فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چەند باری سەرنجێک لەسەر ڕەوشی شانۆی کوردی

چەند باری سەرنجێک لەسەر ڕەوشی شانۆی کوردی

دانا ڕەئووف/ شانۆکار، دراماتۆرگ، نووسەر و توێژەری بواری شانۆ/ سويد

من سی ساڵە لەناو شانۆی ئەوروپیدام؛ سەرەتا وەک بینەر، دواتر ئەکتەر، یاریدەدەری دەرهێنەر، دەرهێنەر، دراماتۆرگ هەروەها مامۆستای شانۆ، کارم کردووە و کار دەکەم. بەردەوام پێیيەکم لە بەرلین، پاریس، لەندەن و ستۆکهۆڵم بووە و ئەوەی نمایش کراوە، لەسەر هەموو شانۆکان بینیوومە و تۆڕێکی گەورەم لە پەیوەندییەکی باش، لەسەر ئاستێکی بەرز لەناو شانۆکارانی ئەوروپیدا دروست کردووە. هەر لەسەرەتایشەوە، گروپێکی شانۆییم لە ستۆکهۆڵم دامەزراند، کە ئەکتەر و ئەندامەکانی هەموو گروپەکە شانۆکاری سویدی بوون و چەندین شانۆیی و نمایشی جۆراوجۆرمان لەسەر شانۆکانی ستۆکهۆڵم و هەندێک جار شارەکانی تری سوید نمایش کردووە و ڕەخنەگرەکانی سوید کارەکانی هەڵسەنگاندووین. تەنانەت لە دوو کتێبیشدا، یەکێکیان بە ئینگلیزی و ئەویتریان بە سویدی لەسەر کارەکانم، وەک دەرهێنەر لەلایەن پسپۆرانی زانکۆکانەوە نووسراون. ئەمانە کاری خۆم بوون و بۆ خۆمم کردووە، لەبەر ئەوە بە هیچ شێوەیەک حەزم نەکردووە، مێشکی خەڵکی پێبەرم و لە کوردستان ڕێکلامی بۆ بکەم و خۆم بکەم بە پاڵەوان!

ئەوەی ئێستا هەندێک شانۆکار دەیکات، ئێمە لە هەشتاکاندا بەو تەکنیک و شێوازە کارمان کردووە

 

دەبێ ئێمە لەوە بگەین، کە هونەری شانۆ تەنیا و تەنیا هەر یەک جۆر و یەک تەکنیک نییە. ئەوەی شانۆکارێک دەیکات، نابێت ئیتر تێکڕای نمایشەکانی تر و شانۆکارەکانی تر بە هەمان شێوە و بە هەمان ستایل و تەکنیک و ناوەڕۆکەوە کار بکەن، گەر وا نەبێ، ئیتر ئەوانە شانۆکار نین. شتی وا نییە. بۆ نموونە، ئەوەی ئێستا هەندێک شانۆکار دەیکات، ئێمە لە هەشتاکاندا بەو تەکنیک و شێوازە کارمان کردووە، ئێستا ئەو تەکنیک و شێوازە لەگەڵ دیدی من ناگونجێ.

لە کوردستان بۆ ئەوەی دەرهێنەرێکی سەرکەوتوو بیت، دەبێ کارەکەت زۆر ئاسان بکەیتەوە، باسی دەسەڵات و گەندەڵی و شتی ڕۆژانە بکەیت، بە زمانێکی رۆژانە و ئاسایی و ڕاستەوخۆ کار بکەیت، کەسانی ناسراوی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەورت بۆ ببینن. دەرهێنەرەکان دێن ڕستەیەک دەهێنن، کە ختووکەی هەستی بینەر دەدات و کاری لەسەر دەکەن، چونکە کاری سەرکەوتوو لای شانۆکاری ئەمڕۆی کوردستان، ئەوەیە چەندە بینەرت هەبووە! سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی کارەکان بە ژمارەی بینەرەکانیان دەپێون! شانۆیان زۆر ساکار کردۆتەوە و هەوەک دەرمان، بە کەوچکی چا دەیکەن بە دەمی بینەرەوە و هیچ بوارێکیان بۆ ئێستاتیکا و بیرکردنەوەی بینەران نەهێشتۆتەوە.

 

ڕەخنە بە پێوەری هاوڕێیيەتی و خزم خزمێنە دەڕوات بەڕێوە. ڕەخنەگر دەبێت، هەمیشە بیر و دیدی خۆی تازە بکاتەوە و لەنێو پرۆسە شانۆییەکەوە کار بکات

خاڵێکی تری زۆر گرینگ ئەوەیە، کە شانۆکاری کورد لە ڕەوشێکی لەخۆبایی ترسناکدا دەژین، ئەوەی ئەو دەیکات، تەواو، ئیتر دەبێ شانۆ وا بێت. ڕاستە من ئەم نمایشەی بەڕێزتم بە دڵ نییە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ ئیتر تۆ شانۆکار و دەرهێنەر نیت و کارەکەت خراپە، بەڵکوو من بە دڵم نەبووە و لەگەڵ دیدی من نەگونجاوە، لەوانەیە بۆ کەسانێکی تر زۆر کارێکی دانسقە و باش بێت. کاری شانۆیی پرۆسەیەکی سەخت و گرانە و هەلومەرجەکانیشی لە کوردستان سەخترە.

لایەنێکی تری ئەو تەنگەشەیەی شانۆی کوردی تێيکەوتووە “ڕەخنەیە”. ڕەخنە کۆڵەکەیەکی گرینگ و تەواوکەری پرۆسە شانۆییەکەمانە. بەداخەوە کەلێنێکی گەورەی شانۆی کوردی ڕەخنەیە. ڕەخنە بە پێوەری هاوڕێیيەتی و خزم خزمێنە دەڕوات بەڕێوە. ڕەخنەگر دەبێت، هەمیشە بیر و دیدی خۆی تازە بکاتەوە و لەنێو پرۆسە شانۆییەکەوە کار بکات، نەک وەک ڕەقیبێکی خۆبەزلزان مامەڵە لەگەڵ نمایشەکاندا بکات. ڕەخنە دەبێت ڕەخنە بێت، نەک داڕشتن و گوتاری ئەدەبی و ناشرینکردنی کارە شانۆییەکان. کە تۆ نەزانی ڕەخنەگری نمایشێکی مۆدێرن بیت، لە زمانی نمایشێکی مۆدێرن نەگەیت، بێدەنگ بیت باشترە لەوەی لە “نەزانی خۆتەوە” نمایشێک ناشرین بکەیت و هەوڵ و ماندووبوونی گروپێک بکەی بە قووربانی لووتبەرزی و نەزانیی و تێنەگەیشتنی خۆت. کە تۆ لە دنیابینی نووسەری شانۆنامەکە نەگەیت و نەتوانی ناوەڕۆکی ئەو دەقەی نمایشەکەی لەسەر بنیاتنراوە بگەیت، ڕەخنەی چی دەنووسیت! ڕەخنەگر دەبێت خاوەنی زمانێکی پاراو و بێ گرێ و ڕەوان بێت، نەک تۆ ڕەخنەگر بیت و ڕەخنە لە من بگری، بەڵام کوردییەکەت دووکەڵ بکات و پڕ بێت لە هەڵەی ڕێنووس و زمانەوانی.

هاوینی ڕابردوو، شانۆکارێک نەهاتبوو بۆ بینینی نمایشی “لێکترازان”، بەڵام بابەتێکی ڕەخنەیی لەسەر نمایشەکە نووسیبوو

 

چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ستۆکهۆڵم شانۆنامەی “بەرەو دیمەشق”ی نووسەری گەورەی سویدی “ستریندبێرگ” بەشی یەکەمم بۆ شانۆ دەرهێنا. نمایشەکە لەنێو ناوەندە شانۆییەکەی سوید دەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەبوو. زۆربەی ڕەخنەگرە دیارەکانی شانۆی سویدی بەستایشەوە لەسەریان نووسی، کەناڵە سەرەکییەکانی تیڤی، وەک کەناڵی یەک و دوو ڕاپۆرتیان لەسەر بڵاو کردەوە، ئەمە جگە لە کەناڵەکانی ڕادیۆی سویدیش، بۆ نموونە P1 . کەناڵێکی ئەڵمانیش هاتن و ڕێپۆرتاژیان لەسەر کارەکە کرد و دیداریان لەگەڵ منیشدا کرد. ئەو کاتە شانۆکارێکی کورد، کە لە ستۆکهۆڵم دەژیا، بە زمانی عەرەبی لە ڕۆژنامەی “الشرق الاوسط” دا گۆتارێکی ڕەخنەیی لەسەر نمایشەکە نووسی و هەر بەناوی خۆشییەوە بڵاوی کردەوە، بە مەرجێک، کە خۆی نەهاتبوو بۆ بینینی نمایشەکە؛ واتە ئامادەی نمایشەکە نەببوو، کەچی مافی بەخۆی دابوو ئەو بابەتە ڕەخنەییە لە ڕۆژنامەی “الشرق الاوسط” دا بڵاو بکاتەوە و توانج و پلاری خۆی لە من، وەک دەرهێنەری نمایشەکە بگرێ. ئەم دیاردەیە تا ئێستایش بەردەوامە، بۆ نموونە هاوینی ڕابردوو، شانۆکارێک نەهاتبوو بۆ بینینی نمایشی “لێکترازان”، بەڵام بابەتێکی ڕەخنەیی لەسەر نمایشەکە نووسیبوو، دابوویە شانۆکارێکی تری هاوڕێی، ئەو بەناوی خۆیەوە بڵاوی کردەوە.

 

ئەوانەی ڕەخنەیش دەنووسن، دەبێ شارەزاییان لە هونەری شانۆدا هەبێت

 

شانۆ پیشەیەک نییە بۆ ئەوانەی هیچ پیشەیەکیان نییە. شانۆ هونەرێکی گەورەیە و هاوکات هونەرێکی سەختە. شانۆ زانستە و ناکرێت بە ناوی ڕەخنەگرەوە مێژوویەک بشێوێنی. ئەوانەی ڕەخنەیش دەنووسن، دەبێ شارەزاییان لە هونەری شانۆدا هەبێت و بتوانێت ڕەوت و تەوژمە جیاوازەکانی شانۆ لە یەک جیا بکاتەوە؛ کە ئەمەی نەتوانی و نەزانی بێدەنگ بێت باشترە!

بۆ ئەوەی شانۆیەکی کوردی تەندروست پێک بهێنین، دەبێ لەوە بگەین، کە شانۆ یەک جۆر و یەک تەکنیک و یەک ستایل نییە. دەبێت ئەو هەستی خۆبەزلزانی و ناشرین کردنەی یەکتری واز لێبێنین و هەریەکەمان خۆی بە وارسی شەرعی شانۆی کوردی نەزانێت، دەبێت شانۆ بگەڕێنینەوە بۆ بنەماکانی هونەری شانۆ و لە پێناوی چەپڵە و فرۆشتنی بلیت و ژمارەی بینەراندا شانۆ ساکار نەکەین و لە هەموو شتێک داینەماڵین.