فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

”نیکۆس کازانتزااکیس” و راستکردنەوەی هەڵەیەک لە ئەرشیفەکەی

”نیکۆس کازانتزااکیس” و راستکردنەوەی هەڵەیەک لە ئەرشیفەکەی

ئومێد قەرەنی/ نووسەر/ هەولێر

نووسەری بە بڕست و ناوداری یۆنانیی نیکۆس کازانتزااکیس (١٨\٢\١٨٨٣-٢٦\١٠\١٩٥٧) کە بە یەکێک لە مەزنترین ڕۆماننووس و وێژەوانە مۆدێرنەکان دادەندرێ.. لە گوندێکی گچکە بە ناوی ”میرتیا” لە نێوچەی هێرکلیۆنی دوورگەی کریت چاوی بە جیهان هەڵێناوە، ئەو گوندە بە شێوازە تەلارسازییە تایبەتەکەی دەناسرێتەوە و ناوە کۆنەکەشی ”ڤارڤارۆ”یە کە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ڤینیزییەکان لەوان دەران، کەلوپەلە کەسییەکان و یادگارییەکانی ئەو نووسەرە مەزنە لە مۆزەخانەیەکی گەورە بە ناوی ”مۆزەخانەی نیکۆس کازانتزاکیس” کە لە هەمان ئەو گوندەیە و ئێستا شوێنێکی گەشتیارییە نمایش دەکرێن و هەر لەوێش بەرهەمەکانی چاپدەکرێنەوە و گەشتیارانی میرتیا و مۆزەخانەکەشی لە ژمارە نایەن. نووسینەکانی نیکۆس پڕ وەرگێڕدراوترین بەرهەمی فەرهەنگیی یۆنانیین.

یەکێک لەوانەش ڕۆمانی ”ژیان و گوزەرانی ئالێکسی زۆربا”یە کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر وێژەی یۆنانیی و جیهانیی هەبووە و بۆتە سەرچاوە و بەهرە بۆ چەندین بەرهەمی وێژەیی و هونەریی دیکە.. ئەو ڕۆمانە لە نێو مەدا کە تەنیا بە ناوی (زۆربا) ناوی دەرکردوە لە ساڵی ٢٠٠٠ لە لایەن ”ڕەوف بێگەرد”ەوە وەرگێڕدراوەتە سەر کوردی و لە ”دەزگەی سەردەم” چاپ و بڵاوکراوەتەوە. لە چەند مانگی بەریی کاتێک لە رێی ماڵپەڕی مۆزەخانەکەی ”نیکۆس کازانتزاکیس”وە بە زمانی یۆنانیی لە نێو ئەرشیفخانەکەی گەڕانێکم بە نێو تۆماری لیستی ئەو پەرتووکانەی ”نیکۆس”دا کرد کە بۆ زمانانی جیهان وەرگێڕدراون.

زۆر بە وردیی و قل قل تەماشامدەکردن و دەمخووندنەوە تا گەیشتمە سەر ڕۆمانی ”ژیان و گوزەرانی ئالێکسی زۆربا”.. کەچی لە پێڕستی ناوی وەرگێڕەکانەوە دیتم نووسراوە کە ئەو رۆمانە لە لایەن ڕەوف بێگەردەوە کراوەتە عارەبی، ئیدی دەستبەجێ پەیوەندییم پێوە کردن و ئاگادارمکردنەوە کە ئەوە هەڵەیە و راستییەکە ئەوەیە کە ڕەوف بێگەرد ئەو ڕۆمانەی بۆ سەر کوردی وەرگێڕاوە نەک عارەبی. پاش ئەو روونکردنەوە و بینەوبەردەیەکی زۆر و گۆڕینەوەی چەندین نامە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی مۆزەخانەکە ئەوجا ئەوڕۆ ٢٨\٧\٢٠٢٤ بە فەرمیی ئاگادارکرامەوە کە ڕوونکردنەوەکانم هەڵسەنگێندراون و لە تۆماری مۆزەخانە و ماڵپەڕەکەیان جێگیرکراون و هەڵەکەیان ڕاستکردۆتەوە.

٢٨\٧\٢٠٢٤ – هەولێر