فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئەو کاتەی خەیاڵ بەسەر شعووردا زاڵ دەبێ!

 

ئەو کاتەی خەیاڵ بەسەر شعووردا زاڵ دەبێ!

 

  سیروان کاروانی/ نووسەر و شاعيڕ / سويد

 

 

زۆر جار وا ڕوو دەدات کە مرۆڤ کارێکی ئەنجامدراو دەبیسێت یان بەرچاوی دەکەوێت بەڵام پەسندی ناکات، ئیتر ئەو کارە چ گوتەیەک بێت لە ڕێگای تەنها ئاخافتنەوە، یاخود بە نووسراوە بێت. لەو کاتانەشدا، مرۆڤەکە ڕەنگدانەوەیەکی سەبارەت بەو کارە لەلا دروست دەبێت و ئیتر دەچێتە کەونی خەیاڵات و تێڕوانینی جۆراوجۆرەوە.

 

لای هێندێک، خەیاڵ بەسەر شعووردا زاڵ دەبێت و لای هێندێکیش ئەمە بە پێچەوانەوەیە. ئەگەر مرۆڤ هەر شتێک بە خەیاڵیدا هات، بەبێ هۆنینەوە بیڵێ و بیخاتە سەر کاغەز، ئەوا دزێوترین سیمای لا دروست دەبێت، چونکە لە خەیاڵدا زۆر شت دەگوترێت و بەبیردا دێت، بەڵام لە دەربڕیندا هەموو ناگوترێن و هەروەهاش نانووسرێنەوە.

 

هەنە بە جوانترین شێوازی ڕادەربڕین، ئەگەرچی دژیشن، هەڵوێستیان وەدەردەخەن کە بە پلەیەکی بەرز دەبنە جێگای بڕوا و متمانە و لەوێشدا گەورەترین سوود بە بەرانبەرەکەیان دەگەیەنن و، هەر بەو شێوەیە دەوروبەریش بە ئاوازی خۆش ئاشنا دەکەن.

 

تیاشیاندا هەیە بە شێوەیەک مەرامەکەی دەردەبڕێ، کە ئەگەر ئەو ڕەنگدانەوەیەی لەلای دروست بووە، کۆلکەڕاستییەکیشی تێدا بێت، ئەوا لە دەستی دەدات و دەچێتە ڕیزی ئەوانەی لە ئاستی ئەو کارەدا نەخوێندەوار و بە شرپەشرپن. لەوێدا، خەیاڵ کە بە زۆر شێوە پەیدا دەبێت، کار دەکاتە سەر شعوور و چۆنی بیەوێت بەو شێوەیە دەبێتە هۆی دەربڕین.

 

لێرەدا، ساغ و ناساغ وەدەردەکەوێ. ئەوەی زانست سەلماندوویەتی، ئەوەیە کە ئەوانەی لە بارەی دەروونییەوە ساغن، هەموو شتێک ناڵێن ئەمە ئەو گوتە کوردییەمان بەڕاست دەردەخات کە دەڵێ: (جوان بیکوڵێنە ئەوجا بیڵێ). شیر تا باشتر بکووڵێ تامدارتر دەبێ، بەڵام ئەوانەی لە باری دەروونییەوە وەکوو پێویست نین، لێ ناپەنگێنەوە و هەموو شتێک دەڵێن. سەیریش لەوەدا دەردەکەوێ، کە دەیانەوێ دار و بەردیش نموونەی وانی لێ دەربچێ و میلۆدییەکانی وان لێبداتەوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی –نێت. دوکتۆر- 20%ی خەڵکی سوێد ساڵانە جارناجارێک ئەم نیشانانەیان لێ دەردەکەوێ. هەروەها ساڵی 1990 لە سوێددا، ڕێژەی ئەم جۆرەیان لەناو ژنانی کە لە “ڤاللێنتوونا”ی سوێد دەژیان، ئێجگار لە بەرزی بوو. ئەمە بۆ ماوەی 4 ساڵ و لە 1994دا، ئەم ڕێژەیە لای ژنانی ستۆکهۆڵم بەرزتر بوو. هەر ئەم ڕێژەیە لای پیاوان لە هەردووک ستۆکهۆڵم و ڤاللێنتوونا، لەو ماوەیەدا لای پیاوان بەرزتر بوو.

 

لە ئاشی بیری ئادەمیزاددا:

  • گوتە کاتێک نەستەق دەردەچێ، کە بە شێوەیەکی جوان دەرببڕدرێ.
  • پەند کاتێک بۆ مێژوو دەمێنێتەوە (واتە جێگای خۆی لە مێژوودا دەکاتەوە)، کە تەعبیرێکی جوان لە بەسەرهاتەکەی بکات.

 

لە پەروەردەدا:

  • بەپەروەردەترین مامۆستا ئەوەیە، کە ئامۆژگارییەکانی لە دەرەوەی خوێندنگەش بڕ بکەن.
  • سەرکەوتووترین خوێندنگە ئەوەیە خوێندکاری سەرکەوتووی لێ بکەوێتەوە، نەک زۆرترین خوێندکار ڕووی تێ بکەن.

 

لە نووسیندا:

  • باشترین نووسەر ئەوەیە، کە خوێنەر فێری بەهای ژیان بکات.
  • شایستەترین نووسین ئەوەیە زۆرترین خوێنەر پەسندی بکەن، نەک زۆرترین خوێنەر بیخوێننەوە.

 

لە ڕەخنەدا:

  • بەتواناترین ڕەخنەگر ئەوەیە چاکە و خراپەی دەق بخاتە ڕوو، ئەگینا دەچێتە خانەی گوومانەوە.
  • ڕەخنە کاتێک شیاوی تێڕامان دەبێ کە لەژێر ناوی ڕاستەقینەی ڕەخنەگرەکەدا بێت، نەک بە ناوی جۆراوجۆرەوە.

 

لە هونەردا:

  • سەرکەوتووترین هونەرمەند ئەوەیە بۆ هەموو بۆنەیەک گۆرانی نەچرێ و، هەروەک سنووری زاراوەکان تێپەڕ بکات.
  • جوانترین ئاواز ئەوەیە، کە بیسەر چەندین جار لێی بداتەوە و هێشتا تامەزرۆی بێ.