فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

فیلمی میرنشین مێژووی میرانی زەنگەنە دەگێڕێتەوە

فیلمی میرنشین

مێژووی میرانی زەنگەنە دەگێڕێتەوە

 

تاریق كارێزی/ نووسەر/ کەرکووک

 

لە چوارچێوەی ململانێی سەختی نێوان هەردوو ئیمپراتۆریەتی سەفەوی لە ڕۆژهەڵاتەوە و عوسمانی لە ڕۆژئاواوە بۆ سەپاندن و جێگیر كردنی دەسەڵات و هەژموونی خۆیان، ئەو دوو زلهێزەی ڕۆژهەڵات كە لە سەدەكانی ناوەڕاستدا دەستیان بەسەر زۆرترین ڕووبەری جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرت بوو، لە جەنگ و ململانێی بەردەوامدا بوون. ئەگەرچی عوسمانی بە سەركردایەتیی سوڵتان سەلیم لە شەڕی چاڵدێراندا شكستی بە لەشكری سەفەوی دا، تا شاری تەورێز پایتەختی سەفەوی پێشڕەویی كرد، بەڵام جەنگی نێوان هەردوو دەوڵەتەكە نەبڕایەوە، هەر دەرفەتێك بهاتایە پێش، هەردوو لا هێرشیان دەكردە سەر یەك، شەڕی نێوان هەردوو لا تا چەندین سەدە درێژەی كێشا.

جوگرافیای بەریەك كەوتنی عوسمانی و سەفەوی خاكی كوردستان بوو، بەم جۆرە میرنشین و هۆزەكانی كورد ڕاستەوخۆ بوون بە بەشێك لە ململانێی دژواری نێوان هەردوو ئیمپراتۆریەتەكە. بە پلان و بەرنامەی مەلا ئیدریسی بەدلیس، بەشی هەرە زۆری ئەو دەوڵەت و میرنشینانەی كورد بوون بە لایەنگری عوسمانی، بە تایبەتی كە زۆرینەی كورد لە ڕووی مەزهەبەوە نزیكی عوسمانی بوون، بەم جۆرە ڕووبەری هەرە فراوانی كوردستان و بەشی هەرە زۆری كورد بوو بە لایەنگری عوسمانی، جۆرێك لە هاوپەیمانیی كورد و عوسمانی دروست بوو. بە دیوێكی دیكەدا سەفەویش هەم بە هێز و هەم بە گفتوگۆ و سیاسەت، هەوڵی دەدا زۆرترین ڕێژەی كورد لە ڕێی میر و بەگ و گەورە پیاوانی كوردەوە، بە لای خۆیدا ڕابكێشێت. بڕێ جاریش كە مەزنانی كورد لەگەڵ لایەكی ئەو دوو زلهێزە پێك ناكۆكەدا، ناتەبا دەبوون، پەنایان بۆ لایەكی دی دەبرد و دەبوون بە هاوپەیمانی. بۆ نموونە شەرەفخانی بەدلیس دژ بە عوسمانی وەستایەوە و سەفەوی بە گەرمی پێشوازییان لێ كرد، بەشێكی هۆزی زەنگەنەيش لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا لەگەڵ سەفەوی تووشی بەریەك كەوتن هاتن، دوای ئەوەی جەنگاوەرانی زەنگەنە نەیانتوانی تا سەر خۆیان بەرانبەر بە لەشكری سەفەوی ڕابگرن، لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە، لە دەڤەری كرماشانەوە بەرەو گەرمیانی سەر بە كەركووك لە باشووری كوردستان كۆچیان كرد.

چیرۆكی بەرەنگار بوونەوەی سەفەوی و كۆچی هۆزی زەنگەنە لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو باشووری كوردستان، بوو بە بابەتی فیلمێكی سینەمایی لە نووسینی ئومێد زەنگەنە، زمناكۆ هیدایەتیش سیناریۆی فیلمەكەی نووسی و ئەركی دەرهێنانیشی گرتووەتە ئەستۆ. فیلمەكە بە ناوی (میرنشین)ـە، سەرمایەدارێكی هۆزی زەنگەنە ئەركی پارەدار كردنی فیلمەكەی گرتووەتە ئەستۆ.

تیمێكی گەورە لە ئەكتەر و تەكنیكارانی شاری كەركووك ماوەیەكە خەریكی وێنە گرتنی فیلمەكەن، ئەكتەرانی هەڵەبجە و هەولێر و سلێمانی و پێنجوێن و چەند شارێكی دیكەی باشووری كوردستان لە پاڵ ئەكتەرانی كەركووك، لەم فیلمەدا ڕۆڵیان هەیە. فیلمەكە گەڕانەوەیە بۆ سەرەتای سەدەی حەڤدەم، ڕووداوەكانی فیلمەكە دروست بە چڕی باسی ساڵی 1615ز دەكەن، كاتێك بەشێكی گەورە لە هۆزی زەنگەنە بە سەركردایەتیی میر و بەگەكانی زەنگەنە بەرەو ڕووی سوپای سەفەوی دەبنەوە، پاشان مل بۆ سەفەوی كەچ ناكەن و ناچنە ژێر باری ئەوانەوە، بڕیار دەدەن بەرەو دەڤەری گەرمیان لە باشووری كەركووك كۆچ بكەن، هەر لەو ساڵەدا میر سمایلی زەنگەنە لە گوندی قەیتوولەوە میرنشینی زەنگەنە ڕادەگەیەنێت.

میر سمایل نەك هەر سیاسەتمەدار و میرێكی بە دەسەڵات و دانا و توانا بوو، بەڵكوو شاعیرێكی بە توانايش بوو، گەلێك لە شیعرەكانی خەڵكی گەرمیان دەماودەم و سینە بە سینە گێڕاویانەتەوە، ئەگەرچی تەواوی شیعرەكانی میر سمایل لە دیوانێكدا كۆ نەكراونەتەوە، بەڵام لە گەلێك كەشكۆڵ و دەسنووسی كوردیدا شیعری ئەو نووسراوەتەوە.

بەوەی ئەو بەشەی هۆزی زەنگەنە دژ بە دەسەڵاتی سەفەوی وەستاونەتەوە و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی سەفەوییان جێ هێشت، سوڵتانی عوسمانی پشتیوانیی خۆی بۆ ئەوان دەربڕی، هاوكات میر سمایل میرنشینی زەنگەنە ڕادەگەیەنێت. بەم جۆرە لە هەوڵی نێوان دوو زلهێزدا بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر كوردستاندا، مەزنانی كورد هەوڵیان دەدا، جارێك بە شەڕ و ڕووبەڕوو بوونەوە لە چەشنی خانی لەپ زێڕین لە قەڵای دمدم، جارێكی دیكەيش لە ڕێی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە لە نموونەی مەلا ئیدریسی بەدلیس، ئازادییەكی ڕێژەیی بۆ كوردستان و گەلی كورد دەستەبەر بكەن. هەوڵەكانی میر سمایلی زەنگەنە لەگەڵ سەفەویدا بە شەڕ و ڕووبەڕوو بوونەوە بوو، لەگەڵ عوسمانیدا بە گفتوگۆ و دانوستاندن بوو، كە سەرەنجام بۆ ماوەیەكی درێژ دەسەڵاتدارییەكی خۆجێیی كورد لە دەڤەری گەرمیان (لە مێژووی دێریندا بە گەرمەكان ناسراوە) دادەمەزرێت و حوكمی دەڤەرەكە دەكات.

فیلمی سینەمایی میرنشین دەچێتە سەر ئەم باس و خواسەی مێژوو، ئومێد زەنگەنە بە هەڵدانەوەی لاپەڕەی ژێدەرەكانی مێژووی كورد لەو سەردەمەدا، چیرۆكی میرنشینی زەنگەنە دەگێڕێتەوە، بڕگەیەكی هەستیار لەو مێژووە لەو چیرۆكەدا دەخاتە ڕوو، ئامانجی لەم كارە ئەوەیە كە بەرخودانی هۆزێكی گەورە و دێرینی كورد لە بەرەنگار بوونەوەی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی بخاتە ڕوو، كە سەرەنجام پیاوی هەڵكەوتووی ئەو هۆزە میر سمایلی زەنگەنە دەسەڵاتێكی خۆجێیی بە ناوی میرنشینی زەنگەنە لە دەڤەری كەركووك- گەرمیان دادەمەزرێنێت. لە چەندین ڕووبەڕوو بوونەوەی هێزی داگیركەری سەفەویدا، جەنگاوەرانی كورد داستانی گەورەیان تۆمار كرد، فیلمی میرنشین بەشێكی ئەو ڕووبەڕوو بوونەوانە دەگێڕێتەوە.

زمناكۆ هیدایەتی دەرهێنەر چیرۆكەكەی كردە سیناریۆی فیلمێكی سینەمایی و ئەركی دەرهێنانیشی گرتە ئەستۆ. دەرهێنەری فیلمەكە تەبا لەگەڵ نووسەری دەقەكە، ئامانجیان گێڕانەوەی لاپەڕەیەكی بەرخودانی ڕۆڵەكانی نەتەوەیەكە بۆ بەدەست هێنانی سەربەخۆیی و پاراستنی شكۆی نیشتیمان. لەم پرۆژە هونەرییەدا هونەرمەندانی شاری كەركووك لە پاڵ هونەرمەندانی چەندین شاری دیكەی باشووری كوردستان، وەك تیمی تەكنیك و تیمی ئەكتەران هاتنە دەست و ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ بەشداری كردن لەو فیلمەدا.

زمناكۆی دەرهێنەر وای بە باش زانی كە ڕۆڵی سەرەكیی فیلمەكە بە گرووپێك لە ئەكتەرانی توانا بسپێرێت، لەوانە (عادیل چاوشین، شەماڵ ستار، مەهدی شەفیق، ڕۆستەمی قیرجەیی، خاتوو ئەڵماس، گوڵاڵە بێلاف، ئیدریس محەمەد، گوڵاڵە پێنجوێنی، ئیسماعیل بێقەرار و دەیان ئەكتەری دیكە لە شارانی جۆربەجۆری باشووری كوردستانەوە). شیاوی گوتنە هەر لەو فیلمەدا پتر لە 30 ئەكتەری ئافرەت بەشدارن، جگە لە دەیان ئەكتەری دیكەی پیاو. یاریدەدەرانی دەرهێنەر لە ڕێی ئەم فیلمەوە پۆشاكی ئەو سەردەمەی هۆزی زەنگەنە و كەش و ژینگەی سەدەی حەڤدەم نمایش دەكەن و دەیخەنە ڕوو.