فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شيعرێ

شيعرێ

گوڵاڵە پێنجوێنی/ شاعير / سلێمانی

 

وتیان خەونەکانت گەورەیە و

خەیاڵی بچوک بەشتە

وڕێنەیەکم کردو وتم ئێوە نازانن

بۆ ساڵی نوێ شار ڕازاوەتەوە

بۆنی هاتنی سپێدەیەکی پڕلە

خۆشەویستی گرتووە

وتیان باوەڕ مەکە

وتم هەستێکی گەرمم هەیە و

برینی هەموو ئەعزای ناڵینم

ساڕێژ دەکات

وتیان باوەڕ مەکە

وتم چۆلەکەکان شاهانە

دەجریوێنن میوانێکی ئازیزە

دێ و قەدەمی بەخێرە

وتیان باوەڕ مەکە

وتم کە دەڕوانمە تارمایی ڕێ و

بانەکە وایدەبینم

سێبەری فریشتەیەک بێ و

باڵێکی لە کۆڵانەکەی ئێمە لەبیر چوو بێت

وتیان باوەڕ مەکە

وتم خۆ حاڵیە لە تەمەنی

چاوڕوانیم چۆن بەشەرمەوە

تاڵە سپیەکانی سەرم دەشارمەوە

وتیان باوەڕ مەکە

وتم دەزانێ تەنیایی چۆن

خەریکە ئەمداتەوە دەستی خۆم

وتیان باوەڕ مەکە

وتم بارینی بەفری سپی نیشانەی ئاشتیەو

دڵی شکاوو تۆراوم وەلا دەنێ و

دێت و دەنگە

ناوازەکەی لە خوێنی منا سەوز دەکات

نەخشەی ژیانم دەگۆڕێ

وتیان باوەڕ مەکە

وەلێ من :

هەر ئەو وەختە لە خۆزگەی خەونەکانما

چەندین خەیاڵی زێڕینیم بەدی دەکرد ،

بۆیە دەزولەیەکم هێناو

هەموو نائومێدیەکانم پێ گرێداو

تەقەڵی پینەمدا لە بێ هیواکانم و

پێم وتن

ئەودەمەی ئیوەش زۆرتان دەوت و

سەرم بۆ دەلەقاندن باوەڕ مەکەن ….؟!