فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

“عیشق و وەسڵی گیان”و  ڕۆڵی ژن لە یەکیەتی ڕووحدا

“عیشق و وەسڵی گیان”و  ڕۆڵی ژن لە یەکیەتی ڕووحدا

 

هۆشەنگ شێخ موحەمەد/ تویژەر و نووسەر/ هەولێر

بەڵام لە عرفاندا بابەتێکی تری گرینگ لەبارەی مێیەوە هەیە، کە ئەویش ئەمەیە، مێیە دەکرێت ببێتە عارف و لە خودا نزیک ببێتەوە، هەروەها دەکرێت ببێتە ڕێبەری عارف و مامۆستا و ڕێنیشاندەری لە حیکمەتی خواوەندیدا، هەندێ عارفگەلی گەورەی ئیسلام لای ژنان دەرسیان خوێندووە و فێربوونە، وەک (حەسەنی بەسری، زووننوونی میسری و ئیبن عارەبی). هەروەها خۆشەویستی مێ وەک فەرمایشتێکی خواوەندی دەبیننەوە و فەرموودە و بەڵگەی دینی بۆ دێننەوە.
ئیبن عارەبی مێیە وەک تەجەللای پێکگەیشتنی نێوان ئەوەی کە خواوەندییە و ئەوەی کە مرۆییە دەبینێت. چونکە مێیە میهرەبانی هەیە، میهرەبانیش لقێکە لەناوی ڕەحمانی خوداوەندی
لای ئیبن عارەبی مرۆڤ بەسەر دوو کیاندا دابەش بووە، نێر و مێ، خودی مێ دوای خودی نێر پەیدا بووە، کاتێ ئادەم لە بەهەشتدا هەستی بە تەنیایی کرد، خودا حەوای لەودا بۆی پەیدا کرد، واتا حەوا بەشێکە لە ئادەم. بۆیە سۆزی نێر بۆ مێ سۆزی گشتە بۆ پارچەکەی، کە بوونی ئەو تەواو دەکات، سۆزی مێیەش بۆ نێر سۆزی غەریبی جیابووەوەیە لە نیشتمانەکەی. ئیبن عارەبی مێیە وەک تەجەللای پێکگەیشتنی نێوان ئەوەی کە خواوەندییە و ئەوەی کە مرۆییە دەبینێت. چونکە مێیە میهرەبانی هەیە، میهرەبانیش لقێکە لەناوی ڕەحمانی خوداوەندی، کە واتای ڕەحمەتی فرە دەگەیەنێت. ئیبن عارەبی زیاتریش لەمە مێیە بە بنەڕەتی بوون دادەنێت، چونکە بوون لەسەر دوو بنەڕەت بنەما دەگرێت، ئەویش پەیدابوون و فرەبوونە، لەکردەی پەیدابووندا مێ تەواوکەری بوونی نێرە، لەکردەی فرەبوونیشدا مێ کارلێکراوی بوونە بۆ نێر، ژن بۆ پیاو لە ئاستی پایەی سروشتە بۆ فەرمایشتی خودا، چونکە ژن شوێنی بوونی منداڵانە، سروشتیش شوێنی فەرمایشتەکانی خوداوەندە بۆ ئاشکرابوونی بوونەوەر و شتەکان، کە تیایدا شێوە دەگرن و ئاشکرا دەبن. فەرمایشتی خوداوەند بێ سروشت نابێت و سروشتیش بێ فەرمایشتی خودا نابێت، گەردوون لەسەر هەردوو شتەکە وەستاوە، بۆیە ئەوەی پایەی سروشت بزانێت، پایەی ژنیش دەزانێت، ئەوەی پایەی فەرمایشتی خودا بزانێت، پایەی پیاویش دەزانێت،
لای ئیبن عارەبی پێوەندی نێوان ژن و پیاو، تەنیا لەپێناو پاراستنی جۆر و وەچەنانەوە نییە، بەڵکو ئەم پێوەندییە فەرمایشتێکی خوداییە
هەموو بوونەوەرەکان هێ لە خودا بوونیان لەسەر ئەم دوو هەقیقەتە بەندە، لە ئەنجامدا ژن بێ پیاو هیچ نییە و پیاویش بێ ژن هیچ نییە. لای ئیبن عارەبی پێوەندی نێوان ژن و پیاو، تەنیا لەپێناو پاراستنی جۆر و وەچەنانەوە نییە، بەڵکو ئەم پێوەندییە فەرمایشتێکی خوداییە، بێ ئەم واتایە خۆشەویستی نێوان ژن و پیاو دەبێتە تەنیا وێنەیەکی بێ ڕووح.
بە شێوەیەکی گشتی، عرفان ژن لە وێنەیەکدا بۆ پایەیەکی باڵاتری ڕووحانی بەرز دەکاتەوە، بە بنەڕەتی بوونی دادەنێت، نووری خواوەندی لەودا تەجەللی دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەم بەرزبوونەوەیەدا، ناکەوێتە نێو بازنەی عیشقەوە، بەڵکوو پێوەندی ئەو بە پیاو، لەسەر ئاستی ڕەمز دەمێنێتەوە و لە بازنەی جوانیدا جووڵە بە پیاو دەکات تا بەرەو عیشق بڕوات، نموونەی (مریەمی پاککیزە) لە مەسیحیدا، (فاتیمەی زەهرا- دایکی پاککیزە) کە بنەڕەتی زنجیرەی ئیمامەکان دادەنێت، ئەم نموونانە تەجەللای حیکمەتی خواوەندین، ژن تیشکی هەقە، تەجەللی خالقە، بۆیە ناکەوێتە نێو بازنەی عیشقەوە.
ئەم تێگەیشتنە دوو سەرەیە، لەلایەکدا پایەی ژن بەرز دەکاتەوە و تێکەڵی حیکمەتی خواوەندی دەکات، لەلایەکی تریش لە عیشقی عرفانیدا دەوری تەجەللای پێ دەبەخشێت و خۆی وەک مەخلووقێک نابێتە مەبەست. بەمەش ژن و عیشق ناکەونە پێوەندییەوە، پێوەندی ئەو بە پیاوەوە، لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، کە پیاو نیشتمان و مەوتن و مەفتەنی ئەوە، نەوەک عاشقەکەی. پێوەندی ئەو و تێکەڵبوونی بە پیاویش هێ لە وەچە نانەوە و پاراستنی جۆری مرۆڤ، تێکەڵ بە فەرمایشتی خواوەندی دەبێت و واتا بە عیشقی پیاو دەدات و وێنەیەکی ڕووحانی پێ ئاشکرا دەبێت.