فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شیعر چییە؟ شاعیر کێیە؟

شیعر چییە؟ شاعیر کێیە؟

 

حەمەسەعید حەسەن/ نووسەر و ڕەخنەگر/ هەولێر

(1)
شاعیر ئەوەندە بە سروشت و ئەوەندە بە هێوررییەوە پێوەستە، هەر دەڵێیت بەشێکە لە سروشتێکی هێمن. ئەو چیرۆکە کورتانەی شاعیر دەیانگێڕێتەوە، زۆر جار لە ڕۆمان کاریگەرترن. شاعیر زۆربڵێ نییە، کەمدووە، بەڵام چەمی زمان لە ناخیدا هەمیشە خوڕەی دێت. شاعیر کەسێکی بێفیزی بێدەنگە، گوێگرێکی چالاکە و خۆی لەو قسە و باسانە هەڵناقورتێنێت کە ناچنەوە سەر هەواری شیعر. شاعیر دەستخوێنەوە نییە، ڕۆح دەخوێنێتەوە و لەنێو تەمومژدا، تروسکە بەدی دەکات. شاعیر قسە فڕێ نادات، ئەو وشە یاخییانە کەوی دەکات کە بە کەسانی دیکە ماڵی ناکرێن. شاعیر کەسێکە ئەوە دەخوێنێتەوە کە نابینرێت و ئەوە دەنووسێتەوە کە دەرکی پێ نەکراوە. شاعیر با شەوەزەنگیشی بە میراتی بۆ مابێتەوە، هەر ڕووناکی دەبەخشێتەوە، ئاخر مل بۆ نائومێدی کەچ ناکات.
لە غەیری شیعر، کە ملکەچی هیچ یاسایەک نییە، هیچ ڕێسایەکی دیکە ڕەچاو ناکەم، ئاخر شیعر لە هەوڵی ئەوەدایە مانایەکی قووڵ بە ژیانم بدات. شیعر مەشخەڵێکە لە ناخمدا دەگڕێت و لێ ناگەڕێت، کوانووی ساردوسڕی ڕۆژگار نائومێدم بکات. شیعر سروەیەکە لە یادگەمەوە هەڵدەکات، بەڵام بۆنی داهاتوو بە ڕوومدا دەدات. شیعر لە شوێنێکەوە دێت، بەڵام هەواڵی هەموو شوێنێکی پێیە. شیعر هەرچەندە زادەی زمانە، بەڵام بەدرێژاییی عومری بەدوای زماندا وێڵە. شیعر با چیرۆکی (بێهوودەیی)یش بگێڕێتەوە، بەڵام دووگیانە بە هیوا، با کێش و سەروایشی نەبێت، بەڵام تژییە لە موزیک. شیعر دەنگێکی بڵند شک نابات، بەڵام چرپەکانی هەڵگری مانای بەرزن. شیعر تا ئاسانتر بێت، سەنگینترە بە دەربڕینی زەنگین، تا ڕوونتر بێت، قووڵتر بە دونیادا ڕۆ دەچێت. دوژمنێکی شیعر درێژدادڕییە، بۆیە هەمیشە لەکورتی دەیبڕێتەوە و گوتەکانی بە تەرازووی زێر دەکێشێت، ئەوە نەبوو تۆماس ترانسترێومەر بە سێسەد لاپەڕە، نۆبڵی لە (شیعر)دا وەرگرت.
(شیعر ڕامانێکە، لێ ناگەڕێت خەو بمانباتەوە و چاومان بەکراوەیی دەهێڵێتەوە. شیعر هاتنەخوارەوەیە، لە ئاسمانی خەونەوە بۆ زەمینی کەتوار.) شیعر داوێکە لە ڕووناکی، ڕێمان ڕۆشن دەکاتەوە و کڵپەیەکە ناخمان دەکات بە هێلانە و بوار نادات، لە درێژەدان بە ژیان سارد ببینەوە و ئەو هەستەمان لەکن دروست ببێت کە لە مردن نزیک دەبینەوە. شیعر خەونێکی بێدارە، بەشێوازێکی ئاسان کە لە گوتەی ناخی کەسێکی ئاسایی دەچێت، نەک لە هی فەیلەسووفێک، جریوەی چاوی گەشی ئەستێرە دەگێڕێتەوە. شیعر کە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە بەسەر دەکاتەوە، مرواریی داستان و ئەفسانە دەبینێتەوە، ئاخر شیعر سەرنجدانی واقیعە لە پەنجەرەی خەیاڵەوە. شیعر پێمان دەڵێت: تا لەنێو فانتازیادا بزر نەبین، ناتوانین لە واقیعدا خۆمان بدۆزینەوە. شیعر هەر لەو منداڵە دەچێت کە ماڵی باوکی جێ هێشتووە و پشتی بە خۆی بەستووە. شیعر با باس لە پووچیی بوونیش بکات، بەڵام هانا بۆ بێهیوایی نابات، با خەمناکیش بێت، بەڵام هەر بەسەر کەتواردا کراوەیە و خۆی دوورەپەرێز ڕاناگرێت.
شیعر دەربڕینێکە سەرساممان دەکات، بەدەم خوێندنەوەیەوە، سەرنجمان لە کوتوپڕی هەڵدەنووتێت و تووشی وێنەی وا دەبین، هەر لە کشانی لەناکاوی ئەسێترە دەچێت. ئەوە ڕاست نییە کە شیعر خۆڕسکانە لەدایک دەبێت، ئاخر هەر ڕستەیەکی شیعری بگرین، وەختێکی زۆری ویستووە تا پێگەییشتووە. (شیعر نووسینە بە تەباشیری سپیوسۆڵی ژیان، لەسەر تەختەڕەشی مردن. شیعر پەڕە پەڕە هەڵدانەوەی کتێبەیلی، دارستان و بیابان و ئاسمان و زەریای نێو ناخی شاعیرە. وەک چۆن لەنێو قەدی هەر درەختێکدا، ئەڵقەکانی گەشەکردنی هەیە، لە هەر دیوانێکیشدا، قۆناغەکانی ژیانی شاعیر، هەر لە منداڵییەوە تا پیری هەیە.)