عه‌لی مه‌ردان..
له‌نێوان وشیاری هونه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی له‌دانانی بینای مۆزیك بۆ مه‌قامات
عه‌باس جه‌میل جێماو/ نووسەر/ کەرکووک
قورسترین شتێك له ژیانی هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگه له‌ده‌ستدانی ئازیزانێتی، چ جای هونه‌رمه‌ندێك له‌رێی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه توانیبێتی جێ په‌نجه‌ی خۆشه‌ویستی خۆی له‌دڵ و ده‌روونی گه‌لێك چێهێشتبێ، نمونه‌ی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی كورد مامۆستا عه‌لی مه‌ردان، كه دوای زیاتر له‌نیو سه‌ده به‌خشش و داهێنان له دونیای هونه‌ری مه‌قام و گۆرانی ره‌سه‌نی كوردی، له‌ته‌مه‌نی 77 ساڵیدا گۆڕه‌پانه هونه‌رییه‌كه بۆ یه‌كجاری به‌جێدێڵێ، كه تێیدا چه‌ندین كاری به‌پێز و دانسقه‌ی له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و ناوچه‌كه پێشكه‌ش كرد و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی فراوانی به‌دوای خۆیدا هێنا.
ئه‌و جیا له‌مه‌قامه‌كانی (ئه‌ڵاوه‌یسی و ئای ئای و خورشیدی و قه‌تار و خاوكه‌ر) كه تایبه‌تن به ره‌سه‌نایه‌تی هونه‌ری كه‌ركووك و گه‌رمیان، ده‌یان مه‌قامی تری سه‌ره‌كی نمونه‌ی حیجاز و به‌یات و سه‌با و راست و كورد و هتد، تۆمار بكات، سه‌رباری ئه‌مانه توانی مه‌قامێكی تایبه‌ت دابهێنی به‌ناوی (هیجرانی).
نیچه ده‌ڵێ” بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مر بین ده‌بێ ده‌ست به‌هونه‌ره‌وه بگرین”.
له‌مڕوانگه‌وه ئه‌وه‌ی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان له‌هونه‌رمه‌ندانی تر جیاده‌كاته‌وه له‌ناو گۆڕه‌پانه هونه‌رییه‌كه، چ له‌وانه‌ی پێش خۆی و یان سه‌رده‌می خۆی یان دوای خۆی، وه‌ده‌ستهێنانی پایه‌ی نه‌مریه، كه وه‌ك مۆركێك بۆ خۆی و هونه‌ره‌كه‌ی تۆماری كرد، له‌چوارچێوه‌ی كاركردن و گرنگیدان به زیندوو كردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌قاماتانه‌ی كه زۆر ئه‌كادیمیانه دیكۆمێنتیان بكات و ره‌سه‌نایه‌تیان بپارێزێت و هه‌روه‌ها پێدان و به‌خشینی شوناس و ئه‌دره‌سی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌یی كوردی پێیان، له‌ته‌ك ئه‌مانه‌شدا دیسانه‌وه توانی رێگری له حه‌شاماتی گزی و ئیقتیباسی هونه‌رمه‌ندانی فارس و عه‌ره‌ب و توركمان بكات له‌مڕوه‌وه، هه‌روه‌ها رێگری له ده‌ست به‌سه‌رداگرتن و خاوه‌ندارێتی كردنی ئه‌و مه‌قاماتانه له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌كانی تره‌وه.
سه‌باره‌ت به نمایشه هونه‌رییه‌كانیشی، له كن ئه‌و هونه‌ر تا ئاستی جدیه‌ت شوێن خۆی گرتبوو، ئه‌و زۆر له‌وه گه‌وره‌تر بوو بۆ به‌ده‌ستهێنانی یان له‌په‌نای چه‌ند ساتێكی مه‌ستی، بتوانێ كه‌شێك بخوڵقێنێ تیایدا گه‌مه به تۆنه ده‌نگی و ریتمییه‌كانییه‌وه بكات، بۆ حه‌وانه‌وه‌و رازیكردنی دڵی میرزاده و خواپێداوه‌كان، له‌به‌رامبه‌ر چه‌ن عانه و ئافه‌ریمێك، سه‌رباری ئه‌و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مانه‌ی ژیان كه‌ده‌هاتنه رێی، (برسێتی، نه‌داری، ده‌ربه‌ده‌ری، نه‌بوونی، نه‌خۆشی، بێكه‌سی) هه‌ر كۆڵی نه‌داو توانی بگات به ئامانجه پیرۆزه‌كانی خۆی.
ئه‌و دنیایه‌ك بوو له بوون، ئاسمانێك له ئای ئای و خورشیدی و خاوكه‌رو قه‌تار و ئه‌ڵاوه‌یسی.. ئه‌و هه‌ناسه‌ی ئه‌خسته به‌ر تۆنه هه‌تیوه‌كان، تا ئێمه بێ مه‌ی، پێی مه‌ستبین..
“له غه‌ریب خۆم..
قه‌ت نه‌مبینی بۆ جارێكیش عه‌لی مه‌ردان بگری..
به‌یاتێكی چاوڕه‌ش پێ بكه‌نێ..
له‌كاتێكدا زه‌یتونه‌كانیش..
وا خه‌ریكه قه‌یره‌ییان له‌ته‌ك منه‌وه سه‌وز ئه‌بێ”.
گوبانچی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره و ناودار و مامۆستای مه‌قاماتی عێراقی، له‌چه‌ندین بۆنه‌دا سه‌باره‌ت به كه‌سایه‌تی و هونه‌ری مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ده‌یگوت” عه‌لی مه‌ردان مامۆستایه.. مامۆستای هونه‌ری مه‌قاماته، وشیاری و زرنگی مامۆستایه‌تی تێدا به‌دی ده‌كرا، له دانانی مه‌قامه رۆژهه‌ڵاتیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و هه‌روه‌ها سه‌ربه‌خۆیی له دانانی بینای مۆزیك بۆ مه‌قاماتی كوردی”.
دابڕانی هونه‌ریشی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌فتاكان، كه له تۆمارێكی ده‌نگیدا مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ئاماژه به ده‌رهاویشته نه‌رێنیه‌كانی كۆتا ژیانی هونه‌ریی خۆی ده‌كات، که له‌ئه‌نجامی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ندی میللی گه‌وره‌ی كورد زیره‌ك رووبه‌روی ده‌بێته‌وه (دابڕان له‌گۆرانی وتن بۆ هه‌تایه)..
ده‌ڵێ” مردنی زیره‌ك هێزی له‌به‌ر بڕیم.. ئه‌توانم بڵێم هێز و هه‌ناو و فیكر و دانه‌ر و گۆرانی و مه‌قاماتم نه‌ما، سبحان الله گۆرانیم نه‌وت و ده‌نگم نه‌ما، ئه‌و له‌هه‌موومان رۆی نه‌ك له‌من”.
لێره‌دا ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه كه مامۆستا مه‌ردان سه‌رباری سه‌لیقه‌ی رۆشنبیری و هونه‌ری، له لوتكه‌ی ئه‌خلاقه‌وه ده‌یڕوانیه ژیان، خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی به‌هێزی كۆمه‌ڵایه‌تیش بوو، ئه‌و مانای دۆستایه‌تی ده‌زانی، ماریفه‌ی هاوڕێیه‌تی له‌به‌رچاو ده‌گرت، به‌ته‌وازوعه‌وه له ده‌ورووبه‌ری خۆی ده‌ڕوانی، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد كه جیاواز بێ له‌رۆشنبیران، چ له سه‌رده‌می خۆی یان ئێستا.
……………………………….
- هونه‌رمه‌ند عه‌لی مه‌ردان له‌دایكبووی ساڵی 1904 ی خانه‌واده‌یه‌كی كوردی گه‌ڕه‌كی به‌رته‌كێی شاری كه‌ركوكه، مه‌خابن له 24 ی ته‌موزی 1981 له به‌غدا بۆ یه‌كجاری ماڵئاوایی له ئازیزان و گه‌له‌كه‌ی ده‌كات.