فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دۆسیەی 49 کەسەکە لە زمانی موسا عەنتەرەوە

دۆسیەی 49 کەسەکە لە زمانی موسا عەنتەرەوە

بەکر شوانی*/ وەرگێڕ و رۆژهەڵاتناس /  ئەڵمانيا

 

سەرۆک کۆمار جەلال بایار، جێگری دووەمی فەرماندەی سوپا جەودەت سونای، وەزیری دەوڵەت تۆفیق ئیلەری، سەرۆک وەزیران عەدنان مەندەرێس و وەزیری دەرەوە فاتین ڕوشدی ڕۆژێکی پایزی ساڵی 1959 کۆ دەبنەوە و ڕاپۆرتێک تاوتوێ دەکەن کە لەلایەن سەرۆکی میت ئەرگون گوێکدەنیزەوە ئامادە کراوە. خاڵە بنەڕەتییەکانی ڕاپۆرتەکە کە دوای کودەتای ساڵی 1960 لە یەکێک لە ژمارەکانی گۆڤاری (Yön)دا بڵاو کراوەتەوە (ئەمە قسەی موسا عەنتەرە)، بەم جۆرەن؛ 1: ئەگەر تورکیا 1000 ڕۆشنبیری کورد لەناوببات، ئەوا کێشەی کورد لە تورکیا بەلایەنی کەمەوە 30 ساڵ بۆ نزمترین ئاست دادەبەزێت، 2: ئەو کوردانەی دەستگیریان دەکەین، بە کۆمۆنیست ناویان دەبەین، چونکە کوردەکان حەز لە کۆمۆنیزم ناکەن و لەو حاڵەتەدا پشتگیری لە دەستگیرکراوان ناکەن، 3: نابێت دەستگیرکراوەکان دۆست و ناسراوی بەهێزیان لە ناو پارتەکاندا هەبێت و هتد…

تۆفیق ئیلەری کە وەک کەسێکی تورانی ناسرابوو، دەڵێت: “برادەران، ئێوە دەمناسن. من دۆستی کورد نیم، بەڵام ترسی ئەوەم هەیە بە کردەوەیەکی لەم جۆرە جەزایەر بهێنینە کوردستان”

 

جەلال بایار و جەودەت سونار یەکسەر ڕەزامەندی دەردەبڕن. جەلال بایار بە پشتبەستن بە ئەزموونەکانی خۆی لە دەرسیم، لە کۆبوونەوەکەدا دەڵێت: “بەڕاستی پێویستە ڕەگ و ڕیشەیان دەربهێنین.” تۆفیق ئیلەری کە وەک کەسێکی تورانی ناسرابوو، دەڵێت: “برادەران، ئێوە دەمناسن. من دۆستی کورد نیم، بەڵام ترسی ئەوەم هەیە بە کردەوەیەکی لەم جۆرە جەزایەر بهێنینە کوردستان.” لەو کاتەدا شۆڕشی جەزایەرییەکان لە دژی فەرەنسا لە دنیادا دەنگی دابووەوە. فاتین ڕوشدی دەڵێت: “شتی وا نابێت، من لە ئێستاوە دەست لە کار دەکێشمەوە، چونکە ڕووی ئەوەمان پێوە نەماوە لە دەرەوەی وڵات سەیری ناو چاوی خەڵکانی تر بکەین. کۆمەڵکوژیی ئەرمەنی و ڕۆم و کورد… ئێمە ئەم هەموو کۆمەڵکوژییەمان ئەنجام دابێت، ناتوانین بیانوو بۆ دانەیەکی تر بهێنینەوە…” عەدنان مەندەرێس کە تا ئەو کاتە تەنیا گوێی گرتووە، دێتە گۆ و دەڵێت: “باشە برادەران، ئەو تاوانانەی کە سەرۆکی میت لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێیان داوە، سزای هەموویان لە سێدارەدانە. سەرەتا 50 کەسیان دەستگیر دەکەین و بە بڕیاری دادگا لە داریان دەدەین. پاشان دەستە دەستە هەر جارێک 50 کەس دەستگیر دەکەین و بە بڕیاری دادگا لە داریان دەدەین و بەوجۆرە لە داردانی 1000 کەس بە ئەنجام دەگەیەنین.”

هەموویان پێشنیارەکەی مەندەرێس پەسەند دەکەن. ئەمجار فەرماندەی هێزەکانی پیادە لە ئەنقەرە 50 فەرمانی دەستگیرکردنی بێ ناو دەردەکات و دۆزینەوەی ناوەکان و دەستگیرکردنیان بە میت دەسپێردرێت. هەمان کات لە ئیستانبوڵ لە کۆنە کۆگایەکی بارەگای جەنگی سەردەمی عوسمانی جێگەیەکی پیس و تەنگ بۆ دەستگیرکراوان دابین دەکرێت. دوای ئەوە شەوی 17ی کانوونی دووەمی 1959 موسا عەنتەر و کوردەکانی تر لە سەرانسەری تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتدا دەستگیر دەکرێن. موسا عەنتەر لە بیرەوەرییەکانیدا بە دوور و درێژی باسی هەلومەرج و دۆخی ژیانیان لە گرتووخانەدا دەکات و لە ناو هەموویاندا زۆر بەزەیی بە یاشار کایا (1938-2016)دا هاتووەتەوە کە بە تەمەن لە هەموویان گەنجتر بووە و ژوورەکەیشی هێندە تەنگ بووە کە ناچار بە پێوە بخەوێت. دوای 14 مانگ کە دەبرێنە دادگا، ژمارەیان بووە بە 49 کەس و بەو جۆرە پرۆسەکە وەک “دۆسیەی 49 کەسەکە” ناو دەردەکات. وەک موسا عەنتەر دەیگێڕێتەوە، ئەمین باتووی خەڵکی ماردین کە لە کاتی دەستگیرکردنیدا خوێندکاری قۆناغی سێیەمی کۆلێژی یاسای زانکۆی ئەنقەرە بووە، لە زیندان بەهۆی بەربوونی خوێنی گەدەوە دەمرێت و بەو جۆرە ژمارەی دەستگیرکراوەکان لە 50 کەسەوە دەبێت بە 49 کەس. کاتێک موسا عەنتەر دەگاتە ژوورەکەی ئەمین باتوو، دەبینێت خوێن لە دەمی دێت و بە خوێنی خۆی لەسەر دیواری ژوورەکەی ئەمەی نووسیوە: “پێم باشە دڕک بم لە باخچەی ئازادیدا، نەک گوڵ لە باخچەی دیلیدا.”

جەلال بایار بە پشتبەستن بە ئەزموونەکانی خۆی لە دەرسیم، لە کۆبوونەوەکەدا دەڵێت: “بەڕاستی پێویستە ڕەگ و ڕیشەیان دەربهێنین.”

 

لە کاتێکدا موسا عەنتەر و هاوڕێکانی لە ژوورە تەنگ و تاریکەکانی گرتووخانە چاوەڕێی دیاریکردنی ڕۆژی دادگاییکردنیان دەکرد، لە 27ی گوڵانی 1960 کودەتای سەربازی ڕووی دا و بارودۆخ لە تورکیا گۆڕا. دواجار لە 3ی کانوونی دووەمی 1961 دادگاییکردنی دەستگیرکراوان دەستی پێ کرد و داواکاری گشتی داوای لە داردانی 25 کەس لە دەستگیرکراوانی دەکرد. لە ئاکامدا پرۆسەکە بە زیندانیکردنی هەندێک لە دەستگیراوان و دوورخستنەوەی بڕێکیان و ئازادکردنی ئەوانی دی کۆتایی پێ هات. ئەم بەسەرهاتە درێژە و لق و پۆی زۆرە، بەڵام من لێرەدا کۆتایی پێ دەهێنم و لای خوارەوە لیستی دەستگیکراوەکان دادەنێم بۆ ئەوەی بزانن کێ و خەڵکی کوێ بوون و پیشەیان چی بووە و بۆتان ڕوون ببێتەوە کە دەوڵەتی تورک لەو سەردەمەدا چ دەستەیەکی بژاردەی لە کەسایەتییەکانی کورد بە مەبەستی لەناوبردنیان دەستگیر کردووە!

  1. شەوکەت توران، ماردین، ئەفسەری پایەبەرز و بەڕێوەبەری هۆبەی دارایی لە ئەکادیمیای پزیشکیی گویلهانە
  2. ناجی کوتلای، قارس، پزیشکی تایبەتمەند
  3. عەلی قەرەخان، سوێرەک، پارێزەر
  4. کۆچۆ ئەلبیستان، هاسە، پزیشک
  5. یاوز چاملیبەلی، بایەزید، ئەفسەری تۆپخانە
  6. محەمەد عەلی دینلەر، جزیرە، خوێندکاری قۆناغی یەکەمی کۆلێژی یاسای زانکۆی ئەنقەرە
  7. یوسف کاچار، دەرسیم، خوێندکاری قۆناغی یەکەمی کۆلێژی تەکنیکی بیناسازی
  8. نورەدین یڵماز، جزیرە، خوێندکاری قۆناغی کۆتایی کۆلێژی یاسای زانکۆی ئەنقەرە
  9. زیا نامی شەرەفخانئۆغڵو، بتلیس، پارێزەر
  10. مەدەد سەرحەد، ئیغدیر، خوێندکاری کۆلێژی یاسای زانکۆی ئیستانبوڵ
  11. حەسەن ئاککوش، ئورفا، خوێندکاری کۆلێژی ئابووری
  12. عورفی ئاکقۆیونلو، پوێتویرگە، خاوەن کارگەی شتومەکی سڤیل
  13. سەلیم کلچئۆغڵو، ڤارتۆ، ئەفسەر
  14. شەهابەدین سەبتیئۆغڵو، پالو، ئەندازیاری کشتوکاڵ
  15. سەعید ئەلچی، بینگۆل، ژمێریار
  16. سەعید قرمزیتۆپراک، دەرسیم، خوێندکاری قۆناغی کۆتایی کۆلێژی پزیشکیی ئیستانبوڵ
  17. یاشار کایا، ئیغدیر، خوێندکاری کۆلێژی یاسای زانکۆی ئیستانبوڵ
  18. فایەق ساڤاش، ئیغدیر، خوێندکاری کۆلێژی یاسای زانکۆی ئیستانبوڵ
  19. حەیدەر ئاکسو، قیغی، پارێزەر
  20. زیا ئاجار، قولپ، خوێندکاری قۆناغی دووەمی کۆلێژی یاسای زانکۆی ئیستانبوڵ
  21. فازیل بوداق، دیاربەکر، خوێندکاری قۆناغی کۆتایی کۆلێژی یاسای زانکۆی ئیستانبوڵ
  22. خەلیل دەمیرەل، ئیسلاحیە، ئەفسەری تۆپخانە
  23. فەرید بیلەن، دیاربەکر، خاوەن مەغازەی فرۆشتنی پێڵاو
  24. ئەسەد جەمیلئۆغڵو، دیاربەکر، ئەندازیاری کشتوکاڵ
  25. مستەفا نووری دیرەکچیگیل، دیاربەکر، پشکێنەری تەندروستی
  26. فەوزی ئاوشار، قارس، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی ئیستانبوڵ
  27. نەجاتی سیاخان، سوێرەک، خوێندکاری قۆناغی دووەمی کۆلێژی یاسای زانکۆی ئیستانبوڵ
  28. حەسەن ئولوس، ئەرزەڕووم، (پیشە: نەزانراو)
  29. نەزمی بالکاش، لجێ، خوێندکاری کۆلێژی دارستانی زانکۆی ئیستانبوڵ
  30. حسێن ئۆغوز ئوێچۆک، دیاربەکر، خوێندکاری بەشی ددان لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی ئیستانبوڵ
  31. محەمەد نازم چیغدەم، ئەنقەرە، وەستای بۆیاخ و کاری بیناسازی
  32. فەوزی کارتاڵ، وان، ئەفسەری یەدەک
  33. محەمەد ئایدەمیر، سوێرەک، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی ئیستانبوڵ
  34. عەبدول ڕەحمان ئەفەم دۆلاک، دیاربەکر، خاوەنی ڕۆژنامەی “ئیلەری یورت” و هاوبەشی ڕۆژنامەی “گویڤەن”
  35. موسا عەنتەر، نوسێبین، پارێزەر و نووسەر
  36. جانب یڵدرم، دیاربەکر، پارێزەر
  37. ئەمین کۆتان، موش، ژمێریاری کارەبا
  38. کوێککەش قەرەداغ، ماراش، (پیشە: نەزانراو)
  39. موحسین شاڤاتا، مەلاتیا، بازرگانی ئاژەڵ
  40. تورگوت ئاکن، ئەرگانی، خوێندکاری قۆناغی سێیەمی کۆلێژی یاسای زانکۆی ئەنقەرە
  41. سدقی ئەلبستان، هاسە، خوێندکاری کۆلێژی یاسای زانکۆی ئەنقەرە
  42. شەرەفەدین ئەلچی، جزیرە، خوێندکاری قۆناغی دووەمی کۆلێژی یاسا
  43. مستەفا ڕامانلی، بەشیری، خوێندکاری قۆناغی کۆتایی کۆلێژی یاسای زانکۆی ئەنقەرە
  44. محەمەد ئوێزەر، سوێرەک، خوێندکاری قۆناغی کۆتایی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی ئیستانبوڵ
  45. فەیزوڵا دەمیرتاش، پالو، تەکنیکاری کشتوکاڵ
  46. جەزمی بالکاش، لجێ، خوێندکاری کۆلێژی دارستان
  47. خاڵس یۆکوش، قارس، خوێندکاری کۆلێژی میکانیکی زانکۆی ئیستانبوڵ
  48. عیسمەت بالکاش، لجێ، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی
  49. سەعید بینگوێل، بینگوێل، خوێندکاری کۆلێژی ئابووریی زانکۆی ئیستانبوڵ

—–

* بەکالۆریۆسی ڕۆژهەڵاتناسی-بازنەی تورکیاناسی، زانکۆی بۆن، 2016

* بەکالۆریۆسی زانستی نەوت و کانەکان، زانکۆی بەغدا، 1991