فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە ستایشی ژیانـــــــدا

لە ستایشی ژیانـــــــدا

ئیسماعیل تەنیا/ نووسەر/ ئەلمانیا/ هانۆڤەر

لە ساڵانی ١٩٨٠ و ١٩٨١دا، لەگەڵ هاوڕێی گەڕەک و خوێندنم نەجات هەمزە حوسێن (نەجاتی هەمزە شورتە)ی، بە نیازی کتێبی کوردی قەدەغەکراو و کڕینییان، بەین نابەین دەچووینە قەڵادزێ… سەردانی کتێبخانەیەکی بچووکمان دەکرد کە زێتر لە دوکانی وردەواڵە فرۆشی (عەتاری) دەچوو نەک کتێبخانە… بەداخەوە ناوەکەییم لەبیر نەماوە… خاوەنەکەی ئێمەی دەناسی، بوو بووینە جێگەی متمانەی… ئەو کتێبانەی کە دەمانهێنا زێتریان چاپی یەکەمیان لە عێراق کرابوون، دوایی بەهۆی ناوەڕۆک، یان قاچاغ بوونی نووسەرەکانیان، سانسۆریان خرابوونە سەر. لەلایەن کتێبفرۆشی سەیدیان لە مهاباد، دووبارە چاپ کرابوونەوەو، بە قاچاغ دەهێنرانە باشووری کوردستان، بە نهێنی دەفرۆشران… جاروبار لەگەڵ کتێبەکان، خەنەو قوماشی ئەنگۆرەو قەدیفەشمان دەکڕی. بە شێوەیەکی نایاسایی دەمانهێنانەوە هەولێر…. خوێندنەوەو ئەم دەست و ئەو دەست کردنی کتێبەکان، قەدەغە بوو. لەدەست گیرانیان، سزای قورسی لەسەر بوو… هەندێک لەو کتێبانەی کە دەمانهێنا، ئەمانە بوون; مێژووی کوردو کوردستانی ئەمین زەکی بەگ، بۆ کوردستان-ی هەژار موکریانی، تاریک و ڕوون-ی هێمن، ژانی گەل-ی ئیبراهیم ئەحمەد، کوردو کوردستان-ی قاسملو، پشکۆکان ئەگەشێنەوەو ڕێژنە-ی ڕەفیق سابیر، …. تاد.
من ڕەفیق سابیرم لە ڕێگەی کۆمەڵە شیعری (ڕێژنە)دا، ناسی…. هەر لەبەر خۆشەویستی ئەو و شیعرەکانی، لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٣ و دواتر، دوو منداڵ (کچ)ی کەسوکارو خزمی نزیکمان ناونا (ڕێژنە). ئێستاش کە ناوی ڕەفیق سابیر دەبیستم، یان دەخوێنمەوە، یەکسەر بۆ ئەم قۆناغە سەختە دەگەڕێمەوەو، بیری نەجات هەمزەو سەفەرەکانی قەڵادزێ دەکەم… ڕێژنەیەک لە یادەوەرییەکانی زەمەنی گەنجی و سەرچڵیم، زیندوو دەبنەوە…
* سەرنج:
ئەمە بەشێکە لە خوێندنەوەی من بۆ کتێبی (لە ستایشی ژیان)ی ڕەفیق سابیر… لەبەر درێژی، لێرەدا جێگەی نەبۆتەوە… بەهیوام لە گۆڤار، یان ڕۆژنامەیەکدا، بڵاوی بکەمەوە…
هانۆڤەر/ ١٦-٧-٢٠٢٤