فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

یەکەم ڕۆمانی کوردی (شڤانی کورد) ئاوڕدان و پێداچوونەوە

یەکەم ڕۆمانی کوردی (شڤانی کورد)

ئاوڕدان و پێداچوونەوە

دیمەن عەبدوڵلا/ نووسەر و لێکۆڵەری ئەدەبی/ سلێمانی

راستە هزر و فەلسەفە دەرخستنی زانست و ئەدەب و هونەرەکانە. بۆیە ئەگەر بیر بکەینەوە و تۆزێک بگەڕێینەوە دواوە، وەک ئاوڕدانەوەیەک بۆ مێژوو، ڕەوش و ژینگەی سەرهەڵدانی ژانرەکانی ئەدەبی و هونەری و بواری رێکخراو و پارتەکان بەرچاومان دەکەوێت. دیارە ئەمەيش ئیشارەتێکمان دەداتێ، کە هۆشیاری ئەو سەردەمانە و ئێستا وەک بەڕاوورکردنێک لە نێوان تەکنیک و ناوەڕۆکی تێکستەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ و رەنگدانەوە لەسەر پەروەردە و پێشکەوتنی تاکی کورد چۆنە. لێرەوە ئەگەر تەماشای پەیدابوونی رۆژنامەی “کوردستان/ 1898” لە قاهیرە، چیرۆک “فوئادێ تەمۆ/ 1913″، عەبدولرەحیم رەحمی هەکاری، شانۆگەری “مەمی ئالان/ 1919″، کۆمەڵەی تەعالی کوردستان/ 1919، دامەزراندنی “کۆمەڵەی خویبوون/ 1927” لە لوبنان و هەڵبەستی ئازاد لە لایەن “قەدریجان/ 1932” و دامەزراندنی “پارتی هیوا/ 1939”. هەموو ئەمانە، بوونە دەروازەیەک بۆ گۆڕانکاری لە بواری ئەدەب و هونەر و سیاسەت و رێکخراوەکاندا.

دیارە ژانری ڕۆمان لە ئەوروپا، دوای کۆمەڵێک رێنیسانس، رێفۆرم و شۆرش لەسەر بنەمایەکی تەندروست پەیدابووە. لەبەرئەوە، ڕۆمان لە ئەوروپا قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگە و کۆمەڵە زانست، هزر و فەلسەفە، بەردەوام بووە. ئەوەيش وایکردووە، کە پێشکەوتنی تەکنیک و ناوەرۆکی ڕۆمان، هەماهەنگ لەگەڵ پێشکەوتنی ئاستی کۆمەڵگە بێت. ئەگەر پەیدابوونی ژانرەکان، وەک ئاوێنە ڕەنگدانەوەی پێشکەوتنی کۆمەڵگا بێت، ئەوە لێرە پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئایا پەیدابوون و سەرهەڵدانی ژانرەکانی بواری ئەدەبی، هونەری، رێکخراوەکان و سیاسی، رەنگدانەوەی پێشکەوتنی کۆمەڵگای کوردی بوون؟!

بەپێی سەرچاوەکان، تا ئێستا یەکەمین ڕۆمانی کوردی بەناوی (شڤانێ کورد یان شوانی کورد)ە، کە ئەم ڕۆمانە لە گەرمەی باردۆخی سیاسی (دەرەبەگایەتی، بورژوازی و بزوتنەوەی چەپ)، ئەو سەردەمە سەریهەڵدا. هەروەک چۆن حەلیم یوسف دەڵێت: ڕۆمانی کوردی گرێدراوی سیاسەت بووە. هەر لە یەکەمین ڕۆمانەوە سەیر بکەین تاوەکوو (پێشمەرگە/ 1961)ی ڕەحیمی قازی و (ژانی گەل/ 1956)ی ئیبراهیم ئەحمەد و چەندانی دیکە ئەم مەبەستە دەردەخات. ڕۆمانەکە، کە هەموو کێشە و گیروگرفتەکانی کورد دەخاتە بەردیدەی ئێمە، هەر لە کێشەی دەرەبەگایەتی بگرە و تاکوو دەگاتە کولتوور و دابونەریتی کۆمەڵگای کوردی بە درێژایی ئەم ماوەیە. دیارە ئەم ڕۆمانە، لەساڵی 1930 نووسراوە، بەڵام ساڵی 1935 بڵاوکراوەتەوە و تاکوو ئێستا، کەوا بەرەو 2025 دەڕۆین، ئەم کێشانە لە نێو کۆمەڵگای ئێمەدا خۆی دووبارە دەکەنەوە.

پرسیارە قورسەکە لێرە ئەوەیە، بۆچی کورد نەیتوانیوە لە ڕوانگەی ڕۆمانەکان کەشوهەوایەک بڕەخسێنیت یان کۆمەڵگا بە جۆرێکی دیکە ئاراستە بکات؟ مەگەر ڕۆمان و بوارەکانی تری ئەدەبی و هونەری و سیاسی کوردی، هیچی نەکردووە. یان ئەگەر بەشێوەیەکی تر بپرسین ئایا کەمتەرخەمی تاکەکانی ئێمەیە، کە ئێمە ئەم تاک و رەوشەمان بەرهەمهێناوە؟ ئەگەر بەراورد بکەین، لەگەڵ ڕۆمانەکانی جیهاندا، کە یەکەم ڕۆمانی ئەوروپی (دۆنکی شۆت/ 1605) سێرڤانتس گۆڕانکاری و کاریگەری خۆی بەسەر جیهاندا جێهێشتووە، چونکە لەو قۆناغەدا، کە ئیتر شار بەواتای شار هاتە بوون، بوار و قەوارەی شیعر، نەیتوانی جیگەی ئەم هەموو کێشە و گیروگرفتەکانی ژیانی شار دەرببڕێت. بۆیە ڕۆمان توانی، ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە و کۆمەڵگا ئاڕاستە بکات. راستە ئەگەر سەیر بکەین، شڤانی کورد زۆر شتی خستۆتەڕوو بە مەبەستی گۆڕینی ئاراستەی کۆمەڵگا لە کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو بۆ کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو، بەڵام ئێمەی کورد لە شوێنی خۆماندا ماوینەتەوە، چونکە تا ئێستا ئاراستەی کۆمەڵگا بەو شێوەیە، کە ئازادی تاکەکەسی نیيە و تا ئێستا ژن کوشتن و شیربایی و بەزۆردانی بەشوو …هتد هەیە. لە هەمووی گرنگتر، ئایا شار بەواتای شار لە نێو کۆمەڵگای کوردیدا دروست نەبووە؟ بەو واتایەی کە هەیە، چونکە شار فرە دەنگی و فرە ڕەنگی و هەموو بیروڕا جیاوازەکان و هەموو دینەکان و ئەقڵ و مەدەنيیەت دەگرێتەوە. لێرەوە ئەگەر سەرنج بدەین، گۆڕانکاریەکی زۆر کەم  لە سیستەمە جیاوازەکانی وەک دەسەڵات، ئابووری و ڕۆشنبیری کراوە. سەرەڕای ئاشنابوونی ئێمە بە ئەزموون و فەلسەفەی وڵاتانی پێشکەوتوو و بوونی تەکنەلۆژییا، بەڵام لەسەر بنچینەی سیستەمە کۆنەکەیە. واتا ڕەگ و ڕیشەکەی، هەروەکوو خۆی ماوەتەوە، لەبەرئەوە نەتواندراوە کارتێکردن بە شێوەیەکی پێویست لە تاکی کورد بکات.

دیسان ئەگەر سەرنج بدەین، وڵاتانی پێشکەوتوو هەنگاو بەهەنگاو، یاخود قۆناغ بە قۆناغ چوونەتە پێشەوە. دوای کە محەمەد فاتح قۆستنتینیەی لە ساڵی/ 1453 داگیرکرد، ریفۆرمی مارتن لوتەر/ 1517، شۆرشی کۆپێرنیکوس (رۆژ ناوەندی گەردوونە، نەک زەوی!) ئەمانە هەمووی، گۆمانێکی گەورە لە ناو خەڵکی ئەوروپی دروستکرد. ئەمەيش رەنگیدایەوە لە سەر بەرهەمەکانی نووسەرانی ئەوروپی بۆ نموونە، سەرەتا شەکسپیر هات لە شانۆگەری هاملێتدا وتی: (من هەم یان نیم/ 1599 ــ 1602) لێرەدا گومان دروستبوو. دیارە هەبوونی گومانیش، تاکەکان والێدەکات بیر بکەنەوە و زیاتر هزری خۆیان بخەنە گەڕ بۆ گەیشتن بە و بیرو ئایدیایەی دەیانەوێت بە لۆژیک پێێ بگەن. دواتر دیکارت هات وتی: (من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم). لیرە دەبینین، هزرمەندان رەخنەی توند لە کۆجیتۆی دیکارت گرت، چونکە دەبێت یەکەم جار مرۆڤ هەبێت، ئەوجا بیر بکاتەوە. واتا لە نەبوون مرۆڤ چۆن دەتوانێت بیر بکاتەوە. بەواتایەکی دیکە، بوون ئینجا هزر و فکر لێرەدا و شتەکان ڕەوتێکی دیکەیان وەرگرت و چوونە قۆناغێکی دیکەوە. دیسان مارکس هات لە بواری بایۆلۆژی تیۆری داروین، وتی: (ئەگەر پەنجە گەورەی مرۆڤ لێبکەینەوە، ئەوا پێشکەوتنی مرۆڤایەتی نەدەبوو)، چونکە ئەگەر سەیر ئەم وتەیە بکەین، دەبینین تاکە پەنجەیەک کار دەکاتە سەر تەوای پێشکەوتنی مرۆڤایەتی. لە کوردەواریشدا بەو پەنجەیە دەوترێت (ئەسپێ کوژە)، واتا تاکە پەنجەیە دەتوانێت ڕووبەڕووی بەرەنگارییەکان و بەرگریکردن بێتەوە. لەهەمان کاتدا ئەم پەنجەیە دەستنیشانکراوە بۆ مۆرکردن لەسەر کا‌غەز، گرتنی پێنووسە بەو پەنجەیە، بەو واتایەی زیاتر دەسەڵاتی هەیە. دەسەڵات بەواتای هێزی نووسین زیاترە لە پەنجەکانی دیکە و ڕۆڵێکی زیاتری هەیە. لە شیکردنەوەی، ئەم وتەیەی مارکس تێدەگەین، گرنگترین پەنجەیە و خاوەن دەسەڵاتە.

کەواتە هەر بە پێی ئەم ڕیزبەندیانەی سەرەوە، کە باسمانکرد دەبینین بەم شێوەیە لە نێوان میللەتان کار کراوە و ژینگەیەک دروستکراوە، کە دواتر سێرڤانتس دێت ڕۆمانی (دۆنکی شۆت) دەنووسێت، کە تێیدا باسی گۆرانکاری کۆمەڵگە دەکات و بەرگری لەگەل و میللەت دەکات و دەیەوێت سیستەمێکی ئازاد بۆ تاک فەراهەم بکات. بەم شێوەیە هێواش هێواش، کەڵەکەبوونی ڕۆمانەکانی جیهانی ئەوروپی توانی کاریگەری بەسەر نەتەوەکەیدا دروستبکات وەک ئەوەی ئیستا دەبیندرێت، بەڵام لە نێو ئێمەدا هێشتا کەڵەکەبوونی ڕۆمان نەبووە یان دروست نەبووە. وەک لەسەرەوە باسمانکرد، بۆیەيش نە عەرەبی شەمۆ و نە هەموو ئەم ڕۆمانانەی بۆ کورد و گۆڕانکاری نووسەران نەیان توانیووە گوڕانکارییەکی ڕیشەیی بهێنە ئاراوە بە بەراورد بە ڕۆمانەکانی جیهان، چونکە بەردەوام مێژووی کورد خۆی دووبارە دەکاتەوە، لەسەر هەمان سیستەم و پلانی ریشەی کۆن، لەگەڵ ئەمەيشدا بەردەوام ڕووبەڕووی داگیرکاری و  دەربەدەری بووینەوە ئەمەيش وایکردوە لە هەموو بوارەکانی ژیان دواکەوین.