فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ساڵی ١٩٨١یەکەمین جار ناوی*پێشمەرگە*م لە گوندی (دسکەرە) بیست چۆنیيەتی تێکەڵبوونمان لەگەڵ خەڵکی باشووری نیشتیمان   فێربوونی نووسینی کوردی

ساڵی ١٩٨١یەکەمین جار ناوی*پێشمەرگە*م لە گوندی (دسکەرە) بیست چۆنیيەتی تێکەڵبوونمان لەگەڵ خەڵکی باشووری نیشتیمان

  فێربوونی نووسینی کوردی

 

عارف باوەجانی/ نووسەر

 

 

 

گواستنەوەمان لە مەیدانەوە بۆ ئۆردوگای تازە دروستکراوی دسکەرە.

دەنگۆی گواستنەوەکە بوو بەکردار، بەش بەش لە ماڵەکان بە ئایڤای سەربازییەوە لە لایەن بەرپرسانی حکومەتەوە دەستکرا بە گواستنەوەی ماڵەکان بۆ ئۆردوگای دسکەرە، تا نۆرەی ماڵی ئێمەيش هات، ئەو ئۆردووگایە بە هاوناوی گوندەکەی تەنیشتی ناونرابوو، واتە گوندی دسکەرە.

دسکەرە گوندێکە، کەوتۆتە ناحیەی وارماوا(زەڕایەن)، قەزای شارەزوور، پارێزگای سلێمانی، باشووری کوردستان، لە باکوور ھاوسنوورە لەگەڵ گوندی کۆمەڵگای نەسر و لە باشوور لەگەڵ گوندی کانی ھەمزە و لە ڕۆژھەڵات لەگەڵ شارۆچکەی زەڕایەن و لە ڕۆژاوا لەگەڵ گوندی خەرجانە.
گواستنەوەمان لە نێو خێوەتەوە بەرەو ماڵی ئامادەکراو، تا ڕادەیەک جێگەی دڵخۆشی بوو بۆ خەڵکەکە، وا چاوەرێ دەکرا کە ئیدی لەو کەمپەدا بحەسێينەوە و ژیانێکی ئارام و دوور لە شەڕ و ترس  بەرینەسەر. کە گوێم لە قسەی خزمان و خەڵکی گەڕەک دەبوو ئێواران لە سێبەری بن خێوەتەکان دادەنێشتن، باسی ئەوەیان دەکرد، خوا شوکر ئیتر لێرەوە پشوویەک دەدەین. بەڵام وا دیاربوو  هاتنیشمان بۆ ئەم ئۆردووگا زۆر درێژ خایەن نەبوو.

باش لەوە تێگەیشتووم کە ئەو چەک هەڵگرتنە تەنیا بۆ ئەوەیە بماندەن بە گژ کەس و کاری خۆمان لەو دیو، مەبەستی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوو

 

ماڵەکەی ئێمە کەوتبووە لا کۆڵانەوە کە پێش ماڵمان ڕیزە دوکان و مەیدانی یاری و  هاتووچۆی خەڵکی زۆر دیار بوو. هەروەها ئەو ماڵەی بەر ئێمە کەوتبوو یەک مەخزەنی پڕ شووشەی تێدا مابوو. واتە شووشەی ئەو کۆمپانیایەی کە پەنجەرەی ماڵەکانیان دروستکردبوو، ئیدی خەڵکێکی زۆر کە پێویستیان بە شووشە بووایە دەهاتنە ماڵی ئێمە. لەو کاتانەدا خزمێکمان هاتە ماڵمان و بە باوکمی وت کاک تۆفیق، تۆيش ناونووسی بکە، با ئێوەيش خاوەنی مەعاش بن و بێ ئیمکانات نەبن، باوکیشم دیاربوو هەر لە مەیدان بڕیاریدابوو کە واز لە چەک هەڵگرتن بێنێت، وەک پەنابەرێکی ئاسایی ژیانی خۆی بکات. باوکمیش وڵامی دایەوە، وتی من تەنیا ٣٥ رۆژ ئەو کارەم کردووە، باش لەوە تێگەیشتووم کە ئەو چەک هەڵگرتنە تەنیا بۆ ئەوەیە بماندەن بە گژ کەس و کاری خۆمان لەو دیو، مەبەستی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. باوکم وتی بەخوا من لە چەکداری ئەمانە نازانم، گەرەکمە خەریکی کاسپی خۆم بم، و بەشی بژێوی مناڵەکانی خۆم بە کاسبی دەربێنم.

ئیدی دوای ئەوەی میوانەکە ڕۆيشتەوە، باوکم بە منی وت برۆ بۆ ماڵی ( ی ح م )  بڵێ حەقی ئەو ٣٥ رۆژەی خۆم و براکەم بۆ بنێرێتەوە، من ئیتر چەکداری ناکەم، و خەریکی کاسپی دەبم. منیش رۆيشتم و داواکارییەکەی باوکمم پێگەیاند، ناوبراو زۆر بە توڕەییەوە وتی بەخوا نەیەتەوە بۆ واجبەکەی خۆی یەک فلسی چاوپێناکەوێت، دیاربوو ئەو لەو کاتەدا پشتی هەبوو، واتە سەر بە ئیستیخباراتی ئەو کاتی حکومەتی بەعس بوون. ئیتر باوکیشم وتی من ئەو حەقەم لە خوا دەوێت، و ئەوە مەسەلەی بە تەواوی لە بیری خۆی برد.

ئیتر ژیانی ئاساییمان لە ئۆردووگای دسکەرە کە زۆر جیاوازتر بوو لە ئۆردوگای مەیدان  دەست پێکرد. لەگەڵ مناڵانی گەڕەک جۆرە یاری و لاساییکردنەوەیەکمان دەکرد، واتە یاری پێشمەرگەو جاشمان دەکرد، لەو یارییەدا زۆر بە زەحمەت هەوڵدەدرا کە یەکێک ڕۆڵی سەرۆکی جاشەکان ببینێت، هەمووی دەیوت من دەبمە سەرۆکی پێشمەرگەکان، ئیتر لەوێدا بۆ منێکی ٧ بۆ ٨ ساڵ لەو کاتەدا ببووە پرسیار، کە بۆچی زۆر لە گەنجەکان حەزیان دەکرد لە یارییەکەدا ڕۆڵی پێشمەرگەیان هەبێت، منیش لەو کاتەدا باش بۆم روون بووەوە کە دیارە پێشمەرگە خۆشەویست ترە لە جاش. یا جار جار هەواڵی ئەوە بڵاو دەبووەوە کە پێشمەرگە لە بنکەی سەربازی نزیک کەمپەکانی ئێمەیان داوە، پێیان دەوت( رەبایەی عەسکەری) لە گێڕانەوەی شەڕەکەدا تاریفیان لە زیرەکی پێشمەرگە دەکرد و دەیان وت وەقوروانی دەست و تفەنگیان بین.

تا وای لێهات باوکم بڕیاریدا بە مەبەستی دەسپێکی کاسبیکردن بچێت بۆ گوندەکانی دەوورو بەری ئۆردووگاکەمان، و لەوێشەوە تا بناری قەراخ بۆ کرین و فرۆشتنی مەڕو ماڵات. یەکەمجار کە ڕۆيشتین چووینە نزیکترین گوند لە ئۆردووگاکەمان، ئەویش گووندی دسکەرە بوو، لەوێ لەگەڵ ماڵێک ئاشنا بووین دوو برا بوون، بە ناوەکانی فایق و سلێمان.  کاک فایق بە باوکمی وت، ئەمشەو لەیرا بمێنەوە و من سبەی بە تراکتۆرەکەی خۆم دەچم بۆ یەکێک لە گوندەکانی قەراخ ئێوەيش لەگەڵ خۆم سوار دەکەم،  باوکێشم پێشنیارەکەی پێباش بوو، تۆزێکی مابوو خۆرئاوا ببێت، لە ناوکاو دیتمان گوندەکە پربوو لە کەسی چەکدار، هەر چەند کەسە و وەک پۆلێک بەرە و ماڵێک بە ڕێدەکەوتن، ٣ کەسیش بەری ئەو ماڵە کەوتن کە ئێمەيشی لێبوو، دیاربوو لەگەڵ خاوەن ماڵ باش یەکتریان دەناسی، بۆیە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.

منیش لەو کاتەدا باش بۆم روون بووەوە کە دیارە پێشمەرگە خۆشەویست ترە لە جاش. یا جار جار هەواڵی ئەوە بڵاو دەبووەوە کە پێشمەرگە لە بنکەی سەربازی نزیک کەمپەکانی ئێمەیان داوە

ئیتر کاک فایق بە باوکمی وت ئەوانە پێشمەرگەن و هیچ مەترسن. دوای ئەوەی ڕیزێ چایان بۆ هێنان و چاخورایەوە من پیاڵەکانم کۆکردەوە، یەکێک لە پێشمەرگەکان پرسیاری لە کاک فایق کرد، وتی ئەم مامەیە کێیە لە بێگانە دەچێت. کاک فایقی خاوەن ماڵەکەيش بۆی باسکردن، کە ئێمە لە کوردە ئاوارە ئێرانییە تازە هاتووەکانی ناو دسکەرەین، مەبەستی کوردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو.
کاتێک کاک فایق ئێمەی بە میوانە پێشمەرگەکان ناساند، ئیدی کابرای بەرپرسی پێشمەرگە دیاربوو زانیاری زۆری لابوو، بە تایبەت لە سەر ئەوانەی لە ناو ئۆردووگاکە دەژین، خۆ ویستانە یا بە ناچاری هاوکاری دەزگاکانی موخابەرات و ئيستیخبارات و ئەمنیان دەکرد، ناوی چەند کەسێکی لە باوکم پرسی و باوکیشم هەموویان دەناسی. باوکم لە وەڵامدا وتی بەخوا کاکە گیان من بۆیە خەریکی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵم بۆ ئەوەی واز لەو چەکداریيە خراپە بێنم، ئەمانە دەیانەوێ بماندەن بە گژ کەس وکاری خۆمانا، تا دوا ڕۆژ لە ڕوومان نەیەت بگەرێینەوە.

لە کاتی قسەکردنی باوکم و پێشمەرگەکان ئیدی من بۆ یەکەم جار تێگەیشتم کە پێشمەرگە کێیە و کارەکەی چییە، ئەو کاتە زانیم کە ئەمانەی پێیان دەگووتریت پێشمەرگە لەگەڵ دوژمنانی کورد شەڕ دەکەن و داوای مافی کورد دەکەن. هەر لەو تەمەنە مناڵییەمدا خۆزگەم دەخواست کە منیش رۆژێک بمتوانیبایە ببووایە بە پێشمەرگە، کە بەخۆشیيەوە لە تەمەنی گەنجێتیمدا ئەو ئاواتەی خۆم هێنایە دی و بۆ چوارساڵ بەرگی پڕلە شانازی پێشمەرگایەتیم پۆشی.
هەڵسوکەوتی توندی پرسگەکانی بەعسی لە کوردستان و دام و دەزگاکانیان لە نێو کەمپی دسکەرە زیاتر وای لێدەکردم کە پێشمەرگەم خۆش بووێت، بە تایبەتیش لەهەمان ساڵدا٢ پێشمەرگە کە باوک وکورێک بوون لە خزمانی تاوگۆزی، دێنە ناو ئۆردووگاکە و داوای دیتنی خزمێکیان دەکەن، واتە لە ئاوارە رۆژهەڵاتییەکان، بەڵام لەوێدا جاشێک هەواڵیان دەدات بە پاسەوانەکانی ئێراقی کە چاودێری ئۆردووگاکانیان دەکرد، ئەو ٢ کەسە هەردووکیان پێشمەرگەن. تەقە و پێکدادان لە نێوانیاندا روودەدا، ئەو باوک  وکوڕە چەندین کەس لە پیاوانی موخابەرات و ئیستیخبارات دەکوژن، بە داخەوە بۆ خۆشیان  هەر لەوێ شەهید کران، ئەو هەواڵە لە تەواوی کەمپەکە بڵاوکرایەوە. مناڵانی گەڕەک هەموو باسی زیرەکی پێشمەرگەکانیان دەکرد.

مانای ئەوەیە ئەوان زاڵمن و کوردەکەيش مەزڵووم. لەوە باش تێگەیشتم کە ئێمە نەتەوەییەکی زۆر جیاوازترین لە هەردوو نەتەوەی فارس وعارەب

لە گەڵ باوکم لە گوندەکان دەگەڕام چەندین جاری دیکە پێشمەرگەمان دەبینی، یا زۆر جار لە نێوان دەربەندیخان و زەڕایەن پێشمەرگە بازگەی کاتیان دادەنا،  داوای پێناسەیان لە خەڵک دەکرد، ئەوەی جاش یا سەرباز بووايە لە نێو ئۆتۆمبێلەکان دایان دەبەزاند. ئیدی ئێواران هەندێک  خزممان هەبوو کە دەهاتنە ماڵمان و ئابوونەیان بۆ حیزبی دیمۆکرات کۆدەکردەوە. یەکێک لەوانە مامۆیەکی خۆم بوو بە ناوی خەسرەو ئەحمەدی، کە لە ساڵی ١٩٩٣بە هۆی مینەوە، کە لە لایەن خۆفرۆشێک بە ناوی(عەموویەدی)  دانرابوو، لەگەڵ پۆلێک پێشمەرگەی دیکە لە بناری بەمۆ شەهیدکران. ئەوانە کە جاروبار دەهاتنە ماڵمان باسی هاوکاریان دەکرد، بۆ پێشمەرگەکانی حیزبی دیمۆکرات، منیش پرسیارم لە مامۆم دەکرد، وتم فەرقی ئەوانەی من و باوکم لە قەراغ دەیان بینین لەگەڵ حیزبی دیمۆکرات چییە. مامۆشم بە زاراوەی ئەو کاتە وتی ڕۆڵە گیان ئەوانەی خۆمان داوای خودموختاری  بۆ کوردستانی ئێران دەکەن، مەبەست ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ئەوانەی ئێرايشە بۆ کوردستان ئێراق، مەبەست باشووری کوردستان بوو، وتی بەڵام کورد گشتمان وەک خۆیشک و براین و جیاوازیمان نییە، وەک نموونە باسی ماڵە جافێکی ئاشنامانی کرد، کە وەک ماڵە کوردێک چۆن هاتوونە یارمەتیدانی ئێمەوە.

 

لە ساڵی١٩٩٠ من کە ئەو کات پێشمەرگەی دیمۆکرات بووم، لەگەڵ پۆلێک لە پێشمەرگەکانی ‌هێزی زمزیرانی (حدکا) وەک پاسەوانی بارەگای (حدکا) لە سلێمانی بووم

لەو پرسیار و وڵامەيش کە وەرم گرت، بۆ یەکەمجار تێگەیشتم کە کورد بەشێکی لە ژێر دەسەڵاتی ئێراقەو بەشێکی دیکەيشی لە ژێر دەسەڵاتی ئێرانە، هەربۆیەيش بە یەکتر دەڵێن ئێراقی و ئێرانی. واتە هەر بەشێکی کەوتۆتە ژێر دەستی حکومەتێکەوە، هەستم بە هۆکارەکەی کرد کە بۆیە پێشمەرگە لەگەڵیان دەجەنگێ، مانای ئەوەیە ئەوان زاڵمن و کوردەکەيش مەزڵووم. لەوە باش تێگەیشتم کە ئێمە نەتەوەییەکی زۆر جیاوازترین لە هەردوو نەتەوەی فارس وعارەب. کاتێک کە عەسکەری ئێراقیم دەبینی لە کوردستان بە زمانێکی دیکە قسە دەکەن، هەروەها لە ئێرانیش بە زمانێکی دیکە، کە هیچیان وەک زمانی کوردی نەبوون.

دیسانەوە ژیانی بنەماڵەکەی ئێمە کەوتە ناخۆشییەوە. خوشکێکی بچووکم هەبوو تەمەنی لە نێوان ١و نیو بۆ ٢ساڵێک دەبوو، تووشی نەخۆشییەکی مەترسیدار بوو، ناچار لە نەخۆشخانەی سلێمانی هێشتیانەوە، پزشکەکان وتیان دەبێت بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژێر چاودێریماندا بمێنێتەوە. دایکیشم کە یەکەمجار بوو بچێتە خەستەخانەی وا گەورە،  بە تایبەتیش لە باشووری کوردستان، بەهۆی نەخوێنەواری و نەشارەزایی، زۆر دژواربوو بۆی، بەڵام هەرچۆن بوو بە ناچاری مایەوە. من ٢جار لەگەڵ باوکم بۆ سەردانیان چووینە خەستەخانەی سلێمانی. لە ناو ژووری نەخۆشخانەکان، هەندێک لە ژنە بە تەمەنەکان کە ئەوانیش بە دیار مناڵی نەخۆشیانەوە بوون و هاوتەختی دایکم بوون، کە منیان بینی، هاتن منیان ماچکرد، و یەکێک لە ژنەکان باوەشی بە مندا کرد و بە دەنگ گریا، و وتی ڕۆڵە خوا حەقتان لەو زاڵمانە بسێنێت. ئیتر ئەو ژنانەی کە لەگەڵ مناڵیان لە نزیک دایکم بوون، باوکمیان لەوە دڵنیاکردەوە کە هیچ خەمێکمان نەبێت، و ئەوان بە باشی هاوکاری دایکم دەکەن، دایکیشم زۆر لێیان ڕازی بوو، دەیووت یەکەمجار زۆر ترسام و وامزانی وەک بێگانە هەڵسوکەوتم لەگەڵ دەکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە وەک خوشک و کەسی نزیکی خۆم هاوکاریم دەکەن. هەر لەو کاتانەی کە دایکم لە خەستەخانەبوو، باوکم لەگەڵ بنەماڵەیەک لە جافە دەوارنشینەکانی پێش جادەی دسکەرە کە پێیان دەوت ناوچەی قەرەگۆل، بە ناوی ماڵی مامۆ ساڵح گەشکەیی ئاشنایی پەیدا کرد. ئەوان لە بەهار و هاویناندا دەوارەکانیان لە کۆێستانەکان هەڵدەدا، و زستانانیش دەچوونەوە بۆ گوندەکانیان لە ناوچەی گەرمیان، کە ئەو کاتە گوندەکانیان هێشتا بەرشاڵاوی ئەنفال نەکەوتبوون و نەڕووخابوون.

بەڕاستی ئەو ماڵە بۆ ئێمە ببوونە فریشتە، کاتێک زانیان ئێمە دایکمان لە ماڵ نییە، ئەو مام ساڵحە بە خۆی و خێزانەکەیەوە بە تراکتۆرێک هاتن بۆ ماڵمان و بڕێک شت و مەکیان بۆ هێناین، خێزانەکەی مام ساڵح کە ناوی میمکە حەلاو بوو، خواردنی یەک حەفتەی بۆ دروستکردین. دواتر مام ساڵح چەند سەر بزنێکی بە قەرز دا بە باوکم، وتی کاک تۆفیق با ئەم پەزانەت لابێت، و شیر و خێرەکەی بۆ مناڵەکان بێت، و مانگانەيش ئەگەر هەتبوو بە پێی توانا قەرزەکەی منیش بدەرەوە. ئیتر بە ڕاستی بەو شێوە ژیانمان تۆزێک گۆڕا. دوای مانگ و نیوێك دایکم و خوشکەکەم گەڕانەوە، و زۆر دڵخۆشبووین لەوەی کەخوشکەکەم بە لەشساغییەکی باشترەوە گەڕایەوە ماڵەوە. ئاشناییەی ماڵی ئێمە و مام ساڵح کە تائیستايش نزیک بە٤٠ ساڵی بە سەردا تێپەریووە هەر بەردەوامە. کە لە هاوینی ساڵی ١٩٨٢ ئێمەیان گواستەوە رومادی تا ساڵی ١٩٩٠خەبەرمان لێیان نەمابوو، واماندەزانی ئەوانیش ئەنفالکراون. بەڵام لە ساڵی١٩٩٠ من کە ئەو کات پێشمەرگەی دیمۆکرات بووم، لەگەڵ پۆلێک لە پێشمەرگەکانی ‌هێزی زمزیرانی (حدکا) وەک پاسەوانی بارەگای (حدکا) لە سلێمانی بووم، ڕۆژێک بۆ کڕینی پێداویستی بارەگا لە ناو بازاڕی سلێمانی، لە بەر دەرکی مزگەوتی گەورە تووشی بووک و کچە گەورەکەی مام ساڵح بووم، من ئەوانم ناسییەوە و، کە خۆمم پێناساندن ئەوانیش زۆر خۆشحاڵ بوون، لێم پرسی کە ماڵتان ئێستا لە کام شوێنە، پێیانووتم لە نێو ئۆردووگای ڕزگارین لە نزیک کفری. دوای دابڕانێکی زۆری ئەو بنەماڵەیە لەگەڵ باوکم، ساڵی ١٩٩١ لە کفری دیتماننەوە و سەردانمان کردن.

ئاگام لێبوو مناڵانی گوندەکان وانەکانیان دەخوێندەوە بە دەنگی بەرز، دەیانووت دارا دوو داری دی، ئیتر هەمیشە خۆزگەم دەخواست کە منیش وا بتوانم کوردی بخوێنمەوە

 

هەر لە ناو ئۆردووگای دسکەرە بووین، کە خولیای فێربوونی نووسین و خوێندنی کوردی دای لە سەرم، کە لەگەڵ باوکم دەچووینە ماڵەکانی بناری قەراغ، ئاگام لێبوو مناڵانی گوندەکان وانەکانیان دەخوێندەوە بە دەنگی بەرز، دەیانووت دارا دوو داری دی، ئیتر هەمیشە خۆزگەم دەخواست کە منیش وا بتوانم کوردی بخوێنمەوە، هەمیشە لە خەیاڵی ئەوەدا بووم کە چۆن خۆم فێری کوردی بکەم. هەر لە دسکەرە بووین، هەندیک کتێبی داستانی سەردەمیانە دەفرۆشان، وەک کتێبی رۆستەم و زۆراب، خورشید و خاوەر، قەڵای خەیبەر، لەیلا و مەجنوون، شیرین و فەرهاد، براگەورەکەم، کە لە رۆژهەڵات تا پۆلی پێنجی فارسی خوێندبوو، تا ڕادەیەک بۆی ئاسان بوو، ئەو پەرتووکانەی هەموو کڕی بوو، دیارە ئەو پەرتووکانە بە کاسێتی دەنگیش هەبوو، ئێواران بە هەر گەڕەکێکدا تێپەربایت دەنگی ئەوکاسێتانەت بە حەماسەوە لە ماڵان دەبیستەوە، ئیتر بە پێی گوێگرتن لە کاسێتەکە زیاتر لە ناوەڕۆکی کتێبەکەيش تێدەگەیشتین، ئەوەيش هۆکاربوو کە خێراتر فێری کوردی ببین.

شتێکی خۆشم وەبیر دێتەوە جارێکیان لە ماڵی خزمێکمان بووین، لەو کاتە کاسێتەکەی ڕۆستەم و زۆرابیان خستبووە سەری، گەیشتە ئەو شوێنەی ڕۆستەم زۆرابی دابە ئەرزا. ئەو بێژەرەيش کە لە کاسێتەکەدا داستانەکەی دەخوێندەوە، ئەوەندە بە حەماس و خەمبارییەوە دەیگێڕایەوە، بە ڕاستی ئەوەی لەو مەجلیسەدا بوو هەمووی بە تاسەوە گوێڕایەڵی باسەکە بوون. ئەوە هیچ کە دەیانزانی ئەمە بەس داستان و ئەفسانەیە، بەڵام لە دەنگی بەزەییهێنەری بێژەرەکە، خۆیان پێ ڕانەدەگیرا ودەگریان، کاتێک گەیشتە ئەم دێڕەی خوارەوە کە باس لەوە دەکات ڕۆستەم زۆرابی دابە ئەرزا.

زۆراوی هەڵگرت دایە سەر زەمین.

دەستی لەکەمەر کێشای تێغی تین.

یەکێک لە میوانەکان پیاوێکی هەژار و بە بەزەیی بوو، دەستی بەرزکردەوە دای لە پرمەی گریان، وتی خوایە گیان بیخەیتە دڵی رۆستەم و بزانێت زۆراو کوڕەکەی خۆیەتی و نەیکوژێت. برایەکی ئەو پیاوەيش کە زۆر چووختی و قسە خۆش بوو ڕوویکردە براکەی خۆی وتی ئەوە بۆ دەگریت، قەوچە قەوچ، تڵاقی کەوتووێت، من ئەزانم وا ئەی کوژێت ئەسحاوەيش دەستی ناگرێت، ئیتر هەموومان دەستمان کرد بە پێکەنین. ئەو ڕۆژە وەک بە سەرهاتێکی خۆش قەت لە بیرمان ناچێتەوە.

یا جارو بار کچانی گەڕەک و خزمان لە ماڵی ئێمە کۆدەبوونەوە لەگەڵ خوشکە گەورەکەم گوێیان لە کاسێتی شیرین و فەرهاد دەگرت، و گشتیان نەفرەتیان لەو پیرەژنە سیحربازە دەکرد، کە چۆن بووە هۆکاری خۆ کووشتنی فەرهاد.

وای لێهات لە ڕێگەی ئەو پەرتووکانەوە کەم کەم بە پیتە کوردییەکان ئاشنا ببم. لەوە دڵنیابووم کەوا خەریکە ڕێگەی فێربوونم بۆ خۆش دەکرێت، کە دەتوانم ڕۆژانە شتێک لە نووسین و خوێندنەوە فێربم. ڕۆژانە کەم کەم ڕوونووسی ئەو پەرتووکانەم دەکرد کە لە ماڵ هەمان بوو. باوکم بە هۆی زیاتر گەران بە گوندەکاندا ئاشنایەتی زۆری  پەیدا کردبوو، تێکەڵی باشی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هەندێک لەخەڵکی ئەو گوندانە دروستکردبوو، لە بواری دەسکەوتی مادیشەوە قازانجی بە دەست دەهێنا و زۆر لەو پارە زیاتر بوو، کە بە ناوی چەکداری بە خەڵکیان دەدا.

من لەگەڵ باوکم بۆ زۆربەی گوندەکان چوو بووم ئیتر وای لێهاتبوو کە خەڵکی گووندەکان زۆربەیان دەیانناسیم، هەمیشەيش بە چاوی بەزەییەوە تەماشایان دەکردین، ژنانی گوندەکان لە نێوان خۆیاندا دەیانوت تووخوا ئەوانەيش، وەک خۆمان و ساڵانی پێشوو ئاوارەن و زۆر بێ ئیمکاناتن، دیارە ئەوان پێش ئێمە ژیانی ئاوارەییان زیاتر دیت بوو، لە ناخۆشییەکانی ئاوارەبوون باش گەیشتبوون. ئیتر منیش هەستم دەکرد کە ئێمە زۆر نامۆین بە ژیانی ئاسایی خەڵکی ترەوە. زۆرجار کە لە گوندەکان و سەرجادەکان دەستمان لە پێکاب و تراکتۆر هەڵدەبڕی و سواریان دەکردین تا شوێنی مەبەست، زۆر جار ئاگام لێبوو باوکم هەرچی هەوڵی دەدا کرێیان لێنەدەسەند و دەیانگووت ئێوە برای ئێمەن و باسی کرێ و شتی وامەکەن.

جارێکیان پێشمەرگەیەک نامیلکەیەکی بچووکی شیعری پێدام،  زۆر دڵم پێی خۆش بوو، وا بزانم هی مامۆستا لەتیف هەڵمەت یا شێرکۆ بێکەس بوو. کاتێک لە قەراغەوە گەیشتینەوە گوندی دسکەرە، دایکی کاک فایق و کاک سلێمانی ئاشنامان، پێیان وتم ڕۆڵە ئەو نامیلەکە مەبەرەوە لەگەڵ خۆت، نەوەک یەکێک شکاتت بکات و باوکت تووشی موشکیلە بکەن، ئێوە ئاوارەن و بە دوای بژێوی ژیانی خۆتانا دەگەرێن، مەجبوور بووم بە قسەی بکەم، بەڵام ئەوەندەم پێناخۆش بوو کە نەمتوانی لەگەڵ خۆم بیهێنمەوە.

ئەم هەواڵە بۆ ئەوانەی کە چەکداریان نەدەکرد زۆر ناخۆش بوو، باسیان دەکرد کە دەمانبەن بۆ ناو عەرەب، ئێمە زوان نازانین و چی بکەین

 

ئەو بڕە پەزەی کە بە قەرز لە ماڵە جافەکان هێنامان و باوکم ئەو قەرزەی بژارد و چەندین دانەی دیکەی پێوە زیادکرد، ئیدی دایکم بە نیيەتی خێر رۆژانە بە خۆڕایی ماست و دۆی بە سەر زۆربەی بنەماڵەکانی دراوسێماندا دابەش دەکرد.

بە داخەوە کە ئەو خۆشییە زۆری نەبرد، هەواڵێک بڵاوکرایەوە، کە ئەوانەی نایانەوێ چەکداری بکەن بۆ ئیستیخباراتی ئێراقی، دەبێت هەموویان بگوازنەوە بۆ ڕومادی کە دەکەوێتە١٢٠ کیلۆمیتری خوارووی بەغدا و ڕوو بە سنووری ئۆردون.

ئەم هەواڵە بۆ ئەوانەی کە چەکداریان نەدەکرد زۆر ناخۆش بوو، باسیان دەکرد کە دەمانبەن بۆ ناو عەرەب، ئێمە زوان نازانین و چی بکەین، ئێوارەی ئەو هەواڵە ماڵمان پربوو، لە هەندیک لە دراوسێ و خزم کە ئەوانیش کە بە کاسبیەوە سەرقاڵ بوون، بۆ ئەوەی بیرێکی لێبکەنەوە و  چارەسەرێکی بۆ بدۆزنەوە. زۆربەی ئەو خزم و میوانانە داوایان لە باوکم کرد، کە بچێت لای خزمێکمان بە ناوی عەولەی عەبە، چونکە ئەو کابرایەکی دیار و دەسترۆشتوبوو،  بۆ ئەوەی چارەسەرێکمان بۆ بدۆزێتەوە.

ڕۆژی دواتر من لەگەڵ باوکم ڕۆيشتم بۆ ماڵی ئەو خزمەمان، کە رۆشتین بینیمان ماڵیان پرە لەخەڵک، هەمووشی بۆ ئەو بابەتە هاتبوو، کە بەشکو چارەسەیان بۆ بدۆزێتەوە. باوکیشم قسەی لەگەڵ کرد، وتی خۆت ئاگاداری کە من بە قەساوی و ئاژەڵ فرۆشی ژیانی مناڵەکانم دابین دەکەم، و زیان و زەرەرم بۆ هیچ کەس و بۆ ئەم حکومەتەيش نییە، خزمەکانی ترمان هەروا بە کرێکاری ومیوە فرۆشیيەوە خەریکن، پیاوەتی بکە و هاوکارییەکمان بکە، با دوورمان نەخەنەوە.

ئاگام لێبوو مامە عەولە زۆر بێتاقەت بوو، وتی تۆفیق گیان قەسەم بەخوا لە دەسەڵاتی مندا نییە و دەستوورێکە لە بەغداوە هاتووە، لەوانەیە نیوەی ئەم دسکەرە بار بکەن، هیچم لە دەستنایەت. ئیتر کە لەگەڵ باوکم بەرەو ماڵ گەڕاینەوە، لە ڕێگە لێم پرسی وتم بابە گیان چیبکەین، باوکم وتی ڕۆڵەگیان ‌هەرچۆنێک خوای گەورە لە مەیدان و دسکەرەيش پەکی نەخستووین، لەوێش هەر خوامان لەگەڵە، و چارمان نییەو پشت بە خوا دەڕۆین.

کاتێک دایکم دڵنیابوو لە هەواڵەکە، بە ناچاری کەوتە کۆکردنەوەی کەلوپەلی ماڵەوە، بە شێوەیەکی پتەو جوان گونجاندنی  بۆ بارکردن، و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا هەموو ماڵەکەمانی کۆکردەوە، و لە ڕۆژی دواتر ئۆتۆمبێلێکی سەربازییان هێنایە بەردەم ماڵمان.

…………………..

دوای٣٩ساڵ لە پاش ئەو بەسەرهاتە، لە ڕێکەوتی  ١ی ٧ / ٢٠٢١بە یاوەری برای بەڕێز کاک حاجی هەڵکەوت لالە ئەنوەر، کە ئەوکات ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بوو، سەردانی گوندی دسکەرەم کردەوە،و گەشتێکمان بە نیو گوندەکەدا کرد.
بنەماڵەی لالە سەرحەد و لالە ئەنوەر کە هەردووکیان بران، لە گەورە بنەماڵەکانی  دیاری گوندی دسکەرە و عەشیرەتی ڕۆغزایی لە بەشی باشووری وڵاتن. گوندی دسکەرەيش یەکێکە لە دەیان گوندەکانی ڕوغزایی نشین و پێشمەرگە پەروەر. لە کاتی سەردانمان بۆ گوندی دسکەرە، لە ڕێگەی تەلەفۆنیشەوە لەگەڵ کاک فایق کە ناوەکەی لە نێو کتێبی بیرەوەرییەکاندا هاتووە، قسەمان کرد و ناوبراو زۆر خۆشحاڵ بوو، ئەوەيشی وەک وەفایەک لە لایەن نووسەرەوە ئاماژە پێکرد.