خۆخەریککردن بەئەدەب و هونەرەوە لەمکاتەدا
فەرەيدون پێنجوێنی/ نووسەر / سلێمانی
بەڕستەیەک دەربارەی شیعر کە ساڵانی نەوەتەکان زۆر لەسەر زار بوو، دەست پێ دەکەین :
شیعر لەبەتاڵی باشترە !
رستەی (شیعر لەبەتاڵی باشترە)، زۆرتر لەلایەن چیرۆکنووسەکانەوە دەگوترایەوە !
مەبەستی ئەوسای چیرۆکنووس و نووسەران لەبرەودان بەو رستەیە ئەوەبوو سنوورێک بۆ خۆخەریککردنی خەڵک بەشیعرەوە دابنێن، هانیان بدەن رووبکەنە بوارە ئەدەبی و مەعریفییەکانی تر، بەتایبەتی چیرۆک و رۆمان و رەخنەی ئەدەبی .
بەڵام لەئێستادا، کە جیهان سەرلەبەر لەبەردەم وەرچەرخانێکی زۆر گەورەدایە، نەک هەر خۆخەریککردن بەشیعرەوە، بەڵکوو خۆخەریککردن بەچیرۆک و رۆمان و هونەرەکانی تریشەوە، لەهەندێ حاڵەتدا، وەکوو خۆخەریککردنی لادێییەکی کەمسەواد وەهایە بەحەکایەتی چل توتی و شیرین و فەرهاد و میعراجنامە و خەوننامەوە، لەگۆشەی ژوورێکی چەپەکی گوندێکی چەپەکدا .
لەکاتێکدا، دەنگی تێکبەربوونی سوپاگەلی ناتەبا، میلهێنانەوە، ئیست ئیست و نەڕۆی دەتکوژم ، چواردەورمانی تەنیووە !
لەکاتێکدا لەشکرە پێکداهەڵپژاوەکانی دەوروبەرمان، لەهەوڵی بەزاندن و سڕینەوەی یەکتردا، دەست لەهیچ شتێکی یەکتر ناپارێزن :
بەهای پارەی نیشتیمانیی یەکتر دادەبەزێنن بۆ نزیکی سفر ،
نرخی سامانی سروشتیی یەکتر دادەبەزێنن بۆ خوار سفر ،
سامانی مرۆیی یەکتر ، بەدەیان دەردی وەکو کۆرۆنا، گرفتار دەکەن ،
سومعەی جیهانیی یەکتر بەسەد جۆر بوختان و تۆمەت، دەبەنە ژێر پرسیار ،
کۆمەڵگەی یەکتر نوقمی دەیان جۆر دەردی کۆمەڵایەتیی وەکوو کرێگرتەیی، گەندەڵی، ئاژاوەی ناوخۆیی ، هەژاری، جیاوازیی چینایەتی، نیشتیمانناپەروەری ، و … هتد ، دەکە !
لەکاتێکی وادا :
دەکرێ تەنها سەر لەسەر رۆمان خوێندنەوە و رۆماننووسین بێت ؟
دەکرێ تەنها سەر لەسەر خۆشنووسی و وێنەکێشی و گۆرانیسازی بێت ؟
دەکرێ بڵێین کابرا شاعیر و هونەرمەندە چیی داوە لەسیاسەت و ئابوری ؟
بێگومان ئەدەب و هونەر کەم نین، کەمیشیان لەدەست نایەت بۆ کۆمەڵگە، بەڵام زۆر سادە و رەوان (بەبێ قوڵکردنەوە) بیڵێین :
لەم کاتەدا، ئەوەی بەسیاسەت و ئابووری و قانون و زانستەکانی تر دەکرێ، بە ئەدەب و هونەر ناکرێ !
ئەدەب و هونەر فێری خۆشویستنی نیشتیمانمان دەکەن، بەڵام فێری بەڕێوەبردنی نیشتیمانمان ناکەن !
ئەدەب و هونەر، دوژمنمان پێ دەناسێنن، بەڵام ئامرازەکان و رێگاکانی دوژمن بۆ دوژمنایەتیکردن، ناناسێنن پێمان .
ئەدەب و هونەر، کەڵکەڵەی تەسلیم نەبوون و بەرگریکردنمان تێدا دەڕسکێنن، بەڵام ئامراز و رێگا دروستەکانی بەرگریکردنمان فێرناکەن !
لەکاتێکی وەکوو ئێستادا، خۆخەریککردن تەنها بەئەدەب و هونەرەوە (چ بەنوسین چ بەخوێندنەوە)، بەبێ بایەخدان بەبوارە مەعریفیەکانی تر، بۆ کەسێک کە بەهۆکاری تایبەتی (بۆ نمونە نەخۆشی، دڵداری و …) لەخۆیدا گیرساوەتەوە و توانای بەشداریی گەورەی نییە، هەروەها بۆ کەسێک کە بژێوی یان وەزیفەکەی پەیوەستە بەئەدەب و هونەرەوە، عەیبی نییە، بەڵام بۆ غەیری ئەوان نا !