فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

گورگ و مەڕ و بێوەفایی بەنیادەم

گورگ و مەڕ و بێوەفایی بەنیادەم

عەبدولڕەحمان فەرهادی/ سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد/ هەولێر

گورگ، گیانەوەرێکی دڕندە و مەترسیدارە، بەتایبەت بۆ سەر مەڕ و ماڵات، مەگەر بە گەلە نەبن، دەنا نەمزانیوە پڕ بدەنە مرۆڤ، وەلێ گەلەگورگ بگەنە مرۆڤ و هەر گیانەوەرێک، هێرشی دەبەنێ و تا نەیخۆن واز ناهێنن، بەڵام سەگ ماڵی و ڕام دەبێت و زۆرجار تا تۆپینی، ئاشنای خۆمان و ناو ماڵمانن و هەر لەگەڵ مرۆڤدان، زۆر کەم وایە بێ مرۆڤ هەڵبکەن، گورگ لەنێو خۆیاندا زۆر کۆمەڵایەتین و تاکەکانیان لەپێناو یەکتر ئامادەی گیانفیدایین. سەگ بە شەو یان بە تەنگەتاوی دەحەپێ یان دەوەڕێ، بەڵام گورگ دەلوورێنێ، گورگ زۆرجار کە برسێتی تەنگاوی دەکات، ناچارە ڕووەکیش دەخوات. سەگ و گورگ لە یەک بەرەبابن و بە یەک پۆل حسێب دەکرێن. ئەگەر سەگ و گورگ لە دنیادا نەمێنن، ئەوا هاوسەنگیی ژینگە تێکدەچێ و لەئەنجامدا مرۆڤ و گیانەوەران تووشی کێشەی گەورە دەبن. سەگ و گورگ هەردووکیان زۆر زیت وریا و زرنگن، هەردووکیشیان لەکاتی مەترسیی سەریان، یەکجار دڕندەن و لە هیچ ناپرینگێنەوە. زۆرجار مرۆڤ تەنگەتاویان دەکات، ئاشکراشە کە مرۆڤ لە تەنگەتاویدا دڕندەیەکی بێ وێنەیە و لە تاوانکاریدا لە گیانەوەرانی دیکە مەترسیدارترە، گیانەوەران کە برسی دەبن، تا تێر دەبن دەخۆن، پاشان واز دێنن، وەلێ مرۆڤ ئەوەندە چاوچنۆکە بە هیچ تێر نابێت. ئەگەر گورگ و سەگ و گیانەوەرانی تر لەکاتی برسێتی و مەترسی بۆ سەر ژیانیان دڕندەیییان دەرکەوێ، ئەوا مرۆڤ جگە لەو کاتانە، زۆرجار لە کاتی ئاسایی و بوونی کێشەی زۆر سادە، دڕندییی لە گیانەوەرانی دیکە زیاترە..
چیڕۆکێک لەبارەی بێوەفایی مرۆڤ هەیە نازانم هیی کێیە! با بۆتان بگێڕمەوە:
گورگێک دەگاتە سەگێک، بە سەرزەنشتەوە لێی دەپرسێ:
هااا.. ئامۆزا، ئەرێ تۆ بەنیادەم چۆن دەبینی؟
سەگ: بەنیادەم کە یەکێک دەقێزەونن، بە (سەگ) بانگی دەکەن.
گورگ: هیچ جارەک یەکێک لە تاکەکانیانت خواردووە؟
سەگ: نەخێر.. نا.
گورگ: هیچ غەدرت لێ کردوون؟
سەگ: نەخێر.
گورگ: ئەی، ئەو کاتانەی ئێمە هێرشمان بۆ بردوون، هیچ پازت کردوون؟
سەگ: بەڵێ، زۆرجار.
گورگ: ئەی ئەوان کەسی زیت و زرنگ بە چی دەناوزەدێنن؟
سەگ: بە (گورگ) دەیناوزەدێنن.
گورگ: ئێێێی هێی! ئەی ئێمە لە سەرەتاوە ئامۆژگاریی ئێوەمان نەکرد! کە هەر بە گورگی لەگەڵ ئێمە بمێننەوە؟ بەخوا ئێمە چەندین جار مەڕ و ماڵات و تەنانەت منداڵەکانیشیانمان ونجڕ ونجڕ کردوون.. بڕوانە، ئەوان پاڵەوانەکانیان بە (گورگ) ناو دەبەن. پێویستە ئەوەش بزانن کە بەنیادەم هەردەم جەللادەکانیان دەپەرستن و بەردەوامیش کەسانی وەک ئێوە کە بەوەفان بۆیان، قەشمەر و ئیهانە دەکەن.