فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە ڕووداوە سەیرەکانی مێژووی قۆپیە

لە ڕووداوە سەیرەکانی مێژووی قۆپیە

 

د. وریا عمر امین/ مامۆستای زانکۆ/ هەولێر

چل ساڵی مامۆستایەتیی زانکۆییم پڕن لە بیرەوەریی تاڵ و شیرین. بە تایبەتی ئەوانەی سەبارەت بە پەیوندی و هاوڕێیەتیم بوون لە گەڵ قوتابییەکانم . من هەمیشە وەک هاوڕێ و هاوزە و یەکێ لە خۆیان بم، ئاوا هەڵس و کەوتم لەگەڵیاندا دەکرد. تەنانەت جلی وەک ئەوانم دەکردە بەر(زی الموحد). ئەوانیش زۆر ڕیزیان لێ دەگرتم، تووشی هەر کێشەیێک بان پەنایان بۆ دەبردم. دەردی دڵی خۆیان بۆ هەڵدەڕشتم.
لەسەر لاپەڕەی فێسبوکەکەم ناوە ناوە هەندێ لەو پیرەوەرییانە دەگێڕمەوە.. ئەوەی ئیمڕۆ یێکێکە لە هەرە سەیرەکان، بۆ خۆشی دەیگێڕمەوە:
.
تاقی کردنەوەی سەری ساڵی ١٩٨٧ بوو. سەرۆکی بەشی کوردی بووم. ڕۆژێکیان دوای تەواو بوون و دەرچوونی هەموو قوتابییەکان، چووم چرا و پانکەکان بکوژێنمەوە و دەرگای هۆڵەکان داخەم. لە سەر پەیژەکانەوە بینیم قوتابییەکی پۆلی سێیەم، ناوی ( حەمزە) بوو، لە هۆڵەکانەوە دەرچوو. چووم شوێنی دانیشتنەکەییم پشکنی، بینیم شەش حەوت تیلمە کاغەزی قۆپییەی بۆ تاقیکردنەوەی بەیانی لە ژێر ڕحلەکەی شاردۆتەوە. کاغەزەکانم هەڵگرت.
ڕۆژی دوایی، تاقیکردنەوە دەستی پێکرد. هەر خۆم وەک چاودێر بەسەریانەوە وەستام. پرسیارەکانم دابەش کرد،(هەمزە) سەیری پرسیارەکانی کرد، سیمای خۆشیی لە ڕوو نیشت. دیار بوو وەڵامەکان لە تیلمە کاغەزەکاندا بوون… چەند جارێ دەستی بۆ شوێنەکە برد. دوو سێ جار پێنووسەکەی بەرداوە و هەڵسا لێیان بگەڕێ. سەیری ناوی خۆی کرد لەسەر ڕحڵەکە شوێنی خۆی بوو .. سەیری ئەملا و ئەولا و پانکەکەی ژوور سەریی دەکرد، سەری خۆی بادەدا.. ئەنجام بە بێ ئومێدی وەڵامی خۆی دایەوە و هەڵسا دەفتەرەکەی دامێ. کە ڕووی خۆی وەڕگێڕا دەرچێ من خێرا کاغەزەکانیم خستە ناو دەفتەرەکەی و بانگم کرد(حەمزە وەرە.. ئەم کاغەزانەت لە ناو دەفتەرەکەتدا بیر چووە). هەمزە بینی ئەوانەی خۆیەتی. تاسا، سەری سوڕما، ڕەنگی زەرد هەڵگەڕا، هەموو ئازای گیانی بوون بە ئاو، زمانی گیرا. نەیزانی چی بکا… بێ ئەوەی نققەیێکی لێوە بێ، بە چاوە زەق هەڵگەڕاوەکانییەوە نەختێ تێم ڕاما و ڕۆییشت.