حەکو چما ( مردوو خۆرەکان ) یش درۆ دەرچوو ؟!!
نووسینی محمد ساڵەیی/ نووسەر و هونەرمەند. کەنەدا
ئەم بڕگەیەم لە قسەیەکی مام ئەنوەر کەریم وەرگرتووە و زۆر کوردانەو پڕ مانا هاتە بەر گوێم بۆیە دروست کردمە ناونیشانی ئەم نووسراوەم مام ئەنوەر پیاوێکی سادە و خۆش مەشرەبی هەولێرییە و لە شاری کالگەری کەنەدا دەژیت و هەموو ژیانی هەر بە زەحمەتکێشی بەسەر بردووە و نە پەرژاوە برەو بە سەوادەکەی بدات، بەڵام هەڵبەز و دابەزی ژیان گەلێ وانەی داوە.
لەپاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول گەڕاوەتەوە و پاشان ئەویش چەشنی هەزارانی وەکو ئێمەو مانان ئەوداڵی مارکسیزمی باوی ئەو دەم دەبێت و دەکەوێتە ژێر کاریگەری دروشمە نازدار و دڵگیرەکانی کۆمۆنیزم و خەونی پەمەیی سۆشیالیزم دەکەوێتە کەلکەلەی. بەو هزرەوە دەبێتە پێشمەرگە لە دەشتی هەولێر و دەڤەری کۆیە بۆیە ئەمجارە لە یەکێک لە پارتە کۆمۆنیستییەکان دەگیرسێتەوە، بەو هیوایەی ڕۆژگارێک کوردستانێکی بێ چینایەتی و هەژاری هاوشێوەی سۆڤیەتی مەزن بە دەست و تفەنگی ئەمان ساز بکرێت. خۆی واتەنی، خەونی سەوزی بینینی ماڵە مەزنەکەی لینین و کۆمۆنیزمی سۆڤیەت بوو، تا وەکو لە نزیکەوە هەوای سۆشیالیزم و کۆمەڵگەی بێ چینایەتی هەڵمژێت.
پاشی ساڵانێکی درێژ لە کار و چالاکی و شەڕ و شۆڕی پێشمەرگانە، دەستی ڕۆژگار هەڵیدەداتە سۆڤیەت و بە ماڵ و منداڵەوە ئاوارەی شاری لینینگراد دەبێت و لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە تاوەکو ناوەڕاستی نەوەدەکان دە ساڵی تەمەنی لەو وڵاتە بەسەر دەبات. واتە هەردوو سەردەمی کۆمۆنیزم و پاشی ئەویشی بووراندووە، پێش ئەوەی پەنا بۆ وڵاتی کەنەدای سەرمایەداری ببات، بەڕێزان ئەوەی بووە هاندەری نووساندنی ئەم بابەتە ئەوەیە، کە قسەکان و زانستەکانی هەموو مەیدانین و خۆی کەپووی پێیاندا تەقیوەتەوە و تێیاندا گوزەری کردووە و ڕوسییەکی باشیش دەئاخفێت، بیستن و بینینەکانی لە هیچ کتێبێکدا بەردەست ناکەون و زۆر سادە و کورمانجییانە دەیان گەڕێنێتەوە، منیش حەزم کرد خوێش و دەروێشی لێ ئاشنا بکەم و بۆ مێژوو بڵاویان بکەمەوە .
هیچ کۆمەڵ کوژی نەبووە و خەڵکەکەی لینینگراد و پیاوماقووڵەکانی ژێر بەژێری هانایان بۆ هتلەر بردبوو، کە لە دەستی کۆمەنیزم قورتاریان بکەن، هەرکە لەشکری ئەڵەمان گەیشتە ڕۆخی شار هەموو ئەم باژێڕە بە خانەوادەی ئێمەشەوە بە چەپڵەلێدان بەرەو ڕوویان چووی
مام ئەنوەر لەدرێژەی قسەکانیدا باسی هاوکاریی دکتۆر سەردار ڕەواندزی دەکات، کە بە چ جۆرێک لە تورکیاوە ڕایکێشاون بۆ سۆڤیەت و کۆنە شیوعییەکی کەرکووکیش بە ناوی سەفەر ڕێنمایی کردووە و بردوویەتی بۆ ئەپارتمانێکی بڵند لە لینینگراد و نیشتەجێی کردوون. لەنهۆمی سەرەوەی ئەپارتمانەکە هەواریان هەڵداوە و پاشی ماوەیەک بوونەتە هاوڕێی پیرەژنێکی ڕووسی زۆر بەتەمەن و دۆستایەتییەکی گەرمیان لەتەکدا دروستکردووە و دەگێڕێتەوە، کە خەڵکی ڕوس زۆر لە رژێمەکەیان پڕ بوون، بەڵام نە دەوێران دەردە دڵ خویان بکەن. رۆژێکیان ئەو پیرەژنە داوەتی خواردنێکی کوردانەی دەروێشی دەکەن، کەچی دەڵێت لە ژیانمدا خواردنی وا تێر و تەسەلم نەخواردووە، بڕوا بکەن لینین و ستالینیش سفرەی وایان نەبووە . گەر ئێوەی ئاوارە بەم ئەندازەیە خوان بڕازێننەوە ئەدی لە وڵاتی خۆتان چۆن دەخۆن ؟!! مام ئەنوەر دەڵێت: وتم دایە تۆ بەو تەمەنەوە ئایا هیچ بەسەرهاتی جەنگی گێتی دووەمت لەبیرە، ئایا قەتل و عامی خەڵکت بینی، کە ئەڵەمانەکان دژ بەم شارە بەرپایان کرد؟ لەوەڵامدا وتی ئەم کۆمەنیستانە لە ڕۆژی یەکەمیانەوە تا ئێستا مۆخەکەشیان بە درۆ و فیشاڵ درووستبووە. هیچ کۆمەڵ کوژی نەبووە و خەڵکەکەی لینینگراد و پیاوماقووڵەکانی ژێر بەژێری هانایان بۆ هتلەر بردبوو، کە لە دەستی کۆمەنیزم قورتاریان بکەن، هەرکە لەشکری ئەڵەمان گەیشتە ڕۆخی شار هەموو ئەم باژێڕە بە خانەوادەی ئێمەشەوە بە چەپڵەلێدان بەرەو ڕوویان چووین، من ئەودەم لە پۆلی چواری سەرەتایی بووم و ورد و درشتی ڕووداوەکانم لەبیرن، کە چۆن بە پشتی ئەڵەمانەکان خەڵکی داخ لەدڵی لینینگراد هەڵمەتیان بۆ بارەگاکانی کۆمەنیستەکان دەبرد و دەیان کوشتن، ئەوەی هەڵات دەربازی بوو و ئەوەی کەوتە دەستی گەل کوژرا، هەموو تێکڕا هەر چل پەنجا کەسێکی حیزبی دەبوون و تا ئێستاش گۆڕستانەکەیان ماوە و دەتوانی بیبینی، کۆمەنیستەکان بۆ پڕووپاگەندە و خۆ مەزن کردن گەورەی دەکەنەوە. دێتەوە بیرم ئێمەی منداڵان لەڕێ بۆ قوتابخانە بەڕێز دەستی خۆمان دەگرت و ڕێمان لە تانک و زرێپۆشەکانی ئەڵەمانەکان دەبەستەوە و هاوارمان دەکرد؛ تاوەکو خورما و شیرینیمان نەدەنێ ڕێگەتان نادەین بڕۆن، ئەوانیش هیچ کات بێ دڵییان نەدەکردین. بەراستی خورمای بە لەزەتیان وێ بوو . با هەق بڵێین، خەڵکی لینینگراد بە هاتنی ئەڵەمانەکان گەشانەوە و دەرووی خێرمان لێکرایەوە. هاتوو چوونمان بۆ وڵاتانی ئەوروپا بۆ مەیسەر بوو و بازرگانەکان دەچوون شمەک و کاڵاو جل و بەرگ و خواردنی ئەوروپییان بۆ روسیا هاوردە دەکرد و بەڕاستی بووژاینەوە چونکە هەرگیز بەرلەوە شتی وامان بەخۆوە نەبینی بوو. مام ئەنوەر دەڵێت: پێم وت ئەی بە کتێب باسی بەسەرهاتی مردوو و پشیلە و مشک خواردنی ئێوەمان خوێندۆتەوە، گوایە هەموو لە برسا و سەرما ڕەقبوونەوە، بە تەوسەوە وتی: جا ئەو کۆمۆنیستانە کەنگی قسەی ڕاستیان کردووە هەر هەمووی هەڵبەستراون و خەڵکیان پێ قانگ دەدا، ئەمنیش گوتم حەکوو چما کتێبی مردووخۆرەکانیش درۆ دەرچوو !!!.
ناسیاوە ڕوسەکانمان هەمیشە دەیانگوت؛ بڕوا بکەن ئەو تاراتەی ئێوە لەوەی ئێمە چاترە هیچ نەبێت وەکو ئێمەومانان قوونتان بە پراڤدا هەلا هەلا نەبوونە!!
مام ئەنوەر دەڵێت: خەڵکی لینینگراد زۆر بەخۆیان شانازن و وەکو شازادە و وەچەی ڕەسەنی شاکانی ڕوس خۆ دەردەخەن، بۆیە زۆر هەستیان بە نارەحەتی و ڕەزیلبوون دەکرد بەرامبەر گۆڕینی ناوی شارەکەیان لە مرۆڤێکی مەزنی وەکو پیتەر بۆ لینین هەمیشە دەیانگوت حەیف نییە لەجێی پەیکەری سیزەر پیتەر پەیکەری ئەو گرگنە تاتارە دابندرێت !! لەدرێژەی وتەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە مرۆڤە دانا و بەهرەدارەکانیان زۆر بریندار بوون و لە بێدەسەڵاتی و نائومێدیدا لەهەر گۆڕانێکی نزیک، بەناچاری پەنایان بۆ ڤۆدکا نۆشین و بەدمەستی دەبرد، گەر ڕێبوار لەشارێکەوە چووبا بۆ شارێکی دی، یان میوانداری کەسێکی کردبا، مەرج بوو پێشوەختە بارەگای کۆمنیزمی لێ ئاگاردار کردبا و ورد و درشتی بۆ نووسیبان بۆ ئەوەی مۆڵەتی گەشتی بدەنێ ڕادێۆ و تەلەفیزیۆن و هەر زۆر دانسقە بوون ماڵە خواپێداو و بەرپرسەکانی حیزب هەیان بوون. تەنیا یەک دوو کەناڵێکی خۆیانیان وەردەگرت، لەئەپارتمانەکاندا ڕادیۆی مەرکەزی هەبوون و خۆیان پێیان دەکرد و لەهەموو ماڵێک بڵندگۆی ئەو ڕادیۆیەی تێدابوو گوێبیستی دەبوون. ڕۆژنامەی پراڤدا بەمانای ڕاستی دێت کەچی ڕۆژنامەی سەورەی بەعسییەکان زۆر لە چاوی ڕاستگۆتر بوو، کەس نەیدەخوێندەوە گەرچی بێ بەرامبەریش بڵاویان دەکردەوە، بەڵام خەڵک لەبەر گرانی کلێنکسی تەوالێت بۆ خۆ پاککردنەوە بەکاریان دەهێنا، ناسیاوە ڕوسەکانمان هەمیشە دەیانگوت؛ بڕوا بکەن ئەو تاراتەی ئێوە لەوەی ئێمە چاترە هیچ نەبێت وەکو ئێمەومانان قوونتان بە پراڤدا هەلا هەلا نەبوونە!! سۆڤیەت زیندانێکی گەورە بوو، هیچیان لەبارەی گێتییەوە نەدەزانی، لەڕووی سایکۆلۆجییەوە وا پەروەردەکرابوون، کە حەز بە ڕووخساری کەسی دی نەکەن، گەلێکی تیژ و پۆرخزیان لێدەرچووە، پێیان باشە شەیتان ببین، بەڵام مرۆڤی سەرڕەش نەبینن، چەندین جار بە مندا هەڵشاخاون و جوێنبارانیان کردووم. پێیان دەگوتم؛ دەبڕۆن بەرۆکمان بەردەن ئێمە چیمان هەیە لێرە جگە لە پەتاتە و کەلەرم. بۆیە چاویان بە گەلانی دیدا هەڵنایات. چەندین دەزگا و پۆلیسی داپڵۆسێنەریان هەبوون، کە دادەبەزینە نێو مۆسکۆ خەڵکیان تێڵاتڕێن دەکرد و هەر بابایەکی نا ڕوسیان چنگ کەوتبا بە کۆمەڵ دەیانکوتا یاخود گیرفانیان تاڵان دەکرد. جارێکیان من و ئۆکرانییەکیان گرت و ئەو داماوەیان بە شەق و دار مار هەنجن کرد، کە هاتە سەر من پێم وت، کوردێکی ئاوارەی ئێراقم، یەکسەر وتی: سەددامت خۆش دەوێت، لەوەڵامدا وتم زۆر، چونکە بەرلەوە دەمزانی ڕوسەکان هەموو سەددام پەرستن، بۆیە ئەوجارە بەو وەڵامە دەرباز بووم، شەقامەکانیان هەموو چۆڵ بوون و تاکو توک ئۆتۆمبێلیان بەسەرەوەبوون . کۆمۆنیستەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەمیشە درۆی چەواشەکارییان هەڵدەبەست، دەزگای ڕاگەیاندنەکانیان هەموو بابەتی بێ بنەمایان پەخش دەکرد. جارێکیان لە پراڤدا نووسیبوویان لینین لە زیندان لەسەر کارتۆنی شیر فەلسەفەکانی دەنووسییەوە، ڕوسەکان بە تەوسەوە دەیانگوت، ئای لەو درۆ شاخدارە ئەودەم کارگەی شیر هەر بوونی نەبووە و تا شەستەکانیش هەر بە جام شیرمان دەخواردەوە !!
کۆمۆنیستەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەمیشە درۆی چەواشەکارییان هەڵدەبەست
مام ئەنوەر دەڵێ: ئەودەمەی بۆریس یەلتسین بووە ئەندام پەرلەمان و دواتریش جێگری سەرەککۆمار گۆرباچۆڤ، هەوایەکی کرانەوە بەسەر سۆڤیەتدا هات، چونکە لە نێو لەشکردا هەژموونی گەورەی هەبوو، خۆی ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی کۆمۆنیست و ساڵانێکیش پارێزگاری مۆسکۆ بوو بۆیە کەسێکی گەلەری و بێمنەت و ئاشکرا تانەی لە کۆمۆنیزم دەدا و بە تەوسە باسی دەکرد. وەڵاتیانی سۆڤیەتیش دەماریان جووڵا و نەرم و لەسەرخۆ کەوتنە سەر شەقامەکان و ڕەخنە و شیعریان دەخوێندەوە، بەر لەوە هەر ئەوەندە بەس بوو بۆ گوللەباران کردنیان. گۆرباچۆڤ دەیویست کرانەوە بە پایە بێت و پەلە نەکرێت، بەڵام یەلتسین بە پشتی سوپا و خەڵک هەمیشە دەیگوت، بڕۆن یەک شەق لە کۆمۆنیزم هەڵدەن و بێ دواکەوتن تۆۆی ببڕنەوەو گوێ لە گۆرباچۆڤ مەگرن با بۆ خۆی بڕێسێ ، هەر خۆیشیان بۆ چاوترساندنی لە بۆسەیەکدا گۆرباچۆڤیان بریندار کرد و ئینجا ملی دا .
پەرلەمانتارەکانی سۆڤیەت لەگەڵ هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت نەبوون بۆیە لەنێو باڵەخانەی پەرلەمان مانیان گرت. ئێمەی کوردانی ئاوارەش هەرچەندە لە کۆمۆنیزم داخ لەدڵ بووین بە کوردەشەرمە لەسەر داوای ئەندام پەرلەمانێکی کوردی جۆرجیا بە ناوی تاجەددین دەگەڵ ئاپۆرەی نارەزایان کەوتین و لە بەردەم باڵەخانەکەی پەرلەمان کۆبووینەوە. ئەوەندەی بڵێی یەک و دوو بە دەیان تانک و دۆشکە و سەدان سەرباز دەورە دراین و یەکسەر بەر دەستڕێژی گوللە دۆشکە دراین و تۆپی تانکیش لە پەرلەمانی دەدا، وای ڕوحم، هەموو تێمان تەقان و هەڵاتین و پەرلەمانتارانیش خۆیان بەدەستەوە دا و هەموو شتێک کۆتایی هات و ئەمەریکا و ئەوروپاش دەستیان لە پشتی یەلتسین دەدا و بەدیاری بازارەکانی ڕوسیایان لە هەموو جۆرە کەلوپەل و خۆراکێک کەلەوەپێش ڕوسەکان بە خەونیش نەیان بینی بوون تژی کرد.
بەڕاستی ڕۆژانێکی مێژوویی و شیرین بوون لە ژیانمدا، پڕوپاگەندەی کۆمەنیستەکان وایان دەردەخست دۆستی گەلانی گيتین و حەز بە هەمەنەتەوە دەکەن
خەڵکی لینینگراد هەر بەچەپڵەرێزان پەیکەرەکانی لینینیان دەهێنایە خوارەوە و گەمەیان پێ دەکردن، ئەوجا بەزنجیر ڕاکێشران و لە گۆڕەپانێکی فراوان فڕێ دران، بەڵام تێ نەدەگەیشتم بۆچی سەرلەبەریان لەسەردەم تووڕهەڵدرابوون. ئێمە و مانانیش کۆنە کۆمەنیست بووین کەچی تێکەڵی خۆشی و زەماوەندی ڕوسەکان بووین و چەپڵەمان بۆ لێدەدان و هەستمان دەکرد، بۆ هەتا هەتایە بارێکی گران لەسەر دڵی هەموو لایەک هەڵگیرا، دواتر بۆ جاری دووەم بەدەم سروود وتن و سلۆگانەوە پەیکەرەکەی پیتەریان دانایەوە، بەڕاستی ڕۆژانێکی مێژوویی و شیرین بوون لە ژیانمدا، پڕوپاگەندەی کۆمەنیستەکان وایان دەردەخست دۆستی گەلانی گيتین و حەز بە هەمەنەتەوە دەکەن، بەڵام لەڕاستیدا زۆر نەژادپەرستن و بە ئێمەی نا ڕوسییان دەگوت: چێڕنی بلێ ، واتە قولە ڕەشی هیچ و پووچ، وایان دەزانی ئێمە ئەفەریقاین، ڕوسەکان پێیان دەگوتین؛ ئەگەر بتەوێت وڵاتێک نابووت و کاول بێت نزا بکە ئیسلام یان مەسیحی یان کۆمۆنیست حوکمیان بکات، بۆ بەدبەختی ئێمە هەرسێکمان چێشتوون و ملیۆنانمان لێ کوژراون .
بەڕێوەبەری گشتی پۆلیس پیرەمێردێکی بەساڵاچوو خۆیشی هاتبوو، چووینە لای و وتمان کوردی لێ قەوماوین و یارمەتیمان دەوێت بۆ دەرچوون، وتی: ئێوە بارزانین، من و بارزانی پێکەوە لە پەیمانگا بووین
جارێکیان لەنێو ترام ژنە ڕوسێک لێمان هاتە پێش و وتی: من بزانم ئێوە بە کوردی دەدوێن، من ژنی بارزانییەک بووم و کوڕێکم لێی هەیە لە سەروو بەندی گەڕانەوەی بارزانییەکان بەنەخۆشی کۆچیی دوایی کرد و لێرە نێژرا بۆیە ئاواتی دەرچوونم لەم کاول بووەی ڕوسیا نەهاتە دی و لەگەڵ مەلا مستەفا نەچووم بۆ بارزان .! خەڵکی ڕوس وەکو کوردی دۆ نەدیو شمەک و خۆراکی ئەوروپی و ئەمریکاییان دەکڕی هەتا بڵێی پەژمووردە و هەناسە سارد بوون. ئێمەش لەو هەڵومەرجەدا بە سەدان پەنابەر ڕوومان لە ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆئەوەی چارێکی ئێمەی بێ چارەنووس بکەن، کەچی لە ترسی حەشاماتەکەمان داوای پۆلیسیان کرد بوو و زۆر بەڕەشی مەبەستی ئێمەیان بۆ باس کردبوون ، بەوسۆنگەیەوە پۆلیسێکی بێ شوومار بەسەرماندا دابارین و بەڕێوەبەری گشتی پۆلیس پیرەمێردێکی بەساڵاچوو خۆیشی هاتبوو، چووینە لای و وتمان کوردی لێ قەوماوین و یارمەتیمان دەوێت بۆ دەرچوون، وتی: ئێوە بارزانین، من و بارزانی پێکەوە لە پەیمانگا بووین و زۆر هاوڕێم بوو وێنەی یادگاریشم لە تەکی هەیە ؟
بەو قسەیە شاگەشکە بووین هەموو خۆمان بۆ کردە پوورزا و ئامۆزای بارزانی نەمر.. لێیان چووە ژوورەوە و وتی یان ئۆفیسەکەتان داخەن و بڕۆن یا کاری ئەمانە ڕایی بکەن، با دەرچن بۆ هەندەران، بەم جۆرە ڕێگەی دەرچوونمان بۆ واڵا بوو ئێمە بە خێزانەوە هاتین بۆ کەنەدا.