فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بەکورتی لەبارەی دونیای شیعریی (فەرهاد کەریم) ەوە کتێبی (زەوی لە قەفەز دایە) بە نموونە

بەکورتی لەبارەی دونیای شیعریی (فەرهاد کەریم) ەوە

کتێبی (زەوی لە قەفەز دایە) بە نموونە

غەمگین بۆڵی/ نووسەر/ هەولێر

کتێبە شیعری ( زەوی لە قەفەز دایە) یەکەم ئەزموونی کتێبی چاپکراوی شیعریی شاعیرە. ئەزموونی ئەو شاعیرە وەک گەردەلوول لە هەولێر، لە گەڕەکی تەیراوە هەڵی کردووە، بۆ باشووری عێراق، تورکیا، …هتد. پاشان ئەمریکا و مەکسیک. فەرهاد کەریم ژیان و شیعری تێکەڵی یەک کردووە.
لەناو ژیاندا وەک شاعیرێکی مرۆڤدۆست و ئاژەڵدۆست و ژینگەدۆست دەژی، لەناو شیعرەکانیشیدا بەمان شێوە.
ئەو شاعیرە کۆچەرییە ڕاستگۆیانە گوزەر بە نێو دونیای خۆیدا دەکات، ئەو دونیایەی شاعیر کردوویەتە سەنتەری نووسین، دەشێت شیعری سەربەست بن. چۆن هەم شاعیرانە دەژی و هەم شاعیرانەش بیر دەکاتەوە. زۆرجاران خۆی
دەنووسێتەوە، لە هیچ ژانەرێک دەقەکە لەنگەری نەگرتووە، بەڵام هەموو فەزاکەی شیعرە. کاتێک دەقەکە وەک چیرۆکیش دێتە بەرچاو(وەک شێواز) دیسان لەناو ڕستەکاندا دێڕی شیعری جوان هەن. وەک ئاماژەم بۆی کرد، ئەوە زادەی ئەو ژیانە شاعیرانەیە تێدا دەژی.
خاڵێکی دیکەی جوان و گرنگییش لە کتێبی ( زەوی لە قەفەز دایە)ی فەرهاد کەریم ئەوەیە، سڵ لە وشە ناکاتەوە، بەڵکوو بۆ مانا دەگەڕێ، فەزای نوو بەرجەستە دەکات. هەموو ئەو پەیڤانەی شاعیرانی دیکە سڵی لێ دەکەنەوە، ئەو بێباکانە دەیانخاتە نێو شیعرەوە.
زمانی دەقی ئەو هەم زمانی شیعرە، هەم زمانێکی زۆرلەخۆ کردوو نییە. ئەو بۆ ئەوە نانووسێت شیعری هەبێت، ئەو بۆ ئەوە دەنووسێت خۆی هەبێت. خۆییبوونی فەرهاد کەریم بە جۆرێکی وەها ڕوون و ڕاشکاو لەناو دەقەکانی ڕەنگی داوەتەوە، دەڵێی لە بەردەم ئاوێنەی شیعرەوە وەستاوە. و ئێمەیش لە دوورەوە سەیری دەکەین.