فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئاوڕدانەوەیەک لە فەلسەفە 

ئاوڕدانەوەیەک لە فەلسەفە 

د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم

ئاشکرایە ، کە لەگەڵ مرۆڤەکان دا دیاردەی سەرسامی و بەرەبەیانی هزری فەلسەفی دەردەکەوێت . ڕامان و سەرسامیش دەبێتە دەستپێکی فۆرمولەبوونی جیهانبینی و پاشانیش هزری فەلسەفی لای مرۆڤ . سەرسامبوونی مرۆڤەکان بە شت و دیاردە گشتییەکان ، پرسیاری جۆراو جۆر لای مرۆڤەکان دروستدەکات ، لە پرسیارەکانیشەوە گەڕان بە دوای وەرامی گونجاو و ڕاست خۆی ڕەپێشدەکات، بەڵێ ، هەموو ئەمانە و هیتر دەبن بە سەرەتای دەرکەوتنی جیهانبینی میتۆلۆژی- ئایینی و فەلسەفی ، بێ شک ، لە دوا وێستگەشدا مەعریفەت و زانست .
لە ڕاستی دا ، میتۆلۆژیا دەبێتە قۆناغی سەرەتایی جیهانبینێکی ئێستێتیکانەی مرۆڤ بۆ شت و دیاردەکان ، کە وەها جیهانبینێکیش ، بێ هیچ دوو دڵیێکەوە ، ڕەگەکانی لە واقیعەوە سەرچاوە دەگرێت ، ئەگەر میتۆلۆژیاش نەبوایە ، ئەستەمە فەلسەفە و زانست دەرکەوتبا . پرسی سەرەکی لەو جیهانبینیەشدا ، بیرکردنەوەیە لە بنەمای بوونی ئەم دونیایە ، دونیای گەردوون ، دیاردە سروشتییەکان و پاشانیش کۆمەڵگا و خودی مرۆڤ خۆی .
جیهانبینی میتۆلۆژی – ئایینی و فەلسەفیش زۆر لێکجیاوازن ، چونکە یەکەمیان لەسەر بنەمای میت و غەیبییەت بینادەکرێت ، بەڵام فەلسەفە گەڕانەوەیە بۆ سەر زەوی و بە شێوەیەکی ئاقلانە لە هەوڵی دۆزینەوەی وەرامەکان دایە ، هەموو ئەمانەش لە فۆرم و زمان دا ، لە چەمک و پێناسەی جۆراو جۆردا خۆیان دەردەبڕن، هەر بۆیە ، زمان ڕۆڵێکی گرنگ لەم بوارەدا دەبینێت .
ئەگەر میتۆلۆژیا باسکردن و ڕوونکردنەوەی گەردوون بێت لەسەر بنەمای داهێنەرێکی بەرزدا ، ئەوە فەلسەفە شڕۆڤەکردنێکی لۆژیکانەی بابەتییە
پەڕینەوە لە میتۆلۆژیا بەرەو لۆگۆس / ئەقل دەستپێکی قۆناغێکی گرنگە لە مێژووی پەرەسەندنی هزری مرۆڤایەتی دا . قۆناغی پەڕینەوە لە حیکایەت و ئەفسانە ناودارەکان ، مانای پەڕینەوەیە لە سەردەمی پاڵەوان و خواکان بۆ پشت بەستن بە ئەقل و شێوازی بەڵگەهێنانەوە و سەلماندن بە شێوازێکی نوێی زمانەوانی ، لە ژانڕی جۆراو جۆری ئەدەبی دا . ئەگەر میتۆلۆژیا باسکردن و ڕوونکردنەوەی گەردوون بێت لەسەر بنەمای داهێنەرێکی بەرزدا ، ئەوە فەلسەفە شڕۆڤەکردنێکی لۆژیکانەی بابەتییە . لە میتۆلۆژیاشدا ، مرۆڤەکان بە ئازادی و سەربەخۆ ناژین ، بەڵکو لە ژێر ئەوەی یەکەم دا دەمێننەوە ، بەڵام لە بواری فەلسەفەدا ، مرۆڤەکان دەبن بە بیرکەرەوەیەکی ئازاد و سەربەخۆ ، کە نەک تەنیا لە گەردوون ، سروشت دەکۆڵنەوە، بەڵکو لە خودی خۆشیان . هەر بۆیە دەرکەوتن و دەستپێکردنی فەلسەفە ، لە ڕاستی دا ، لەگەڵ شڕۆڤەکردن و بەڵگەهێنانەوەی ڕاسیۆنالیستانەوە دەستپێدەکات ، ئەوەیە جیاوازی ڕیشەیی نێوان قۆناغی یەکەم و دووەم . ڕەگوڕیشەی مێژووی فەلسەفەش بۆ دونیای کۆن دەگەڕێتەوە ، بەڵام لە یۆنانی کۆن دا ، ماڵ بۆ خۆی دروستدەکات ، نەک لە سپارتا ، بەڵکو لە لە شارەدەوڵەتە کۆڵۆنییەکانی ئاسیا ، پاشان باشووری ئیتالیا ، لە ئەسیناش دەگاتە لوتکە ، چونکە ژینگە و شێوازی بیرکردنەوەی ئەوان جیاوازتر بوو ، هەم لە ژێر خان و جۆری بیرکردنەوەی تیۆریی ئەوان ، کە لەگەڵ ئەو پڕۆسەیەدا، زمان ، مێتۆد و بەڵگەهێنانەوە و سەلماندن خورتتر دەبێت .
دەستپێکی هزری فەلسەفەی یۆنانیش پێداگری لەسەر بوارەکانی وەک / فیزیک ، ئێتیک و لۆژیک دەکات . فەلسەفەش لە مێژووی پەرەسەندنی خۆیدا ، بەسەر چەند قۆناغێکی جیا دابەشدەبێت وەک / پێش سۆکراتییەکان ، سۆفیستەکان ، ئەسینا ، هێلینیزم و پاشانیش بەرەو هزری فەلسەفی لە ڕۆم دا . پاش قۆناغی فەلسەفەی یۆنانیش ، هزری فەلسەفی سەدەکانی ناڤین ، فەلسەفەی نوێ و هاوچەرخ وەک پێداویستی مێژوویی سەردەمەکەی خۆیان دەردەکەون.
یۆنانە کۆنەکانیش ، زۆر ژیرانە و داهێنەرانە سوودیان لە کەلەپووری دراوسێکانیان وەرگرت ، وەرگرتنێکی داهێنەرانە ، نەک کۆپیکردن و جوینەوە
وەک دەڵێن : مێژووی دەرکەوتن و پەرەسەندنی فەلسەفەی ڕۆژاوا لە ٦٠٠ ەکانی پ.ز. دەستپێدەکات، چونکە لەو سەردەمە بەدواوە ، هزرمەند و فەیلەسوفەکانی یۆنانی بە مانایەکی نوێ بیریانکردۆتەوە ، لەم بوارەشدا ، نموونە زۆرن . لە ڕاستی دا ، ئەو سەردەمە ، لە گشت بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووریی دا گۆڕانکاری گەورەیان بە خۆیانەوە بینی ، هەر لەو قۆناغە دا ، شێوازی دەسەڵات و حوکمڕانیش گۆڕانی بەسەردا هات ، هەردوو شێوازی حوکمڕانی زۆرداری و دیمۆکراسی لە ململانێ دابوون ، یۆنانە کۆنەکانیش ، زۆر ژیرانە و داهێنەرانە سوودیان لە کەلەپووری دراوسێکانیان وەرگرت ، وەرگرتنێکی داهێنەرانە ، نەک کۆپیکردن و جوینەوە . لەو ڕۆژگارە بەدواوە ، خوێندنەوە و تێگەیشتنێکی نوێی ڕاسیۆنالیستانە ، زانستییانە و لۆژیکانە بۆ گەردوون و کۆمەڵگا خۆی ڕەپێشدەکات . پەڕینەوە لە میتۆلۆژیاوە بەرەو فەلسەفە ، پێویستی بە کات و پرۆسەیەکی مێژوویی درێژ هەبوو ، هەر بۆیە ، کاریگەریی میتۆلۆژی بەسەر هزری زۆرانێک لە فەیلەسوفەکانەوە دیارە ، ئەو کاریگەریی و مۆرکەش لە قۆناغە جیا ، جیاکانی ڕەوتی فەلسەفی دا دیارەو لە ململانێی بەردەوام دایە . فەلسەفەی سروشت ، سۆفیستەکان و دەرکەوتنی سیستەمی هزری فرەلایەنی فەلسەفی دروستدەبێت ، ئەو کاریگەریی و ململانێیەش هەتا هێلینیزم و ڕۆم بەردەوام دەبێت ، کە پاشان لەگەڵ کەوتنی ڕۆم دا ، قۆناغێکی تری مێژوویی دێتەپێشەوە / سەدەکانی ناڤین . قۆناغی مۆدێڕن و هاوچەرخیش هەر درێژەپێدەری ئەوانە ، بۆیە ، مێژووی فەلسەفە بۆ فەلسەفە زۆر گرنگە ، چونکە شتەکان تەواوکاری یەکترین، نە پچڕاو ، وەک هەندێک بۆی دەچن