فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

فیمینستی کوردو خەباتێکی تازە

فیمینستی کوردو خەباتێکی تازە

سۆران باساکی/ لێکۆڵەری بواری فيکر و فەلسەفە/  هۆڵەندا

فیمینیست وشەیەکی فەرەنسییەو بە مانای ژنگەرایی دێت و بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی فەلسەفی سیاسی فیمینەکان بوو لە فەرەنسا سەری ھەڵدا و بەتازەترین بزوتنەوەی ژنان ھەژمار دەکرێت، لە جیھانی نوێدا و لەساڵی ١٨٣٧ بۆ یەکەم جار دەرکەوتن بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانیان، توانیان وەک ڕێکخراوێکی ئازا و لە ژێر ناوی فینیزم خۆیان بسەپێنن، کاری ئەم ڕێکخراوەیە داوای دەرخستنی ھاوتوانایی ژنانی دەکرد بەرامبەر ڕەگەزی نێر و ھاوبەشی کردنیان لە ھەمو کایەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ھتد،،، ھەر بۆیە کەوتنە ڕۆشنبیرکردنی ژنان و بەیەک دەنگ و بەیەک ڕەنگ خەباتیان دەکرد بۆ سەپاندن و بەیاسایی کردنی داواکانیان، چونکە لە ھیچ کام لە شارستانییەتەکانی وەک گریکەکان و ڕۆمانەکانی ئەو کات ئەم توێژە ڕۆڵیان بۆ نەمابووەوە و تەواو فەرامۆش کرابوون، لەو سەردەمەدا پیاو سالاری لە لوتکەدا بوو بەجۆرێک نەشیاندەھێشت خانمەکان بڕۆنە دەرەوە و زۆر جاران وەک کۆیلەیش تەماشا دەکران و زۆر سەرکوت کرابوون، بەھێز و توانای لە بن نەھاتووی خۆیان و بە شێوەیەکی زۆر مەدەنیانە کاریان دەکرد و لە دوایدا ڕەنجیان بەفیڕۆ نەڕۆیشت و بە ئامانجەکانیان گەیشتن و خۆیان سەپاند،، ئەم خەباتە ھۆشمەندانەیە جێی خۆی گرت و توانرا وردە وردە ھاوبەشی خۆیان بسەلمێنن لەگەڵ پیاو و توانای خۆڕاگریان ئەوەندەی تر ھێزی دابوونێ، ئەم ڕێکخراوە فیمینییە ئەوەندە لەناوخۆی فەرەنسا کاریگەر بوو بۆیە ھەر لەناو خودی وڵاتی فەرەنسا نەمایەوە پریشنگ و ڕووناکیشی ھاویشت بۆ وڵاتانی ئەوروپای ئەو کات بۆ نمونە لە ھۆڵەندا خێزانەکان ئەوەندە داخراو بوون و تەواو دابڕابوون لە دەرەوەی خۆشیان بەھۆی توندی ڕێنماییە دینییەکانەوە و تەنانەت لەکاتی سەردانی کردنیش وەک میوانی کەمتی گەنجە فیمینەکان دەردەکەوتن و پڕۆسەی ھاوسەرگیریشیان لە دەرەوەی خێزانەکانیان نەدەکرد و ژیانیان لە خانووە تایبەتەکانی ناو ئاشە ھەواییەکاندا دەگوزەراند کە ھەر ئاشە و دوورتر لە ئاشی خێزانێکی تر دروست دەکران کە ئەمە ھەتا ئێستایش ئاسەواری ماوە وەک گوندی ئاشی (کیندردایک)(kinderdijk)،وەنەبێت حاڵی فیمینەکانی وڵاتانی تر باشتر بووبن چونکە دین وەھا کاریگەری ھەبوو بەسەر ھەموو تاکەکانی ئەو وڵاتانەوە کە تاسەر ئێسقان سوتاندبوۆنی،، بەڵام لەخەو ڕاچەنین و کەوتنەخۆ لەتەواوی ئەوروپا و تەنانەت ئەمریکایشی گرتەوە،، ئەم دەنگە ھەتا دەھات بەھێز تر دەبوو، ھەتاکو ژمارەیەک لە خانمی خەباتگێڕ لە کارگەی ڕستن و چنین بەھۆی ئاگرکەوتنەوەوە و لە وڵاتی ئەمریکا گیانیان سپارد و لەم کارەساتی ئاگرکەوتنەوەیەدا ئەم باجە گیانییە ئەوەندەی تر توڕەیی لێکەوتەوە….

 

دواکەوتنی خانمان و ھاوکێش نەبوونیان ھەتاکوو ئەم ساتە وەختەیش ھەر بەردەوامی ھەیە لەکۆمەڵگا دواکەتووەکان

بۆ بەرز ڕاگرتن و لەبیر نەچونەوەی کار و خەباتی لەبن نەھاتووی فیمینەکانی جیھان ڕۆژێک دیاریکرا بۆ یاد و جەژن و کۆبوونەوە و وتاردان کە ئەویش (٨ی مارس)ە، بەڵام لەدوای کۆمەڵێ مشت و مڕ و دانانی بەرواری جیاجیا بۆ نمونە لە کۆنگرەی ژنانی سۆشیالیست لە کۆپنھاگن پایتەختی وڵاتی دانیمارک و ساڵی ١٩١٠ زایینی و لەلایەن ژنە ئەڵمان بە ناوی (کلارا زتگین) ەوە پێشنیاری ڕۆژی ٨ی مارس کرا بەڵام زۆرینەی دەنگی نەھێنا ھەرچەندە ھەموو ساڵێک لەو بەروارەدا یاد دەکرایەوە بەڵام بەجیھانی نەبووبوو، دواجار ویستیان ڕۆژی ١ی مای دابنێن بەڵام ئەو ڕۆژە بۆنەی تر ھەبو بۆیە دوایی ڕۆژی ١٩ ی مای دەستنیشان کرا بۆ دەنگ دان لەبەر ئەوەی لەم ڕۆژەدا و لە ساڵی ١٨٤٨زایینی ژنان دژی پاشایەتی (پڕوس)دەنگی ناڕەزاییان بەرزکردۆتەوە بەڵام ئەم یادی بەجیھانی بوونی ژنانە مایەوە تاکوو ساڵی ١٩٢١ زایینی ٨ی مارس بەتەواوی جێگیر کرا بووە ڕۆژی جیھانی ژنان….
بەڵام دواکەوتنی خانمان و ھاوکێش نەبوونیان ھەتاکوو ئەم ساتە وەختەیش ھەر بەردەوامی ھەیە لەکۆمەڵگا دواکەتووەکان و ئەو وڵاتانەی کە دین و نێڕ تێیدا سالارە وا شێوا و شپرزەیان کردوون کە نەتوانن لەژێر یەک چەتردا کۆببنەوە سیاسەتی(فرق تسود) یان بەسەردا سەپاندن و وەک ئاردی ناو دڕک پەرش و بڵاویان کردنەوە بۆ نمونە (ئێران، ئەفغانستان و ھتد) ، ئەوەتا لە باشووری کوردستان ھەر حزبە و ناوێکی بۆ خانمان داناوە وەک:- (ژنان،ئافرەتان،خوشکان،خانمان خاتوونان، ھتد)کە ئەم فرە گروپ و ناوانە بە ھیچ جۆرێک خۆیان ئامادەگیان نەبووە کە ناونراون یان بە گروپ کراون، ئەمەیش بەھیچ جۆرێک لە ئاست بەرژەوەندییەکانیان و خواستەکانیندا نین و نابن،،
وەلێ ناو بۆ ناسینەوەیە کە بوو بەدوو ناو دەبێتە نازناو بەڵام سیان و چوار دەبێتە ناتۆرە، پێویستە خانمان خۆیان قبوڵی ئەم فرە گرووپی و فرە ناوانە ناێکەن!!

 

ھەموو گرووپەکان لەژێر یەک چەتر و یەک ئایدلۆژیادا کۆببنەوە و نەھێڵن پیاو ئامۆژگارییان بکات و سپۆنسەری کارەکانیان بێت

چۆن دەتوانرێت تاکی فێمینی کوردیش ڕۆڵی خۆی بگێڕێت شان بەشانی یەکتر و بەیەکەوە قۆڵی لێھەڵکەن و بڵێن (من فرقنا ليس منا) واتا ئەوەی جیامان بکاتەوە لە ئێمە نیە، ئابەم شێوەیە دەکرێت ئاھێک بەدڵیاندا بگوزەرێت و لەگەڵ ھاوڕێکانیان بکەونە خەباتێکی مەدەنیانەو ھیلاک نەناسانە و لەخۆبوردووانە و بێبەرامبەر خەبات بکەن، کۆبونەوەی بەرفراوان ئەنجام بدرێت بۆھەموو گرووپەکان لەژێر یەک چەتر و یەک ئایدلۆژیادا کۆببنەوە و نەھێڵن پیاو ئامۆژگارییان بکات و سپۆنسەری کارەکانیان بێت ناوێکی تازەی جوانی پڕبەری خۆیان بڕدراو دابنێن و خۆیانی پێ بناسێنن و دووربکەونەوە لەو ھەموو ناوو گرووپ و حزبانە، نامیلکەی پڕ ڕۆشن ڕەوانی چاپ و بڵاو بکەنەوە کە تیایدا ھەم سەلماندنیان بێت و ھەم ھاویەکیشیان دەربڕێت و بۆ ئەوەی چیتر نێر ڕاوەدوویان نە نێن و وەک گورگی فێرەڕاوی مەڕ ھەرساتە و یەکێک و دووانیان سەرونگوم نەکەن، وەدەبێت نێریش تێبگەیەنرێت کە جیاوازی کرۆمۆسۆمێک کە خۆی لێی بەربرسە نەبێتە مایەی بەسووک و کەم سەیرکردنیان، ھەروەھا ژنان وانەزانن بەلاسایی کردنەوەی ژنانی ئەوروپا مۆدێرن دەبن بە لەبەرکردنی جلو بەرگی نەشیاو و نامۆ و داکوتانی تاتۆی سەیر و سەمەرە لەسەر لاشەیان، ژنان دەبێت بخوێننەوە لە بواری فکری و فەلسەفە و مێژووی خەباتی ژنانی جیھان و مێژووی گەلان.

چۆن دەست پێبکەێن و چیبکەین ؟؟

١-ڕۆشنبیرکردنی تاکەکانی خانمان و پیاوان:-

ا-لە ڕووی زانستی کۆرپەلەزانی و پەڕینەوەی کرۆمۆسۆمی ڕەگەزی(نێر و مێ).
ب-لەڕووی دینیەوە.
ج-لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە.

ا-لەڕوی زانستی کۆرپەلەزانییەوە،
پێویستە ھەموو تاکێکی ڕەگەزی (نێر و مێ) بزانن کە کۆرپەی کوڕ بریتییە لەکرۆماسۆمی (XY)وە کۆرپەی کچ بریتیە لەکرۆمۆسۆمی (XX)، بۆ دیاری کردنی ئەم دوو جۆر ڕەگەزە جیاوازە پیاو ھۆکارە واتە لەبەر ئەوەی سپێرمەکانی پیاو یان کرۆمۆسۆمی (X)ە یان کرۆمۆسۆمی(Y)یە، بەڵام لەبەرامبەردا ھێلکەی خانم تەنھا کرۆمۆسۆمی(X)ە کەواتە لەکاتی جووت بوون و ئۆرگانیزمە بووندا ئەگەر کرۆمۆسۆمی(Y)ھێلکەی خانمەکەی پیتاند ئەوا کۆرپەی لەدایک بوو ڕەگەزی نێرینە دەبێت و ئەگەر کرۆمۆسۆمی(X) ھێلکەی خانمەکەی پیتاند ئەوا کۆرپەی لەدایک بوو مێینە دەبێت، کەواتە پیاو تاوانبارێکی نابەر جەستەیە لەم ھەڵبژادنەدا واتا سزای یاسایی لەسەر نییە، ھەر بۆیە پیاو بۆی نییە ھەڵبژادەکەی خۆی ئازار بدات یان سوکایەتی پێ بکات یان بیکوژێت لەژێر ھەر ناوێکدا بێت، ئەم ڕوونکردنەوەیە پێویستە بە نامێلکە بکرێت و لەکاتی سک پڕی خانماندا بدرێت بە دایک و باوکی کۆرپەکە بۆئەوەی ئەگەر سۆنەریان (ڕووانین) یان بۆ دایکی سکپڕ کرد و ڕەگەزی کۆرپەکە دیاری کرا و کوڕ بێت یان کچ بزانن کێ ھۆکارەکەیە و دەبێت ھەردوو لایان زۆر حاڵ و دڵخۆش بن بەو کۆرپەیە، ھەروەھا دەبێت ھیواخواز بن ھەردووکیان کە کۆرپەکە و دایکی کۆرپەکەیش تەندروست باش بێت و خۆیان بۆ قۆناغی لەدایک بوونی کۆرپەکە ئامادەبکەن…

 

ھەر کەسێک کەسێکی بەبێ ھۆ کوشت دەبێت بکوژرێتەوە، و ھیچ کەس مافی سەندنەوەی ژیانی لەکەسێکی تر نییە

 

ب-لەڕووی دینییەوە،
بمانەوێت یان نا کۆمەڵگای کورد کامەڵگایەکی دینی و ئاین خواز و ئاین پەروەر بووە و ھەروایش بووە و وایش دەمێنێتەوە ، ناشتوانین خۆمان لەم ڕاستییە بە دوور بگرین ھەرچەندە لێرە و لەوێ قسەی زۆری لەسەر دەکرێت، بەھۆی تێنەگەیشتنی تەواومان بۆ دین و ئیمان و قورئان، پێویستە پشت بە پیاوی ئاینی زۆر شارەزا و خوێندەوار و ڕۆشنبیر لەبواری مێژووی دینەکان ببەسترێت بۆ ڕوونکردنەوە و تێگەیاندنی خەڵک لەسەر بنچینە خاڵی(ا)، و دەبێت تاکی کۆمەڵگایش تێبگەیەنین کە لە قورئاندا بە ھیچ شێوەیەک باسی بەکەم زانینی مێینەنەکراوە و ھەر کەسێک و بەبێ ھۆ و لەخۆوە خراپەیان لەبەرامبەردا بکات ئەوە خوا لێی دەڕەنجێت چونکە پێچەوانەی تێگەیشتنی دینە . و ھەر کەسێک کەسێکی بەبێ ھۆ کوشت دەبێت بکوژرێتەوە، و ھیچ کەس مافی سەندنەوەی ژیانی لەکەسێکی تر نییە لە ژێر ھەر ھۆکار و بۆکارێکدا بێت تەنھا ئەو کەسە نەبێت کە دروستی کردووە، لەم ڕێگایەوە دەتوانرێت خەڵکانێکی زۆر ڕۆشن ھزر بکرێت.

ج-لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە،،
خانمان و پیاوان ڕاستە یەکسان نین لەڕووی فسیۆلۆژییەوە و لەڕوی ھەندێ کۆئەندامەوە ئەوەیش وادەکات ھۆڕمانەکانیشیان ھەر جیاواز بن، دەبێت بەھۆی خولی ڕۆشنبیرییەوە لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە یەکسانی خانم و پیاو بسەلمێنرێت ونێرو مێ ڕۆشن ڕێگا بکرێن و زۆر بەڕاشکاوانە جیاوازییە ھەستی و نا ھەستییەکان بخرێتە ڕوو، دەبێت کار و فرمانی ھەر دوولا دەستنیشان بکرێت و بسەلمێنرێت لەڕووی تیۆری و پراکتیکەوە کە ھیچ جیاوازی نییە و بەتەواوی تەواوکەری یەکترن..

٢-پەروەردە،
پەروەردە کۆڵەکەی بنچینەیی پێشکەوتنی ھەموو کۆمەڵگایەکە،
بەڵام چۆن؟؟
دەبێت کۆمەڵێک مامۆستای زۆر باش پسپۆڕکراو لە بواری کۆمەڵایەتی ئامادەبکرێت و بەبێ خۆخۆی و واسیتە دابنرێن ھەر لەقۆناغی سەرەتاییەوە دەست بەکاربن بە وانەی تایبەتی کۆمەڵناسی و سروشتی پیاو و ژن بە سانایی ڕوونبکرێتەوە و فێربکرێن کە ھیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان باوکان و دایکان و خوشک و براکاندا، ھەروەھا لە قۆناغە جیاوازەکانی خوێندندا وانەی چڕو پڕی کۆمەڵایەتی بوترێتەوە و بایەخی باشی پێ بدرێت شانبەشانی ئەوەیش خەڵکانی زۆر شارەزا لە بواری دەرونزانیدا ئامادەبن ئامۆژگاری ئەو کوڕو کچانە بکەن کە تازە دەچنە پڕۆسەی ھاوسەرگیرییەوە،فێریان بکەن کە ڕێزی یەکتر بگرن و فێر بکرێن چۆن خێزانێکی تەندروست چێدەبێت بەبێ ھەست کردن بە جیاوازی، ھاوشان و ھاو بیر بن بۆ ڕاپەڕاندنی خێزانە تازەکەیان..

فیمینستەکانی فەرەنسا کاری زۆریان کرد و دژی شەپۆلی دینسالاری و پیاوسالاری وتەنانەت خێزان سالاریش مەلەیان دەکرد بێ گوێدانە ترس و تۆقاندن

ڕاستە کار و خەباتی دەوێت بەڵام بڕینی سەدەھا کیلۆمەتر بە ھەنگاوێک دەست پێدەکات،ئەگەر خەباتی فیمینستەکانی فەرەنسا کاری زۆریان کرد و دژی شەپۆلی دینسالاری و پیاوسالاری وتەنانەت خێزان سالاریش مەلەیان دەکرد بێ گوێدانە ترس و تۆقاندن، زۆری خایاند، بەڵام ئێستا خێراتر دەکرێت بەھۆی چاوکراوەیی خەڵک و بوونی تۆرە میدیاییەکان و خێرا گەیاندن و پەیوەندی کردنی ڕاستەوخۆوە زۆر ئاسانکاری کردووە، با دروشمی(دەست لە ناو دەست بۆیەک مەبەست) ناو نیشانی خەباتەکەتان بێت و چاکی مەردایەتی لێبکەن بەلادا وبیرتان بێت ئێمە خاوەنی چەندەھا فیمینی ئازاو چاونەترسین وەک حەفسەخانی نەقیب و خانی لەپ زێڕین و خاتو سارای کوران و چەندەھای تریش….

٣- یاسا و یاساناسە فیمینەکان(ژنە پارێزەر و دادوەر و ھەموو ژنانی چالاکی ناو جومگەکانی دەسەڵات، ئەوانەی کە بەمافی خۆیان گەیشتونەتە ئەو پۆستانە دەتوانن خۆنەویستانە بکەونە ڕۆشنبیر کردنی ژنان بەبێ جیاوازی حزبی و گروپی و لە سەر بنچینەی یەک ڕەگەزی تاکی مێینە و یەک ڕەنگی و یەک دەنگی و ھاوئازار وھاوئاواز و خۆئامادەکردن بۆ کۆنفراسێکی گشتگیر ھەوڵ بدەن.
ھیوام بەئامانج گەیشتنی فیمینەکانی کوردە بەزووی و پێش ئەوەی گورگێکی گەمژەی تر ژنێکی مەڕئاسا ڕاو بکات.
01/08/2022