فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تۆ تەنها ئەکادێمیت، ڕوناکبیرنیت!

تۆ تەنها ئەکادێمیت، ڕوناکبیرنیت!

   ئازاد حەمە/ سلێمانی

 

 

سەرەتا: زۆربوونی دکتۆر و پرۆفیسۆر کێشە ڕوناکبیرییەکانی ئێمە چارەسەرناکات

 

لە یەکەم نیگادا، ئەم سەرەتایە بەم ناونیشانەوە(زۆربوونی دکتۆر و پرۆفیسۆر کێشە ڕوناکبیرییەکانی ئێمە چارەسەرناکات) بەرەو ئەو بینینەمان دەبات، کە ئەگەرچی زانکۆ ڕۆڵی چاکی دیووە لە نەهێشتنی نەخوێندەواری، بەڵام زۆربوونی زانکۆ لە شاردا چارەسەری گرفتە ڕوناکبیرییەکانمانی نەکردووە و بگرە زۆربوونی دکتۆر و پرۆفیسۆریش کێشە ڕوناکبیرییەکانمانی قوڵترکردوەتەوە و جەمسەری تریش بەو کێشانە داوە. بۆ زۆرێکیشمان، کە لە نێوەندی ئەکادێمیدا کاراین، ئەوە پرسیارە، کە ئایا مامۆستای زانکۆ ڕوناکبیرە؟ زانکۆ ڕوناکبیر  intellectual، یان بیرمەند، بەرهەمدێنێت؟ خودی مامۆستای زانکۆ توانیویەتی خوێندکاری ڕوناکبیر دروستکات؟

گومانی ناوێت زانکۆکانی ئێمە ئەکادێمییەکانی لە کارلێکی ڕوناکبیری intellectuality خستووە و   هەژارییەکی زۆریش بە بیرکردنەوە و وشەسازییانەوە دیارە، کە ئەوەش بەرهەمی دورکەوتنەوەیانە لە خۆ ڕوناکبیرکردن و نەبوونە کەسێکی ئینسیکلۆپیدی (مەوسوعی).

کاتێک نێوەندی ئەکادێمی نەخوێندەواری ناهێڵێت بەوە فێربوون زیاددەکات نەک زانینknowledge، زانکۆش، کە بیرکردنەوەی خوێندکار سنوورداردەکات و تەنها ئاستی فێربوونی دەگۆڕێت زانکۆ نابێتە جێگای هیوا ئەکادێمی و ڕوناکبیرییەکان. چونکە کاتێک کۆلێژەکان لەناو پرسیارسازییەکاندا نەشونمادەکەن و بە چەندین مێژوو (مێژووی زانست، مێژووی ئایین، مێژووی هونەر،….) چەکداردەبن، کە ئەوانەش مێژووی ڕاستەقینەی فەلسەفە پێکدێنن، بەوە زانکۆ هەم زانین و هەم ڕوناکبیریی بەرهەمدێنێت و زانکۆش ئەرکی قەڵاچۆکردنی نەخوێندەواری نابێت و ئەوە بۆ پەروەردە جێدێڵێت. بۆ وادەڵێین؟ چونکە زانکۆ سەرووی پەروەردەیە، شوێنی هەڵاوگۆڕانە لە فێربوونەکان و داڵدەی زانینە دەگمەن و ڕاقییەکانیشە.

 

ئێستا گشت ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێن، مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ چیتر کەسە دەگمەنەکانی کۆمەڵگەی ئێمە نین

لە کۆتاییدا ئەوەی وادەکات زانکۆ ئەوە نەبێت و نێوەندی ئەکادێمیمان بەرەو ژینگەیەکی نالەبار و ناڕوناکبیریی بڕوات جگە لە هۆکارە سیاسییەکە، کە ژینگەی زانکۆ دەتەپێنێت، هۆکاریتریش هەن وەک بێباکی و بێ ئامانجی مامۆستا و خوێندکاری زانکۆیە. ئەفسووس، ئێستا گشت ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێن، مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ چیتر کەسە دەگمەنەکانی کۆمەڵگەی ئێمە نین و لەگەڵ هاتنی زیرەکی دەستکردیش ئاستەکانیان زۆرتر ئاشکرا دەبێت و ئەوەش ئەوەمان پێ دەبێژێت، کە تەنها ئەکادێمیبوون بەس نییە و ئەمە (ئەکادێمیبوون) پێویستی بە ڕوناکبیربوونیشە.

ئەکادێمی توێژەرێکی زانستییە، خاوەنی میتۆدۆلۆژیایەکی جێگیر و توندە، بەدوای ڕاستییەکی زانستی دەقیقدا وێڵە، لێ کاتێک ئەکادێمی ڕوناکبیردەبێت ئەمە دەرفەتی ئەوەی پێدەبەخشێت، کە خۆی تێر زانینی جۆراوجۆر و پڕ تێگەیشتنی جیاواز بکات و توخنی دژوارەیەکانیش بکەوێت. بەمە ئەکادێمی لەو جێگیرییە زانستییەوە لە بیرکردنەوە بەرەو زانینێکی هەمەجۆری کراوە دەڕوات. هەرچی ڕوناکبیرە خۆی خۆی ئاڕاستەدەکات، کەموکوڕی خۆی دەبینێت و کار بۆ پڕکردنی هزری خۆی دەکات و دیدێکی ڕەخنەگرانەی بۆ جیهان هەیە و خۆشی لەسەر پرسیارسازی و ڕوونکردنەوەی بیرکردنەوە کێشمەکێشدارەکان ڕادەهێنێت. بۆیە داوای ئەم نووسینە خۆی لەو تەماشاکردنە پوخت دەکات، کە کاتی ئەوە هاتووە کۆنسێپتمان بۆ بەئەکادێمیبوون و مامۆستای زانکۆ و خوێندکاری زانکۆ، یان بڕوانامە، بگۆڕین.

 

ڕوناکبیریی جیاوازە لە  فێربوون

ڕوناکبیر ،و ڕوناکبیری ئەکادێمیی،  لەناو گفتوگۆکاندا هزری گەشەدەکات، لەو بابەتانەش دەدوێت سەرسامکەر و گیرن و توانای گۆڕینی ئاقاری گفتوگۆ داخراو و بێئاکامەکان و خستنەوەی کاریگەریشی هەیە. شانبەشانی ئەوەی هێزی قەناعەتپێکردنی زۆرە دەکارێت بۆچوونی دەوروبەریش بگۆڕێت. سەرباری ئەوە، ڕوناکبیر ڕەوانتر قسەدەکات، ئەوەشی دەیڵێت لەسەری دەوەستێت و تاوتوێیدەکات. بۆیە ڕوناکبیریی intellectuality جیاوازە لە  فێربوون learning.

ئەو  ڕوناکبیرییەی بەدەستی دەهێنین وەک ئەو فێربوونە نییە، کە بەدەستی دەهێنین. ڕوناکبیریی وامان لێدەکات گومانبکەین، هەرچی فێربوونە بەو جۆرە نییە، هەروەها سنووری ڕوناکبیریی بێ سنوورە، بەڵام فێربوون تایبەت و سنووردارە. فێربوون سەبارەت بە شتێکە، ڕوناکبیریی تایبەتە بە گشت. کەسی ڕوناکبیر ئاسۆی بیرکردنەوەی فراوانە، نەبینراو دەبینێت و قسەشی تیادەکات، کەچی فێربوون شتێکی ئەوتۆمان ناداتێ، کە قووڵبوونەوەی بێ تخووبی تیابێت.

فێربوون ڕەنگە لە قۆناغی نەخوێندەوارییەوە بمانبات بەرەو خوێندەوارییەکی باڵا، بەڵام ڕوناکبیربوون پێویستییەکی بووناوییە و بەشێکیشە لە پێویستییە کۆمەڵایەتییەکانمان. هاوکات بەڕوناکبیربوون پرۆسەیەکی دژواری ماندووکەرە، هەرچی بەئەکادێمیبوونە کاتێکی کەمتری دەوێت. بەڕوناکبیربوون بەردەوام و درێژخایەنە، بەئەکادێمیبوون هێندەی بەڕوناکبیربوونی تێناچێت. ئەمە وادەکات بڵێین: پەروەردە فێربوونمان دەداتێ و ئەو فێربوونەش لە نافێربوون و نەخوێندەواری دەربازمان دەکات. هەرچی ڕوناکبیرییە دەمانکاتە کەسێکی ئینسیکلۆپیدی و خاوەن زانینی هەمەلایەن و واشمانلێدەکات ڕێزمان بۆ کولتوورە جیاکان هەبێت.

 

هاوکات بەڕوناکبیربوون پرۆسەیەکی دژواری ماندووکەرە، هەرچی بەئەکادێمیبوونە کاتێکی کەمتری دەوێت

 

مامۆستای زانکۆ فێربوون دەدات، نەک ڕوناکبیریی. ڕوناکبیریی کردەیەکی ئاڵۆزترە لە فێربوون. فێربوون ڕووبەڕووی گرفت و ئاڵنگاری دەبێتەوە، ئەو گرفت و ئاڵنگاریانەش، کە ڕووبەڕووی زانین دەبنەوە هەمان ئەوانە نیین، کە ڕووبەڕووی خودی کردەی ڕوناکبیریی دەبنەوە.

 

ناڕوونییەکان سەبارەت بە ڕوناکبیریی و ناڕوناکبیریی

 

کێ ڕوناکبیرە پرسیارێکی کۆنە و کۆنی پرسیارەکەش کردنەکەی بێمانا ناکات. کاتێک دەپرسین: کێ ڕوناکبیرە؟ دەخوازین بزانین ئەو کەسە کێیە، کە تێگەیشتنی هەمەلایەنەی لەسەر شتەکان هەیە، پێویستی بە زانین و ئەزموونی هەمەچەشنی بەردەوام هەیە؟ کە زانیمان ڕوناکبیر کێیە ئەو کات دەزانین ڕوناکبیر تاکێکی دەگمەنی کۆمەڵگەیە، غەمی دۆزینەوەی چارەسەر و گفتوگۆی ڕەوان و توانای هێنانەوەی بەڵگەی لۆژیکی بۆ وتنەکانی هەیە. واتە ئەم کەسە دیالۆگ و مشتومڕی بەردەوام ئەنجامدەدات، هەڵە دەبینێت و بەشداری لە چاککردنەوەشیان دەکات، گەیشتنیش بە ئەگەری نوێ، لەڕێگای پرسیار و گومانەوە، بە کاری سەرەکی خۆی دەزانێت.

بۆیە با بزانین ڕوناکبیریی چییە؟ ڕوناکبیریی زانین نییە؟ ئەو زانینە نییە، کە نیمانە؟ چونکە زانین زیاد و کەم دەکات، گۆڕانی دێتەسەر و ئاستی وەک خۆی نامێنێت. ڕوناکبیر خاوەنی فەرهەنگێکی فراوانە، فرەڕەهەندە و تێگەیشتنیشی ئاقار جۆراوجۆرە. ڕوناکبیر لە هۆکارەکان دەکۆڵێتەوە و توانای هەڵوەشانەوە و سەرلەنوێ سازاندنی هەیە و کاری ڕاستەقینەشی شیکاری و ڕەخنەیە. ئەمە جگەلەوەی، کە توانای بیرکردنەوە، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و سەربەخۆیانە و چارەسەری کێشەشی هەیە.

پێدەچێت ڕوناکبیریش ئاستی خۆی هەبێت. گەروابێت ئەو کات مرۆڤ (کەسی ڕوناکبیر) پێویستی بەوەیە ئاستی ڕوناکبیریی خۆی بەرزکاتەوە. هاوکات ڕوناکبیریی بریتیی نییە لە وشەسازی و ڕیزکردنی پەیڤ و چەنە چەن، ڕوناکبیربوون زادەی بیرکردنەوە، چۆنیەتی قسەکردن و ڕاڤەکارییە.

یەکێک لە دیاردە ناشرینەکانی دوو دەیەی پێشوومان ئەوەیە، کە ئەکادێمیبوون ڕوو لە هەڵکشانە و ڕوناکبیرییبوونیش ڕوو لە داکشانە

 

ئەگەرچی زانکۆ نەزانی ناهێڵێت، پزیشک یان ئەندازیار، یاخود خاوەن پلەی زاستی باڵاش دروستدەکات (دوا تایتڵی زانستی دەدات، کە پرۆفیسۆرە)، بەڵام هەموو ئەمانە بەو مانایە نیین، کە ئێمە پێمانوابێت زانکۆ دروستکەری ڕوناکبیرە. ڕوناکبیریی وەک بیریاریی وایە پرۆسەیەکی خودیی بەردەوام و بێ بڕانە و شەڕیشە لەگەڵ دژواریی و ئەستەمییدا.

زۆرجار وشەی نەخوێندەوار دەدرێتەپاڵ کەسی نا ڕوناکبیر. هاوکات دەدرێتە پاڵ ئەو کەسەش، کە ئێستا خوێندەوارە و لێ ڕوناکبیر نییە. زۆرێکیش لەو خوێندەوارە ناڕوناکبیرانە خوێندەوارە ئەکادێمییەکانن، ئەوانەن ناتوانین باسی ئەوەیان لەگەڵدا بکەین، بۆ لە سەدساڵی رابردوودا هەڵگرانی خەڵاتی نۆبڵ لە بیرکاری و فیزیا یان پزیشکی ڕووسەکان نەبوون؟ لەکاتێکدا ئەو زانستانە لە سەردەمی یەکیەتی سۆڤیەتی کۆندا پێشکەوتووش بووە. کەوابێت، کەسی نەخوێندەوار بەپێی پێوانە نوێکانی ڕوناکبیریی دەشێت ئەو کەسەبێت بڕوانامەی زانکۆیی هەیە، لێ ناتوانێت دوو دێڕ قسە لە سەمای فلامینکۆ، سینەمای پازۆلینی، یاخود دیرۆکی ئایینە ئیبراهیمییەکان بکات.

 

زۆربوونی ئەکادێمی و کەمیی ڕوناکبیر

 

یەکێک لە دیاردە ناشرینەکانی دوو دەیەی پێشوومان ئەوەیە، کە ئەکادێمیبوون ڕوو لە هەڵکشانە و ڕوناکبیرییبوونیش ڕوو لە داکشانە. زانکۆکان، کە ئەکادێمی دروست دەکەن ڕوناکبیر دروست ناکەن، هیچ نەبێت لە دوو و سێ دەیەی ڕابردوودا دیواریان خستووەتە نێوان ئەکادێمی و ڕوناکبیرەوە. زانکۆ، کە شوێنی دانی بڕوانامەی فەرمییە لە بوارێکی، پسپۆرییەکی، بەرتەسکدا؛ ئەو پسپۆرییە لەگەڵ کاتدا گۆڕانی دێتەسەر و بۆیە کەسی ئەکادێمی پێویستی بەخۆپەرەپێدانە لە پسپۆرییەکەی، ئەگەرنا نەزان دەبێت. ئەم پسپۆڕە گەر خوێنەرێکی باشیش بێت جیاواز دەبێت لە هاوەڵە ئەکادێمییەکانی، گەر ئەوەش نەبێت شەمەندەفەری زانین جێی دێڵێت. ئەمەو جگە لەوەی هەڵگرانی بڕوانامەی بەرزی ئەکادێمی (دکتۆر، پرۆفیسۆر) لە زانکۆیەکەوە بۆ ئەویتر، لە ژینگەیەکی ئەکادێمی و سیاسییەوە بۆ ئەویتر هەمان نیین.

بەدڵنیاییەوە ئەکادێمی ئێستامان ئەوەی دەیزانێت هەر ئەوەیە، ڕەنگە لەمەدا ڕوناکبیرانیش هاوبەشی بن. هەردوو لایان خەریکە لەوەدا یەکدەگرنەوە؛ ئەوە دەخوێننەوە، کە دەیزانن. ئەکادێمی کورد سەرباری فشار و بارگرانیئەکانی، کە نادادییەکان بۆیان دروستکردووە و ئەمەش ئاستی هێناوەتە خوارەوە، خۆشی دەستی هەیە لە پەراوێزخستنی خۆی.

خۆ پەراوێزخستنی ئەکادێمییانی ئێمە لە زانکۆکان دەرئەنجامی بیرتەسکی و نابوێری زانستیی و ڕوناکبیریی خۆیەتی نەک شتێکیتر. زۆروبۆری دکتۆر و پرۆفیسۆریش لە زانکۆکانماندا ئاماژە نییە بۆ دابڕانێکیی مەعریفیانەی ئەکادێمی و ئەمەش کاردانەوەی نێگەتیڤی لەسەر کردەی ڕوناکبیریی و واتای بڕوانامە و پلەی زانستی ئەکادێمی دروستکردووە. ئەمەش وایکردووە کێشە ڕوناکبیرییەکانمان لە جێگای خۆیان بمێننەوە.

بۆ لەمەولا نەخوێندەواری و نێوەندی ئەکادێمیی لە زۆر شوێن لە جیهاندا دەست لەملاندەبن، نەخوێندەوارەکان تەنها لە گۆڕەپانەکانی شاردا ناخوڵێنەوە، بەڵکو لەناو حەرەمی زانکۆکانیش پیاسەدەکەن، ئەڵبەتە بە پلەی زانستیی بەرزەوە. ئەڵبەتە ژمارەیەکی زۆر کەم لەمە بەدەرن؛ ئەوانەی زمانی زۆر دەزانن و شانبەشانی پسپۆری خۆیان لە ململانێ ڕوناکبیرییەکانیش بەئاگان.

 

پشتکردنی ئەکادێمی لە فەلسەفە ناڕوناکبیری دەکات

 

ئەکادێمی پێویستی بە فەلسەفەیە؛ بە ڕوناکبیری فەلسەفییە. چونکە ئەو فەلسەفەیە وا لە کەسی ئەکادێمی دەکات بیربکاتەوە. کەڵەکەبوونی زانینی جۆراوجۆر مەرجی سەرەکییە بۆ ڕوناکبیربوون، ئەوەش لە مێژووی فەلسەفەوە سەرچاوەدەگرێت، کە ئەوەش ڕوناکبیر بەرەو مێژووەکانیتری مرۆڤایەتی دەبات(ئایینەکان، شارستانییەکان…..).

ئەکادێمی ڕوناکبیر بە هۆی فەلسەفەوە دەبێتە خاوەنی زانینێکی هەمەجۆر و کراوە و دەستیشی دەبێت لە دروستکردنی چەمک و تێڕوانینەکان. بەڵام موخابن ڕوناکبیری ناڕەخنەگر وەک ئەکادێمی تاکڕەهەند وایە، کە تەنها بەردەمی خۆی دەبینێت و ئەمەش ئەو بوونەوەرەیە، کە پشتی لە خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفیی کردووە. ڕوناکبیری ناڕەخنەگر توانای بەرهەمهێنانی ڕوناکبیریی نییە و لەگەڵ ئەکادێمی ناڕوناکبیریشدا یەک گرفت کۆیان دەکاتەوە: لێگەڕان لە کۆمەڵکە و نقووبوون لەناو نەهامەتییەکان.

پشتبەستنی ئەکادێمی بە فەلسەفە توانای بەڵگەهێنانەوەی لا دروست دەکات بۆ وتنەکانی، فێری لۆژیکی ئارگیومێنت و بەڵگە هێناوەدەبێت و دەشزانێت زانین بەدەستهێنان کاتی دەوێت و بیرکردنەوەی وردیشی پێویستە. ئەمەش وادەکات ئەکادێمی ڕوناکبیر دروستبێت و ئاگاشی لە ڕێساکانی هزر بێت و کاریش لەسەر خۆی و دەوروبەری خۆی بکات.

 

کتێب خوێندنەوە و نێوەندی ئەکادێمی ئێمە

کتێب خوێندنەوە دەروازەیە بۆ بە ڕوناکبیربوون، بەڵام حەیف گەر دەستەبژێری ئێمە بریتی بێت لە ئەکادێمی (پرۆفیسۆر، پزیشک، پارێزەر، ئەندازیار و……) زۆرێک لەوان ناخوێننەوە، بشخوێننەوە بەردەوام ناخوێننەوە. زۆرکاتیش ئەوە دەخوێننەوە کاریان پێیەتی و ئارەزووی دەکەن.

کتێب خوێندنەوە، بەتایبەت خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفیی، بەگشتیش کتێب لەمەڕ مێژووی زانست و ئایین و هونەر، کە مەرامێکی هەمەلایەن لەخۆدەگرن لەناو ئێمە ئاسایی نەبووتەوە. باشە بۆ مرۆڤ دەبێت كتێب بخوێنێتەوە؟ بۆ دەبێت كتێبی فەلسەفیی بەڕادەیەکی زۆرتر لە كتێبی ئاسای بخوێنرێتەوە؟ بۆئەوەی وەڵامی ئەم دوو پرسیارە بدەینەوە، پێویستمان بەوە دەبێت كتێب پێناسە بكەین، دواتر ئەو جۆرە كتێبەیش پێناسە بكەین، کە پێی دەگوترێت كتێبی فەلسەفیی، یان کتێبی هزریی.

كتێب ئەو شوێنەیە زانیاریی و زانینەكان لە دووتوێی خۆیدا كۆدەكاتەوە و  هەریەک لە کتێبەکانیش بە جۆرێکی جیاواز دیدگای خۆیان بەیان دەکەن. گرنگە لێرەدا ئەوەش بوترێت، کە گشت ئەوانەی كتێب دەنووسن کتێب خوێنەرێكی بەردەوام و چالاك نیین. گەلێک لەوانەی كتێب دەنووسن تەنیا ئەو كتێبانە دەخوێننەوە بە بواری خۆیانەوە تایبەتە، یان زۆربەی ئەوانەیش پێیان دەگوترێت خوێنەر گشت جۆرە كتێبێك ناخوێننەوە.

هەیە تەنیا كتێبی ئەدەبیی و بەتایبەت شانۆ یان ڕۆمان دەخوێنێتەوە یان كەسێک، كە پزیشكە و سەرقالی جیهانی كارئەندامزانیی و زیندەوەرناسییە تەنیا یان بەزۆریی، ئەو شێوە كتێبانە دەخوێنێتەوە لەبواری پسپۆرییەكەیەوە نزیكە. ڕەنگە پزیشكێک یان دەرمانسازێك كتێبی ئەدەبیی یان مێژووییش بخوێنێتەوە، بەس چۆن مامەڵە لەتەك ئەوە دەكات لە تێكستە ئەدەبییەكاندا نووسراوە؟ ئەوەش جێگای پرسیاری ورد و تێڕامانە. بیریشمان نەچێت گەلێک لە ئەدیبە گەورەكانی جیهان پزیشك بوون.

گشت ئەوانەی كتێب دەنووسن کتێب خوێنەرێكی بەردەوام و چالاك نیین

 

ئەوەی كه هەمیشه جێگای پرسیاره ئەوەیە، کە خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفیی شتێکی ترمان دەداتێ، کە کتێبەکانی تر ناماندەنێ. ئەو شتە، کە هەتوانی دەربازبوونمانە لە دەرگیریی و گرفتارییەکانمان شتگەلێکی گەردووناوین و تەنیا لە دووتوێی کتێبە فەلسەفییەکانیشدا بەرچاودەکەون.

سەرباری ئەوە، کتێبە فەلسەفییەکان لێوڕێژن لە مشتومڕی پێویست و پەردە لادەرن لەسەر پەردە لەسەر لانەدراوەکان. کتێبە فەلسەفییەکان لەگەڵ جیاوازی پسپۆڕییان خۆیان لە قەرەی بابەتگەلی فرەئاقار و نەخەمڵیو و سەیروسەمەرە دەدەن. هۆگرانی خوێندنەوەی کتێبە فەلسەفییەکان لەوەحاڵین، کە کتێبە فەلسەفییەکان دەرفەتی تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤ و ڕوانینی ئەم مرۆڤە دەگۆڕن.

سەرئەنجام، کتێبە فەلسەفییەکان کتێبە ژیرمەند ئاسا و ئەندێشەییەکانن و به دیدێكی جیاواز لەچاو کتێبەکانی تر ئەوەی سەخت و دژوارە هەمیشه دەکەنە جێگای پرسیار و تێڕامان. ڕچەشكێنی کتێبە فەلسەفییەکان سەرچاوە لە خودی فەلسەفەوە هەڵدەگرێت، کە بابەتگەلی نێواندژ/ دژوێژ و سەرسامکەر گفتوگۆدەکات. لەو سۆنگەیەشەوە فەلسەفە کارامایە لە دەرفەت ڕەخساندن بۆ بیرکردنەوە و سنوردانان بۆ پێشدا دوەریکردن. گشت ئەوەش دەروازەیە، سەرەتایە، بۆ بەڕوناکبیربوون.

 

زانکۆ خوێندکاری ڕوناکبیر دروست نەکات زانینەکەی ئاوادەبێت

 

لە دۆخێکی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵایەتیدا دەژین. لەم دۆخەدا ئەرکی زانکۆ گەورەیە، هەرئەوە نییە، کە بڕوانامە بدات. وانەکانی زانکۆ گەر بیری گۆشەگیریی زانستیی و بێ هیوایی کۆمەڵایەتیی و تێگەیشتنی وشک و کۆنەپەرستانە ڕیشەکێش نەکات هیچ ناپێکێت. بۆیە زانکۆکانمان پێویستی بەوەیە خوێندکاری ڕوناکبیر دروستکات، کە ئەوەش تاکی ڕوناکبیر لە کۆمەڵگە دروست دەکات.

گەر کەسی ئەکادێمی کەسێکی ڕوناکبیر نەبێت زانینەکەی سنووردار و توند دەبێت. گومانی ناوێت زانکۆکانمان خوێندکاری ڕوناکبیر دروست نەکات لەگەڵ کاتدا زانینەکەی بێبەها دەبێت و خودی زانکۆش حورمەتی ئەکادێمیی خۆی لەدەست دەدات و کەسی زانکۆییش جێگای متمانەی کۆمەڵگە نابێت و زانکۆ وەک کارگەی لێدێت؛ کارگەی بەرهەمهێنانی هەڵگرانی بڕوانامە. کە زانکۆ خوێندکاری ڕوناکبیری دروست نەکرد دەبێت گلەی لە مامۆستای زانکۆیی بکەین، کە بیرکەمدراماتە، بێ ئاگایە لە گۆرانکارییە زانینی و ڕوناکبیرییەکان.

گومانی ناوێت ئەو مامۆستا زانکۆییەی باسکرا، ئەگەرچی لەژێرفشاری نادادیی و گەندەڵیی سیاسی دایە، کێشەیەکیتریشی هەیە، کە شارەزای ئەو مێژووە گرنگانە نییە (مێژووی زانست، مێژووی ئایینەکان، مێژووی هونەر، کە هەموو ئەوانەش مێژووی فەلسەفە پێکدێنن)، کە زانین لە زانکۆ بەرەو پێشەوە دەبەن.

بەپێی ئەوە بێت لای سەرە هێمایبۆکرا، زانکۆ کاری کەڵەکەبوونی زانین نییە لای خوێندکار، بەڵکو چۆنیەتی وەگەڕخستن و پۆلینکردنی ئەو زانینەیە لە ژیانی دواتردا. واتە پسپۆریی زانکۆیی دەبێت کەسایەتی تاکەکان بگۆڕێت، نەک بیانکاتە بار بەسەر کۆمەڵگەوە.

 

بەماڵباتکردنی سیاسەت دژی ڕوناکبیربوون و ئەکادێمییبوونە

 

ئەو کاتەی قسە لە تۆیەک دەکەین، کە  تەنها ئەکادێمییە و ڕوناکبیر نییە پەیوەندی ڕوناکبیر بە دەسەڵاتی سیاسیی و دامەزراوەی ئایینیەوە جێگای باسە. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی بەماڵباتکردنی سیاسەت لە دەرەوەی زانکۆ دژی بەڕوناکبیربوونە و بکوژی زانینی ئەکادێمیشە. لەگەڵ کاتیش ئەم دیاردەیە، بەماڵباتکردنی سیاسەت، کە دێتەناو زانکۆوە ژینگەی ئەکادێمیی ناکارامە و چەقبەستوو دەکات و دەرگاش بەڕووی بەرهەمهێنانی پرسیاری نوێ دادەخات.

 

هێشتنەوەی کۆنەپەرستی و بێدادیی. بەداخەوە، کێشە سیاسییەکانمان بۆشایی نێوان ڕوناکبیر و ئەکادێمی قووڵترکردوەتەوە

 

ڕاستە زانکۆ بووتە موڵکەی ئەکادێمییان، ئەی موڵکەی ڕوناکبیران لە کوێیە؟ موڵکەی ڕوناکبیران گشت شوێنێکە، کە ئەو پێویستە. خاڵی هاوبەشی لاوازی نێوان ڕوناکبیر و ئەکادێمی ئێستای ئێمە ئەوکاتە دەست پێ دەکات، کە هەردوو لاوازن لە  شەرمەزارکردنی زانین و تێگەیشتنی باو؛ هێشتنەوەی کۆنەپەرستی و بێدادیی. بەداخەوە، کێشە سیاسییەکانمان بۆشایی نێوان ڕوناکبیر و ئەکادێمی قووڵترکردوەتەوە، ڕوناکبیر و ئەکادێمیشی کردووەتە کۆمیتەچی و مەڵبەندچی. نێوەندی ئەکادێمی هەروەک نێوەندە ڕوناکبیرییەکە تەواوکەری تێگەیشتنی سیاسییانەی کۆمیتە و مەڵبەندن. شەڕی ناو زانکۆش، بەداخەوە، شەڕ نییە لەپێناو سەرخستنی وتاری ڕوناکبیریانەی ئەکادێمی، بەڵکو شەڕە لەپێناو بەدەستهێنانی پۆستی زانکۆیی.

 

زیرەکی دەستکرد چەمکی ئەکادێمی و ڕوناکبیر بەرەو کوێ دەبات؟

 

پێشهاتنی تەوژمی تەکنەلۆژیای زانیاریی چەمکی ئەکادێمی بەمجۆرەی ئێستا نەبوو. زانین، زانینی زانستی، دەکرا تەنها لەناو هۆڵەکانی زانکۆ بەدەست بهێرێت، بەڵام ئێستا دەستگەیشتن بە زانست بەو جۆرەی جاران نییە. زۆری زانکۆ و زۆری خوێندکاری زانکۆش بەهای ئەکادێمیبوونی زانکۆی هێناوەتە خوارەوە. ئەم ژینگەیە وایکردووە هەموو بگەنە زانکۆ و هەمووش بڕوانامەیەک بەدەست بهێنن. زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و خێزانیش هۆکارە بۆ چوونی هەموو بۆ زانکۆ. بازاڕی کاریش گرفتێکی تری ئەم لایەنەیە.

بڕوانامە تا ئەو شوێنە سودبەخشە، کە دەتوانێت زانینی جۆراوجۆر و نوێمان لەسەر جیهان بداتێ، بمانکات بە خاوەنی عەقڵ و کولتوورێکی کراوە و شایان. بازاڕ، کە داوای بڕوانامە دەکات، بڕوانامە ئەو حورمەتەی نەماوە و بگرە بووشە بە رۆتینات و زانکۆ خوێندنیش بووەتە مۆد. هەر کە زانکۆشت خوێند بێنیگەرانی  بڕوانامەیەک هەر دێنیت. لەم حاڵەتەدا زانکۆ یەکسانە بە بڕوانامە بەدەستهێنان و ئەوەش یەکسانە بە پەیداکردنی کارێک. بەڵام هاتنی زیرەکی دەستکرد هاوکێشەکان دەگۆڕێت و گەر زانکۆ خۆی نەکات بە تێکڕای زیرەکی دەستکرد بڕوانامە سودی نامێنێ و کارپەیداکردنیش سانا نابێت.

واتە زانکۆ چیتر رێگایەک نییە بۆ کارپەیداکردن. کەواتە بە نەمانی هەندێک بەش و ئاوابوونی هەندێک پسپۆری لە زانکۆ دەرفەت بۆکارپەیداکردن کەم و کەمتر دەبێتەوە. بۆیە زانکۆ پێویستی بەوەیە  سنوور بۆ کردنەوەی بەش دانێت و کاریش لەسەر داخستنی ئەو بەشانە بکات چارەنووسیان بێکاربوونە. ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت، کە لەم حالەتەدا ڕوناکبیر، پتر لە ئەکادێمیی و وردتر دەڕوانێتە ئاییندە و لەوەش بەئاگایە کۆمەڵگە لەژێر فشاری زیرەکی دەستکرد بەرەو کوێ دەچێت.

 

پاشەکی: تەنها ئەکادێمیبوون بەس نییە

لە کۆتاییدا هێما بۆ ئەوەدەکەین، کە ئامانجی ئەم نووسینە پشتگیرییە لە ڕوناکبیری ئەکادێمی و ئەکادێمی ڕوناکبیر. ئەمەش لەبەرئەوەی، کە ئەم دوانە ئەو وتارە دادەهێنن، کە کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی نوێ پێویستیەتی.

ڕاستە ژیانی ئەکادێمی کورد پڕە لە گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتی کاتی و ناشایستە، ئەمەش کاریگەری لەسەر شێوازی وانەوتنەوە و توێژینەوەکانی داناوە، بەڵام با ئەوەشمان بیرنەچێت، کە زانکۆکانمان و نێوەندی ڕوناکبیریمان لەناو گرفتێکی ناسنامەیی قووڵدا دەتلێنەوە و گەر هۆڵەکانی وانەوتنەوەش پڕنەبن لە ئەکادێمی ڕوناکبیر خوێندکاری زانکۆیی ڕوناکبیریشمان نابێت.

 

ئەوەشمان بیرنەچێت، کە زانکۆکانمان و نێوەندی ڕوناکبیریمان لەناو گرفتێکی ناسنامەیی قووڵدا دەتلێنەوە

گومانی ناوێت، ئاشنابوون بە کولتوورە جیاکان و دانپیاهێنان بە ئەویتری جیاواز لە تۆ ڕەنگە مەرجێکی پێویستبێت بۆ ڕوناکبیربوون. ئەمەش داوامان لێ دەکات زانینی فراوان و بەردەواممان لەسەر گۆڕانکاریەکان، بەتایبەت کولتووریی و سیاسیی و ئابوورییەکان هەبێت. هەر بۆ نموونە ئاگایی پەیداکردن لەسەر مێژووی فەلسەفە و ئایینەکان، مێژووی هونەر (سینەما، شێوەکاری، موزیک، ……) و زانست پێدەچێت مەرجبن بۆ جیاکردنەوەی ئەکادێمی لە ڕوناکبیر. کەواتە ئەو مێژووانە زەمینە بۆ  شتی نوێ دەڕەخسێنن و فێربوون و هاوکاریشمان دەکەن خۆمان ڕوناکبیر بکەین و ئاستی هۆشیاریشمان بەرزبکەینەوە.

گەر ڕوناکبیری ئۆرگانیک (گرامشی) هەبێت پێویستمان بە ئەکادێمی ئۆرگانیکیش هەیە. هاوکات زانکۆکانمان تەنها پێویستی بەم دوانە نییە، بەڵکو پێویستی بە خوێندکاری زانکۆیی ئۆرگانیکیش هەیە، بەڵام نەمانی هاوئاهەنگی لەنێوان ئەکادێمی و ڕوناکبیری ئێمە وایکردووە هەریەکەیان بەجۆرێک لە جۆرەکان بە پیسییەکانی سیاسەتەوە بگلێن. کەتوار و ژینگەی زانکۆکانیشمان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە بێتوانایی دەستەبژێری ئەکادێمی ئێمە لەبەردەم بێدادی سیاسیی هەردوو ژینگەی زانکۆ و ڕوناکبیریی بێهیوا کردووە. ئەو ژینگە سیاسییەی ئێمە تێیدا دەژین ئەکادێمی و ڕوناکبیری کردووە بە گاڵتەجاڕی خۆی؛ موچە خەونی هەردوولایانە.

ئەفسووس، لە دەرئەنجامی تێکڕای ئەوەی لایسەرەوە وترا پێشبینی دەکەم، بەهۆی بێبەهابوونی بڕوانامە و تاتیتڵی ئەکادێمییەوە، رۆژێک دێت بەشەرمەوە باس لەوە بکەم دکتۆرام هەیە و پرۆفیسۆریشم.