسایی لەگەڵیدا و دوواجار دایکەکە ناچار دەبێت لە ڕێگەی خاڵی کچەکانەوە، بیکوژێت بۆ پاراستنی شەرەفی خێزانەکەیان .

بێگوومان لێرەوە ئیتر  ئەم ڕووداوە ڕێڕەوی ژیانی ئامنە دەگۆڕێت، چوونکە  بڕیار دەدات بەهەر شێوەیەک بێت؛  تۆڵەی خوشکەکەی بکاتەوە بۆیە دەچێتە هەمان ماڵ و شوێن کە پێش وەخت  خووشکەکەی دەسدرێژی کراوەتە سەری لە لایەن ئەندازیارەکەوە و لەوێ خزمەتکاری دەکات کە هەنادی خزمەتکاری لێکردووە، بەڵام ئامنە لەوێ خۆی لە ململانێیەکی ناوەکی نێوان تۆڵە و بەزەیی دەبینێتەوە .

ئەوەی شایانی باسبێت، تەها حوسێن لەناو ئەم ڕۆمانە، داوای دادپەرەوەیمان لێدەکات، هەروەها داوای تێپەڕاندینی ئەوجۆرە نەریتە باوانەمان لێدەکات، کە هەمیشە ژنانی کردۆتە قووربانی .
هەڵبەتە ئەوەی لێرە زۆر مایەی خۆشحاڵیشە بۆ خوێنەرانی ئێمەی کورد، ئەوەیە، کە ئەم ڕۆمانە لەلایەن مامۆستا جەلیل کاکەویسەوە  وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، ئەو  ئەوەندە  بەزمانێکی کوردانە و زیندوو ئیشی لەسەر ئەم ڕۆمانە کردووە بۆ وەرگێڕان، وەک ئەوەی نووسەری ئەم ڕۆمانە کورد بووبێت، ئەوە جگە لەوەی، کە مامۆستا جەلیل کاکەویس جۆرێک لە پەیوەندی لە نێوان کەلتووری ئێمەی کورد و کەلتووری  میسریدا پەی بردووە و ئەویش دەیەوێت وەک تەها حوسێن  ئەم ڕۆمانە هەمان کاریگەری بەسەر دنیا بینی ئێمەوە هەبێت سەبارەت بەوەی چیتر ژنان نەبنە قووربانی نەریتە باوەکانی ناو کۆمەڵگای ئێمە، هەروەها دەیەوێت لەو ڕێگایەوە ئەدەبی میسریمان پێ بناسێنێت، بەتایبەتیش‌ نووسەر و ئەدیبێکی گەورەی وەک تەها حسین. بۆیە لێرەوە دەسخۆشی لە مامۆستا کاکەویس دەکەم ، ماندووبوونی ئەو تووند دەگووشم بە سینەی خۆمەوە و پێی دەڵێم سوپاس مامۆستا گیان .