فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کورد کات، کارەسات : تێکچنراوییەکی تڕاژیک و پێشمەرجێکی ئانتۆلۆژیک

  کورد کات، کارەسات : تێکچنراوییەکی تڕاژیک و پێشمەرجێکی ئانتۆلۆژیک ( ئاماژە بۆ سووتانی دارستانەکانی کوردستان و شەهیدبوونی کۆڵبەری کورد و …) 

یادداشت : عەبدولقادر نیازی/ شاعير و ڕەخنەگر / مەهاباد

کورد، کات، کارەسات… سێ کوچکەی ئەو مێتافیزیکەن کە بە فامی هەستەکی و بەدەر لە یەکتر ناناسرێن. دە ڕاستی دا، تێکچنراویی کورد و کات و کارەسات، تێهەڵکێشێکی مێتافیزیکین و پەیوەستن بە فامێکی مێتافیزیکیش نەک پەتی و داماڵڕاو لە ناسین و مەعریفە. بەو پێیە تا ئەو کاتەی چەمک و مژاری کورد نەک وەک کۆمەڵگا بەڵکوو وەک دیالکتیک و کردەی نمادینەوە نەکەوێتە بەر خوێندنەوە، لە بنەڕەت ڕا پرسێکی پەتی و ڕووتەڵە و دەرهەستە و هاوکات بارمتەی ساحەی واقعیشە. مەرجدارییەتی کات و کارەسات و شوێن لەو ڕوەوە، پەیوەستە بە بوونی کورد وەک دیالکتیک کە دە ئاکام دا بە نەتەوە کۆتایی دێ. دەو دۆخە کڕۆنۆپۆلێتیکاڵەدا، شوێنـ/کاتی کورد، فۆڕم و ڕۆاڵەت و واقعی ئەو ڕووداوان کە بە سەری دێن و هاتوون. وەک ڕووخانی کۆمار، وەک کۆمەڵکوژی وەک شەهید کرانی کۆڵبەر و هەروەها ئاگرنانەوە دە سروشتی کوردستاندا و دەیان ڕووداوی تر کە بە تێکڕایی پتر لە ئەویتری دەرەکی لە هۆی دەرەکی سەرچاوە دەگرن و وەک کردەی واقیع خۆ دەنوێنن. شەڕی مان و نەمانی کورد دەو بەستێنەدا نەک لە گەڵ دیاردەیەکی فیزیکی و داتاشراو و بەرساختە کە لە گەڵ ساحەی واقیعە. لەو گۆشەنیگایەوە، بوونی کورد بوونێکی تڕاژیکە بە هۆی ئەوەی کە ڕووداو دە شوێنـ/کاتی کورد دا، هەم فۆڕمە هەم ناوەرۆک. شوێنـ/کات و ڕووداو وەک دوو فۆڕمی تێهەڵکێشراو و ئینزمامی و لکاو نەک ڕەها و بێ بەربەست، پەیوەستن بە بوونی کورد وەک بوونێکی ئانتۆلۆژیک. بە واتایەکی تر بواری ئانتۆلۆژیک و بوونناسانەی شوێنـ/کاتی کورد بە لکاوێتی ڕووداو، هیچکات لە بوارێکی تۆتۆلۆژیک و ئەم ئەویدی کراو، بەدەر نەبووە. لەو ڕووەوە کورد هیچکات نە پاشکۆی مێژوو و کاتمەندی بەڵکوو پێشەکی و پێشمەرجێکی تەواو ئانتۆلۆژیک و بوونناسانە بووە. مێژوویی بوون و هاوکات پێشمەرجی بەستێنی مەعریفــ/مێتافیزیکی کورد نە وەک کۆمەڵ یا نەتەوە بەڵکوو وەک مژار و بابەتێکی پڕۆبڵماتیک و دە پێش دا ئامادە، پەیوەستە بە شێوازی ناسینی کورد. ئەگەر ناسین و فامینی کورد سەبارەت بە شوێنـ/کات، ناوەرۆکێکی بەرهەست و مێتافیزیکی نەبێت، پڕۆسەی کوردبوونیش ناتوانێ لە دەرەوەی مەعریفەی بۆش و دەرهەستانەدا خۆی بدۆزێتەوە. ئەوە هەمان دۆخی ئاوارتەیە کە زۆر جار داوێنگری کورد بووە. عەقڵییەتی تێک تەنینی ئاگاییـ/خودئاگایی، ئەو عەقڵییەتەیە کە خاسییەتەکانی “دیالکتیکی کورد” وەک پرسێک کە داڕشتی مەعریفی لە ئەستۆیە دەردەخا. لەو دیالکتیکەدا، عەقڵی کوردی چەسپاو بە ئاگایی کورد بێ ئەوەی کورد وەک عەقڵییەت، ناکۆک بێ لە گەڵ ئەو بوارە تڕاژیکەی تا ئێستا تێیدا ژیاوە. بایەخی خودئاگایی کورد وەک نەتەوە، بریتییە لەو قۆناخەی خودئاگای تڕاژیکی سۆبێکتی گشتی کورد لە ئازادی گرێ بدا. ئازادی نەک وەک پچڕانی پێوەندی لە گەڵ تڕاژدی بەڵکوو نۆڕمالیزە کردنی تڕاژدی و ژیانەوە لە گەڵ لۆژیک و عەقڵییەت و کردەدا. عەقڵییەت لەو شوێنـ/کاتەدا خۆی ماکی تڕاژدی و بوون تەوەرییەکی تڕاژیک/دیالکتیکە.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

سەرچاوەکان :

 

اخرین وسوسە متافیزیک(الهیات سیاسی در افق فلسفە سیاسی)/اسماعیل نوشاد/نشر نقد فرهنگ/چاپ اول/تهران1403 دیالکتیک انضمامی بودن( بررسی در مسالە انسان و جهان/کارل کوسیک/ترجمە دکتر محمود عبادیان/نشر قطرە/چاپ اول/تهران1386 دیالکتیک رهایی(هگل، فروید، فانون)/استفان برد پولان/ترجمە پرویز شریفی و دیگران/نشر گام نو/چاپ اول/تهران1403