فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پاموک: “ئەگەر بیر لە ئازاری هەرگیز نەبڕاوەی کوردان بکرێتەوە، ئەوا تابلۆیەکی ڕەشبینانە دێتە بەرچاوان!”

پاموک: “ئەگەر بیر لە ئازاری هەرگیز نەبڕاوەی کوردان بکرێتەوە، ئەوا تابلۆیەکی ڕەشبینانە دێتە بەرچاوان!”

 

و: بەکر شوانی/  وەرگێڕ و ڕۆژهەڵاتناس / ئەڵمانيا

 

ڕۆژنامەی “جمهورییەت”ی تورکی، ساڵی 1951 ئوستادی گەورە یاشار کەمالی نارد بۆ باکووری کوردستان بۆ ئەوەی لەوێوە زنجیرەیەک ڕیپۆتاژ بۆ ڕۆژنامەکە بنووسێت. هەمان ڕۆژنامە 40 ساڵ دواتر و لە بەهاری ساڵی 1991دا ئۆرهان پاموکی نووسەری ناسراوی تورك و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات (2006)ی ڕەوانەی سنووری دیوی تورکیا کوردستان کرد بۆ ئەوەی زنجیرە ڕیپۆرتاژێك سەبارەت بەو ئاوارانەی کورد بنووسێت کە لە دوای گەڕانەوەی هێزەکانی ڕێژیمی ڕووخاوی سەدام بۆ کوردستان ڕوویان لە باکوری کوردستان کردبوو. ڕیپۆرتاژەکەی پاموك ڕۆژانی 12 و 13 نیسانی ساڵی 1991 بە دوو ئەڵقە لە ڕۆژنامەی ئاماژە بۆ کراودا بڵاو کراونەتەوە. ئەمەی خوارەوە دەقی هەردوو ئەڵقەی ڕیپۆرتاژەکەیە:

 

ئەوەی بیر لە ئابڕووی خۆی بکاتەوە، برسی دەمێنێتەوە

 

لەسەر نەخشە و کتێبەکانی جوگرافیا و لەسەر هێڵی ڕەنگین و ئەستووری ئەتڵەسەکانی قۆناخی ناوەندی کە وەك ئاماژەکردن بۆ سنوورەکانی وڵات دەکێشرێن، ئەگەر چیایەك بهێنیتە بەرچاوی خۆت؛ چیایەکی گەورە و بڵندی سەرسنوور، لووتکەی بەفرینی لەناو هەور و تەمدا بێت و تا زیاتر لێی نزیك بیتەوە، دوورتر بکەوێتەوە و تا گەورەتر بێتەوە، دوورتر بنوێنێت، ئەوە وەك شاخێکی ئەفسانەییی سەر سنووری تورکیا-عێراق دێتە پێش چاو. بەڵام کاتێك مرۆڤ لەم ڕۆژانەدا کارەساتی بەرزایییەکانی نزیك لە لووتکەی ئەو چیایە دەبینێت، یەکسەر حاڵی دەبێت ئەو چیایە لە ئەفسانەکانەوە نەهاتووە، بگرە شاخێکی ناو ئەو کتێبە پیرۆزانەیە کە لاپەڕەکانیان بە وێنەی کارەسات و دۆزەخ ڕازێندراونەتەوە. ئەو چیایە ئاماژەیە بۆ شلۆقیی بێسنووری ژیانی مرۆڤ و ئەگەری زۆری تووشبوونی بە کارەسات و وەرچەخانی مەترسیدار.

 

بگرە شاخێکی ناو ئەو کتێبە پیرۆزانەیە کە لاپەڕەکانیان بە وێنەی کارەسات و دۆزەخ ڕازێندراونەتەوە

 

کەسێك دەبینێت تۆ لە دنیایەکی ترەوە هاتوویت، دێت و دەڵێت: “ژنەکەم دوێنێ سیانەی بوو. هەرسێکیان لەبەر سەرما و برسێتی خەریکن دەمرن. وەرن سەیرێك بکەن!” تۆ تەماشا ناکەیت. کەسێکی تر دێت و دەگێڕێتەوە و دەڵێت دایك و کچەکەی لە کۆڕەوی درێژخایەندا بەرگەی سەرما و برسێتییان نەگرتووە و دوێنێ بە خاکی سپاردوون. تۆیش جگەرەیەکی پێشکەش دەکەیت. بێدەنگییەك دێتە ئاراوە. لە گردە بەرزەکانی بناری چیاوە کە بەخەیاڵ وەك سەرخۆش بە لووتکەکەیدا دەگەڕێیت، گوێت لە ژاوەژاوی دەیان هەزار مرۆڤ دەبێت: گریانی منداڵان، ناڵە، دەنگی چەک، هاوار، تووڕەیی و هەستکردن بە شەرم، کەسانی شەل، ئەوانەی دەموچاویان بە ناپاڵم سووتاوە، شێتبووان، ئەوانەی هێدی و نەرم تەماشای هەموو شتێك دەکەن، منداڵان لە کاتی یاریکردندا و ئەوانەی لەناو هاوار و ژاوەژاودا نووستوون. لە بەرزایییەکانی نزیکی لووتکە سەدان هەزار کوردی عێراقی، ژمارەیەکی کەم تورکمان، سریانی و تاك و تەرا ئەرمەنی بەپاڵ یەکەوە لە دژی سەرما و باران دەجەنگن و چاوەڕێی مزگێنی شتێکی نوێ و ڕزگاربوون دەکەن.

 

ژیانی ڕۆژانە لە دۆزەخدا

 

ئەم تابلۆی دۆزەخە لە ژیانێکی ڕۆژانەیش بەدەر نییە کە هێدی هێدی ڕێساکانی بەدەر دەکەون. ئەگەر بە ئاوی چاڵاوە قوڕاوییەکان ڕازی نیت، بچۆ سەری چیا، تەنەکەکەت پڕ بکە لە بەفر و چاوەڕێ بە بتوێتەوە. دەنگی چەك واتای ئەوەیە دەست کراوە بە دابەشکردنی نان و سەربازەکان دەیانەوێت ئەو کەسانە بترسێنن کە لە تاو برسێتی هێرش بۆ سەر بارهەڵگرەکان دەبەن. کەسانێك هەن بۆ ئەوەی لە کاتی دابەشکردنی ناندا بە لێدان نەمرن یان بەر فیشەکی قەزا و قەدەر نەکەون، پێ بە برسێتیی خۆیاندا دەنێن و بە پێویستی دەزانن دوور بکەونەوە، چونکە پێشتر کەسانێك هەبوون بە لێدان مردوون یان بوون بە نیشانە بۆ فیشەکی قەزا و قەدەر.

ئەو شتەی کە لێرە زۆر بەئاسانی دەستدەکەوێت، دارە. ئەوەی لە ڕیزدا ڕادەوەستێت و خەمی پاراستنی ئابڕووی خۆی لەبەرە، برسی دەمێنێتەوە

 

نابێت پەنابەران چاوەڕێی شتی زۆر لەو ڕۆژنامەنووسانە بکەن کە تاك و تەرا ڕوو لێرە دەکەن، بەڵام ئامادەبوون لە دامێنی ئەم چیایە کە بە دژواری کاتی لێ بەسەردەچێت، خۆشییەکی جیاوازە، بەتایبەتیش کاتێك هەست دەکرێت وا کەسێك هاتووە و خەمی کارەساتی تۆیەتی. ئەو شتەی کە لێرە زۆر بەئاسانی دەستدەکەوێت، دارە. ئەوەی لە ڕیزدا ڕادەوەستێت و خەمی پاراستنی ئابڕووی خۆی لەبەرە، برسی دەمێنێتەوە. بەو پێیەی سەرۆك عەشیرەتەکان پاڵ دەنێن و پاڵیان پێوە دەنرێت، وا دیارە پێویستە چاوپۆشی لە کەمێك کوتان و لێدانیش بکەن. ئەگەر دینارت نەبێت، ئەوا ئەو بزنانەی بە هەزار زەحمەت بە شاخدا تا ئێرەت هێناون، دەتوانیت هەرزانفرۆشیان بکەیت و لای ئەو قاچاخییانەی بۆ ناو ئۆردووگا دزەیان کردووە، نایلۆن بۆ چادرەکەت بکڕیت. (مەتری بە پەنجا دینارە کە دەکاتە سی هەزار لیرە. لە بازاڕ مەتری بە دوو هەزار و پێنجسەد لیرەیە).

لای نزیکەی هەموو پێگەیشتووان و منداڵانی چاو بەگریانی ناو ئەو چادرە نایلۆنییە بەدەست دروستکراوانەدا هەمان شتومەکم بەدی کرد: قوتووی خۆراك لەبری قاپ و قاچاخ، کۆتەرە داری تەڕ کە لە دارەکانی دەوروبەر بڕدراون، جلوبەرگی وشکەوەکراو، بەتانییەک، مەنجەڵێکی ڕەشهەڵگەڕاو، یان کتری و قۆرییەک. لە کۆی هەزاران چادر تەنیا لە یەکێکیاندا چەنگاڵ و چەقۆم بینی، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت دڵنیا بێت کە لەناو سەد هەزار کەسدا تاکە ئاوێنەیەك نادۆزرێتەوە.

 

مێژوو و نەعل

 

ژنان ئەگەرچی وەك منداڵان بەپێی خاوس لەناو قوڕ و لیتاودا نەبوون، بەڵام لە نزیکەی هەموو چادرەکاندا نەعلم لە پێیاندا بینی. ئەم نەعلانە کە لە کاتی ڕۆیشتن بەناو قوڕدا بەئاسانی لە پێ دادەکەندرێن، بیری مرۆڤ بۆ ئەوە دەبات کە ژنانی کوردی عێراقی تا ماوەیەکی زۆر کورت لەمەوبەر گۆڕانێکی وەها ڕیشەیی و باوەڕ پێنەکراویان بە ئەگەرێکی گەورە نەزانیووە. نەعلەکانی پێیان پێشاندەری بەخێرایی گۆڕانی ژیانی ڕۆژانە و هەموو شتێکیانە. هەندێکیان دەڵێن لە عێراق زوو هاوین دێت و وەك باوە، ژنان بۆ بەسەرکردنەوەی یەکدی بە نەعلەوە سەردانی ماڵان دەکەن. هەندێکی تریان دەڵێن کاتێك بۆردومان دەستی پێکردووە و فڕۆکە و هەلیکۆپتەرەکانی سەدامیان دیووە، کەوتوونەتە بەر کاریگەریی بیرەوەرییەکانی هەڵەبجە و ترسی گازی ژەهراوی و یەکسەر ماڵ و گوند و شاری خۆیان بەجێهێشتووە. هەندێکی تریشیان باسی ئەوەیان کرد کە پێیان وابووە مەترسییەکە ماوەیەکی کورت دەخایەنێت و دواتر دەتوانن یەکسەر بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان. سەرکەوتنی سەرهەڵدانی کورد لە باکوری عێراق بە ڕۆژێك بەدیهات، جەژنی بۆ گێڕدرا، پازدە ڕۆژ درێژەی کێشا و لە ڕۆژێکیشدا وەرگەڕایە سەر کارەسات.

ئەم کۆچ و ڕەوە کە هەموو شتێکی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە، هەست دەکرێت کتومت وەك ئەوەی لە مردندا هەیە

 

بیشاری ساڵح سندی سەرۆکی تەمەن حەفتا ساڵەی عەشیرەتی سندی گوتی جگە لە دڕندەیی زانراوی سەدام و کەمترخەمیی ئاشکرای جیهانی ڕۆژئاوا، هەرەسهێنانی ڕاپەڕین هۆکاری تریشی هەیە؛ ئەوان نەیانتوانیووە لە ناوچە ڕزگارکراوەکان سیستەمی بەڕێوەبردن دابمەزرێنن، هاوکاری و هەماهەنگی ڕێکوپێك لە نێوان عەشیرەتەکاندا نەبووە، نەیازانیووە تانك و فڕۆکە و هەلیکۆپتەری لە سوپای سەدام بەدەستهێندراو بەکار بهێنن و هێزەکانیان وەك پێویست هاوچەرخ و ڕێکخراو و بەدیسیپلین نەبوون… پیاوێکی باڵابەرز و ڕێکپۆش و کاریگەرە. ئەو گێڕایەوە و گوتی لەبەر سەرما و نەبوونی خواردن و دواکەوتنی هاوکارییەکان هەموو شەوێك نزیکەی 50 کەس لە کامپەکاندا مردوون. من خۆم هێشتا لێم ڕوون نەبوو یەکەم ڕیپۆرتاژی ڕۆژنامەنووسیم چۆن دەردەچێت، کەچی داوای لێم کرد ڕاستییەکان بنووسم. ئەو باسی دووکان و تاکسییە بەجێماوەکانی و ماڵی گەورەی خۆی گێڕایەوە کە بەجارێك تیایدا پێشوازی لە 200 میوان کردووە.

ئەم کۆچ و ڕەوە کە هەموو شتێکی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە، هەست دەکرێت کتومت وەك ئەوەی لە مردندا هەیە، لە کارەساتیشدا نایەکسانیی نێوان مرۆڤەکانی کەم کردووەتەوە. لە چادری هەرکەسێکدا چەند شتێکی سادە، نەعل، قوتوو و چەند بەتانییەك و کارەساتێکی هاوبەش هەیە. یەکەمجارە لە مێژوودا کە ڕای گشتیی جیهان وەها لە نزیکەوە بایەخ بە کورد دەدات؛ بەڵام دیسان لە سۆنگەی هەرەس و کارەساتەوە.

 

خوا ئەوانی لە بیر کردووە

 

ئاوارەکانی کورد لە نزیك لووتکەی چیا و لە بەرزایی 2500 مەتر قۆناخیان خستووە و لە کاتی گەڕان بەناویاندا، ئەو هەستی کارەسات و قیامەتەی ئێمە هەستی پێدەکەین، جێگە بۆ نائارامی و پەرۆشی چاوەڕوانی چۆڵ دەکات. پێم وابێت هۆکار ئەوە بوو ئاوارەکان دەیانزانی ئێمە لە ژیانی دەرەوەی کامپەوە هاتووین و لەپڕ ڕووبەڕووی پرسیارە پڕ لە پەرۆشییەکانیان بووینەوە: کەی بەشی پێویست خواردن دەدرێت، کەی چادرەکان دەگەن، کەی پزیشك دەبیندرێت، کەی جلوبەرگ دابەش دەکرێت، کەی داماندەگرنە خوارەوە، بۆ کوێمان دەبەن، چیمان لێ دەکەن؟

هەر کاتێك دوو کەس بەیەك دەگەن و دەست بە قسە دەکەن، یەکسەر سێیەم و چوارەمیشیان بۆ زیاد دەبێت و لە چاوترووکاندنێکدا پەرژینێك دروست دەبێت و دەست دەکرێت بە گێڕانەوەی ئەفسانە و ئومێد و چیرۆك و ئەمجار سەربازی تورك دێت و بڵاوەیان پێ دەکات. سەرەتا بەسەرهاتی خۆیان و ئەو بەسەرهاتانەی کە بەچاوی خۆیان دیویانە یان لە کەسی یەکەمەوە بیستوویانە، دەگێڕنەوە: کاتێك لە بۆردومانی ناپاڵمی سەدام هەڵهاتوون، بەتەنیا ماڵ و سامان نا، بگرە خێزانی وا هەیە بەناچاری نزیکترین کەسی خۆی بەجێهێشتووە، دیسان بۆ عێراق دەگەڕێنەوە بەدوای منداڵەکانیاندا و باس لەوە دەکەن سەرەڕای ترسی پشکنین بە چ ڕێگەیەکدا بۆ ئەمدیوی سنوور دەگەڕێنەوە. یەکسەر چیرۆکی بە ئەفسانەکراو بۆ ئەو قسانە زیاد دەکرێن: دۆزینەوەی ژنانی ڕووت لە زیندانەکاندا لە ڕۆژانی سەرەتای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی کوردەکاندا؛ سەدام کچی کوردی لە گوندە کوردەکان ڕفاندووە و بە دەوڵەمەندەکانی کوەیتی فرۆشتوون و دواتر لەلایەن سەربازە کوردەکانی سوپای عێراقەوە لە کوەیت دۆزراونەتەوە؛ دۆزینەوەی چەند بەندکراوێکی کوێربوو کە لە زیندانەکاندا لە بیر کراون و نەفرەتیان لە سەدام نا، لە سەرۆکی پێشوو ئەحمەد حەسەن بەکر کردووە، چونکە وایان زانیوە هێشتا هەر ئەو لەسەر دەسەڵاتە…

زۆربەی حاڵەتەکانی مردنی ڕۆژانی یەکەم زیاتر بەهۆی بارانەوە بووە نەك بەهۆی برسێتییەوە

 

بێگومان لەم دامێنی چیایەی پڕ لە مرۆڤی پەرتەوازەدا هەرەزیاد باسی سەدام حسێن بەرگوێ دەکەوێت. دووعاکردن لێی تەنیا دەربڕینی ڕق و بێچارەیی نییە، بگرە لەوانەیە بۆ بیرنەکردنەوە لە هۆیەکانی دۆڕان و پەرێشانیش بێ سوود نەبێت. تەنانەت دەتوانین بڵێین ناوی سەرۆکی عێراق کە وەك هۆکاری هەموو ئازارەکان بە نەفرەتەوە دووبارە دەکرێتەوە، پاش ماوەیەك دەبێت بە قسەیەکی دڵدانەوەی ئەفسووناوی بەمەبەستی یاخینەبوون لە پەروەردگار کە بەبێدەنگی بۆ ڕووداوەکان دەڕوانێت.سەرۆکی عەشیرەتێك وەك چۆن گلەیی لە سەرمای بکوژی منداڵان و لەو برسێتییە هەبوو کە وا لە پێگەیشتووان دەکات لەبەردەم بارهەڵگرەکانی ناندا دەست بخەنە بیناقاقای یەکدی، گلەیی لە نەبوونی ئاوی پاکیش بۆ دەستنوێژگرتن هەبوو. بەڵام من لە نێوان دەیان هەزار ئاوارەدا بەدەگمەن تووشی کەسانێك بووم نوێژ بکەن. تەنانەت مرۆڤ دەتوانێت وا بیر بکاتەوە کە لەبەرئەوەی خوا کوردەکانی باکوری عێراقی لە بیر کردووە، ئەوانیش بڕیاریان داوە تا ماوەیەکی تر ئەو لە بیر بکەن. هەر ئەوەندەی دەبینن کەسێك دەیەوێت شتێك دەربارەی خۆیان و ئازارەکانیان بنووسێت، بیر و باوەڕ و تێڕوانینی بنەڕەتیی خۆیان بۆ دنیا ئاوێتەی یەکدی دەکەن و شێوازی توندی دەربڕینی تووڕەیییان نیشانەیە بۆ قبوڵ نەکردنی خەمنەخۆریی خوا لە بەرامبەر ئەو هەموو بێنەوایی و پەرێشانییە: “چیمان کردووە تا خوا بەشایەنی ئەم هەموو سزایەمان بزانێت؟” بەتایبەتی لە چوار ڕۆژی سەرەتای کۆچ و ڕەودا کە ڕۆژی حەشری پێشانی مرۆڤ داوە، بۆچی سەرەڕای ئەو هەموو نزا و پاڕانەوەیە ئەگەر بۆ ساتێکیش بێت، بارانی وەبیرهێنەرەوەی تۆفانی نوح خۆشی نەکردەوە؟

زۆربەی حاڵەتەکانی مردنی ڕۆژانی یەکەم زیاتر بەهۆی بارانەوە بووە نەك بەهۆی برسێتییەوە. باران لە ڕێگە و بانە قوڕاوییەکان ڕێ و ڕۆیشتنی ئەوانی دژوار کردووە، لە ژێر دارە تەڕەکان و لە کۆندەرە و بن تاشەبەردەکاندا هەوڵی خۆپاراستنیان داوە. جلوبەرگی بەریان هەمووی تەڕ بووە و پارچەیەك شتیان نەماوە تەڕ نەبووبێت. لە چاوەڕووانی هاوکاریی نەگەیشتوودا سەرین و بەتانی و تەنانەت قۆناخی تفەنگەکانیشیان سووتاندووە. یەکێکیان گێڕایەوە و گوتی ئەوان کاتێك لە بۆردومانی سەدام هەڵهاتوون و بەژێَر باراندا بە شاخدا هەڵگژاون، هەرکەس لەگەڵ خێزانی خۆیدا یان بەتەنیا ماوەتەوە و کەس کەڵکی ئەوەی پێوە نەماوە هاوکاری خەڵکانی تر بکات.

 

کارەساتی مەستکەر

 

کوردەکانی تورکیا لە دەوڵەت زیاتر هاوکارییان بۆ ئاوارەکان ناردووە، بەڵام پاش تێپەڕبوونی هەفتەیەك بەسەر کۆچ و ڕەودا ناتوانرێت بگوترێت کەلوپەکان وەك پێویست بە ئاوارەکان گەیشتوون. ئەگەرچی زۆر بارهەڵگری هاوکاریم بینی لە نوسێبین و بسمیل و باتمان و مدیاتەوە بەڕێکەوتبوون، بەڵام لە دامێنی چیا برسێتی و نەبوونی کەرەستەی پێویست بەشێوەیەکی بەهێز باڵادەستە.

تراکتۆرێك بارهەڵگری نانی ڕادەکێشا، برسییەکانیش بەدوایدا ڕایاندەکرد، ئێمەيش لەگەڵ ئەواندا گەیشتینە دامێنی چیا و ئەمەيش گرنگترین ڕووداوی ڕۆژ بوو. تەماشا دەکەیت مرۆگەل ئابڕووی خۆیان ناوەتە ژێر پێ، دیمەنی هاوشێوەی دیمەنەکانی ڕۆژی قیامەت بەدی دەکرێت و سەربازەکان لەناو ئاپۆرەی بەیەکداچوودا تەقە بە ئاسماندا دەکەن. دابەشکردنی هاوکارییەکان بەپێی عەشیرەتیش سەرکەوتوو نەبووە و هەوڵەکانی نیشتەجێکردنی عەشیرەتەکان پێکەوە لە کامپەکاندا ئەنجامیان نەبووە.

کەشی کارەساتێك باڵادەستە کە مرۆڤ مەست دەکات و خەریکە مێشك ڕادەوەستێنێت و دۆخێکە تیایدا هەموو کەسێك ناچارە خۆی کاری خۆی ئەنجام بدات، “شەرمی ونکردنی کەسوکار لە بیر کراوە” و مرۆڤ بەخێرایی لەسەر هەموو شتێك ڕادێت: “چیمان کردووە تا ئەم شتانەمان بەسەربێت؟”

ئەم چیایە وەرگەڕاوەتە سەر پێوەری تاوان و گوناه و ئەم پرسیارانەيش بە بێگەردی و دەربەستێکی ئەوتۆوە دەکرێن کە ڕۆژانی منداڵیی مرۆڤ بیری مرۆڤ دەخاتەوە. لەوانەيشە لەو سۆنگەیەوە بێت کە مرۆڤ، سەرباری کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی، مەگەر هەر لە تەمەنی منداڵیدا ئەو هەموو بەڵێنەی گوێ لێ بووبێت.

ئەگەر بیر لە ئازاری هەرگیز نەبڕاوەی کوردان بکرێتەوە، ئەوا تابلۆیەکی ڕەشبینانە دێتە بەرچاوان!

 

لە پەرۆشیی چاوەڕێکردن و لە کەشی “چیمان بەسەردێت”دا بەردەوام بەشێوەیەك باس لە داهاتوو دەکرێت وەك ئەوەی شتێك بێت لە ڕابردوودا بەجێمابێت. کەس بڕوا بەو لێبووردنە ناکات کە سەدام ڕایگەیاندووە. تا ڕێژیمی سەدام نەڕووخێت، کوردەکانی عێراق هیچ نیازی گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان نییە. وشەی “ماڵ” بەتەنیا ترسی ناپاڵم و “کیمیا” نا، بگرە زیاتر ژیانی بەجێهێشتوویان بیر دەخاتەوە. بە پەلەپرووزێ و بێ خۆئامادەکردن لە ماڵ دەرچوون، بەڵام بەئومێدی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، دەرگاکانیان توند داخستووە، کلیلیان داون و کلیلەکانیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە. ئێستا لە دەمی ئەو کەسانەوە کە بەدوای ئومێد و منداڵی ونبووندا بۆ عێراق گەڕاونەتەوە و پاشان هاتوونەتەوە، دەبیستن شارەکان چۆڵن، ماڵان تاڵان کراون، ڕووخێندراون و سووتێندراون. ئەمجار هەمان پرسیارگەلی سەبارەت بە هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان، جیهان و تورکیات لێ دەپرسن: “جیهان چی دەڵێت سەبارەت بە ئازارەکانمان، چ بڕیارێك دەدرێت، چی ڕوودەدات؟”

لە ڕێی چوونمدا بۆ ناو ئاوارەکان، لە دووکانی بەقاڵێکی بەساڵاچووی کورد لە شیرناخ تابلۆیەکی کۆنم بینی لەسەری نووسرابوو: “ئارەزووم وایە دوو هێندەی ئەوەت بەسەربێت کە بۆ من بیری لێ دەکەیتەوە.” ئەگەر بیر لە ئازاری هەرگیز نەبڕاوەی کوردان بکرێتەوە، ئەوا تابلۆیەکی ڕەشبینانە دێتە بەرچاوان!

 

 

 

بە بۆنەی 33یەمین ساڵڕۆژی کۆڕەوەوە خوا کوردەکانی لە بیر کردووە

ئۆرهان پاموک

 

وەرگێڕانی لە تورکييەوە ؛ بەکر شوانی

* بەکالۆریۆسی ڕۆژهەڵاتناسی-بازنەی تورکیاناسی، زانکۆی بۆن، 2016

  • بەکالۆریۆسی زانستی نەوت و کانەکان، زانکۆی بەغدا، 1991