چەک و قەڵەم
د. ئەحمەد محمەدپوور/ مامۆستای زانکۆ/ ئەمەريکا
کورد خەباتی چەکداری بە خواست و مەیلی خۆی هەڵنەبژاردوە هەتا چەکی دابنێ و بە کاپیتاڵی مارکس و قەراردادی کۆمەڵایەتی جان لاک بەرگری لە خۆی بکات لەبەرانبەر چوار ڕژێمی داگیرکەر و جێنۆسایدکەر؛ ئەو خەباتە وەڵامی سروشتی و ئاسایی کوردە بە زیاتر لە یەک سەدە ئینکار و سڕینەوە و بن بڕکردنی کولتور و زمان و مێژوو و سرووشتی کورد. خەباتی چەکداری و توندتیژی و خەسارە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆییەکانی تایبەت بە کورد نییە و لە مێژووی هەموو نەتەوە ژێردەستەکاندا بینراوە لە ئەمریکای لاتین هەتا ئەفریقا، لە هەر کامیاندا خەسار و قازانجی تایبەتی خۆی هەبووە. ئەو فۆڕمە لە خەباتە هاوکات لەگەڵ خەباتی کولتووری و سیاسی و ڕۆشنبیری کاریگەری خۆی هەیە. قەڵەم و چەک ڕێگری یەک نین، تەواوکەری یەکترن. ئەزموونی کورد لەگەڵ چوار دەوڵەتی کۆڵۆنیالیست و تا سەر ئێسقان دژەکورد و سەرتاپێ موسەلەح سەدان جار سەلماندویەتی کە خەباتی چەکداری وەلاناندرێت و نابێت وەلابندرێت. من پێموایە بەڕۆمانسی کردن و بەئاکاری کردنی زێدەڕۆیانەی خەبات و بارودۆخی کورد لە لایەن بەشێک لە ڕۆشنبیرانەوە خەسارێکە گەورەی لە کورد داوە، خەریکە خەو و خەیاڵ و گوتاری ماڵ و نیشتیمانی سەربەخۆ دەسڕێتەوە و کوردی بەجینۆسایدکراو و سڕدراوە و ئینکارکراوی کردۆتە هەڵگری ئاڵای سپی سوڵح و وەهمی برایەتی/خوشکایەتی گەلان و سڕینەوەی سنوورەکان و داڕشتنەوەی کولتوری مرۆیی، ئەویش لە بەرانبەر ئێران کە بە ئاشکرا تیرۆریستییە، تورکیا کە دووهەمین ئەرتەشی ناتۆیە، و دوو دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و ئینکارگەری عێراق و سوریا. هەر کاتێک بەس بە ژمارەی قامکی دەستان برا و خوشکی تورک و فارس و عەرب هاتنە پێش و دانیان بە مافی چارەنووسی کورد دانا ئەوە منیش تەسلیم دەبم؛ هەر کاتێک شاندی کوردی لە تاران و ئەنکارا و دەمیشق و بەغدا بانگهێشت کرا بۆ سوڵح و برایەتی و سڕینەوەی سنوورەکان و دەستەبرکردنی مافی کورد، ئەنجا کورد بۆی هەیە گلەیی لەخۆی بکات.