فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شوێنی ڕاستەقینەی فەلسەفە شەقامە یان زانکۆ؟

 

شوێنی ڕاستەقینەی فەلسەفە شەقامە یان زانکۆ؟

ستێفن ھاوکینگ لەناو بازاڕ دروست نابێت

ئازاد حەمە/ سلێمانی

  ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟

بەشی چوارەمی

 

 

فەلسەفەکردن لە شەقام

 

شەقام، شوێنێکی گشتییە، ئەو فەزایەیە، کە هەمووان بە گشت جیاوازییەکانەوە لە خۆدەگرێت. لەڕووی مێژوویشەوە لە شەقامدا هەردەم کەیس جوڵێنراوە و سوود لە ڕووبەرەکەی بۆ وتنی نەخێر یان بەڵێ وەرگیراوە. بەڵام شەقام بێ لایەن نییە؛ هێزی سیاسی چاوی لەسەریەتی و سەرلەبەری شەقامیش نە ئازادە و نە سەربەخۆ.

بائەوەيشمان بیرنەچێت، کە شەقام(گۆڕەپانی ئاگۆراAgora) شوێنە کۆنەکەی فەلسەفەیە، لەوێڕا فەلسەفەی شەقام هاتە دونیاوە و زۆر شتی هەنووکەییش وروژێنرا و گفتوگۆی لەسەر کراوە؛ دادپەروەری، جەنگ و تادەگاتە بابەتی ڕاستی و باشە و خراپە. مێژووی فەلسەفەيش دەمێکە ئەوەی پێڕاگەیاندووین، شەقام ئەو پانتاییە جەماوەریەیە، فەلسەفە پێویستی پێیيە. سوکراتیش لە شەقام فەلسەفەی دەستپێکرد و هەر ئەوێش بوو کردییە فەیلەسوفی فەیلەسوفەکان. هەرچی ئێمەین نە شەقام و نە هۆڵەکانی زانکۆکانيش توانیان هاوکارمان بن فەلسەفە وەک پەتا بڵاوبکەینەوە.

هەر لەم سۆنگەیەوە ئەوەيش دەڵێین: فەیلەسوف، کە دێتە شەقام، بەدڵنیاییەوە دەبێت ئەوە لە سوکراتەوە فێربووبێت چۆن دەفەلسەفێنێت، چۆن پەیوەندی خۆی لەگەڵ گشت لەوێڕا ڕێکدەخات. هەر فەیلەسوف دەکارێت ئەو پرسیارەيش بجوڵێنێت، کە کێ خاوەنی شەقامە یان شەقامی بەدەستەوەیە؟

فەلسەفەکردن لە شەقام سەرلێشێواوی نییە، فەلسەفەيش بەلاڕێنابات؛ ئەمە بەشداری پێکردنێکی مەدەنییانەیە. بگرە ئەمە دەرەچەیەکیترە بۆ داکۆکیکردن لە فەلسەفە و جەختکردنیشە لە ویست بۆ فەلسەفە؛ ئەو ویستەی فەلسەفە وەک پێویستییەک نمایشدەکات.

فەلسەفە بەخۆی شتێکی سەرپێی و هەڕەمەکی نییە؛ فەلسەفەکاریش بۆئەوەی لە شەقام دا فەلسەفە بکات دەبێت پێشوەختە هەندێک کارزانی و لێهاتوویی لە خۆیدا نەشونما پێدابێت. ئەو کارزانی و لێهاتووییە پێشوەختەیە هاوکاری دەبێت لێزان بێت لە چۆنیەتی ورووژاندنی پرسیار و دۆزینەوەی وەڵام.

هەر لە شەقامدا، لەو حاڵەتەی فەلسەفەی تیادەکرێت، زمانیش جێگای سەرنجە. شەقام زمانی خۆی هەیە. کەواتە فەلسەفە پێویستی بەوە دەبێت زمانێک بۆخۆی لەوێدا داتاشێت. ئەم زمانەيش وا لە گەرووی ئەو شارەزایە لە فەلسەفە، کە دێتە شەقام بۆ هێنانەگۆی خەڵک.

چەمکسازییە فەلسەفییەکان لە شەقامدا دیوی تر وەردەگرن. ئەم شوێنە وەک نێوەندی ئەکادێمیی نییە؛ لەبەرئەوە زەمینەسازییەکانی فەلسەفە لێرە ئامانجی تر دەپێکێت تا هزر لەناو بازاڕ جێگا بەخۆی بگرێت.

کەواتە دەپرسین: کوێ شوێنی ڕاستەقینەی فەلسەفەیە؟ نێوەندی ئەکادێمیی هەروەک شەقام دەکارێت بیری فەلسەفیی بجوڵێنێت و پرسیارسازی خۆی دروست بکات. ڕەنگە زۆرێک پێیان وابێت شەقام ئاستی فەلسەفە دێنێتە خوارەوە. ڕاستە فەلسەفە زمانی تایبەتی خۆی هەیە و ناشێت بەشەقام کرێت، بەڵام بردنی فەلسەفە لە زانکۆوە بۆ شەقام لێزانی دەوێت و کەسی فەلسەفەکار دەبێت بزانێت چۆن فەلسەفە لە خەڵک نزیکدەکاتەوە و خۆشەویستیشی دەکات. هەندێکیش پێیانوایە فەلسەفە لەناو شەقامدا نەشونمادەکات، لەوێ لە خەم و پەژارەیی خەڵک حاڵی دەبێت.

کێ لە زانکۆ فێربوونی فەلسەفە دەدات و بەناو پێچاوپێچی و خواری هزرمان دەبات و تێرامانی فەلسەفیی لە پەژمەرین و سیس بوون دەپارێزێت

 

 

ئەی زانکۆ شوێنێک نییە بۆ دروستکردنی پرسیار؟ بیرکردنەوە؟ باشە کێ لە زانکۆدا  ئەمە بکات؟ زانکۆ  بۆ فەلسەفە هێجگار پێویستە. ئەوێ تێڕامان دەخاتە دۆخێکی دڕدۆنکانەوە؛ توولەڕێیەکانی سەلیقەیی گەڵاڵەبوون بەخۆوەدەبینن و قاڵبوونەوە دەستپێدەکات. لەسەر ئەوەيش وەستاوە کێ لە زانکۆ فێربوونی فەلسەفە دەدات و بەناو پێچاوپێچی و خواری هزرمان دەبات و تێرامانی فەلسەفیی لە پەژمەرین و سیس بوون دەپارێزێت. کەواتە زانکۆ، نەک شەقام، شوێنی گۆڕینی وێنەیە لەسەر فەلسەفەسازیی وەک ئەرکێکی هزریی و دەرفەتیش لەبەردەم فێربوونی فەلسەفەدا دەکاتەوە.

ئەوەی لە شەقام فەلسەفە دەکات، بەدڵنیاییەوە پێویستە پاشخانێکی چاکی ئەکادێمیی هەبێت و ئاشنايش بێت بە مێژووی فەلسەفە. ئەم، کە لەوێ فەلسەفە دەکات، دەزانێت ئێرە شەقامە هۆڵەکانی زانکۆ نییە. ئەوەی لە زانکۆوە دێت بۆ فەلسەفەکردن لە شەقام ئەزموونی فەلسەفەسازی و بیرکردنەوەی هەیە؛ بۆیە بۆ ئەو یەکێک لە ئامانجەکانی فەلسەفەکردن لە شەقام هەر پارچەپارچەکردنی پرسیارە فەلسەفییەکانی فەیلەسوفە مەزنەکان نییە چۆنیەتی کرانەوەيشە بەڕووی پرسیارە سادە و خێرا ڕۆژانەییەکانی هاوڵاتیاندا.

لە گۆشەنیگای زۆرێک لە خەڵکی شەقام(خەڵکی عەوام)، تەنانەت ئەکادێمیش، پێیانوایە، کاتێک نووسینێکی، یان کتێبێکی، فەلسەفیی دەخوێننەوە سەریان ژان دەکات. ئەم سەرە دەبێت چ سەرێک بێت بە خوێندنەوەی شتی فەلسەفیی ژان کات! ناواخنە سەرنجڕاکێشەکەی نووسینی فەلسەفیی ئەوەیە، کە سەرئێشە ناهێڵێت، کەچی ئەمان وەک سەرچاوەی سەرئێشە تەماشای دەکەن. فەلسەفە لەگەڵ دەرکەوتنیدا چارەسەری لەگەڵ خۆیدا هێنا، هەر لەبەر ئەوە زوو خەسڵەتی چارەسەرسازی تێدا دەرکەت.

حەیف لە دەم و کاتێکدا گفتوگۆ لەبارەی جێگۆڕکێ بە فەلسەفەکردن دێنینەپێشەوە، کە زانستگەرایی و زانینی پۆزەتیڤیستی زاڵە بەسەر بیرکردنەوە و ئەوەيش لە هەندێک ڕوەوە هێرشە بۆسەر فەلسەفە و تاوانبارکردنی بەوەی، کە فەلسەفە ئیدی دادمان نادا و بەشێکیشە لە بیرکردنەوەی وڕێناوی و مێتافیزیکیی. واتە ئەم دەمەی ئێستا فەلسەفە کاتەکانی تیا بەسەردەبات دەمی زیرەکی دەستکردە، ئەگەرچی دەمی زیرەکی دەستکرد فەلسەفەی تایبەت بەخۆی دێنێتەکایەوە، لێ ئەم دەمە دەمێکیشە بە ئاسانی لەگەڵ فەلسەفەدا لە کارلێک نابێت.

 

شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد شەقامێکی بێ فەلسەفە نییە

 

بۆئەوەی شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد وەک شەقامێکی بێ فەلسەفە نەبینیین بە چاکی دەزانین بە دوو پرسیار سەرەتای ئەم لقە باسە بکەینەوە: هاتنی تەوژمی زیرەکی دەستکرد باڵ بەسەر فەلسەفەدا دەکێشێت؟ چارەنوسی گفتوگۆ سوکراتیيەکان، کە لە ڕیشەدا گفتوگۆگەلێکی شەقامیین، چییان بەسەر دێت؟ دەکرێت بوترێت، کە زیرەکی دەستکرد سەراپای ئەوەی فەلسەفە، مێژووی هزر، پێیگەیشتووە بەهەدەر نادات و فەلسەفەیەکیش تایبەت بەخۆی دەخاتەگەڕ، کە چەپکە بیرکردنەوەیەکی عەقڵیی پوختە. ئەم زیرەکییە، کە بەرهەمی لۆژیکێکی چڕە، مرۆڤەکانی کۆمەڵگە دابڕاو ناکات لە فەلسەفە و کاریش بۆ بنبڕکردنی فەلسەفە ناکات.

کاتی زیرەکی دەستکرد کاتێکی پوختە؛ ئەم کاتە مرۆڤی پوخت، کۆمەڵگەی پوخت بەرهەم دێنێت. هەر ئەم کاتە داوای جۆرێکی تر لە بیرکردنەوەی فەلسەفیی، پرسیاری فەلسەفیی دەکات. کاتەکە کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی جوداوازی دەبێت و ڕاڕايیەکانی ئەم کاتەيش لە زۆر لاوە لە لەمەوبەری ناکات. چونکە بەهاکان، بوونی مرۆیی تادەکاتە بابەتە ئاکارییەکان بەجۆرێک لەژێرسایەی زیرەکی دەستکرد دا بەرهەمدێن تێگەیشتنی سادە و لاوەکی دەرەقەتی نایەن. کەوابێت، کاتی زیرەکی دەستکرد فەلسەفەیەکی تایبەت بەخۆی پەلەکێشی ناو ئەو کاتە دەکات.

شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد شەقامێکی کلاسیک نییە و هەروەک شەقامەکانی سەردەمەکانی تر دابڕاو نییە لە نیگەرانییە بووناوییەکان. لەبەرئەوە ئەم شەقامە تا بکارێت لە ڕووداوەکانی زیرەکی دەستکرد بدوێت فەلسەفەیەکی تایبەت بەخۆی دەوێت.

 

لەبەرئەوەی زیرەکی دەستکرد جێگرەوەی مرۆڤ نییە بوونی فەلسەفە لەوێندەرێ بێگومانە

 

فەلسەفە لە شەقامی ناوبراودا بوونی پێویستە، تا زانستپەرستی دروست نەبێت و مرۆڤی ژیر نەبێتە پێوانە بۆ مرۆڤی باش، دادپەروەر و مرۆڤ دۆست. بەواتایەکیتر، بۆئەوەی ئەم زیرەکییە مرۆڤ بەرەو کۆیلایەتی زانستیی و کۆمپیوتەرپەرستی نەبات، فەلسەفە شانبەشانی زیرەکی دەستکرد چاودێر دەبێت بەسەر خودی زیرەکییەوە،.

ژێرخانی شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد شەقامێکی بێ فەلسەفە نییە. ئەم شەقامە هەروەک ئەوانیتر چەمکەکانی وەک داد، ئازادی، ئەوینداری، ماف، گەندەڵی و بەختەوەری لا بابەتە. ڕاستە سەردەمی زیرەکی دەستکرد سەردەمی چڕبوونەوەی داتا و زانیاريیە، کە لە ڕێگای کۆمپیوتەر و ئامێرەکانەوە دەگات بە شەقام، بەڵام شەقام لەگەڵ کاتدا نوێنەرایەتی ئەو ئامێرانە دەکات و بەکاریشیان دەبات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی.

لەبەرئەوەی زیرەکی دەستکرد جێگرەوەی مرۆڤ نییە بوونی فەلسەفە لەوێندەرێ بێگومانە. فەلسەفە باوەڕی بە زیرەکی دەستکرد هەیە و کاریشی تیادەکات تا زیرەکی مرۆڤ هۆکارێک بێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو دیاردانەی ڕێگری دەکەن لە ئازادی و ئارامی مرۆڤی کۆمەڵگەی زیرەکی دەستکرد.

زیرەکی دەستکرد بەجۆرێک لە شەقام خۆی دەخاتەڕوو بەهانەی زیاتر دەدات بە فەلسەفە تا پاساو بۆ ماناوەی خۆی لە بیرکردنەوەی مرۆڤی شەقامی زیرەکی دەستکرد دا بهێنێتەوە. ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت، کە فەلسەفەی زیرەکی دەستکرد لە دەرەوەی بواری فەلسەفە نییە، بەخۆی لقێکە لە فەلسەفەی عەقڵ و فەلسەفەی زانستی کۆمپیوتەر. واتە هەماهەنگیی نێوان فەلسەفە و زیرەکی دەستکرد عەقڵە و قەبارەی وەگەڕخستنی عەقڵیش لەگەڵ هاتنی زیرەکی دەستکرد دا زیاتردەکات.

ئەوەيش شایانی وتنە، کە هەرچی بزووتنەوە فەلسەفییەکانە لەگەڵ هاتنی تەوژمی تەکنەلۆژیای زانیاری ڕەوتی فەلسەفییان گۆڕانی بونیادی دێتەسەر، ئەمەيش بەهۆکاری ئەوەی، شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد پڕ زانیارییە و مرۆڤەکانی ئەم سەردەمەيش توانای وتنی خێرا و کردەی خێرایان زۆرە. وێڕای ئەوە، لەم شەقامەدا گفتوگۆی فەلسەفیی بەردەوام دەبێت، بەڵام مرۆڤەکانی ئەم شەقامە بەپێی ئەوەی فرە زانیاریین لە گفتوگۆکانیاندا زۆرتر دەخەنەڕوو و تێڕامانیشیان پتر ئێپیستێمۆلۆژیانە(مەعریفیانە) دەبێت تا پێچەوانەکەی.

مایەوە ئەوەيش بوترێت، کە لەبەرئەوەی لەگەڵ هاتنی تەوژمی زیرەکی دەستکرددا زانین بەگشتی دەکرێت، ئەمە وادەکات زانینی زانستی، کە لۆژیکییە، بەرزترببێتەوە لە کۆمەڵگەکاندا، بە کۆمەڵگەی کوردیشەوە؛ زانینی لۆژیکی لە گشت لایەکەوە هێرش دێنێت و باڵ بەسەر ژیانی سادەی تاکەکاندا دەکێشێت. لەم حاڵەتەدا ئەو جۆرە کۆمەڵگەیەی بەرهەمی زیرەکی دەستکردە لێکسیکۆنی فەلسەفەکەی سەرلەبەر جیا دەبێت.

 

فەلسەفە هی هەمووانە

 

سەبارەت بەوەی فەلسەفە هی هەمووانە ئەمە بەو مانایە دێت، کە خەڵکی گشتی لێی تێدەگات؟ یان بەپێچەوانە؟ فەلسەفە بۆ هەمووان، ئەمە  خەمڵاندن نییە، پێموابێش نییە، شتێکی نزیک لە ڕاستییە. فەلسەفە، کە بەشی هەمووانی تێدایە میراتێکی مرۆیی هاوبەشە و سەرتاسەریشە. بۆیە ئەم میراتە بۆ بیرکاریزانەکان وەک مێژووکرد و رۆماننووسەکان تادەگاتە خەڵکی سادە پێویستە.

دورخستنەوەی فەلسەفە لە کورد پێمان دەڵێت، کە فەلسەفە هی هەمووان نییە. بەڵام تێگەیشتنی فەلسەفە هی هەمووانە، هاوکارمان دەبێت تا ئەوپەڕی فەلسەفە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکانمان بەکاربەرین. ئەوەتا کۆمارەکەی ئەفلاتون پێمان دەڵێت فەلسەفە واتە شار؛ شار بێ فەلسەفە شارێکە گشت دژەکان(بێ دادی، گەندەڵی، نەزانین،  …) تێیدا بەسەر فەلسەفەدا زاڵ دەبن.

ئەوەی لای سەرەوە باسکرا، بەرەو سەرنج خستنە سەر فەلسەفەی گشتییمان Public Philosophyدەبات. ئەم فەلسەفەیە هەر وەک فەلسەفە ئەکادێمییەکە پێویست دەکات بەدەست شارەزایانەوە بێت لە فەلسەفە. لەم گۆشە نیگایەوە، فەلسەفەی گشتی پێویستی بە شیکاری فەلسەفیی هەیە. ئەم شیکارییە خودی فەلسەفە نزیک دەکاتەوە لە زۆرینە، ئەوەيش بەهۆی گفتوگۆکردنی نیگەرانییەکانی تاکەوە. گومانی ناوێت فەلسەفەی گشتی جۆرە تەمومژاوییەک لەگەڵ خۆیدا دێنێت، لێ لەگەڵ کاتدا دەبێت بڕەوێتەوە.

فەلسەفەزانە ڕۆژئاواییەكان لە یۆنانەوە تائێستا كاریان لەسەر ڕوونكردنەوەی واتای فەلسەفیی فەلسەفەکردووە و ئەوەیشیان لە تێگەیشتنماندا بەرجەستەكردووە، كە بەهۆی فەلسەفەوە لەگەڵ جیهان و خۆمان و ئەوەی تردا لە دیالۆگداین. وەکیتریش، دیالۆگە فەلسەفییەکان دیالۆگ گەلێکی هەڵوەشانەوەگەران، یەکدی هەڵدەوەشوێننەوە، ڕەتدەکەنەوە و دواتر ئەوە دەسازێنن، کە پێویستی هزریی مرۆڤە. ئەمە وادەکات، کاتێک فەلسەفە دەهێنرێتە شەقام دەستەواژە فەلسەفییەکان لە  ئاڵۆزیی بخرێن.

دیدی ئێمە بۆ جیهان، كە لەمیانەی مێژووی هزرەوە پێكهاتووە پێویستمان بەوەیە لە ناواخن و لۆژیكی ئەم دیدە بگەین

 

ئەوەی وترا ئەوەمان پێدەڵێت، کە “”فەلسەفە لە كۆمەڵگە كار بۆ دروستكردنی بەها دەكات و ڕێزگرتن لە جیاوازییەكانیش بەهاداردەكات و ڕەوشتی پێكەوە ژیانیش واتا بەخش دەكات. ئەڵبەتە هەر فەلسەفەيشە هەستی ڕەخنەیی سەبارەت بە كێشەی ڕەوشتی، ژیانی ڕەوشتی، ئەركی ڕەوشتی، پرۆسەی ڕوناكبیری و…. هتد دروستدەكات و پرسیاری مرۆڤیش لەسەر مرۆڤ دەورووژێنێت””.

بەپێی تێگەیشتنی لوك فێری Luc Ferry فەلسەفە بریتیی نییە لە “ڕۆشنبیری گشتیی”. دیارە ئەمەیش ئەوە ناگەێنێت مرۆڤەكان هەوڵنەدەن تێگەیشتنیان لەسەر فەلسەفە نەبێت. هۆی ئەمەیش بۆ دوو شت دەگەڕێنێتەوە: لەلایەك لەبەرئەوەی “بەبێ فەلسەفە ناتوانین لە جیهان بگەین”. لەلایەكی تر لەبەرئەوەی “دیدی ئێمە بۆ جیهان، كە لەمیانەی مێژووی هزرەوە پێكهاتووە پێویستمان بەوەیە لە ناواخن و لۆژیكی ئەم دیدە بگەین”. لوک فێری بۆچوونی وایە، کە گومانی ناوێت، خوێندنەوەی كەلەپووری هزری مرۆڤایەتیی یارمەتیی ئەوەمان دەدات باش و سەربەستانە بژیین. “هەندێك لە هزرەڤانە هاوچەرخەكانیش پێیانوایە ئەوان بۆ خۆشی فەلسەفە ناكەن و تەنانەت لەبەرئەوەیش فەلسەفە ناكەن تا باشتر لە خۆیان یان لە جیهان بگەن، بەڵكوو بۆئەوە فەلسەفە دەكەن تا خۆیان بپارێزن”.

 

ستێفن ھاوکینگ بەرهەمی گفتوگۆ زانکۆییەکانە نەک شەقام

 

ستیفن ھاوکینگ Hawking لە بازاڕ دروست نابێت؛ ئەم بەرهەمی زانکۆ و توێژینەوە پڕ دژوارە فیزیاییەکانە تایبەت بە گەردوونناسی. بۆیە لێرەدا دەپرسین: دەتوانین گفتوگۆ گەردووناوییەکانی ھاوکینگ ببەینە ناو بازاڕ؟ بەڵێ بەو مەرجەی وردەکارییە ئێپیستێمۆلۆژییەکانی(مەعریفییەکانی) فەلسەفە فیزیاییەکەی دەستکاری نەکەین. گەر وابێت ئەوا ئەو جۆرە گفتوگۆیە تێنەگیشتن لە شەقام دروست دەکات، ئەوەيش لەوسەرەوە بێزاری دروست دەکات.

بازاڕ لەگەڵ تێنەگیشتن پەیوەندی باش نییە و  بیرکردنەوەی تریش لە تێنەگەیشتنەکانەوە دروست ناکات. ئەی چی بکرێت؟ باشترە فەلسەفەی فیزیای هاوگینگ لە درشتیا جێهێڵرێت بێ چوونە قوڵاییە گەردووناوییەکان. واتە دەبێت بزانرێت چۆن گفتوگۆکان بەرەو ئایین، مرۆڤ، بوونی خوا دەبرێت.

لە بازاڕ، هەردەم گفتوگۆ لەسەر باشە و خراپە، دیندار و بێ دین، داد و بێ دادی، ئیماندار و بێ ئیمان، بەڕەوشت و بێ ڕەوشت ئامادەبوونی خۆی هەیە. بۆیە دەبێت بزانرێت چۆن گفتوگۆی نێوان فەلسەفە و فیزیا دەهێنرێتە ناو شەقام.

بازاڕ بازاڕە، پێوەری تایبەت دەیباتەڕێوە. ئەگەرچی زانکۆ ئەمڕۆ خەریکە ملکەچی بازاڕ دەبێت و گوێ لە داواکانی دەگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەيشدا، لەکۆتایدا، هەر زانکۆ دەبێت سنور بۆ قەڕاڵستانی بازاڕ دانێت و کار لەسەر بەمرۆیی بوونیشی بکات.

بیردۆزە فیزیاییەکانی ھاوکینگ سەبارەت بە یەزدان و ڕەچەڵەکی گەردوون لە شەقام وەک خۆی جێگای خۆی ناکاتەوە، چونکە ئەو بیردۆزانە پێویستی بەجۆرێک لە ڕووناکبیریی فیزیاییە، کە لە شەقامدا دەست ناکەوێت.

ڕاستە، کە ئێمە داکۆکی دەکەین لە دروستکردنی گفتوگۆی فەلسەفیی سەبارەت بە فیزیا، کە ئەوانەيش دەمانبەن بەرەو دەڤەری تر لە گفتوگۆ، کە ڕەنگە ئەو هەلومەرجە لە بازاڕ(شەقام) دەست نەکەون، بۆیە دەبێت خۆمان لەو ڕاستییە گێل نەکەین، کە شەقام زانکۆی ئۆکسفۆرد و کامبریج نییە، شەقام شەقامە و هیچیتر. هەر بۆنموونە، گەردوون، کە سیستمێکی ئاڵۆز و ناهەڕەمەکیی و ناشێواوە،  لەناو بازاڕ بەو ئاڵۆزییە گفتوگۆ ناکرێت، کە لە نێوەندی ئەکادێمی فیزیادا گفتوگۆ دەکرێت.

بۆیە دەبێت خۆمان لەو ڕاستییە گێل نەکەین، کە شەقام زانکۆی ئۆکسفۆرد و کامبریج نییە، شەقام شەقامە و هیچیتر

 

تێگەیشتنەکانی ھاوکینگ، کە زۆرجار دەمانبات بەرەو بەستنەوەی دۆزەخ و بەھەشت بە بوون و نەبوونی یەزدانەوە، ناکرێت لە بازاڕدا ئەو گفتوگۆیانە بەو جۆرە سازبکرێت، کە فیزیای هاوچەرخ لە زانکۆ کاری تیا دەکات. بەڵام ئەمە ئەوەيش ناگەیێنێت، کە زانکۆ توانیویەتی ئەو جۆرە بیرکردنەوانە بنبڕ بکات، کە لە بازاڕ دا جمەی دێت.

شەقام شپرزە و قەرەبالغە، بەڵام هێشتا بیرکردنەوەی تیایە. ئەو بیرکردنەوەیەی لە شەقام دا هەیە تایبەتمەندی خۆی هەیە. شەقام وەک زانکۆ نییە، ئەوێ شوێنی ململانە ڕۆژانەییەکانە لەپێناو بژێوی ژیان. لەوێ پرسیاری تر بەرهەم دێت، کە لە هۆڵەکانی زانکۆ دروست نابێت. هەروەها کێشەکانی شەقام ڕەسەنترن و نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆی ژیان دەکەن، و توانای جوڵانەوەی پرسیاری سیاسی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیشیان هەیە.

 

 

بردنی فەلسەفە لە هۆڵەکانی خوێندنەوە بۆ سەر جادە

 

لە شەقام لە پرسیارە فەلسەفییە قووڵەکانەوە دەچین بۆ پرسیارە فەلسەفییە سادەکان. بەڵام لە زانکۆ لە پرسیارە فەلسەفییە قووڵەکانەوە دەچین بۆ پرسیارە فەلسەفییە دژوار و گومڕاکان. بۆنموونە، تێگەیشتن لە ئارگیومێنتە فەلسەفیيەکان دژواریی خۆی هەیە؛ ئەمە لە هۆڵەکانی زانکۆ ئاساییە تێنەگەیشتن دروست بکات، بۆیە گواستنەوەی بۆ شەقام سەلیقەیی و کارزانیی دەوێت.

لەبەرئەوە شەقام بۆ ئەو تێگەیشتنە بەکاردەبرێت، کە چۆن فەلسەفە بتوانێت ژیانت بگۆڕێت، وات لێ بکات چێژ لە ژیانکردن وەرگریت. واتە دەکرێت لە شەقام ئەو تەماشاکردن و تێگەیشتنە لەسەر فەلسەفە دروستکرێت، کە فەلسەفە بۆ ئێمەیە و لە ناو چەقی ژیاندا ئامادەیە. ڕوونکردنەوە ئەگەرییەکانی تر، کە بابەتی سەرەکیی فەلسەفەن باشترە لە نێوەندی ئەکادێمییدا بورووژێنرێت، کە لەوێدا ئاساییە ئەو کێشە فەلسەفییە سەرەکییانەيش لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت، کە بۆ فەیلەسوفەکان ماناداربوون.

بەپێی ئەوە بێت، کە لای سەرەوە قسەی لەبارەوە کرا، شەقام زانکۆ نییە، لێ شوێنێکی چاکیشە بۆ جوڵانەوەی پرسیاری فەلسەفیی تایبەت بە ژیان: یەزدان، ڕاستی، داد، شادی، ، چێژ، قەدەر، بەختەوەری، درۆ و….. . لەبەرئەوەی ئەم چەمک و دەستەواژانە هی هەمووانە ساناترە گفتوگۆکردنیان لەچاو هەندێک چەمک و زاراوەی تر: ڕەچەڵەکی گەردوون، مانای نائاگایی بۆ ئاگایی، دەرئەنجامی زانین، بەڵگەسازیی، دیالۆگی دەروون و عەقڵ و پاساوی لۆژیکیی و….. .

لەوەی لای سەرەوە وترا، دەبێت ئەوەی لێوە فێربین، کە بەدواداچوون بۆ مێژوو و نەشونمای دیدە فەلسەفییەکان لە جیهانی ڕۆژئاوادا بۆ نێوەندی زانکۆ پێویستییەکی هزریی و زانکۆییە، لێ ئەمە بۆ شەقام ئەو پێویستە نییە، یان هیچ نەبێت چوونە قوڵایی دیرۆکی لەمێژینەی فەلسەفەی رۆژئاوا بۆ شەقام ئەو گرنگە نییە و ورووژاندنیشی ناتێگەیشتن دروست دەکات.

فەلسەفە، کە دێتە شەقام، لەسەر دەستی شارەزا و پسپۆر لە فەلسەفە، ئەوکات زۆرتر لە خەڵک، لە جەماوەر نزیک دەبێتەوە

 

گواستنەوەی فەلسەفە لە زانکۆوە بۆ شەقام گرنگیی خۆی هەیە، بەڵام ئایا بەوە فەلسەفە پێگەی ئەکادێمیی و ڕوناکبیریی خۆی لەدەست دەدات؟ ئەڵبەتە نەخێر. فەلسەفە، کە دێتە شەقام، لەسەر دەستی شارەزا و پسپۆر لە فەلسەفە، ئەوکات زۆرتر لە خەڵک، لە جەماوەر نزیک دەبێتەوە. ئەمە ڕێگایەکیشە بۆئەوەی پرسیارە فەلسەفییە مەزنەکان ڕووبەڕووی خەڵک بکرێنەوە و بەشداریشیان پێبکرێت بۆ دۆزینەوەی وەڵام و ورووژاندنی بیرکردنەوە.

ڕێگاکە، باشترین ڕێگایە بۆ زیندوو هێشتنەوەی فەلسەفە و نزیککردنەوەيشی لە ژیان. بەمە فەلسەفە لەوە دەکەوێت وشک و توند دەرکەوێت و خۆی سەرووی کۆمەڵگە نیشان بدات. هەر ئەم ڕێگایە گەڕانەوەی فەلسەفەیە بۆ سەرەتاکانی دەرکەوتنی فەلسەفە و کردنیشی بە بەشێک لە تێڕامانی بەردەوام.

کاتێک فەلسەفە تەنها لە هۆڵەکاندا گیردەکرێت، ئەمە وا لە فەلسەفە دەکات خۆی دابڕاو و دەستەبژێریی نیشان بدات. بۆیە فەلسەفە پێویستی بەوەیە لە هۆڵەکان وەدەرنرێت و تاو تاوێک بچێتە شوێنە گشتییەکان (پاڕک، گۆڕەپان،قاوەخانە، … ) و ئەو بابەتانە گفتوگۆ بکات، کە کێشەی رۆژانەی هاوڵاتیانن؛ لە کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە تادەگاتە کێشە رەوشتی و دەروونی و بووناوییەکان.

بە بردنی فەلسەفە لە هۆڵەکانی خوێندنەوە بۆ سەر جادە فەلسەفە ئەو بەرگە تووڕ دەدات، کە بەزۆرکراوە بەبەریا؛ بەرگێک، کە هەمیشە پێمان دەڵێت فەلسەفە وشک و ئاڵۆز و ڕەقە.

ئەم هاتنەسەر جادەیەی فەلسەفە وا لە فەلسەفە دەکات وەک هی هەمووان تەماشا بکرێت، وەک ئەوەی فەلسەفە ئەوەیە، کە پێویستمانە و دەتوانێت قسەمان لەسە ربکات. تا وای لێدێت وردە وردە فەلسەفە خۆی دەکات بە گشت شوێنێکی ژیانمان؛ ناو خێزان، کتێبخانەکان، قاوەخانە کولتووریی و باخ و شوێنە گشتییەکانیتر.

وێڕای ئەوە، کاتێک فەلسەفە لە هۆڵی وانە و سێمینارەوە دێتە شەقام خۆی پتر دەناسێنێت و زۆرتر لەسەر خۆی دێتەگۆ. فەلسەفە، کە ناسراوە بەوەی گفتوگۆی شتی جیاواز دەکات، لە شەقامەوە دەست دەکات بە رووژاندنی گفتوگۆی نوێ و پێویست.

بابەتەکانی شەقام دەکرێت خۆی لە بابەتگەلی وەک تەنهایی، ئازادی، بێدەنگی، خەمۆکی، بەختەوەری، بێهیوایی و بێباکی و زۆرێک چەمک و دەستەواژە بدات، بەڵام ئەوانەی کۆری سەرشەقام رێک دەخەن دەبێت لە مێژووی هزر و فەلسەفە شارەزابن و توانای روونکردنەوە و ڕاڤەی دیاردەکانیان بە سەلیقەیی و سانایی هەبێت.

بردنی فەلسەفە لە هۆڵەکانی خوێندنەوە بۆ سەر جادە جێ پەنجەی زانکۆ، نێوەندی ئەکادێمیی، بە شەقامەوە دیار دەبێت. بەو مەرجەی پسپۆر لە فەلسەفە توانای جوڵاندنی پرسیارەکانی شەقام و نیگەرانییەکانی خەڵکی هەبێت. لەم بارەیەيشەوە ئەزموونی فەیلەسوفی فەرەنسی میشێل ئۆنفرێ Onfray و روناکبیری ئەمەریکی ئیان ئولاسۆڤIan Olasov سەبارەت بە فەلسەفەکردن لە شەقام جێگای باسن.

کاتێک فەلسەفە لە هۆڵەکانەوە بەرەو شەقام دەبەین گرنگ لەوە بەئاگابین، کە بابەتی فەلسەفە زۆرن. ڕەنگە بەشێکییان ئەوانەبن، کە ڕۆژانە ڕێکەوتی دەکەین

 

کاتێک فەلسەفە لە هۆڵەکانەوە بەرەو شەقام دەبەین گرنگ لەوە بەئاگابین، کە بابەتی فەلسەفە زۆرن. ڕەنگە بەشێکییان ئەوانەبن، کە ڕۆژانە ڕێکەوتی دەکەین: داد چییە؟ بۆ دادپەروەری دەبێت هەبێت؟ زانین چییە؟ ئەڤین یان جەنگ چییە؟ باشە یان خراپە چییە؟

کێش لەوێ، لە شەقام، قسە لەم پرسیارانە بکات و چۆن فەلسەفەکردن لە شەقام بکرێت ئەوەيش بابەتن بۆ بیرکردنەوە. واتە پرسەکانی ڕۆژ پێویست دەکات زووزوو فەلسەفەیان بە سەرەوە بکرێت. بەس لەسەر ئەوە وەستاوە کێ ئەوە دەکات؟ لەبارەی پرسەکانی ڕۆژیشەوە دەبێت جیاوازی بکرێت لەنێوان ئەوانەی سەبارەت بەم پرسانە چەنەلێدەدەن، زۆربڵێی دەکەن و ئەوانەيش حیکمەت دەفەرموون.

بەڵگەيشمان لەسەر بردنی فەلسەفە لە هۆڵەکانی خوێندنەوە بۆ سەر جادە ئایاری 68 ی پاریسە، کە لە سەردەمی نوێی فەلسەفەدا باشترین نموونەیە لەسەر فەلسەفەککردنی شەقام. بیرمەندە فەرەنسییەکان ئەو دەمە خۆیان و خوێندکارەکانیان هاتنە سەر جادە بۆ دروستکردنی فشار و هێنانەکایەوەی گۆڕانکارییە بنەماییەکان. ئەمەيش وایکرد لەدوای خەباتی شەقامی ئایاری 68 ی پاریسەوە فەرەنسایەکی تر لەدایک بێت.