فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کتێبی (شاعیر وشەناسی شتناسە)ی غازی حەسەن

کتێبی (شاعیر وشەناسی شتناسە)ی غازی حەسەن

 

لەم کتێبەدا نووسەر دەڵێت:

یەکەم: هیچ مەرج نییە ئەو نموونە شیعرییەی لە شاعیرێک بۆ ئەم لێکۆڵینەوە وەرگیراوە، گشتاندن بێت بەسەر تەواوی ئەزموونە شیعرەکانی هەمان شاعیر، ڕەنگە لەم دەقە شیعرییە لەبەکارهێنانی وشەدا وەکو پیرەوشەیەک گۆپاڵی دەستدابێتێ، ڕەنگە وەکو گەنجێکی خورتیش بەرەو بەرزترین لوتکەی بێ وەستان بچێت.

دووەم: ئەم لێکۆڵینەوەی ئێمە ڕەخنە و پلار و نزمکردنەوەی ئاست و ئەزموون و تێگەیشتن و توانا و نێوبانگی هیچ شاعیرێک نییە، وەکو مەبەستیشمان پیاهەڵدان و بەرزکردنەوەی هیچ کەسێکیش نییە. ئێمە لە ڕوانگەی بەزانستی تێڕوانین و خوێندنەوەی زمان و بەتایبەتی “بەکارهێنانی زمان/ وشە” بەپشت بەستن بە تیۆری “کردە قسەی جۆن ئۆستن”ە، کە بەشیاوم زانیوە لەم بەکارهێنانی زمانە لەنێو دەقە شیعرییەکان دەتوانین شیکاری هەندێک بواری زمانەوانی و بەکارهێنانی بکەین، نەک خودی کەسایەتی شاعیر، چونکە پێم وایە بەکارهێنانی زمان لەخودی زمانەکە گرنگترە لە بەرهەمهێنانی گوتاری دەق. لەتەک ئەوەشدا سەرنج لە شتەکانی نێو دەقەکە و شتەکانی نێو وشەکان دەدەین.

سێیەم: هیچ شیعرێک، یان شاعیرێکم بە بڕیار و بۆچوونێکی پێشوەختە و بە مەبەستی دیاریکراو هەڵنەبژاردووە، لەئەنجامی خوێندنەوەی ڕۆژانە، لە فەیس بووک و ماڵپەڕە ئەلەکترۆنییەکان بەڕێککەوت ئەم دەقە شیعریانەم خوێندۆتەوە و وەرمگرتوون. من باسی شێواز و تەکنیکی نووسینی شیعرەکان ناکەم، چونکە هەندێکیان پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە، شیعر  لە کارگە دروست ناکرێت (هەست و نەستە، وەستاکارییە بە وشە و وێنای زهنی) ئەمەش کارێکی زێدە قورسە. لەتەک (فۆرمەکە)، (نێوەڕۆک و مانا و مەبەست و پەیام و گوتار)ی هەیە، هاوسەنگ و پێکهێنەر و خوێن و پیستەن بۆ یەکتر.

 

چوارەم: هەندێک شیعریان وەکو هەڵوێست نووسیوە، گوێیان بە هونەری نووسینی شیعر نەداوە، ئەمەش وایکردووە لە بەکارهێنانی وشە و شتەکاندا هیچ شارەزایی و ماناسازیی و قووڵبوونەوەیەک بەکارنەهێنن. واتە ئەگەر شیعریشیان نووسیبێت شیعرەکانیان هونەریی نین، قسە ڕێزکردنن، لەتک نووسینەوەی هەستەکانی خۆیان.

 

خشتەی بەکارهێنانی دەقی شاعیرەکان:

 

ئەو شاعیرانەی هەر بەڕێککەوت لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆژانە لەم ماوەیەدا، لەکاتی بیرکردنەوە لەنووسینی ئەم بابەتە کەوتنە نێو سێرەی تێڕوانین و لێکدانەوەم و بێ مەبەست و بڕیاری پێشوەختە لەم شیکردنەوە زمانەوانییە سوودم لێوەرگرتوون، ئەگەر نا شاعیری دیکەی بەتوانا و خاوەن ئەزموون کارا لە بەکارهێنانی وشە هەن. دوور نییە ئەگەر دەرفەت و مژولی ژیانی ڕۆژانە دەرفەتم بدەن، لەبەشێکی دیکە شاعیری دیکە بەسەر بکەمەوە.

شاعیرەکان کە ژمارەیان (٣٨)ە  ئەمانەن:

 نالی، حاجی قادری کۆیی، شێخ ڕەزا، فایق بێکەس، مەحوی، هێمن.

فەرهاد شاکەلی، لەتیف هەڵمەت، جەلال بەرزنجی، عەبدوڵڵا پەشێو، ئیسماعیل بەرزنجی، دڵشاد عەبدوڵڵا، قوباد جەلی زادە، موحسین ئاوارە و جەلال مەلەکشا، فەرهاد کەریم، هەژار عوسمان، زانا خەلیل، ڕەسول سوڵتانی، ڕۆژ هەڵەبجەیی، ئەنوەر مەسیفی، عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا، ستیڤان شەمزینی، حەمە عەباس،  خالید شەیدا، ڕەزا حەمە ، قاسم شێروانی، نوری بێخاڵی، هۆشەنگ شیخ موحەمەد، زێنەب یوسفی، حەمەسەعید حەسەن، دلاوەر قەرەداغی، بێکەس حەمە قادر، عیسا حوسین، ستار ئەحمەد، بەشدار سامی، ئارام ساڵح،  ساڵح بێچار.

 

 

بۆ خوێندەوە و داونلۆدی ئەم کتێبە کلیکی ئێرە بکە:

شاعیر وشەناسی شتناسە