فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

سیحری نووسین

سیحری نووسین

 

پشکۆ نەجمەدین/ نووسەر و شاعیر/ سوێد

شیعرنووسین هیچ تیورێکی گەرەک نییە! شاعیر نازانێت کەی و چۆن و چی دەنووسێت. ساتی شیعرنووسین، سەروەختی ڕووحهەژان و چرکەساتێکی تایبەتە لە کن کەسێک سەرهەڵدەدات و لە کن کەسێکی دیکە نا! فۆڕم و هێڵکاریی وێنەکانی قەسیدەیەک، هیچ پلان و نەخشەکێشانێکی پێشوەختیان لە لای شاعیر پێویست نییە. من هەمیشە گاڵتەم بە کەسانێک یاخود شاعیرانێک هاتووە، کە لە دیمانەیەکدا، فەرموویانە، ئەمساڵ دیوانێک دەنووسمەوە!
شیعر لە چرکەساتێکی لێوانڕێژ لە حاڵەتی کەفچڕینی ڕووحدا، دەرکەی لێ دەکرێتەوە و بەڕێژەو بەسەر جەستەی سپیی کاخەزدا دەڕژێ… وشەگەلێک کە لەسەر بەرزەکی زمان سەما دەکەن و شاعیر لە ڕێڕەوی نووسیندا، لێیان ڕانامێنێت و سەرنجیان نادات. ئەوان چۆنیان پێ خۆش بێت، ڕیتمی سەما هەڵدەبژێرن و لەژێر پێستی پەیڤەکاندا، موزیک چێ دەکەن!
هەمیشە گاڵتەم بە کەسانێک یاخود شاعیرانێک هاتووە، کە لە دیمانەیەکدا، فەرموویانە، ئەمساڵ دیوانێک دەنووسمەوە!
نەزار، ئەم حاڵەتی ڕووحهەژان و شیعرخولقاندنە، وەها تەفسیر دەکات:
((هیچ تیورێکم بۆ تەفسیری شیعر نییە، ئەگەر هەمبا شاعیر نەدەبووم. ئەگەر بزانین چی دەکەین و بۆچی دەیکەین، کارەکە پەکی دەکەویت. ڕێک وەک ئەو سەماکارەی کە لە جووڵەی پێیەکانی ڕادەمێنێت و سەماکردنەکەی دەشێوێت! شیعر سەماکردنە و پەیڤین لە شیعریش مانای ڕامانە لە هەنگاوەکان! من سەماکردنم پێ خۆشە، بەڵام هەرگیز گرنگی بە چۆنییەتیی سەماکردنەکەم نادەم، هەر کە وەهام کرد، ئیدی باڵانسم تێک دەچێ! شیعر سەماکردنە لە زماندا!))
نووسینی هەر ژانرێکی ئەدەبی، ڕێسا و خەسڵەتی تایبەتی خۆی هەیە. ڕۆمان، چیرۆک و تێکستی شانۆیی، فەزا و حاڵەتێکیان بۆ نووسین گەرەکە، کە هەمان حاڵەتی ڕۆحیی شیعرنووسین نییە. نەزار، لە ئەزموونی شیعرنووسینی خۆێدا، وەها لەم حاڵەتانە دەدوێت:
شیعر سەماکردنە و پەیڤین لە شیعریش مانای ڕامانە لە هەنگاوەکان!
((ئەوانەی پەخشان، چیرۆک و تێکستی شانۆیی دەنووسن، کێشەیەکیان نییە. ئەوان بە شێوەیەکی سروشتی ڕێ دەکەن و لەسەر کاخەز، بە پلان و لۆژیک دەجووڵێن و لەسەر شۆستەکان پیاسە دەکەن! بەڵام شاعیرەکان سەمایەکی شێتانە دەکەن و لە کن ئەوان، سەما جەستە تێدەپەڕێنێ و ڕیتمی نەخشێنرا و وەلا دەنێ و بۆ خۆی دەبێتە ڕیتم!
من شیعر دەنووسم و نازانم چۆن! ڕێک وەک ماسییەک کە مەلە دەکات و نازانێ چۆنی دەکات، چۆلەکان دەفڕن و نازانن هونەری فڕین چییە!
شاعیر لە شیعردا، بە تەوزیمی بەند کراوە، وەک چۆن ماسی لەنێو ئاودا مەحکوومە و لێی دەرباز نابێت. دەربازبوونی شاعیر لە شیعر و ماسی لە ئاو، تەنیا بە مردن دەبێت!))