فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە کونجی بیرەوەریمدا چاوێلکەکەم تووشی جەڵتەی کرد

لە کونجی بیرەوەریمدا

چاوێلکەکەم تووشی جەڵتەی کرد

د. وریا عمر امین/ مامۆستای زانکۆ/ هەولێر

.

لە ساڵی ١٩٧٨ پیاوێکی بە تەمەن ڕۆژانە هاتوچۆی کتێبخانەی SOAS ی زانکۆی لەندەنی دەکرد. تا دڕەنگ دەمایەوە، هەر خەریکی نووسین و خوێندنەوە بوو. وای بۆ دەچووم مامۆستایێکی زانکۆ بێ لە یەکێ لە بەشەکاندا. یەکترمان ناسی. د. شاکر ناسر حەیدەر لە زانا گەورەکانی یاسا بوو. بە دەیان کتێبی بڵاوکراوەتەوە. هەموو تا ئێستاش سەرچاوەی سەرەکین بۆ یاسازان و کولێجەکانی یاسا. لە ئەمەریکا و لەندەن خوویندوویەتی. لە گوگڵ بپرسن و بزانن چ کەڵە زانایێکە.
دوای ئەوەی زانی من کوردم متمانەی پێ هێنام، دەردی دڵی خۆی بۆ هەڵڕشتم. وتی:
(من ڕاگری کولێجی یاسا بووم لە زانکۆی بەغداد، بەردەوام سەرکردەکان داوایان لێ دەکردم بڕوانامەی بەکالۆریۆسی یاسایان پێ ببەخشم. من هەرگیز قبووڵم نەدەکرد و پێم دەوتن (نحن فی کلیەت القانون، نعمل کل شیء بقانون) واتا( ئێمە لە کولێجی یاسا داین، هەموو شتێ دەکەین بە یاسا). ئەنجام لایانبردم و هەڕەشەیان لێ کردم. ژیانم کەوتە مەترسی، ڕامکرد و هاتمە ئێرە).
قوتابییە عیڕاقییەکان لێی دەسڵەمینەوە، تخوونی نەدەکەوتن. من بە کوردەکانم ناساند(د. وشیار کەریم و غەنی دەروێش و ..). جارێکیان لە نەخۆشخانە کەوت، تەنها من دەچووم پێویستییەکانیم بۆ سەروبەر دەکرد. کە دەرچوو بردمە لای خۆم وەک باوکی خۆم خزمەتم دەکرد، تا باش چاک بووەوە. دوای ئەمە هۆگرم بوو، کە دەهاتە کتێبخانە، هەمیشە لەسەر هەمان مێز بەرانبەرم دادەنیشت.
د. شاکر کاتی خۆی وانەی بە سەرۆک کۆماری ئەوسا (ئەحمەد حەسەن بەکر) وتۆتەوە، کە خوێندکاری ئێواران بووە لە کولێجی یاسا لە پەنجاکاندا. نامەیێکی بۆ نووسی تیایدا باسی بارودۆخی خۆی بۆ کرد و گلەیی لێ کرد. من لەگەڵیا چووم بۆ سەفارەی عیڕاق و نامەکەمان گەیاندە سەفیر.
دوای ڕۆژێ سەرۆک کۆمار بە برووسکە وەڵامی دایەوە و ئەمری کرد( بە زووترین کات بلیتێکی تەیارە و هەزار دینار بدرێتە د. شاکر و بە شێوەیێکی فەرمی ڕەوانەی بەغداد بکرێ و ئاگاداری کاتی گەییشتنی بکرێمەوە تا خۆم بچمە پێشوازیی). وابوو یەکسەر گەڕایەوە عیڕاق.
.
لە بەسەرهاتە خۆشەکان لەگەڵ د. شاکر ناسر حەیدەر:
ڕۆژێکیان لە کتێبخانە لەسەر هەمان مێز دانیشتبووین هەر یەکە خەریکی کاروباری خۆی بوو. لە پڕ وتی کاکە وریا فریام کەوە زوو بمگەیێنە نەخۆشخانە، وا هەست دەکەم تووشی جەڵتە بووم، بەر چاوم لێڵ بووە، سەرم دەسووڕێ. منیش زوو کەل و پەلەکانی خۆم تێک نا. دەستم برد بۆ چاوێلکەکەم، بینیم هی د.شاکر بوو. تومەز چاوێلکەکەی منی کردبووە چاو و بووبووە هۆی لێڵی و سەر سووڕانی.
.
لە کتێبە گرنگەکانی شاکر ناسر حەیدەر:
احكام الاراضي والاموال غير المنقولة 1947
الوسيط في شرح القانون المدني الجديد 1959
شرح القانون المدني الجديد 1952
مذكرة في احكام تصرف الأجنبي 1945
شرح القانون المدني الجديد: الحقوق العينية العقارية 1953
أحكام الاراضي و الاموال غير المنقولة 1947
ألواجبات الاخلاقية و الوطنية 1953
ألموجز في الحقوق العينية الاصلية 1971
الوجيز في الحقوق العينية الاصلية 1971