فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بەبۆنەی کۆچی دوایی <باڵدارەوە> ئەلف و بێی کوردی و بنیاتنانی نەتەوە

بەبۆنەی کۆچی دوایی <باڵدارەوە>

ئەلف و بێی کوردی و بنیاتنانی نەتەوە

پەیڕەو ئەنوەر/ نووسەر/ هەولێر

نەتەوە بنیاتدەنرێت، دروستناکرێت! بنیاتنان لەسەر کۆ-یادەوەری و کەلەپورەکان، بنەما، بەها، بەرژوەندی هاوبەش و پێکەوەبوون. رایەڵەکانی ئەم کۆکردنەوە و بەیەکەوەبوونە هەمەچەشن و فراوانە. لەدوای رێنەیسانس و رۆشنگەرییەوە، ئامرازەکانی نەتەوەبوون لە چیڕۆک و ئەفسانەوە ژێرخانی خۆی پتەوکردووە تا دەگاتە داستان، سیمبول، زمان، جوگرافیا، بازاڕ، باوکی رۆحی، زانکۆ، سەتەلایت و شەفەمەندەر و کەرەستەکانی تری پەیوەندیکردن. بۆ کوردستانی باشوور، دەکرێت گەشتی تۆکمەبوونی نەتەوەییمان لە کتێبە بەناوودەنگەکەی<ئەلف و بێی کوردی> ئیبراهیم ئەمین باڵدارەوە دەستپێبکەین. وەک چۆن <مارتن لۆتەر> لەڕێگەی وەرگێڕانی ئینجیلەوە بۆ سەر زمانی ئەڵمانی دەیەوێت نەتەوەی ئەڵمانی بنیاتبنێتەوە و رەگەکانی نۆژەنبکاتەوە.
ساڵی ١٩٥٠ باڵدار کتێبی ئەلف و بێی کوردی دەنووسێت. ئەم سەرچاوە کاتێک دێتەکایەوە وەک هەمیشە بوونی نەتەوەیی ئێمە لە دابەشبوون و پەرتبوونە. بێ ناوک و بێ یادگە و بێ کەناڵی کۆکەرەوە. ناوەڕۆکی کتێبەکە پڕە لە هاڕمۆنیا، چیڕۆک و سەربوردەی رۆژانەی نەتەوەی کورد و کۆمەڵگەی کوردستانی. گێڕانەوەکان بە تۆنێکی یەکجار نەتەوەییانە دەدوێت و دەیەوێت ژێرخان و سەرخانی نەتەوەییانەی کورد بە نەوەکانی کورد بڵێت و یەک مانا و شێوە و روخسار بە پەیکەری کورد وەک نەتەوە و ناسنامە ببەخشێت. دەکرێت قوڵایی ئەم هەوڵەی باڵدار وەک بەشێک لە بیرکردنەوە لە نەتەوە لەڕێگەی پڕۆژەیەکی ستڕاتیژی پەروەردەییەوە لەم چەند خاڵەدا بنەخشێنین و هێڵکاری بۆ بکەین:
یەکەم:
<ئەلف و بێی کوردی و ئابووری نەتەوەیی>
باڵدار لەڕێگەی چیڕۆکەکانەوە زۆر بە قوڵی مانیفێستۆی کۆ-پەیوەندی نێوان <کورد و ژینگە و ئابووری> دەکات لە کوردستاندا. ئابووری وەک کۆلکەی هاوبەشی بنیاتنانی نەتەوە وەک چۆن شۆڕشی پیشەسازی و ئابووری نەتەوەی ئینگلیزی زیاتر بەنەتەوەیی کرد. باڵدار لەڕێگەی <مێوژی نایاب، ئاودان، دار رواندن، دۆ، باران، سێو، شیر، مریشک، مەل، کوڵەکە، نانی ساج، شاخ، بەرخ، عەلیشیش و قەڵەڕەش> دەیەوێت بنیاتی نەتەوەی کورد وێنابکات و لەڕێگەی زمانی ئابووری، پانتایی گوند و کشتوکاڵەوە نەتەوی کورد بەیەکەوە گرێبدات.
دووەم:
<ئەلف و بێی کوردی و فیدراسیۆنی نەتەوەیی>
کاراکتەرەکانی <دارا، نازێ، مام زۆراب، چاڵاک، گەلاوێژ و ئازاد … هتد> کەناڵێکی کاریگەری بیناکردنی فیدراسیۆنی نەتەوەیە. ناو بۆ نەتەوە هێلێکی بنەڕەتی مانەوە و چوونەنێو دۆخی نەتەوەیبوون و ێگەیشتنە. وەک چۆن سامۆئێل هینگتینگتۆن لە <پێکدادانی شارستانیەتەکاندا> پێی وایە مادام ناوی <خۆزی> کە ناوێکە سەر بەجیهانی ئەمەریکای لاتینە و لە ویلایەتێکی ئەمەریکا زۆر بووە، مانای وایە نەتەوەیی ئەمەریکی مەترسی لەسەرە! کارکردنی فیدراسیۆنی نەتەوە لەڕێگەی ناوەوە جوڵە دەکات. ناو وەک یەکانگیری Integration و تۆکمەیی و مانەوە.
سێیەم:
<ئەلف و بێی کوردی و ناسنامە>
زمانی باڵای کتیىەکە پرسیارکردنە لە ناسنامە Identity من کێم! من چیم! چۆن بناسرێمەوە و ببینرێم و مامەڵەم لەگەڵدا بکرێت لەپاڵ ئەویتردا! ناسنامە کرۆکی ئامادەبوون و بینراوییە. باڵدار قوڕسایی و فەلسەفەی داڕشتنی گێڕانەوەکانی گەڕانە بە دوای <کورد> وەک سوبجێکت-خودێکی سەربەخۆ و زیندوو. دخودێتی لێرە دەبێت بە رۆحی ناسنامە و کوردبوون بەتایبەت لەساتەوەختێکدا کە کورد لە عێراقی ساڵی پەنجاکانی سەدەی رابردوودا، سوبجێکتێکی پەراوێزخراو و نەبینراو و ناکارا بووە. باڵدار لەو ساتەوەختدا دێت و ئەلف و بێی کوردی دەنووسێت، ناسنامەمان بۆ چێدەکات.
وادیارە زیاتر لە شەست ساڵ ئەم ئەلف و بێیە کاریدەکرد. وێنە و نیگارەکانی ئافرەتێکی بەریتانی دەیاننەخشێنێت، بەڵام دەنگ و ئاوازێکی یەکجار کوردییانەی پێدەبەخشێت و بە کتێبی نەوەکان ناودەبرێت. کۆ-دەزگا و یادەوەرییەکی یەکجار قوڵی لە یادگەی چەندین نەوەی باشووری کوردستاندا بنیاتناوە. یادەوەری پایەی ژمارە یەکە بۆ کۆنکریتکردنی بنیاتنانی نەتەوە Nation-Building بەتایبەت لە پانتایی و کەناڵێکی وەک قوتابخانەوە کە تاک بەئاسانی و بەخێرایی لە بونەوەرێکی بایەلۆژییەوە دەگۆڕێت بۆ بونەوەرێکی کۆمەڵایەتی-نەتەوەیی.
باڵدار دەمرێت و زۆر شتی تریش لەگەڵ خۆیدا دەمرن! باڵدار لەڕێگەی ئەلف و بێیەکەیەوە وەک کەتیرە-سمغ بەشێکی زۆری ئێمەی بەیەکەوە لکاند و کۆیکردینەوە، رزگاریکردین لە بێ یادەوەری، بێ خەیاڵی و پچڕان و بێ ئاگایی لە یەکتر. سڵاو لە رۆحی باڵدار و لێگەسییە زیندووەکەی.